عەبدولڕەزاق مەهدی
جەژنی نەورۆز، سەرساڵ، یەکێکە لە ڕۆژە گرنگە نەتەوەییەکانی کورد، جەژنەکە پێشتر ناوی “جەژنا سەرساڵ” بووە. جەژنا سەرساڵ یان نەورۆز، زۆر دێرینە و خەڵکە دێرینەکانی وەک سۆمەر، هوری، لوڤی و هیتی و ماد، لە ماناکەی تێگەیشتوونە و ئەم جەژنەیان بەڕێوە بردووە و یاد کردۆتەوە.
ئەمڕۆ لەناو کورد دا بە گشتی بایەخ بە ئێوارەی ٢٠ مانگی ئادار دەدرێت، لەو ڕۆژەدا بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ چالاکی ئاگرکردنەوە، شاپڵیتە هەڵگرتن، هەڵپەرکێ و میوزیک، لەبەرکردنی جلی کوردی و هێلکە بۆیەکردن لە هەندێک گوند دا دەکرێت. ” کەواتە نەورۆز پەیوەندی بە نوێبوونەوەی ساڵ و نوێبوونەوەی ژیان و هاتنی بەهارەوە هەیە، لەگەڵ وەرزی هاتنی بەروبووم، وەک هەقیقەت هیچ پەیوەندی بە ( ئاگرپەرستییەوە) نییە، جەژنێکی نەتەوەیی کوردەکان بووە هەر لە سەردەمی سۆمەرییەکان هەتا مادەکان و ساسانییەکان
جەژنی نەورۆز لەلای سۆمەرییەکان و میسۆپۆتامیاییەکان هەمان جەژنە. پێی ئێژن “زاگ مووگ”، کە دەکاتە “زگماک” لەمڕۆماندا واتە “لەدایک بوونی سروشتی”یە، هەمان مانای لەدایکبوونەوەی سروشت لە ڕۆژی سەری ساڵی نوێی بەهاردا کە تا ئێستا بەردەوامە لە کوردستان و ناوچەکە.
وشەی نەورۆز لە دوو بڕگە پێک دێت، “نەو” واتە نوێ یان تازە، هەروەک لە فەرهەنگی هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار ئاماژەی پێکراوە. ئەشێ “نەوە”ش هەر لە “نەو” هاتبێت وەک کورد دەڵێت نەوەی داهاتوو. “رۆز” واتە ڕۆژ. لە زمانی کوردیـدا زۆرجار دەنگی “ژ” دەبێتە “ز” وەک ئەژدیها بۆتە ئەزدیها، یاخود بە پێچەوانەوە، ئەشێ ئەزدیها بووبێت ئێمە کردوومانە بە ئەژدیها. یاخۆد وشەی تیژ بۆتە تیز. ئەشێ لە ڕابردوودا “نەوڕۆژ” بووبێت.
لە زمانی ئەرمەنیـدا “نەڤـساڵ” هاتووە، لە سوغدیانـیش کە ئێستا ئوزبکستانـە بە “نەوـساڵ” هاتووە، دەبینین دەنگی “ڤ” بۆتە “و” هەروەک لە کرمانجی سەروو و ژوور ئەو دەنگە دەگۆڕێ. دەبینین بۆ جەژنێکی تر “نەوـسارد”یان بەکارهێناوە. لە تەلمودی “بابل”ی بە نەورۆز گوتراوە “نەوـساڵ”، کەواتە بۆ جارێکی تریش و لە سەرچاوەیەکی تریش “نەو” بەکارهاتووە.
لە بڕگەی داهاتوودا زیاتر ڕوون دەبێتەوە “نەو” وشەیەکی کوردییە. بۆ ئەوەی بزانین “نەو” کە بە مانای نوێ دێت، کوردییە یان نا، تەنها پێویستمان بە دوو زمانە. یەکەم، لە زمانی ئەرمەنی بە نوێ دەگوترێت “نۆر”، واتە لە وشەی “نەو” دوورە. دووەم، لە زمانی عیبری (هیبرۆ) بە نوێ دەگوترێت “هەداش”، کەواتە “نەو” عیبرییش نییە. لێرەدا وشەی “نەو” وشەیەکی کوردییە. لە بەشی داهاتوودا دەزانین تەنها بۆ باسی عیبری و ئەرمەنی کراوە و ئیتر ئەم وشەیە کوردیبوونی برایەوە.
نەورۆز جەژنێکی وەرزی بووە بە پێی دەقە مێژووییەکان و ئایینە زاگرۆسییەکان، بەڵام دواتر بۆتە جەژنی ئایینی. گەلانی زاگرۆسی، کورد، توانستێکی باڵایان لە ئەستێرەناسی و پێشبینی هەبووە، بە تایبەتی موغەکان کە تیرەیەکی میدیی بوون. دەبینین ڕۆژەکانی ساڵ لەسەر چوار وەرز دابەش دەکران. لە ڕۆژی نەورۆز ماوەی تاریکی و ڕووناکی دەگەنە یەک ئاست، لە دوایدا ڕووناکی زیاد دەکات، لە ٢١ی مانگی حوزەیران، واتە سێ مانگ پاش نەورۆز، درێژترین کاتی ڕووناکییە. پێش موغەکان، سۆمەرییەکان سەری ساڵیان لە ڕۆژی یەکەمی مانگی نیسان بووە.
بەمجۆرە، نەورۆز نە وشەیەکی فارسیـیە، نە پەیوەندی بە ئاگرپەرسییەوە هەیە، ڕاستییەکە ئەوەیە کە جەژنی نەورۆز، بوونی هەبووە لە سەردەمی کوردە سۆمەرییەکان هاتووە بۆ مادەکان و ساسانییەکان، ئەم جەژنە جەژنی نوێبوونەوە و ژیانە، هاتنی بەهار و بەهێزبوونی ڕووناکی بووە. ئاگر وەک سیمبوولی ئەم ڕووناکییە هەڵدەکریت نەک بۆ پەرستن.
لە تەلمودی جێرێسەلیم (یورشەلیم) باس کراوە کە نەورۆز جەژنێکی میدییە. لە تەلمودی بابلی بەمانای سەری ساڵ دێت. لە ئەرمەنییەوە بەناوی نەڤ ساڵ هاتووە. پرۆفیسۆر جێنی ڕۆز زۆر بە ڕاشکاوانە باسی تەلمودی جێرێسەلیم و بابلی دەکات کە لەو تەلمودانە هاتووە ئەم باسە بەتایبەت لە تەلمودی جێرێسەلیم نەورۆز بە جەژنی میدییەکان دانراوە. کلیلێکی تری مێژووی ئەوەیە کە فارسەکان وەک فارس، جەژنی نەورۆزیان نەکردووە، بەڵکوو لەگەڵ جووەکان جەژنیان کردووە. لە بەڵگەیەکی مێژووییدا کوڕەکەی کوڕوش بەناوی “کەمبەس” لە ٢٧/٣/٥٣٨، جەژنی کردووە کە دەکاتە مانگی نیسان و سەری ساڵی جووەکان. هەروەها داریوس و خەشایەرشای کوڕی بە هەمان شێوە لە نیسان جەژنیان گێراوە. ئیتر لە بنەڕەتدا نەورۆز جەژنی کوردان بووە.
بەمجۆرە، دوور و نزیک نەورۆز پەیوەندی بە فارسـەوە نییە، کە ئەمەش یەکێکی تر بووە لە چەواشەکارییەکان، کە دەگوترا نەورۆز جەژنی فارسـە. بۆیە نابێت کورد وەک جەژنی نەتەوەیی یادی بکاتەوە، ئیتر ئەم باسانە لە ڕقوکینەی ئایدۆلۆجی لە وڵات و نەتەوە زیاتر نییە.
بەپێی نووسراوە کۆنەکان، بەپێی نووسراوە شاهانەییەکانی ئەوکات، جەنگێکی قورس و گران لە نێوان کورد و بیابانشینەکان بە تایبەتی ئاشوورییەکان لە سەرەتای هەزارەی دووەمی پێش زایینیەوە دەستی پێی کرد. ئاشوورییەکان بە دڵڕەقانەترین شێوە، کوردانی لای ماردین و شەرناخ و شارەزوور و پیرەمەگروونیان جینۆساید کرد، بەشێوەیەک لەوێدا ئاگرێکی زۆر گەورەیان کردەوە و دواتر کچان و کوڕانی کورد کۆ دەکرانەوە و بە زیندووی دەیان سوتاندن.
ڕووبەڕووبوونەوەی جینوسایدکەرەکان و کویلەکۆکەرەوەکانی بیایان، ئەرکی پیرۆزی کوردان بووە، خوێنی کورد وەک ڕووبار ڕژاوە لە پێناو سەرکەوتن و بنکۆڵکردنی ستەم. لە جەژنی نەورۆز کە هێزی ڕووناکی بەهێز دەبوو، کوردان ئاگری ناخیان کڵپەی دەگرت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زۆڵم و ستەم و جینۆساید، میدییەکان سەرکەوتن، ساسانییەکان سەرکەوتن، ئەیوبییەکان سەرکەوتن، کوردان ئەمجارەش سەردەکەون، هۆکاری سەرکەوتن جەژنی نەتەوەیی نەورۆزە، کە لێیەوە هێز وەردەگرن.
سەرچاوەکان.
- کورد لە ڕیزی ساڵنامەی پاشایەتی سۆمەر و سارستانییەتە دیرینەکاندا، شێرکۆ عادل دەباغ، چاپخانەی کارۆ، ٢٠٢٤، ١٥.
- ڕامان لە مێژووی کورد، ماکۆ ساوین، چاپی دووەم، ٢٠٢٣، ٢٨٥ـ٢٨٦
- رامان لە مێژووی کورد، سەرچاوەی پێشوو، ٢٨٦ـ٢٨٧.
- رامان لە مێژووی کورد، سەرچاوەی پێشوو، ٢٨٨ـ٢٨٩ـ٢٩٠.
- مێژووی دێرینی کورد، ئاکۆ محەمەد میرزایی، ٢٠٢٠، ١٤٧ـ٢٩٩.



