هەبوونی بیروباوەڕ هێز بە مرۆڤ دەبەخشێت، هەروەها ئەو هەستەیە کە ئیرادە بۆ تاکەکان دروست دەکات، چونکە ئاراستەی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت و بڕیاردانی کەسەکان دەگۆڕێت، بۆیە تا تاکی کورد بیروباوەڕی خۆناسینی بۆ دروست نەکرێت، ناتوانرێت بەو ئاراستەیەدا ببردرێت کە لە بەرژەوەندی وڵات و نەتەوەکەیدا بەکاربهێنرێت، چونکە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بە گرنگتر دەزانێت و چارەنووسی خۆی بە چارەنووسی نەتەوەکەی نازانێت. دروستکردنی ئەم هەستەش بە پەروەردەکردن لە دڵ و دەروون و مێشکی تاکەکاندا دەچێنرێت، بەدڵسۆزی سەرکردەکان و بەپاکی بەرپرسەکانی دروست دەبێت، ئینجا بەلای تاکەکانیەوە ڕەنگدانەوەی لەسەر هەڵکەوتەو بیری نەتەوەییدا دەبێت .
گومان لەوەدا نییە، کە نووسین و گێڕانەوەی سەربوردە مێژوویییەکان، چەند بەسەرهاتی ڕاستی تێدابێت، ئەوەندەشی ڕێکخراوە یان شانوباڵی بۆکێشراوە، بەڵام هەردەم باڵایی و هەڵکەوتوویی و مرۆڤبوونی ژێرکەوتووەکان فەرامۆشکراوە، ئەوەی بەچاکەی دۆڕاوەکان زانراوە، ونکراوە یان پشتگوێخراوە، چونکە لە هەموو سەردەمەکاندا، ڕووداوەکان بەدەستی سەرکەوتووەکان نووسراوە. بۆیە زیاتر گوێ لەوان گیراوە و کاری ئەوان پێش چاو خراوە. بەڵام هەندێ ڕاستی هەیە لە مێژوودا، کە ئەگەر بەدڵی سەرکەوتووەکانیش نەبووبێت، پێیان دانەپۆشراوە، چونکە ئەوەندە زەق و بەرچاو بە دۆڕاوەکانەوە لکاوە، کە نەیانتوانیوە بەناوی خۆیانی بکەن یان زەوتی بکەن یان ونی بکەن، بەڵکوو هەر ئەوەندەیان پێکراوە، گومان لەسەر ڕاستییەکان دروست بکەن. یەکەک لەو ڕاستیانەش ئەوەیە، کە هەر لەدێر زەمانەوە، ڕەچەڵەکی کوردانی ئێستا، کە لە گۆتی و سۆمەری و کاشی و میتانی و هوری و مادی، هتد، سەرچاوەی گرتووە، لە دۆڵی میسۆپۆتامیا نیشتەجێبوونە و کۆنترین شارستانیان لەسەر بنیاتناوە، نەتوانراوە ئەم ڕاستییەش بشاردرێتەوە. بۆیە ئەوەی پەیوەندی بە میسۆپۆتامیا هەبێت، بە موڵکی کورد دەزانرێت، ئەگەرچی لە پاشاندا نەتەوەی دیکە هاتوونە، کە وەک داگیرکەر حوکمیان تێدا گێڕاوە یان وەک کۆچکەر و میوانی هاتوو نیشتەجێی بوونە و بەردەوام تێیدا ماونەتەوە .
ئاشکرایە کە شەش سەدە بەر لە زاین، سەردەمی لەناوچوونی ماددەکانە، بەڵام بە سەرەتای دروستبوونی نەتەوەی کورد دەزانرێت، چونکە لەو کاتەوە، کورد وەک نەتەوەیەکی جیا دەرکەوتووە بەڵام بەداخەوە هەر لەوکاتەوە هەستی خۆبەکەمزانین لەناخیدا چەقیوە. بۆیە هەرگیز نەیتوانیوە دەسەڵاتێکی سەرتاسەری بەناوی کورد لەسەر خاکەکەیدا دروست بکات. لەهەمان کاتدا، سەرکردەیەکیشی تێدا هەڵ نەکەوت، کە نوێنەرایەتی هەموو کورد بکات، ئەمەش بەهۆی نزیکی و هاوڕیشەیی کورد و فارس لەڕووی بنەچە و ڕیشەی زمانەوانیەوە بوو چونکە کە هەخامەنشییە فارسەکان دەسەڵاتی مادەکانیان لەناوبرد، توانیان باڵادەستی خۆیان بنوێنن، بەمەش تاکی کورد ئەو هەستەی بۆ دروست بوو، کە هەردەم خۆی بەبرا بچووکی فارس بزانێت و بەئاسانی دەستەمۆی ژێردەستی ببێت. ئەمەشیان لەڕێی سێ هۆکارەوە بۆ دەستەبەربوو؛ یەکەمیان، بەگرتنەدەستی دەسەڵات بوو؛ دووەمیان، بەوەرگێڕانی ئاڤێستا بوو، لەزمانی مادەکانەوە بۆ هەخامەنشییەکان؛ سێیەمیان، بەهەڵکەوتنی سەرکردەی دووربین و لێوەشاوەی وەک کۆڕش و داریوش بوو، چونکە کە بەدەسەڵات خۆیان سەپاند، زیاتر ناسران و متمانە بەخۆبوونی زیاتریان بۆ پەیدابوو. بە وەرگێڕانی ئاڤێستاش زمانەکەیان زاڵتربوو، چونکە ئەو کاتە زمانی ئایین، زمانی خوێندن بوو، بە هەبوونی سەرکردەکانیش یەکگرتووتر بوون، چونکە نەیان دەهێشت وردە سەرخێڵ و هۆزەکان لەدەست دەربچن، تا لەدواتردا وەک ئێمەی کورد دابڕ دابڕ ببن.
ئەم سەردەمە نزیکەی دوازدە سەدە بەردەوامبوو، بۆیە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تاکی هەردوو نەتەوەدا دروست کرد، فارسەکی باوەڕبەخۆبووی بەرهەمهێنا، کە هەوڵی دەدا دەسەڵاتی سەرتاسەری دروست بکات و لە سنووری خۆی دەربچێت کەچی کوردەکی بێباوەڕبەخۆ و ڕاهاتوو بە ژێردەستی بەرهەمهێنا، کە دەسەڵات و بیرکردنەوەی لە چوارچێوەیەکی تەسکی ناوچە و خێڵ و هۆزەکەی خۆی و میرنشینەکانی تێپەڕ نەدەبوو.
لە دواتریش، کە عارەبەکان لەڕێی ئایینی ئیسلامەوە لە ناوچەکە دەرکەوتن و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر هەردوو نەتەوەدا سەپاند، دەبینین ئەم ڕێچکەیەی کە کورد و فارس لە ڕابوردوو پێیدا تێپەڕببوون، لەدواتر کاریگەری لەسەر خۆناسین و هەڵسانەوەیاندا هەبوو، چونکە تاکی کوردی لەڕووی نەتەوەیییەوە بێهەست و بێئاگا کردبوو کەچی فارسەکی پێگەیشتووتری دروست کردبوو. بۆیە زووتر هەستی خۆڕزگارکردنیان بۆ دروستبوو، ئەمەش لەپاشاندا وای کرد، بتوانن ئایینەکە لەڕێی مەزهەبەوە بۆ بەرژەوەندی نەتەوەکەیان بەکار بهێنن.
ئەم ڕاستییە بۆ تورکەکانیش هەر ڕاستە، چونکە ئەوانیش توانیان، ئایینی ئیسلام تێکەڵ بە بەرژەوەندی نەتەوەکەیان بکەن، ئەم ڕاستییەش لە بەراوردکردنی بیرکردنەوەی سەرکردەکانی هەر سێ نەتەوەی کورد و فارس و تورک دا دەردەکەوێت چونکە دەبینین بناغەی نەتەوەیی فارسەکان لە سەفەوییەکانەوە نوێ بۆتەوە. تورکەکان لە عوسمانییەکانـەوە گەشەی کردۆتەوە، کەچی کوردەکان لە ئەیووبییەکانـەوە کپ دەبێتەوە. ئەگەرچی دەسەڵاتی هەر سێ نەتەوە و سەرکردەکانیش لە هەناوی ئایینی ئیسلامەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام ئەیووبییەکان نەبوونە بناغە بۆ گەلی کورد، تا لەدواتردا هەوڵی گەڕانەوەیان بدرێت و دەسەڵاتی کوردی لەسەر بنیات بنرێتەوە کەچی بەپێچەوانەوە فارس و تورکەکان ئێستاکەش هەوڵی گەڕانەوە و ژیاندنەوەی ئەو سەردەمە دەدەن، کە سەفەوی و عوسمانییەکان حوکمیان تێدا دەگێڕا .
بەباوەڕی ئێمە مرۆڤ بۆ مرۆڤایەتی خولقاوە، ئایینیش بۆ دادپەروەری دابەزێنراوە، بەڵام زۆر لە ڕووداوە مێژوویییەکانی کۆن و ئێستا هەیە، کە نە لە مرۆڤایەتی دەچێت و نە هیچ ئایینەکیش ڕێگەی پێداوە، چونکە
بەداخەوە لەژێر چەتری ئەم دوو چەمکەدا، گەلی کورد زوڵمی زۆری لێکراوەو هەموو کارەکی نامرۆڤانەو نادادی بەرامبەر کراوە، بۆیە لەوانەیە ئەگەر سلاحەدینی ئەییووبی ئەو کات بیزانیبوایە، کە لەداهاتوودا ڕۆژەک دادێت، عارەب و فارس و ترک بەناوی ئیسلام، لەپێناو نەتەوەکانیان ئەو هەموو زولمە لەنەتەوەکەی دەکەن، بەدڵنیایی بەشێوەیەکی دیکە بیری دەکردەوەو هەڵسوکەوتی دەکرد، ئەویش کارەکی دەکرد، کە لەدواڕۆژدا، لەپاڵ خزمەتکردنی ئایینەکە، سوودەکی بۆ نەتەوەکەشی هەبوایە .
هەستی خۆ بەکەمزانین ئەو دەردوبەڵا کوشندەیەیە، کە نەتەوەی کوردی تێکەوتووە، ئەم هەستەش لەم ڕێڕەوە مێژوویییە سەرچاوەی گرتووە، کە پێیدا تێپەڕبووە. بۆیە هەردەم خۆی بە کەسەکی خەوشدار زانیوە و بە کەسایەتییەکی لاواز دەرکەوتووە، کە بەهای پێکهاتەکانی خۆی نەزانێت و نەتوانێ سوود لە تواناکانی خۆی وەربگرێت، چونکە هەردەم هەست بە کەمایەتی خۆی دەکات و ناتوانێت بەسەر ئەم هەستەدا زاڵ ببێت، کە زمانەکەی ، کولتوور و مێژووەکەی، دابونەریتەکەی، هونەر و ئەدەبەکەی هیچیان لە نەتەوەکانی دیکە کەمتر نییە.
بەداخەوە ئەم هەستە لە بیرکردنەوەی سەرکردەکانیشی ڕەنگ دەداتەوە، چونکە ئەگەر بەلاسایی نەبێت یان بەپاڵپشتی ناحەزێک نەبێت، ناتوانن هەنگاوی سەربەخۆ هەڵ بهێنن، بەمەش زۆر دەرفەتمان لەدەست دەرچوو، چونکە کاتەک تاکی کورد لە ڕاستیی گەیشت، لە کارواندا بەجێمابوو، کاتەک بەئاگا دەهاتەوە، داگیرکەران بەپێشی کەوتبوون، کە بەگەلەکۆمەیی ڕێگریان لێ دەکرد تا نەیانگاتێ، ئەمەش وای کرد بێ ئومێدی لە ناخی کورد بۆ خۆ ڕزگارکردن، وەک نەخۆشییەکی درێژخایەنی لێ بێت، بێئومێدكردنی مرۆڤیش ئەو چەكەیە، كە ناهێڵێت هیچ چەكێكی تر كاریگەریی هەبێت، چونکە هەموو چەكەكان بێ كاریگەر دەهێڵێتەوە و وادەكات بیری مرۆڤ دەستەمۆی زاڵەكان بێت. بۆیە پێویستە بیر و باوەڕەک بۆ تاکی کورد دروست بکرێت، کە ئەو ئومێدە بگێڕێتەوە کە پێویستە هەمان بێت .



