سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سێ کوچکەی تاریکی؛ پۆپۆلیزم و دەسەڵاتخوازی و زانیاری ساختە

سلێمان مستەفا حەسەن

لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، جیهان شاهیدی زیادبوونی تەوژمی پۆپۆلیستی جۆراوجۆر بووە، کە نیگەرانی وکاریگەرییان، لەسەر داهاتووی دیموکراسی. سەقامگیریی سیاسی دروست کردووە، لە ئێستاش دا لە سایەی ژیریی دەستکرد، تەوژمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەڵڕشتنی هەواڵ و زانیاری ساختە و دەسەڵاتخوازی بێسنوور پەرەیان بە شەپۆڵی ترسناکی پۆپۆلیزم داوە.

مەترسییەکانی داهاتووی دیکتاتۆریەتی داتا، دەسەڵاتخوازی کۆمپانیاکان، هەواڵ و زانیاری ساختە هەڕەشەیەکی جدیتر دروست دەکەن، ئازادییە بنچینەییەکان و دامەزراوە دیموکراسییەکان دادەخورێنن و لاوازیان دەکەن. دەتوانین بە سێ کوچکەی تاریکی پر مەترسی و هەڕەشە ناویان بنێن.

مەترسی پۆپۆلیزم لەڕۆژگاری ئەمرۆدا

پۆپۆلیزم؛ بۆچوونێکی سیاسییە، کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوەی هەستی جەماوەر لە ڕێگەی پێشکەشکردنی چارەسەری ئاسان، بۆ کێشە ئاڵۆزەکان وێناکردن وپشاندانی نوخبەی سیاسی و ئابووری بەگەندەڵ، کە ناتوانن نوێنەرایەتی خەڵک بکەن. فەیلەسوفی ئیسرائیلی، یۆڤال نوح هەراری، لەبارەی  پۆپۆلیزم دەڵێت چەمکی پۆپۆلیزم لە وشەی لاتینی پۆپولەس (populus) بۆ گەل هاتووە. 

 لە دیموکراسیدا، هەموو دەسەڵاتەکان لە گەلەوە سەرچاوەیان گرتووە، تەنها نوێنەرانی گەل دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی جەنگ، دەرکردنی یاسا و وەرگرتنی باجیان هەیە. بۆیە پۆپۆلیستەکان بەڕوالەت دژی دیموکراسی نین، بەڵام لەبەر هۆکاری نادیار پێیان وایە، یەک پارت یەک سیاسەتمەدار دەسەڵات وەربگرێت. پۆپۆلیستەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن، تەنها ئەوان نوێنەرایەتی گەل دەکەن، بۆیە پێیان وایە دەبێت تەنها دەنگ بەوان بدرێت، گەر ئەوانیش براوە نەبن و دەنگ نەهێنن، دەڵێن دەنگ و هەڵبژاردن دزراوە. بۆ نموونە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، کاتێک لە خولی پێشووی سەرۆکایەتی دەرنەچوو گوتی هەڵبژاردن دزراوە و لایەنگرانی هەڵیان کوتایە سەر کۆنگرێس، هەروەها سەرۆکی فەنزوێلا، چاڤێز، دەی گوت چاڤێز گەلە، سەرۆکی ئاک پارتیش، لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بە ڕکابەرکانی دەگوت ئێمە گەلین ئێوە کێن. هەر لەمەڕ ئەم پرسە، ڤێنەر مولەر، فەیلەسوفی ئەڵمانی دەڵێت ئەوە پۆپۆلیستەکانن کە تەنها ئەوان خۆیان بە نوێنەری گەل دادەنێن.

مەترسیەکانی ژیریی دەستکرد، برەودان بە شەپۆڵی پۆپۆلیزم

لە سەردەمی ژیریی دەستکرد، جیهان ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی تر بۆتەوە بەدەست تەوژمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەڵرشتنی هەوڵ و زانیاری ساختە، کە ناتوانرێت هەوڵی ڕاست و ناڕاست لێک جیا بکرێتەوە، ئەگەر بێت و ڕێگا لە هەوڵ و زانیاری ساختە نەگیرێت و بە یاسا ئەم پرسە گرنگ و هەستیارە لەسەر ئاستی جیهان ڕێک نەخرێت و یاسایەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ دانەنرێت، جیهان و مرۆڤایەتی بەرەو چارەنووسێکی نادیار پەلکێش دەکات. یۆڤاڵ هەراری لە بارەی قەدەغەکردنی هەواڵ و زانیاری ساختە، دەڵێت لەبەرانبەر ئەو هەڕەشانەی ئەلگۆریتمەکان بۆ سەر گوتاری دیموکراسی دروستی دەکەن، دیموکراسییەکان بە هیچ جۆرێ بێدەسەڵات نین. ئەوان دەتوانن و پێویستە ڕێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر بۆ ڕێکخستنی ژیریی دەستکرد و ڕێگرتن لەوەی کە بواری زانیاریمان بە هەواڵ و زانیاری ساختە و کەسانی ساختە پیس بکات. هەروەها  فەیلەسوفی ئەمریکی، دانیاڵ دینێت، پێشنیازی کردووە سوود لە ڕێگای نەرێتی وەربگرین بۆ ڕێگا گرتن لە “بۆتەکان”. نموونە یاسای سزادان دژی ساختەکردنی پارە “دراوی کاغەز” واتە یاسای سزادانی بۆ دابنرێت، هەروەها ڕێوشوێنی گرنگتر کە دیموکراسییەکان دەتوانن بیگرنەبەر بۆ قەدەغەکردنی ئەو ئەلگۆریتمانەیە کە بەبێ چاودێریی گفتوگۆ گرنگەکان کۆنتڕۆل دەکەن، دەرکردنی یاسای ناوخۆیی و جیهانییە.

مەترسی دەسەڵاتخوازی و ستەمکاری شێوە مۆدێرنەکانی

دەسەڵاتخوازی سیستەمێکی حوکمڕانییە کە بە چڕکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی یەک کەس یان گرووپێکی بچووکدا دەناسرێتەوە، هاوکات ڕۆڵی دامەزراوە دیموکراتییەکان و بنەماکانی دیموکراسی کەم دەکاتەوە و ئازادی تاکەکان سەرکوت دەکات.

 لە سەردەمی مۆدێرندا، دیکتاتۆرییەت چیتر سنووردار نییە بە ڕژێمە سەربازییە تەقلیدییەکانەوە، بەڵکوو شێوەی نوێی وەرگرتووە وەک دەسەڵاتخوازی هەڵبژاردن، کە هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ پاراستنی ڕواڵەتی دیموکراتی ڕێک دەخرێت، لە کاتێکدا ئەنجامەکان ناڕاستەوخۆ کۆنتڕۆڵ دەکرێن، هەوەک کۆنتڕۆڵکردنی میدیا بە سنووردارکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری، کۆنترۆڵکردنی پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەست گرتن بەسەر داتاکان بەرەو دکتاتۆریەتی داتا و ئیمپراتۆریەتی داتا هەنگاو دەنێن. سەرۆک وەزیرانی پێشووی هیند وتەیەکی جوانی هەیە لەم بارەیەوە دەڵیت ئەوەی دەست بەسەر زانیارییەکان دا بگرێت دەست بەسەر جیهاندا دەگرێت. دەکرێت بڵێن کۆمپانیاکانیش هەڕەشەن، بەتایبەتی گەر بگەڕینەوە بۆ سەردەمی کۆمپانیای ڤۆکی هۆڵندی، میسی سپی و کۆمپانیای هیندی  بۆ ڕۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاست، کە کۆمپانیایەکی بەریتانی بوو. بەراورد کردنی ئەم کۆمپانیایانە بە کۆمپانیاکانی بواری داتا و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا لەوانە کۆمپانیای میکرۆسۆفت،  گووگل، ئەمازۆن،  ئۆپن ئەی ئای (چات جی پیتی)، مێتا، تۆڕەکانی سۆشیال میدیا، هتد.

گومانی تیا نییە ئەو تەوژمە پۆپۆلیستییە لە ئێستادا کاریگەرترە، کەرستە و ئامرازەکانی هەرزان تری بەردەستن، گەر لێرەدا باس لە کۆتا وتاری ماڵئاوایی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، بکەین، سێ پرسی زۆر گرنگی کرد جێگای ڕامان وردبوونەوەیە. ئەو گوتی خەریکە حوکمی کەمینە لە ئەمریکا سەرهەڵدەدات، پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد ئەم سێ پرسە کڕۆکی وتارەکەی بوون. بەڵام ئەوەی مەبەستی ئێمەیە سەبارەت بە ژیریی دەستکردە کە جەختی کردەوە لەوەی دەبێت پێشەنگ بین لە پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان. لەهەمان کاتدا جەختی کردەوە، دەبێت هاوسەنگی لە نێوان داهێنان و بەرپرسیاریەتی بپارێزین و دەبێت ژیریی دەستکرد بەشێوەی ئەخلاقیی (ئیتیکی) بەڕێوەبرێت. هەروەها گوتی دەبێت ژیریی دەستکرد بە ڕێسای ڕوون ئاراستە بکرێن، کە ببێتە هۆی پاراستنی هاووڵاتیانمان، کارەکانمان و بەهاکانمان، بۆیە دەبێت پەلە بکرێت لە دەرکردنی یاسای ژیریی دەستکرد لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهاندا.

لەبەرانبەردا سەرۆکی نوێی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ، لە وتاری دەستپێکی ئەم خولەیدا گوتی، من ئەمریکا دەخەمە پێشەوە، خوا ڕزگاری کردم تا ئەمریکا بکەمە نەتەوەیەکی گەورە،  خەونی ئەمریکا دەگەڕێتەوە، لە ئیدارەکەم بەشێک بەناوی بەشی کارایی حکومەت دروست دەکەم، ئێمە لە لێواری گەورەترین ساڵەکانی مێژووی ئەمریکا داین. لە پەیڤێکی پر مەترسی و شۆکهێنەردا گوتی: هیچ شتێک نییە کە نەتوانین نەیکەین، هیچ خەونێک نییە کە نەتوانین بەدەستی بهێنین.

لەئێستادا، سەرۆک ترامپ، ٥٠٠ ملیار دۆلاری بۆ وەبەرهێنان لە ژیریی دەست کرد (پڕۆژەی ستار گەیت) تەرخان کردووە. وتەکانی سەرۆک ترامپ، پێمان دەڵێت، من وای دەبینم کە ئەوان دەوڵەتانی جیهان بە لقێکی کۆمپانیای پان ئەمریکان دادەنێن، پاسا و ئەرگۆمێنتی ئێمە بۆ ئەو باوەڕەمان دەگەڕێتەوە بۆ وتاری جێگری سەرۆکی ئەمریکا، جەی دی ڤانس،لە کۆنگرەی ئاسایشی میونشنی ئەم ساڵ دەرفەتی قۆستەوە لەکاتی وتارەکەیدا ڕەخنەی لە ئەوروپا گرت، بەهۆی سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین. ئەمەش کریستۆف هیۆسکن، سەرۆکی کۆنگرەی ئاسایشی میونشنی، هێنایە گریان. لە میانەی وتاری کۆتایی کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند، پرەنسیپە هاوبەشەکان ئەوەندە باو نین کە وەک جاران بیری لێدەکرایەوە، هیوسگن وتی: دوای وتارەکەی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی هەینی، دەبێت هۆشداری بدەین لەوەی کە بنەمای هاوبەشی پرەنسیپەکان لە نێوان وڵاتانی ڕۆژئاوایی باو نییە. هەروەها گفتوگۆی سەرۆک ترامپ و جێگرەکەی لەکاتی پێشوازی کردنیان لە زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ئاماژەی ڕوونن بۆ بارودۆخێکی پێشبینی نەکراو، تەنانەت ڕای دکتۆر ئاڵان دۆنۆی، نووسەری کتێبی سەردەمی هیچ و پوچیشی تێپەراندووە.

بە بڕوای شارەزیانی بورای سیاسەت، مێژوو و سۆسیۆلۆجیا، گەشەی پۆپۆلیزم لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی چەند هۆکارێکەوە گەشەی سەندووە، لەوانە قەیرانی ئابووری، نایەکسانی، نەمانی متمانەی هاووڵاتییان بە حکومەت، شۆڕشی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەواڵی ساختە. پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یارمەتی زۆری سەرکردە پۆپۆلیستەکانی داوە لەم قۆناغە، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە داهات و سەرچاوەی مرۆیی و میدیای تەقلیدی هەبێت، هەروەها هەندێک گرووپ هەست بە پەراوێزخستنی سیاسی دەکەن و پێیان وایە ڕژێمەکانی ئێستا نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانیان ناکەن. بۆیە لە ئێستادا مەترسییەکانی پۆپۆلیزم، دەسەڵاتخوازی و دەوری هەڵرشتنی هەواڵ و زانیاری ساختە زادەی لەدایکبوونی جیهانی ئینتەرنێت و ژیریی دەستکردن کە هەڕەشەی جدین  بۆ سەر دیموکراسی.

چۆن ڕووبەڕووبوونەوەی پۆپۆلیزم و دەسەڵاتخوازی ببینەوە؟

ئەوە ئەو پرسیارەیە کە دەبێت عەوداڵی بین و بەدوایدا بگەڕین، ئەمە مەترسی و هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی مرۆڤایەتی و سیستەمی هاوبەشی جیهانی، هەندێ لە شارەزایان ڕایان وایە.

بەهێزکردنی دامەزراوە دیموکراسییەکان، بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی سیاسیی، بەهێزکردنی هاوکاری نێودەوڵەتی بەکەڵکن، بۆ ڕێگاگرتن لە تەشەنەکردنی مەترسی ئەم سێ کوچکە تاریکە:

هەراری، لەسەر ئەم پرسە دەڵێت، ناڕوونی زیادبوونی تۆڕی زانیاری، یەکێکە لە هۆکارەکانی شەپۆڵی داوی پارتە  پۆپۆلیستەکان، ڕابەر و کاریزماتیکەکان. کاتێک خەڵک چیتر ناتوانن مانایەک بۆ جیهان بدۆزنەوە،  لێرەدا هەست بە بێ توانایی دەکەن، بەرانبەر ئەو زانیارییە زۆرانە کە ناتوانی هەزمی بکات. هەروەها پێشنیاز دەکات جیهان پابەندی دوو بنەمای سەرەکی بێت بۆ ڕێگاگرتن لە دەسەڵاتی ڕەهای ئەلگۆریتمەکان. ئەوانیش پابەندبوونی نێودەوڵەتی و جیهانی بە چەند یاسایەکی جیهانگیریی لەگەڵ ڕەچاوکردن و سەرخستنی بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی مرۆڤایەتی بەسەر بەرژەوەندی کەمینەیەک.

پۆپۆلیزم، دەسەڵاتخوازی وهەواڵ و زانیاری ساختە، بەسەریەکەوە هەڕەشەی جددین بۆ سەر دیموکراسی و سیستەمی هاوبەشی نێودەوڵەتی. بۆ پاراستنی ئازادی و داهاتووی سیاسی، پێویستە حکومەتە دیموکراتییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و خودی هاووڵاتیانیش بەرپرسیارێتیی خۆیان بگرنەدەست و چارەسەرەکانی زانستی و یاسایی بگرنە بەر، چونکە پاراستنی دیموکراسی کارێکی ئاسان نییە، بەڵام پێویستە بۆ دابینکردنی ئایندەیەکی سیاسی سەقامگیرتر و دادپەروەرانەتر. کەواتە پۆپۆلیزم، یان میللەتگەرایی، یان میللەت خەلەتێنەران، ڕایان وایە ئەوەی لەگەڵ ئەوان نەبێت ، بەهاوڵاتی و خەڵکی دانانێن. دەرنجام پۆپۆلیزم بە بەکار‌هێنانی دەسەڵاتخوازی و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا و هەواڵ و زانیاری ساختە دەتوانێت بگاتە ئەنارشیزم وەک چۆن دەتوانێت بگاتە تۆتالیتاریزم ئەوەش کاتی باوەڕی بە دکتاتۆریش نامێنێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO