سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دیالەکتیکی ڕزگاربوون

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بازنەیەکی ناکۆتایە لە ئازار. ئازارێک کە ڕوخسارەکەی هەمیشە نوێ بووە بەڵام سەرچاوەکەی هەرگیز نەگۆڕاوە. وەک ئاوێک کە لە هەزار کانییەوە هەڵقوڵاوە و هەمان ئاوە، بەڵام هەر جارەی بە شێوازێک ڕژاوە.

لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، هەموو پارچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوای “چارەسەری تایبەت بە خۆیاندا” گەڕاون. نەتەوەگەراییەک لێرە، ئایینگەراییەک لەوێ، لیبرالیزمێک لە شوێنێک، سۆشیالیزمێک لە شوێنێکی تر. وەک ئەو کەسانەی کە لەناو خانوویەکی داڕووخاودان و هەریەکەیان لە ژوورێکدا گیریان خواردووە و بەتەنیا خەریکی بونیاتنانەوەی ژوورەکەی خۆیانن، بێئاگا لەوەی کە سەقفی هاوبەش و بناغەی هاوبەش و دیواری هاوبەشیان هەیە. بەڵام کاتێک یەکێکیان دیواری خۆی بەهێز کردووە و دیوارەکەی خستۆتە سەر دیواری ژووری دراوسێکەی، خانووەکە بەلادا ڕووخاوە و دیسان هەموویان پێکەوە بوونەتەوە بەژێرەوە.

بۆیە هەموو ئەو ساتە خۆش و ئارامانەی کە هەر پارچەیەک لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوودا بە دەستی هێناوە، وەک عێراق و ئێران و سووریا و لوبنان و میسر، هتد، هەمیشە وەک جورعەیەک لە چارەسەری سڕکەر وابوون. بۆ ساتێک، هەستی ئازاریان لاچووە و هەستیان بە ئارامی کردووە، بەڵام هەرگیز چارەسەر نەبوون. کاتێک کاریگەریی سڕکەرەکە نەماوە، ئازارەکە قورستر گەڕاوەتەوە و جارێکیتر بازنەی تووندوتیژی دەستی پێ کردۆتەوە.

گۆڕانی ڕاستەقینە تەنها ئەو کاتە ڕوودەدات کە هەموو پارچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەن بەوەی کە چارەنووسیان یەکە، هەموویان یەک نەخۆشییان هەیە. بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێت بە یەک، پێویستە لە سەرەتادا هەر پارچەیەکیان ئەزموونی ڕاستەقینەی خۆی بکات، کورد وەک کورد، تورک وەک تورک، عەرەب وەک عەرەب، و هەروەها.

منداڵێک پێویستە سەرەتا وەک تاکێکی سەربەخۆ هەست بە بوونی خۆی بکات، پێش ئەوەی بتوانێت پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ دەوروبەریدا دروست بکات. بەهەمان شێوە نەتەوەکان و کۆمەڵگاکانیش پێویستە سەرەتا لە ناسنامەی خۆیان دڵنیا بن، پێش ئەوەی بتوانن پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ یەک دروست بکەن.

ئەم ڕێگەیە لە ڕێگەی تۆخکردنەوەی خاڵە هاوبەشەکانەوە دەست پێ دەکات، ئەو بیرمەندە مرۆڤدۆستانەی کە لە هەر کلتوورێکدا هەبوون و هاواری ئاشتەواییان کردووە. ئەو هونەرمەندانەی کە سنوورەکانیان بەزاندووە. ئەو زانایانەی کە زانستیان وەک زمانێکی هاوبەش بەکارهێناوە. ئەو ئەدەبیاتەی کە باسی مرۆڤ دەکات، نەک باسی کورد یان عەرەب یان فارس. لەڕاستیدا، کلتووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕە لەو نموونانە، بەڵام ئێمە لەبیرمان کردووە.

کاری ماناداری ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوەیە کە پڕۆژەی هاوبەش دروست بکات. بەڵام پڕۆژەی هاوبەش بە واتای لەناوبردنی جیاوازییەکان نا، بەڵکوو بە واتای دروستکردنی پەیوەندییەکی قووڵتر لە نێوان ئەو جیاوازییانەدا. پەیوەندییەک کە تێیدا ئازاری پارچەیەک، ئازاری هەموو ئەوانی دیکە بێت و خۆشیی یەکێک، خۆشیی هەمووان.

لێرەدایە کە دەبێت زمانی سیاسەت و دەسەڵات بێهێز بکرێت و زمانی کولتوور و فیکر بەهێزتر بکرێت. ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە گوێ لە بیرمەند و هونەرمەندەکانمان بگرین، نەک لە سیاسەتمەدار و دەسەڵاتدارەکان. ئەوە تەنها کولتوور و فیکر و مەعریفەیە کە دەتوانن ئەو ڕایەڵەیە دروست بکەن کە لە ترۆپکی زمان و بیرەوە دەست پێ دەکات و دەگاتە هەموو لایەکی کۆمەڵگا. هەر پڕۆژەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم خەسڵەتەی تێدا نەبوو نابێت وەک پڕۆژە سەیر بکرێت. لێرەوە دەکرێت بڵێین چارەسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو کۆمەڵگە و جێگەیانەوە دەست پێ دەکات کە کەمترین هێز و دەسەڵات مومارەسە دەکەن و زۆرترین دیدگای مرۆڤدۆستانە و گوتاری ئاشاتەوایی بەرهەمدێنن.

بێگومان تا ئەم تێگەیشتنە نەبێتە ڕۆحییەتی کۆمەڵگە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاگری ئەم جەهەننەمە ناکوژێتەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO