سلێمان مستەفا حەسەن
دەستووری کاتیی بۆ قۆناغی ڕاگوزەر لە سووریا، لەلایەن ئەحمەد شەرع بەناو سەرککۆمار پەسەند کرا، ئەم دەستوورە جێگای پرسیار و تێڕامانە، لێرەدا هەوڵ دەدەێن سەرنج بخەینە سەر ناوەڕۆکی دەستوورەکە.
ئەم دەستوورە لە ٥٣ پێکهاتووە. پێشەکیەک و چوار بەش، حوکمە گشتییەکان، ماف و ئازادییەکان، سیستەمی حوکمڕانی لە قۆناغی گواستنەوە، حوکمە کۆتاییەکان. سەرەتای لیژنەی ئامادەکار بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ پێکهاتەکان لەلایەن ئەحمەد شەرع پێک هێنرا.
دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا، شەرع، لەگەڵ سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزڵووم عەبدی، ڕێککەوتنی واژۆ کرد بۆ کاری پێکەوەیی. بەڵام گوێی بە هیچ شتێ نەدا. پرسی نووسینەوە پەسەند کردنی دەستوور بۆ وڵاتێکی ماندوو پێویستی بەکاری پێکەوەیی ومتمانە هەیە لە ناو تەواوی پێکهاتەکانی دا. لەپێشەکی دەستوورەکەدا جەخت دەکاتەوە لەسەر پاراستنی یەکێتیی و سەلامەتی سووریا، خاک و گەل. کەواتە یەک سووریا، یەک گەل و یەک سەرۆک، دەبێت بڵێین خۆزگە بە کفن دز؟
با سەرتا لە بەشی یەکەمەوە شرۆڤەی ماددە و بڕگەکانی بکەین کە بە حوکمە گشتییەکان دەست پێ دەکات و ماددەی ١ بۆ ١١ دەگرێتە خۆی:
لەماددەی یەکەمیدا دەڵێت کۆماری عەرەبیی سووریا، دەوڵەتێکی سەربەخۆیە کە سەروەریی تەواوی هەیە، قەوارەیەکی جوگرافی و سیاسیی تەواوە کە نابێت دابەش بکرێت و نابێت دەستبەرداری هیچ بەشێکی ببین. واتە لە ماددە دەستووریە دان بە هیچ پێکهاتەیەکی ئەم وڵاتەدا نانێت.
لە بڕگەی یەکەمی ماددەی ٣ هاتووە کە ئایینی سەرۆککۆمار ئیسلامە، فیقهی ئیسلامی سەرچاوەی سەرەکیی یاسادانانە. لەم دەقەشدا هیچ حسابێک بۆ ئایین و پێکهاتەکانی تر و بنەماکانی دەوڵەتی مەدەنی و جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەتدا ناکات. شەرع لە دەستوورەکەیدا لە ماددەی ٤ تەنها زمانی عەرەبی وەک زمانی فەرمی دەناسێنێت بەبێ ئەوەی ئاماژە بەبوون و ڕێگا پێدانی زمانەکانی تر بدات، دەقەکە دەلێت “زمانی عەرەبی زمانی فەرمیی دەوڵەتە”.
ئەحمەد جۆلانی لە ماددەی ٧ی دەستوورەکەیدا پێداگرە کە دەوڵەت پابەندە بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا. بەرهەڵستی بانگەشەکانی دابەشکردن و جیابوونەوە و داوای دەستوەردانی بیانی یان پاڵپشتیی دەرەکی دەکات.
ئەحمەد شەرع لە ڕێککەوتنی لەگەڵ سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکرات جەختی لەسەر کۆمەڵێ بنەمای پێکەویی کردەوە بەڵام پێچەوانەی ڕێککەوتنەکە و خەباتی ١٥ ساڵەی قەسەدە و خوێنی ٢٠ هەزار شەهید کاری کردووە. ماددەی ٩ی دەستوورەکە پێمان دەڵێت سوپا، دامەزراوەیەکی نیشتیمانی پیشەییە کە ئەرکی پاراستنی وڵات و پارێزگاری لە ئاسایش و سەلامەتی و یەکپارچەیی خاکەکەیەتی، بە شێوەیەک کە لەگەڵ سەروەریی یاسا و پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا بگونجێت. تەنیا دەوڵەت دەتوانێت سوپا دروست بکات. قەدەغەیە هەر تاک یان دەستە یان لایەن یان کۆمەڵێک هێز یان گرووپ یان ڕێکخراوی سەربازی یان نیمچە سەربازی دروست بکات و چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت. لێرەدا پێمان ناڵیت ئەو پێکهاتانەی لەبەر داعش چەکیان گەڵگرت و پارێزگاریان لە میللەتەکەیان کرد، چەکەکانیان چی لێبکەن؟ چۆن بیان دەن بە دەوڵەت؟ زەمانەت چییە؟
لەبەشی دووەمی دەستوورە کەدا هاتووە، ماف و ئازادییەکان ماددەی ١٢ بۆ ٢٣. لە ماددەی ١٢ بۆ ٢٣ کە بەحساب باس لە ماف و ئازادییەکان دەکات بۆ هاووڵاتییانی سووریا، جگە لە داڕشتنێکی کراوە لە هیچ شتێکی تر ناچن، تەنانەت لەو بەشەی بەناو ماف و ئازادییەکان، مافی بەکارهێنانی زمانی نەداوە بە پێکهاتەکان. لێرەشدا سەرپێچیەکی زەقە بەرامبەر مافی مرۆڤ و مافی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووری. بۆیە ئەم بەشە جگە لەخۆنمایشکردن و جونکاری هیچی تر نییە.
لە بەشی سێیەمی دەستوورەکەدا سیستەمی حوکمڕانی لە قۆناغی گواستنەوەدا باس کردووە. ماددەی ٢٤ بۆ ٤٧ لەخۆدەگرێت و بەسەر سێ بەش دابەشکراوە، دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دەسەڵاتی یاسادانان، دەسەڵاتی دادوەری. بە ووردبوونەوە بۆ ناوەڕۆکی سیستەمەکە، کە سەرۆکایەتییە، سەرۆککۆمار یاسا دانەرە، جێبەجێکارە، دەسەڵاتی باڵای دادوەرییە! بەکورتی سەرۆککۆمار هەموو شتێکە.
لە ماددەی ٢٤ دا هاتووە، سەرۆککۆمار لیژنەیەکی باڵا بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل پێک دەهێنێت. سەرۆککۆمار، یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل دیاری دەکات بۆ دڵنیابوون لە نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە و کارامەیی.
لە ماددەی ٢٦ دا ماوەی حوکمڕانی ڕاگوزەری بە پێنج ساڵ دیاری کردووە. بەپێی ماددەی ٢٧ دەستوورەکە، ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل، لەبەردەم سەرۆککۆمار سوێند دەخۆن و بڕیارەکانیان بەزۆرینە دەبێت وەک لە ماددەی ٣٠ دا هاتووە.
لە ماددەی ٣١ دا هاتووە، سەرۆککۆمار و وەزیران دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە چوارچێوەی سنوورەکانی دیاریکراو لەم ڕاگەیاندنە دەستوورییەدا پیادە دەکەن. لە ماددەی ٣٢ دا هاتووە
سەرۆککۆمار فەرماندەی باڵای سوپا و هێزە چەکدارەکانە و بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات و یەکپارچەیی خاکەکەی و سەلامەتی و چاودێری بەرژەوەندییەکانی گەل دەکات. سەرۆککۆمار لەبەردەم ئەنجوومەنی گەل سوێند دەخوات.
سەرۆککۆمار جێگر بۆ خۆی دیاری دەکات و دەسەڵاتەکانیان دیاری دەکات و لە پۆستەکانیان لادەبات، دەستلەکارکێشانەوەیان وەردەگرێت، ئەگەر پۆستی سەرۆکایەتی بەتاڵ بوو، یەکەم جێگر دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار وەردەگرێت.
بەپێی ماددەی ٣٥، سەرۆککۆمار، وەزیرەکان دیاری دەکات و لە پۆستەکانیان لایان دەبات و دەستلەکارکێشانەوەیان وەردەگرێت. وەزیرەکان لەبەردەم سەرۆککۆمار سوێند دەخۆن، یانی کەس بۆی نییە لێپێچینەوە لەگەڵ وەزیرەکان و سەرۆککۆمار دا بکات! سەرۆککۆمار هەر بەوەشە ناوەستێت، ڕێساکانی جێبەجێکردن و ڕێکخستن و فەرمانەکانی ڕێکخستن و بڕیارە سەرۆکایەتییەکان بەپێی یاساکان دەردەکات.
سەرۆککۆمار نوێنەرایەتیی دەوڵەت دەکات، واژۆی کۆتایی لەسەر پەیماننامەکان لەگەڵ دەوڵەتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات. هەر ئەو هەڵدەستێت بە دانانی سەرۆکی نێردە دیپلۆماسییەکان لە وڵاتانی بیانی و لابردنیان، بڕوانامەی سەرۆکی نێردە دیپلۆماسییە بیانییەکانیش لە “کۆماری عەرەبی سووریا” قبووڵ دەکات و مافی پێشنیازکردنی یاساکانیشی هەیە. لە پاڵ ئەمانە، سەرۆککۆمار ئەو یاسایانە دەردەکات کە ئەنجوومەنی گەل پەسەندی دەکات، مافی ناڕەزایی دەربڕینی هەیە لێیان بە بڕیارێکی ڕوونکراوە لە ماوەی مانگێک لە ڕێککەوتی گەیشتنیان بە ئەنجوومەن کە دووبارە تێیاندا دەڕوانێتەوە. یاساکان جێبەجێ ناکرێن دوای ناڕەزایی دەربڕین تەنیا بە ڕەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەنجوومەنی گەل نەبێت. لەم حاڵەتەدا سەرۆککۆمار بەناچاریی دەریان دەکات. هاوکات، مافی بەخشینی لێبووردنی تایبەت و گەڕاندنەوەی ڕێز و ئیعتیباری هەیە.
بەپێی ماددەی ٤١، سەرۆککۆمار دوای ڕەزامەندی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی، چەکهەڵگرتنی گشتی و جەنگ ڕادەگەیێنێت. لێرەشدا هیچ حیسابێک بۆ بەناو ئەنجوومەنی گەل ناکات! بڕگەی دووەمی هەمان ماددە، ڕێک بۆ تەسفیەکردنی پێکهاتەکان دانراوە کە تیایدا هاتووە، “ئەگەر مەترسییەکی گەورە و بارودۆخێک هەبێت کە هەڕەشە لە یەکێتیی نیشتیمانی یان سەلامەتی و سەربەخۆیی خاکی نیشتیمان بکات یان ڕێگر بێت لە بەڕێوەبردنی ئەرکە دەستوورییەکانیان لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە، سەرۆککۆمار دەتوانێت باری نائاسایی بە شێوەی بەشی یان تەواو بۆ ماوەیەک کە لە سێ مانگ تێنەپەڕێت ڕابگەیێنێت، بە ڕاگەیاندنێک بۆ گەل، پاش ڕەزامەندی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی و ڕاوێژ بە سەرۆکی ئەنجوومەنی گەل و سەرۆکی دادگەی دەستووری. تەنیا بە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی گەل بۆ جاری دووەم درێژ دەکرێتەوە.
سەبارەت بە پرسی دەسەڵاتی دادوەری وەک خاڵی سێیەمی بەشی سیستەمی حوکمڕانی ئاماژەی پێکراوە، هەموو دەقەکان کراوەن. بەیاسا ڕێک دەخرێن بەبێ ئەوەی چوارچێوە یاساییەکانی دادگاکان دیاری بکات، ئەمەش ڕوون و ئاشکرایە کە ئەنجوومەنە کارتۆنیەکە لە قسەی سەرۆککۆمار دەرناچێت، ئەمەش خاڵیکی ڕەشە و جێگای مەترسییە.
بەشی چوارەمی دەستوورەکە، حوکمە کۆتاییەکان لەخۆی دەگرێت کە لە ماددەی ٤٨ بۆ ٥٣ دەستوورەکەیە ، ماوەی حوکمڕانی قۆناغی ڕاگوزەری بە پێنج ساڵ دیاری کردووە.
ئەو دەستوورەی لەلایەن ئەحمەد شەرع بڵاو کرایەوە و پەسەند کرا، بەناو دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا، جگە لە ڕەوایەتیدان بە خودی شەرع، سەرۆککۆمار، لەم دەستوورەدا شتێکی تر نییە. شەرع بۆ ماوەی پێنج ساڵ خاوەنی هەموو دەسەڵاتێک دەبێت.
بە باوەڕی ئێمە دامەزراندنی حکومەتێکی تایفی دکتاتۆر و بەکارهێنانی ئیسلامی سیاسی بۆ درێژەدان بە کارە ناڕەواکان و کارەساتەکانی سەردەمی داعش شتێکی تر نییە. زمانی عەرەبی و ناسنامەی عروبە ناسنامەی ئەم وڵاتەیە کە ئەحمەد شەرع دەیەوێت دروستی بکات. لەو دەستوورە هیچ حیسابێک بۆ گەلی کورد و قوربانییەکانی نەکراوە. تەنانەت ناوی کورد لەم دەستوورەدا بوونی نییە و نەهاتووە، بە ماددەیەک باس لە ئاشتەوایی و قوربانی گەلی کورد ناکات کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و داعش چەشتویەتی. باسی زمان و فەرهەنگ و بێبەشبوونیان لە ناسنامەی هاووڵاتییبوون ناکات.
لەم دەستوورە هیچ حیسابێک بۆ جیاوازی ئایینی نەکردووە کە لەم وڵاتە بوونی هەیە، لەم دەستوورەدا هیچ حیسابێک بۆ پێکهاتەی نەتەوەیی و دینی نەکراوە و ناویان نەهاتووە. هیچ حیسابێکیش بۆ بنەما و پرەنسیپە دەستوورییەکانی قۆناغی ڕاگوزەر نەکراوە. بەپێچەوانەوە، دەستوورەکە دەسەڵاتی داوە بە شەرع و جەماعەتەکەی بەناوی یاسا بکەونە گیانی پێکهاتەکان و بەناوی یاسا دەست لە کوشت و بڕی هەڵنەگرن. کەس بۆی نییە لێپێچینەوە لە سەرۆککۆمار بکات. سەرۆککۆمار لەسەرووی یاساوەیە و ئەندامانی دادگاش دادەنێت.
ئەم دەستوور لەگەڵ بنەماکانی پێکەوەژیان و بنیاتنانی سیستەمێکی دیموکراسی نایەتەوە. دەستووریک خاڵییە لە سەروەری یاسا و دادوەری و ماف و پێکەوەژیان. لەکۆتایی دەبێت بڵێین خۆزگە بە کفن دز. دەستوورەکەش ڕێگایەکە بەرەو تاریکی و بێ