سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

زیندانی جیۆپۆلتیک و نەتەوەیەکی زیندانیکراو، کورد

عەبدولڕەزاق مەهدی

جیۆپۆلتیک لای سپایکمان (N. J. Spykman) بەمجۆرە پێناسە کراوە “جیۆپۆلتیک پلانڕێژییە بۆ سیاسەتی ئاسایشی دەوڵەت. ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی فاکتەرە جوگرافیاییەکاندا، سیاسەتی دەرەوە بواری دیاریکراوە”. لای ڕادۆڵف کلن (Rudolf Kjellen) جیۆپۆلەتیک ئەو زانستەیە کە “دەوڵەت واتێدەگات بوونەوەرێکی جوگرافیایی ئۆرگانیکییە یان دیاردەیەکە لەو بوارەدا”. کەچی ئەڤند ئۆسترو (Oyvind Osternud) دەڵێت “جیۆپۆلتیک زانستێکە پسپۆڕە لە لێکۆڵینەوەی شانۆ جیهانییەکەدا لە گۆشەنیگای شوێنەوە”.

هەر چۆنێک بێت، پاش جەنگی یەکەمی جیهانی، ژمارەی سنوورەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فراواندا کەمتر بوون لەوەی ئێستا. ئەو سنوورانەش کە هەبوون تەنیا جوگرافیا دایڕشتبوون. ناوچەکانی ئەو سنوورانە بە شلوشێواوی دابەشکرابوون و بەپێی واقیعە جوگرافیایی و ئیتنی و ئاینییەکان حوکم دەکران، هەوڵ لە ئارادا نەبوون بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی. بەڵام دوای ئەوەی پیاوە نەخۆشەکە، دەوڵەتی عوسمانی، لە کەوتن نزیک دەبێتەوە، هەردوو زلهێزی ئەوکات، بەریتانیا و فەڕەنسا، ئیتر هەوڵ دەدەن میرات و دەستکەوتەکان لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن. بۆ ئەمەش مارک سایکس و جۆرج پیکۆ، کە هەریەکە نوێنەرایەتی ئەقڵی ستراتیجی وڵاتەکەیان دەکردن بە پڕۆژەکانیان، دەستیان دایە سازکردنی بناغەکان و یەکلاکردنەوەی دۆسییەکان. گرنگترین خاک و پێگە و ناوچە، خاکی کوردان بوو لە هەموو پڕۆژەکانیان. لە یەکێک لە کۆبوونەوە گرنگەکان (سایک) قامکێکی بەسەر نەخشەی سەر مێزەکەدا هێنا و گوتی “من حەز دەکەم هێڵێک لە عەککاوە تا کۆتایی لە کەرکووک بکێشم”.

بەریتانییەکان لە ساڵەکانی پێشووتردا لە هیندستان و سودان‌ دا ڕووبەڕووی چەندین سەرهەڵدان و هەرای موسڵمانەکان ببوونەوە و سەرکوتیان کردبوون. بۆیە ئەو هەڕەشەی سوڵتانیان بە هەند وەرگرتبوو. گەفێک کە هێزی ڕاکێشانی گەورەی جیاوازی هەبوو، زۆریش جدی بوو. دوای چەندین هەفتە لە جاڕدانی سوڵتان بۆ جیهاد “خۆرهەڵاتخوازەکان” پلانێکیان هەبوو، بەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە قوڕگەوە بگرن و زەبریش لە ڕیخۆڵەکانی بدەن. لە هەمان کاتدا هێزەکانی لە “گالیپولی” و “ئەسکەندەروونە” دابەزێنن. گالیبولی لە ئەستەنبولی پایتەختی عوسمانییەکان دوور نەبوو، ( ئەسکەندەروونەش) کۆمی گۆچانی دەریای سپی ناوەڕاست بووە. ئەمەش سایکسی هاندا نامە بۆ چەرچل بنێرێت تا پاڵپشتی پلانەکە بێت و کەسانی تریش هاتنە ڕیزەوە، بە گشتی هەقیقەتێک هەبوو ( تاکە شوێنێک کە کەشتیگەل بتوانێ دژی میسر بجولێتەوە ئەوە ئەسکەندەروونە). یەکێکی تر لەو ناوچانەی کە بۆ بەریتانیا گرنگ بوو، بریتی بوو لەو سەرە پردە ئاسیاییەی سەر کەنداوی فارس، کە بەریتانیا دەستی بەسەردا گرتبوو و وەک سەربازگە بەکاری دەهێنا. دواتر ئەدمیراڵێکی باڵا یاداشتێکی نووسی کە ڕوونی کردبوویەوە، نەوت چوار هەندەی خەڵووز کاریگەرە، لە کۆتایشدا دەبێتە ماددەی سەرەکی بۆ سووتەمەنی هێزی دەریایی بەریتانیا. ئەمەش دۆخی بەریتانیا ناسک و شڵۆق دەکات.

لەوبەر ڕاپۆرتەکانی جیۆلۆجییە ئەڵمانەکان، کە بەر لە جەنگ ئەو ناوچانەی میزۆپۆتامیا‌ـیان کنجوکۆل کردبوو، گەیشتبوون بەو بڕوایەی، کە لەوێدا “گەورەترین کانی سەرچاوەی دەستکارینەکراوی جیهانە کە تا ئێستا پێی زانرابێت”. بەمجۆرە ئەوەی وەک فاکتێکی جیۆپۆلەتیکی دەبینرێت ئەمەیە “ئەو هێزەی جڵەوی خاکە نەوتاوییەکانی ئێران و میزۆپۆتامیا بکات، ئەوا کۆنتڕۆڵی زۆرینەی سووتەمەنی دەکات لە دواڕۆژدا.” پێداگیربوونی زلهێزەکان دروست بوو کە  نابێ هیچ بەرژەوەندییەکی بێگانە یان هیچ شتێکی لەمجۆرە لەو ناوچەیە بئاڵێت.

بەمجۆرە ئێمە دەبینین کۆمەڵە ناوچە بۆ زلهێزێكی وەک بەریتانیا زۆر گرنگ بوون، ئەم ناوچانە گرنگی جیۆپۆلتیکی خۆیان هەیە، بەریتانیا ڕێگەی نەدەدا یەک هێزی نەتەوەیی و خاوەن خاک، لەو ناوچەیە هەژموون بکات، تا ڕێگە لە کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزمی بەریتانی نەگیرێت، ئەم ناوچانە:

  1. ئەسکەندەروونە، هەموو ڕۆژئاوای کوردستان تا تەدمور و کۆتایی دیمەشق. بەریتانیا بۆ پاراستنی میسر پێویستی بەو دەروازە ئاوییە هەبوو، ئەمەش دەروازەی کوردستان بووە بۆ سەر دەریا و بە یەکجاری بەسەر کورد داخرا.
  2. کەنداوی فارسی و ناوچەکانی لوڕستان و دیزفول تا کۆتایی، ئەم ناوچەیە بەریتانیا پێویستی پێی بوو تا ڕێگەی هیندستان و میزۆپۆتامیا بە پارێزراوی بهێڵێتەوە. ئەمەش دەروازەیەکی تری کوردستان بووە بۆ سەر دەریا، کە بەسەر کورد داخرا، ئیتر کورد لە ئاستی جیۆپۆلتیکی خنکێنرا.
  3. ناوچەی بە پیتی و میدیای ناوەندی و ناوچەی کرماشان و قەسری شیرین و لوڕستان. ئەم ناوچەیە بەریتانیا لەبەر نەوت و سەرچاوە ئاوییەکانی پێویستی پێ بوو، دەستی گرت بەسەریدا و هەموو بزاوتە کوردییەکانی لەناوبرد. ئەوجا بە ڕێگەی ڕاستەوخۆ وەک حوکمدارییەکەی شێخ مەحموود، یان بە شێوازی ناڕاستەوخۆ کە هەر لە بەدرخان‌ـەوە بۆ شێخ سەعید و شۆڕشەکانی بارزان. بەمجۆرە دەبینین کوردستان وەک جوگرافیا، دەریای بەسەردا داخرا، ڕێگای ئاوی لێ دابڕێندرا. سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت و ئاو بوونە کاڵایەک کە کۆلۆنیکران و دەستیان بەسەراگیرا.

بۆیە بە لۆجیکی سادە دەتوانین لەوە تێبگەین کە زلهێزەکان بە گوێرەی ستراتیجی خۆیان، نەیان دەتوانی ڕێگە بدەن، دەوڵەتێکی کوردی دروست بێت، کە دەستی بەسەر گەورەترین سەرچاوەی ئاو و زۆرترین یەدەگی نەوتی و ستراتیجیترین بەندەرەکان بگات، کە دەکرا ئەمە هەموو بەرژەوەندی زلهێزەکانی دەخستە مەترسییەوە. بۆیە بە ئاسانی کوردستان‌ـیان دابەش کرد و ڕێگریان دەکرد لە بچووکترین ڕاپەرین و بزاوتی کوردی، لەسەر خاکی کوردستان، دەوڵەتی تریان لەسەر ئەم خاکە دروست کرد. تەنانەت مەلیکیان بۆ عێراق لە وڵاتانی ترەوە هێنا، پێگەی جیۆپۆلەتیکی گرنگی خاکی کوردستان، بە دابەشکراوی نەدەبوویە هەڕەشە بۆ زلهێزەکان تا پرۆسەی کۆلۆنیالیزم بە هێواشی ببەنە پێشەوە.

هەموو پڕۆسە ستراتیجییەکانی زلهێزەکان لە کۆتاییدا  بوونە زیندانێکی جیۆپۆلەتیکی کە نەتەوەی کوردیان لەو زیندانەدا کردە دیلی زیندانیبوون و هەموو دەرچە و ڕووناکییەک لەو نەتەوەیە سەندرایەوە.

لە سەدەی نۆزدەیەمی کۆڵۆنیالیزمدا، بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی دەستەبژێرە پارێزگارخوازە ئەوروپییەکان و ناکۆکییەکانی لەسەر یەکگرتنە بەکێشەکانی میرنشینە ئەڵمانییەکان و ئیتاڵییەکان، بناغەی ئاشتییەکی درێژخایەنی لە ئەوروپا دا. بەمەش ئەقڵ و ویستی ئەوروپییەکان بەرەو هەبوونی پڕۆژە و دەستکەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاراستەی خۆی وەرگرت، سایکس پیکۆ دەرئەنجامی ئەم وەچەرخانە بوو.

کەواتە زۆر بە ئاسانی دەتوانین بڵێن کە کوردستان و نەتەوەی کورد، دیلی زیندانێکی جیۆپۆلەتیکیەیە، کە پێگە جیۆپۆلەتیکییەکەی و دەوڵەمەندی بە سەرچاوە سروشتییەکان فاکتەری سەرەکی پشت سازدرانی زیندانەکە بوون بۆ نەتەوەی کورد. بەڵام ئەم زیندانە لە سەدەی بیست و یەک، دەرگاکانی شکاون و کورد دەتوانێت ئیتر بە گوێرەی واقیع و هەقیقەتی پێگە و هێزی خۆی، ببێتە ئەکتەری هەرە گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە خوێندنەوەی دروستی پێگەی جیۆپۆلەتیکی خۆی و کۆکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەی خۆی و ناسینی بارودۆخی جیۆستراتیجی هەرێمەکەکان.

سەرچاوەکان

  1. جیۆپۆلتیک چەمک و پراکتیک، فواد حەمەخورشید، وەرگێرانی ـ جەزا تۆفیق تالیب و ئەحمەد عەلی ئەحمەد، چاپخانەی کارۆ، ٢٠٢١.
  2. زیندانەکانی جوگرافیا، تیم مارشال، شێرکۆ عەبدوڵا، چاپخانەی شڤان، ٢٠١٧.
  3. هێڵێک بەنێو لمدا، جێمس بار، وەرگێڕانی شەفیقی حاجی خدر، چاپخانەی تاران، ٢٠٢١.
  4. بنەماکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، کارین ا. مینگست ـ ئیڤان م. ئارێگوین، وەرگێرانی عومەر عەلی غەفوور، چاپخانەی تاران، ٢٠٢٢.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO