سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بەخواوەندکردنی سەرکردە

عوسمان ساوجی

خواوەند ئەو کائینە بەرجەستە یان نادیارەیە کە بەدرێژایی مێژووی سەرهەڵدانی مرۆڤ بوونی هەبووە، یان ڕاستترە بگوترێت ڕۆڵی لە ئاراستەکردنی ژیان و ئەندێشە و بیر و خەیاڵ و بڕیار، هتد، مرۆڤدا هەبووە. مرۆڤ بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ڕۆحییەکانی زۆرجار پەنای بردووەتە بەر خواوەندەکان، جا ئەو خواوەندانە دیاردە سروشتییەکان یان داتاشراوێکی دەستی خۆی یان ئاژەڵێک یان خوایەکی نەبینراوی ئاسمانی بێت.  بوونی خواوەند بۆ چەندین مەبەستی جیاواز گەشەی پێدراوە و بەردەوام لەگەڵ ڕەوڕەوەی ژیانی مرۆڤدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، تا گەیشتووە بەوەی ئەمڕۆ.

لە هەندێک بارودۆخی ناهەمواردا مرۆڤ خواوەندی بەمەترسی بینیوە و هەوڵی داوە خۆی لە هەندێک کار و ڕەفتاری ناڕەوا بپارێزێت بۆ ئەوەی توڕەی نەکات، چونکە ئەوان کارەساتە سروشتی و قات و قڕی و ڕووداوە ترسناکەکانیان وەک تۆڵەی خواوەندەکان هەژمار کردووە. لە هەندێک قۆناغی تردا مرۆڤ بۆ دەرباز بوون لە دۆخێک کە لە توانای خۆیدا نەبووە پەنای بردووە بۆ پاڕانەوە لە خواوەندەکان تاوەکوو پشتیوانی بکات، جا ئەوە بۆ چارەسەری نەخۆشی بێت یان بۆ سەکەوتن لە جەنگ یان خۆپارێزیی لە مەترسی.

لێرەوە دەمانەوێت بچینە سەر بەشێکی تری باسەکە، ئەویش ڕۆڵی خواوەندەکانە لە کاروباری سیاسیدا. هەڵبەت بەدرێژایی مێژوو ئەوانەی سەرقاڵی کاروباری سیاسی بوون، لێزانتر و شارەزاتر بوون لە خەڵکە ئاساییەکە بۆ قۆستنەوەی دەرفەتەکان و ژێربارخستنی هەموو شتێک بۆ بەرژەوەندی خۆیان. لە قۆناغی سەرەتاییدا وەک شارەزایانی هزری سیاسی بانگەشەی بۆ دەکەن فەرمانڕەواکان خۆیان بەخواوەند زانیوە و ڕێگەیان بە هیچ جۆرە دەستتێوەردانێک و ڕاجیاییەک بەرامبەر ڕای خۆیان نەداوە بەڵکوو ئەوەی گوتویانە بە ڕەهایی ڕەوا بووە و پێچەوانەکەشی ناڕەوا. دواتر کە عەقڵی مرۆڤ گەشەی کرد و جیاوازییەکی زۆریان نەبینی لە پێکهاتەی جەستەیی و لەدایکبوون و ژیان و مردنی فەرمانڕەواکان و خۆیان، ئیتر قۆناغێکی نوێ هاتە پێشەوە ئەویش بریتی بوو لەوەی فەرامانڕەواکان خۆیان بە سێبەر یان نوێنەری خواوەندەکان پێناسە دەکرد. ئەم قۆناغەش نەبووە قۆناغی تاسەر و ئیتر قۆناغی ئیمپراتۆر و سەرۆک و سەرکردە مرۆڤەکان دەستی پێ کرد.

دوای کۆتاییهاتنی دوو قۆناغی ئاماژەبۆکراو، سەرکردەکان بەگشتی هاتنەوە سەر کڕۆکی خۆیان کە مرۆڤبوون بوو. بەڵام مرۆڤ بوون بەو واتایە نا کە یەکسان بن بە تاکێکی ئاسایی، بەڵکوو بەگوێرەی بارودۆخی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ئایینیی و پاشخانی کۆمەڵگەکە خوێندنەوەی جیاواز بۆ سەرکردە و ڕۆڵ و پێگەی لە وڵاتدا کراوە.

سەبارەت بە کۆمەڵگەی کوردی بەهۆی ئەوەی سەدان ساڵە لەژێر پڕۆسەیەکی ئێجگار سەختی داگیرکاریی دایە، ئەوا تا ئێستا نەیتوانیوە ببێت بە خاوەنی سەرکردەیەکی سەرتاسەریی لە کوردستان دا. ئەوانەشی کە هەبوون زیاتر سەرۆک خێڵێک یان کەسایەتییەکی ئایینیی و ناوچەیی بوون. لە قۆناغی نوێ و هاوچەرخیشدا کۆمەڵێک ڕابەری سیاسی و سەرکردەی شۆڕش و ڕاپەڕین و حیزبی سیاسی دەرکەوتن کە هەریەکەیان بەگوێرەی توانا و پێگە و هەلومەرجە سیاسیی و ناوچەییەکان لە بەشێکی کوردستان‌ـدا ڕۆڵیان هەبووە و بەشێکیشیان لە سەرتاسەری کوردستان‌ـدا ڕێزلێگیراو و خۆشەویست بوون، بەڵام دیسان دووبارەی دەکەمەوە نەبوون بە سەرۆکی سەرتاسەریی.

ئەم بۆشاییە دەروونییەی تاکی کورد سەبارەت بە نەبوونی سەرکردە لەکاتی خۆبەراوردکردنی بە نەتەوەکانی تر وای کردووە خۆی هەوڵی دروستکردنی سەرکردە بدات، جا خودی سەرکردەکە ئەوەی پێ پەسەند بێت یان نا، ئەوە شوێنکەوتەکانی بڕیاری کۆتاییان لەسەری داوە و ناسناوی باوکی ڕۆحی و نەتەوەیی، سەرکردەی گەل، ڕابەری نەتەوەییان لێناون. زۆرجار شوێنکەوتوانی سەرکردەیەک ئەولاتر ڕۆیشتوون و پیرۆزییان داوە بە سەرکردەکان و هێندە پایەیان بەرزکردونەتەوە کە ئیتر دەرفەتێک بۆ ڕەخنە لێگرتن یان یاخیبوون لە فەرمان و ڕاو بۆچوونیان نەماوە. ئەمەش دەچێتە خانەی بەخواداوەندکردنی سەرکردە، چونکە ملکەچی ڕەها یان لەژێر گوشاردا ڕوودەدات یان لەژێر کاریگەریی پیرۆزییە باڵاکان کە سەرپێچیان ئەنجامدەر بەرەو چارەنووسێکی خراپ یان دۆزەخ دەبات، کە دووەمیان بۆ دۆخی کورد دەست دەدات.

پڕۆسەی بەپیرۆزکردن و پایەدارکردنی سەرکردە تا ئاستی پەرستن جگە لە چەند شوێنێکی داخراوی هەناسە لەبەربڕاوی جیهان لە هیچ شوێنێکی دنیای دیموکراسی جێی نابێتەوە. لەبەرئەوە زۆر پێویستە بۆ کورد لەجیاتی دەروێشایەتی سیاسی و خۆهاویشتنە دامانی سەرکردەی تاقانە بۆ چارەسەریی هەموو پرسێک لە هەموو قۆناغێکدا ئیتر بچێتە قۆناغی دروستکردنی سەرکردە و دامەزراندنی ئەنجوومەنی تایبەتمەند بۆ هەرپرسێک تا لەڕێگەیانەوە بەڕاوێژ و بڕیاری دەستەجەمعی کێشەکان یەکلا بکەنەوە چونکە بڕیاری  تاکەکەسی زۆرجار کوردی تووشی نائومێدی و ڕەنجەڕۆیی و ماڵوێرانی کردووە. والسلام علی من اتبع الهدی.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO