سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پە&کە&کە دەبێت لە سفرەوە دەست پێ بکاتەوە

ناونیشانی ئەم بابەتە ئیلهامی لە وتارێکی سلاڤۆی ژیژەک وەرگرتووە:”چەپ دەبێت لە سفرەوە دەست پێ بکاتەوە”. دوای هاتنەوە سەر دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، ژیژەک وتارێکی لەسەر لاوازبوونی ڕەوتی چەپ لە دنیادا نووسی و پێیوابوو کە چەپ دەبێت لە خاڵی سەرەتاییەوە دەست پێ بکاتەوە. ژیژەک لەو وتارەی خۆیدا دەڵێت: “لە ١٩٢٢ دا، کاتێک بۆلشەڤیکەکان ناچار بوون پەنا بۆ ‘سیاسەتی ئابووری نوێ’ بەرن و دەرفەتی زیاتر بە بازاڕ و موڵکایەتی تایبەت بدەن، لینین دەقێکی کورتی نووسی بە ناوی ‘دەربارەی سەرکەوتن بۆ چیایەکی بەرز’. لەو دەقەدا بەڵگە دەهێنێتەوە کە هەر وەک چۆن شاخەوان دوای یەکەم هەوڵی بۆ گەیشتن بە لووتکەیەکی نوێ، دەگەڕێتەوە خاڵی سفر، شۆڕشگێڕیش بەبێ ئەوەی خیانەت لە ئامانجەکەی بکات دەبێت ئامادەی پاشەکشەی هەلپەرستانە بێت. لینین دەنووسێت: ‘ئەو کۆمۆنیستانەی کە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێکی زۆر دژوار، هێز و نەرمونیانی خۆیان دەپارێزن تا چەندین جار لە سەرەتاوە دەست پێ دەکەنەوە، مەحکوم بە شکست نین.” ئەمە لینین لە باشترین ساتی و قسەکەی ئەو پێشەکییەکی ڕستە بەناوبانگەکەی بێکێتە (Samuel Beckettian) “دووبارە هەوڵ بدە. دووبارە شکست بخۆ. باشتر شکست بخۆ.” ئەو ساتە ئێستایەی کە تێیداین بەڕاستی پێویستی بەم ڕوانگەیە هەیە. ئەمڕۆ کۆمۆنیزم زیاتر لە هەر کاتێکی تر وەک تەنیا ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بەربەستانەی لە بەردەممان دان (ژینگە، جەنگ، زیرەکی دەستکرد) پێویستە، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەوەی لە چەپ ماوەتەوە،  لە جاران بێتواناترە لە جووڵاندنی خەڵکی بۆ بەدیلێکی گونجاو. لاوازبوونی ڕەوتی چەپ لە دنیادا لەو کاتەدا ڕوونتر دەبێتەوە کە لە دوا هەڵبژاردنی ئەڵمانیا، پارتی AFD کە پارتێکی ڕاستی توندڕەوە، توانی پلەی دووەم لە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا بەدەست بهێنێت. هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا، بەهێزبوون و سەرهەڵدانی سیاسەتمەدارە پۆپۆلیستەکان، ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، لە خاوێر میلەی ئەرجەنتین و ڤیکتۆر ئۆربانی هەنگاریا و ڕاسموس پەلۆدانی دانیمارک و ماری لۆپێن لە فەڕەنسا و تا دووبارە هاتنەوەی دۆناڵد ترەمپ، هەموویان نموونەی لاوازبوونی بزووتنەوە چەپەکانە لە دنیادا. پارتی کرێکارانی کوردستان (پە&کە&کە) کە بەرهەمی چەپی جیهانییە، بێگومان لە لاوازی چەپ لە دنیادا، پشکی بەردەکەوێت. لە ڕاستیدا پە&کە&کە لە ئەمڕۆدا تووشی دوو ئاڵنگاری بنەڕەتی بوویەوە: یەکەم، گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دووەم، لاوازبوونی بەرەی چەپ لە دنیادا.

وەک ئاگادارن، عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پە&کە&کە، بەفەرمی چەککردن و هەڵوەشاندنەوەی پە&کە&کەی ڕاگەیاند. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە بەرپرسانی تورکیا لە چەند مانگی ڕابردوودا زۆرجار باسیان لەوە کردبوو کە “دەبێت ئۆجەلان بچێتە پەرلەمانی تورکیا و لەوێوە چەککردنی پە&کە&کە ڕابگەیێنێت”. ئۆجەلان نەچووە پەرلەمانی تورکیا، بەڵام پەیامی چەککردنی پە&کە&کەی بەفەرمی لە ڕێگەی نووسراوێکەوە ڕاگەیاند. لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو پەیامە، ئاڵنگارییەکی زۆر گەورە بۆ پە&کە&کە دروست بوو؛ یان دەبێت بە قسەی ئۆجەلان بکات و چەک دابنێت، یان لە ئۆجەلان تێپەڕێت و وەڵامی پەیامەکەی ئۆجەلان نەداتەوە، یان لە کۆتاییدا، جۆرێک لە لەتبوون لە پە&کە&کە ڕووبدات و لایەنێک وەڵامی ئەرێنی بە پەیامەکەی ئۆجەلان بداتەوە و لایەنێک ڕێگەیەکی جیاوازتر بگرێتە بەر و چەک دانەنێت. ئەم سیناریۆیانە لەو فاکتەوە سەرچاوە دەگرێت کە پە&کە&کە فەلسەفەی بوونی خۆی لەسەر ئایدیا و بیروباوەڕی ئۆجەلان دامەزراندووە. لە هەر دۆخێکدا کە ئۆجەلان داواکارییەکی لەو جۆرەی لە پە&کە&کە کردووە، پە&کە&کە ڕووبەڕووی پرسیارێکی زۆر قورس بووەتەوە کە وەڵامدانەوە پێی ئاسان نییە و تووشی ئاڵنگاریی بنەڕەتی دەکاتەوە. ئەوەی کە سەرکردایەتی پە&کە&کە چ هەڵوێستێک دەگرنە بەر، تاکو ئێستا ڕوون نییە و نازانرێت کام لەو سیناریۆیانە سەردەگرێت. ئەوەی کە ڕوونە، ئەوەیە کە پە&کە&کە لە ئەمڕۆوە تووشی گۆڕانکاری بنەڕەتی دەبێتەوە، بۆیە هەرجۆرە هەڵوێستێکی پە&کە&کە، بەدەر لە گۆڕانکاری لەو حیزبەدا نییە.

دوای ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ئیسرائیل بە پلانێکی تۆکمەوە بە پاڵپشتی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی، دەستی کرد بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو یەکە سیاسیانەی کە بەشێوەی نەریتی خەریکی دژایەتیکردنی ئیسرائیل بوون لە ساڵانی ڕابردوودا. هەڵتەکاندنی حەماس لە غەززە، حیزبوڵا لە لوبنان، بەشار ئەسەد لە سووریا، پاشەکشەپێکردنی ئێران لە ناوچەکە، هەموویان بەشێک بوون لەو پڕۆژە گەورەیە کە ئیسرائیل لە دوای کوشتنی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حیزبوڵای لوبنان، بەفەرمی بە پڕۆژەی “نەزمی نوێ” بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باسی لێکرد.

هاوشانی پڕۆژەی نەزمی نوێی ئیسرائیل، ئێران بە پڕۆژەی “پشتێنەی بەرگری” هاتە ناو هاوکێشەکان. یەک هەفتە دوای کوشتنی حەسەن نەسروڵا، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، لە وتارێکی نوێژی هەینی خۆیدا، باسی لەوە کرد کە وڵاتە ئیسلامییەکان لە “ئەفغانستان تا یەمەن” دەبێت خۆیان ڕێکبخەن و “پشتێنەیەکی بەرگری” دروست بکەن بۆ پێشگرتن بە ئیسرائیل و ئەمریکا. هەوڵی سەرەکی ئێران ئەوە بوو کە ئەم گۆڕانکارییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەگوازرێتەوە بۆ سووریا، بەڵام دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا، پڕۆژەی پشتێنەی بەرگری ئێران تووشی چەڵەمە بوو و ئێران ناچار بوو پاشەکشەیەکی گشتی لە سووریا بۆ عێراق بکات.

هاوشانی پڕۆژەکانی ئیسرائیل و ئێران، دەوڵەتی تورکیا بە پڕۆژەیەکی نوێ هاتە ناو هاوکێشەکانی ناوچەکە. لە یەکی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، لە مەراسیمی کردنەوەی وەرزی نوێی پەرلەمانی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی مەهەپە، کە پارتێکی ڕەگەزپەرەستی تورکیاـیە، هەنگاوی بەرەو پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیمۆکراسی گەلان (دەمپارتی) هەڵنا و لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانەدا بۆ یەکەم جار و وەک دەستپێکردنی وەرزێکی نوێ، تەوقەی لەگەڵیان کرد. لێرەدا بوو، کە ئەو هەنگاوانەی باخچەلی وەک قۆناغێکی نوێ لە سیاسەتی مەهەپە بەتایبەت و دەوڵەتی تورکیا بەگشتی دەبینرا. دەوڵەت باخچەلی لە ٢٠٠٧ لە وتارێکی خۆیدا لە دژی “پڕۆسەی چارەسەریی”، کە ئەوکات ئەردۆگان هەوڵی بۆ دەدا، پەتێکی فڕێدایە ناو خەڵک و بە ئەردۆگانی وت: “بەو پەتە ئۆجەلان لە سێدارە بدە”، بۆچی ئێستا دەستپێشخەری پڕۆسەیەکی نوێ دەکات و باس لەوە دەکات “با ئۆجەلان بێتە پەرلەمانی تورکیا و پە&کە&کە هەڵبوەشێنێتەوە”؟ دوای ئەو قسانەی دەوڵەت باخچەلی، دەنگۆی ئەوە کە پرۆسەیەکی نوێ لە تورکیاـدا لە ئارادایە، بەخێرایی مانشێتی هەواڵەکانی کوردستانی لەخۆگرت. ئەم پرۆسەیە دواجار بە “پرۆسەی ئاشتی” باسی لێکرا و دەرئەنجامەکەی دوای سێ سەردان بۆ لای ئۆجەلان و سەرکردایەتی کورد لە باشووری کوردستان، ئەوە بوو کە ئەمڕۆ ئۆجەلان پەیامی چەکدانانی پە&کە&کەی بڵاوکردەوە. پڕۆسەی ئاشتییەکە کە دەوڵەت باخچەلی دەستپێشخەری بۆ کردبوو، هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەدا کە ئەردۆگان لە وتارێکی خۆیدا پێش ڕووداوەکانی سووریا و ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، باسی لەوە کرد “لە دەریای ناوەڕاست تا سنوورەکانی ئێران، پشتێنەیەکی ئاسایشی دروست دەکەین”. تورکیا لەم کاتەدا بە پڕۆژەی “پشتێنەی ئاسایشی” خۆی، کە خاوەن دوو باڵی “ئاشتی” و “ئاسایشی”یە، هاتە ناو هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لێرەدایە کە ڕوون دەبێتەوە سێ پڕۆژەی گەورەی دەوڵەتییی نەزمی نوێ لە ئارادایە، کە یەکەمیان ئیسرائیل بە یارمەتی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی خەریکین. پڕۆژەی “پشتێنەی بەرگریی” ئێران، بە یارمەتی “محوەری مقاوەمەت” و بەشێک لە وڵاتانی ئیسلامی ناوچەکە؛ هەروەها، پڕۆژەی “پشتێنەی ئاسایشی” تورکیا، بە یارمەتی وڵاتانێکی وەک قەتەر و ئازەربایجان، لە بەریەککەوتندان. داڕمانی هەیکەلەی حەماس و حیزبوڵا، نەمانی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە، ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و دابەشبوونی هێز و هەرێمەکانی سووریا، گۆڕانکارییەکانی عێراق و یەمەن، بەشێکن لەم گۆڕانکارییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەریەککەوتنی ئەم سێ پڕۆژە دەوڵەتییە، کە هەرکامە بە پێی توانایی خۆی، هەوڵی سەرکەوتن بەسەر پڕۆژەکانی دیکەدا دەدات. بەڵام ئەوەی کە تا ئێستا ڕوونە، پڕۆژەی پشتێنەی بەرگری ئێران، لاوازترین پڕۆژەیە  کە لە ئێستادا تووشی پاشەکشەی بنەڕەتی بووە.

هاوکات پڕۆژەکانی ئیسرائیل و تورکیا، لە جوگرافیای سووریا، بەشێوەی ڕاستەوخۆ بەریەککەوتوون. ئیسرائیل بە پاڵپشتیکردنی کورد و درووزەکان، تورکیا بە پاڵپشتیکردنی هەیئەی تەحریر شام، هەوڵی سەپاندنی هەژموونی خۆیان لە سووریا دەدەن و ئەگەری زۆرە ئەم بەریەککەوتنانە لە کاتێکی نادیاردا بگوازرێتەوە بۆ وڵات و جوگرافیایەکی دیکە. لە بەریەککەوتنی ئەم پڕۆژانەدا و هەوڵی سەپاندنی هێز و هەژموون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئێستادا بابەتی چەکدانانی پە&کە&کە بووە بە بەشێک لەو گۆڕانکارییانەی کە تورکیا هەوڵی زاڵبوون بەسەریدا دەدات.

پرسی چەکدانانی پە&کە&کە دەتوانرێت لە زۆر ڕوانگەوە باسی لێوە بکرێت، بەڵام دوو بابەت کە دەبێت بەوردی ئاماژەی پێ بدرێت ئەوەیە، پە&کە&کە نەیتوانی لەو قەیرانە گەورە جیهانییە کە بۆ بەرەی چەپ لە دنیادا دروست بووە، خۆی ڕزگار بکات و کەوتە بەر شەپۆڵی لاوازبوونی ڕەوتە چەپەکانی دنیا. گۆڕانکاریگەلێک لە ئاستی دنیادا کە چەپی گۆشەگیر کرد کە پە&کە&کەش بەشێکە لەم بەرە گۆشەگیرەی دنیا. هاوکات، پە&کە&کە بوو بە قوربانی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست کە لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە دەستی پێ کرد. پڕۆسەی ئاشتی-ئاسایشی یان پڕۆژەی پشتێنەی ئاسایشی تورکیا بەشێکە لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە دوای داڕمانی حەماس لە غەززە، حیزبوڵا لە لوبنان، بەشار ئەسەد لە سووریا، دەستی پێ کرد. تورکیا بەم پڕۆژەیە هەوڵی سەرەکی خۆیدا کە نزیکترن دوژمنی خۆی، واتە پە&کە&کە لاواز بکات و تووشی گۆڕانکاریی بنەڕەتی بکاتەوە. بۆیە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەریەککەوتنی پڕۆژەکانی ئەمجارە بەشێوە و جۆرێکی دیکە بەرۆکی بە پە&کە&کە گرتووە.

ئەم دوو گرفتە بنەڕەتییە کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی پە&کە&کە بووەتەوە، پێویستیی بە هەڵسەنگاندێکی بنچینەیی و ڕیفۆرمێکی بنەڕەتی هەیە. درێژەپێدانی خەباتی چەکداری پە&کە&کە لەم چوارچێوەی ئێستای خۆیدا، چیتر ناتوانێت بەردەوامی زۆری هەبێت و ئەو تواناییەی لەم حیزبە سەندۆتەوە کە بۆ داهاتوو، وەک ٤٠ ساڵەی پێشووی خۆی، درێژە بە مانەوەی خۆی بدات.

پە&کە&کە تووشی گۆڕانکاریی بنەڕەتی بووەتەوە، کە فاکتەرگەلێکی هەرێمیی و جیهانیی پاڵی پێوەدەنێن و بەرەو لاوازی دەبەن، بۆیە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانانە پێویستییەکی مێژووییە کە پە&کە&کە بە خەسارناسییەکی بنەڕەتی خۆی، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ، پێداچوونەوە بە هەموو سیاسەت و بیروباوەڕەکانی خۆیدا بکات، جیا لەمە، هەستانەوەی دووبارەی پە&کە&کە بەم سیاسەت و ئایدۆلۆجیایەی ئێستای، مەحاڵ دەبێت. بۆیە پە&کە&کە ناچارە و دەبێت لە سفرەوە دەست پێ بکاتەوە.

سەرچاوەکان

١: https://www.compactmag.com/article/the-left-must-start-from-zero/

٢: https://sekokurd.org/wp-content/uploads/2024/10/میسەم-مورادی.pdf

٣:  https://sekokurd.org/wp-content/uploads/2024/10/میسەم-مورادی.pdf

٤: https://www.aa.com.tr/fa/ترکیه/اردوغان-کمربند-امنیتی-از-دریای-مدیترانه-تا-مرز-ایران-را-تکمیل-می-کنیم/3406344

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO