چەند ڕۆژێکە هەواڵی دەرکەوتن و دۆزینەوەی کچێکی ئەنفالکراوی کورد، لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و تیڤیەکانەوە، بڵاوکراوەتەوە. منیش لە وێنەکەی ورد بوومەتەوە و تێیڕادەمێنم، زۆر بەدیقەتەوە تەماشای جووڵە و هەست و دەربڕینی دەکەم. لە نیگای و ڕووخساری و فرمێسکەکانی ورد دەبمەوە. بەڵام نەمتوانی هیچی لەبارەوە بنووسم، چونکە بەو پێیەی بەرکەوتنم لەگەڵ ئەم دۆسێیانەدا زۆرە، پەلە ناکەم و بە دوای قەرەباڵغی ناکەوم. ئێستاش کە هەندێک سەرنج وتێبینی دەخەمەڕوو هیچ دادوەرییەک ناکەم چونکە کچەکە چووەتە مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ و داوای وەرگرتنی خوێنی کردووە بۆ شیکاری دی ئێن ئەی (DNA).
ئیتر ئێمە و مانان دەبێت چاوەڕوانی هەنگاوەکانی دواتر بین، بەهیوام لایەنە پەیوەندیدارەکان پەندیان لە دۆسێکانی پێشتر وەرگرتبێ، پێویست ناکات بکرێتە کاڵای ڕاگەیاندن و سەر لە کچەکە و خەڵک و دادگا و تاقیگە و شیکاریی بشێوێندرێت. خۆشبەختانە ئەمڕۆ دکتۆر فاتیح سەنگاوی نوسیوێتی: سەرەداوی کچە ونبووەکەی ئەنفال لە دەرکەوتندایە. لە ڕاستیدا هەر ئەو نووسینەی بەڕێزیان هاندەربوو منیش ئەم سەرنج و تێبینیانە بخەمەڕوو.
ئەوەی بۆ من جێگەی پرسیارە ئەوەیە، کاک فاتیح ناڵێت سەرەداوی دۆزینەوەی کەسوکاری لەدەرکەوتندایە! لە بنەڕەتەوە دۆسێی ئەم کچەش پرسیار هەڵگرە. ئایا بۆچی لەکاتی هاوسەرگیرییەکەیدا ئەم ڕاستییە تاڵەی پێدەڵێن؟ ئەو خانەوادەیە بۆ چەندین ساڵە هەوڵیان نەداوە سۆراخێکی کەسوکاری بکەن؟ وەک “بەراء” دەڵێت دایکی لە مەرکەز شەبابەکەی دووز دا گیراوە و لەو کاتەدا ژانگرتوویەتی! ئەمەش بەرچاو ڕوونییەکی باشە چونکە ئەوانەی لە مەرکەز شەبابەکەی خورماتوودا دەستبەسەر بوون لە ئەنفالکراوانی ناوچەی داوێن، واتا بازنەی شوێنی ڕووداوەکە زۆر بچووک بووەتەوە بۆ گەڕان بەدوایدا ئاسانترە وەک لە ئەوەی نەزانرێت لە کوێ بۆی بگەڕێین.
بەو حاڵەشەوە هێشتا چیرۆکەکە بۆ من جێگەی هەڵوەستە و تێڕامانە، بەتایبەتیش کە دەڵێن لەوکاتەدا کە دایکی ژان بەم کچەوە دەگرێت و لە خەستەخانەکەی دووز دا مناڵەکەی دەبێت! بەڵام خۆ دەستبەسەرکراوانی مەرکەز شەبابەکەی خورماتوو “زیندان نەبوو” بەڵکوو شوێنی کۆکردنەوەی کاتیی بووە و ئەوانەش هەروا بۆ چەند کاتژمێرێک ئەوپەڕی بۆ شەوێک هێڵدراونەتەوە، هەتا فەرمانیان بۆ بێت بۆ کوێیان بەرن؟ بۆ تکریت یان بۆ تۆبزاوا یان بۆ قەراغی ئەو چاڵانەی لە چیای حەمرین بۆ ئەنفالکراوان ئامادەکرابوون؟ هەموو ئەوانەی لە خورماتوو دیدارم لەگەڵدا سازداون و قسەیان بۆ کردووم دەڵێن ئێمەیان بردووە بۆ تکریت و دواتریش بردویانین بۆ نوگرە سەلمان.
چیرۆکی “بردنی دایکی بەراء بۆ خەستەخانە” بە ناڕاستەوخۆ سپیکردنەوەی ڕووی بەعسییەکانە، چونکە لۆجیکی ئەنفال هیچ نەرمییەکی تێدا نەبووە. دەشێت ئەم ژنە جاشێک یاخود چاکە کارێک تەنانەت بەعسییەکی دڵنەرم لە کاتی هەڵکوتانە سەر مەرکەز شەبابەکەی خورماتوو دایکی ئەم کچەی ڕزگار کردبێ و بردبێتی بۆ نەخۆشخانە. بەڵام دیسان لەوێ ئاشکرا بووبێتەوە و بردبێتیان. دەنا ئەنفالکراوان زیندان نەبوون، هەتا هەندێک مافیان وەک زیندانی کراوێک بۆ دەستەبەر کرابێت و لەکاتی نەخۆشیدا بردبێتیانن بۆ نەخۆشخانە! ئەنفالکراوان بۆ مردن و کوشتنی بەکۆمەڵ کۆکرابوونەوە.
لێرەدا نموونەیەک دەخەمەڕوو، “ئەفرۆز ئیسماعیل جەلال”، کە خەڵكی گوندی وارانیی خواروو بوو لەکاتی ئەنفالی گەرمیان دا دووگیان بوو. کاتێک كەوتنە دەست جەیش وجاش، بە ئیڤای سەربازی گەیاندیاننە مەرکەز شەبابەکەی خورماتوو، هەر لەناو ئیڤاکە ئەفرۆز ژان گرتبووی، کە گەیشتنە دوزخورماتوو لە مەركەز شەبابەكەدا دەستبەسەریان کردن، دوو كاتژمێر دوای گەیشتنیان پیاوانی ئەمن كەوتنە پۆلێنكردن و جیاكردنەوەیان و بە دەستوبرد هەندێکیان سواری سەیارە كرد و بردیانیانن بۆ تكریت. یەکێکیان “داخل حەسەن”ی هاوسەری ئەفرۆز بوو، لەو دۆخەدا ئەفرۆزی ژانگرتوو، بە بەرچاوی خەڵكەوە دوو منداڵی بوو، ئاوات و نەجات. ئەفرۆز جگە لە مێردەکەی ٢٧ كەس لە ماڵی باوكی ئەنفالکران جارێكی تر نەبینرانەوە. لە ناویاندا هەشت برای بە ژن و منداڵەوە.
لە بەختی ئەفرۆز و ئەوانەی ڕزگاریان بوو، جموجۆڵی گوماناویی بەعسییەكان، غیرەتی دابووە بەر جاشێك بە ناوی جەبار، کە بە جەبارە درێژ ناسراوە، ئەو توانیبووی لەناو خورماتوو پشێوییەك بنێتەوە و هەڵكوتێتە سەر مەركەز شەبابەكە، خەڵكێكی زۆر سوودیان لەو کارەی جەبار بینی و ڕزگاریان بوو. ئەفرۆز بوێرانە بە مەلۆتكەكانیەوە، پڕکێشیی ڕاكردنی كردبوو، بە منداڵە تازە لەدایکبووەکانییەوە لە مەرکەز شەبابەکە دەچێتە دەرەوە و خۆی ڕزگار دەکات (بۆ چیڕۆکی ئەفرۆز بڕوانە: گەشتەکانی ئەنفالستان دیدار و بەدواداچوون، عومەر محەمەد، دەزگای سەردەم، ٢٠٢١، ل. ٧٦٨).
جێگەی ئاماژەیە دوای ڕاپەڕین برازایەکی ئەفرۆز بەناوی “ئاكۆ عیزەدین” دەرکەوتەوە ئەویش پیاوێكی خەڵكی بەغدا دۆزیبوویەوە و لای خۆی داڵدەی دابوو، پاش ئەوەی حكومەتی بەعس ڕووخا، ئاشكرای كردو و گەڕایەوە بۆ خورماتوو. ئێستا ئاكۆ ماڵ و حاڵی خۆی هەیە و باوكی منداڵێكە و هەر لە خورماتوو دادەنیشێت (بۆ چیڕۆکی ئاکۆ عزەدین بڕوانە: ئەنفالستان ژمارە ٥، ل. ١٢١). دەشێت چیڕۆکی “بەراء” لەسەر چیڕۆکەکەی ئاکۆ بونیات بنێین. بەڵام هێشتا مافی دادوەریمان نیە و ناتوانین بڵێین ئەم چیرۆکە بێ بنەمایە یاخود ڕاستە و بەراء کچی ئەنفالکراوانە.
هیچ هەلومەرجێکی وانەبووە ئەنفالکراوان لە نەخۆشیدا یاخود لەکاتی منداڵ بووندا ببرێن بۆ نەخۆشخانە. بەتایبەتیش لە مەرکەز شەبابەکەی خورماتوو، چونکە هەموو خەڵکی شارەکە و ئەوانەی کە لەوێ ڕزگاریان بوو، دەزانن کە جاشەکانی “جەبارە درێژ” پەلاماری مەرکەز شەبابەکەیان داوە و کردوویانە بە تەقوتۆق و پشێوییان ناوەتەوە، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە ڕزگاریان ببێ، بۆیە هەرگیز ڕێی تێناچێت بەعسییەکان لەو پشێوییەدا ژنێکی ژانگرتوویان بردبێت بۆ خەستەخانە و دوای لەدایکبوونی منداڵەکەی گێڕابێتیانەوە. خۆ ڕەنگە ئەم چیرۆکە بەشێکی ڕاست بێت بەڵام بەشێکی ناڕاست بووبێت. ئەم ژنە ئەنفال نەبووبێ و زیندان بووبن خۆ بەعسییەکان چەندین جۆری زیندانیان هەبوو.
بۆیە من هیچ گومانێک ناخەمە سەر ئەو دوو کارمەندە پزیشکییە تورکمانە، کە کچەکەیان هەڵگرتووەتەوە و هەتا ئێستاش وەک کچی خۆیان تەماشای دەکەن و وەک کچی خۆیان بەخێویان کردووە. بەپێچەوانەوە زۆر جێگەی ڕێزن تەنانەت ئەگەر چیرۆکەکە پەیوەندی بە ئەنفالـیشەوە نەبێت. ئەم چیرۆکە تۆوی مرۆڤایەتی و پێکەوەژیانی لێشین دەبێ و دەبێتە ڕایەڵێکی گرنگی ئاشتی و پێکەوە ژیانی پێکهاتەکان. بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیاری منە بۆچی لەکاتی گواستنەوەی بووکێنیدا ئەم ڕاستییە تاڵەی دەدرێت بەگوێدا؟ فاتیح سەنگاوی نووسیوێتی “گوێی لە چرپەی خزمانە کە ئەمە کچی خۆیشیان نییە دەبێت، دوای سووربوونی لەگەڵ دایکی ڕاستییەکەی بۆ دەردەکەوێت. ئێستە ئەو کچە لە سۆراخدایە و خولیای گەڕان و دۆزینەوەی کەسوکارێتی. لەو ڕۆژەوە لە ڕێگەی پەیوەندییەکانمەوە بەدوای ئەو کەیسەوەم، هەروەک چۆن چەندین کەس و دەزگای تریش سەرقاڵن، هاوشێوەی کاک هابیلی مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ و کاک عومەری شەهیدان و کەسانی تریش. بە ڕێگەی خۆم گەیشتووم بە سەرە داوێکی گرنگ کە هیوام وایە کەسوکارەکەی ئەو بن” (وتارەکەی فاتیح سەنگاویـم لە واڵی فەیسبوکی تایبەتی خۆیدا خوێندەوە).
بە بڕوای من نابێت پەلە بکرێت نە لە ڕەتکردنەوەی نە لە ساغکردنەوەی، چونکە ئەنفال هەزاران چیرۆکی ئاڵۆزی تێدایە و بەعسیش سەدان هەزار جار ئاڵۆزتر، بەعسییەکان تەنها بە ئەنفال کوردیان نەکوشتووە و زیندانەکانی بەعس هەر بۆ کەسانی سیاسی نەبوون، بەڵکوو زیندانی جۆراوجۆر و زیندانیکراوی جیاوازیشی زۆر بوون. بۆیە نە شایەت و گوتی و وتی دۆسێکە یەکلایی ناکەنەوە ئەوەی لە هەمووان بڕوا پێکراوترە و دەتوانێت دۆسێکە یەکلایی بکاتەوە پشکنینی خوێن و دی ئێن ئەیە، کە دەکرێت یەکلاکەرەوە بن.
دوایین پرسیار و گومانم ئەوەیە باشە بۆچی هەموو هەوڵێک ئامادەیە بۆ “دۆزینەوەی کەسوکاری بەراء” بەڵام بۆ “هەژار” نا؟ ئێ خۆ ئەویش هەر لە سنووری چەمچەماڵ و کەرکووک دایە و ئەویش وەک ئەم کچە کەوتووەتە لای پیاوێکی تورکمان و هەر لە کەرکووکـیشدایە! ئەی بۆچی کەسێک بۆ ئەو تێناکۆشێ؟ بۆچی ڕێکخراوەکان و دەسەڵاتداران قسەیەکی لەبارەوە ناکەن و ئامادەی شیکاریی دی ئێن ئەی نین بۆی؟ خۆ “هەژار/ئایدن” ڕوون و ئاشکرا منداڵێکی گوندی گۆپتەپەیە و کەسوکاری دۆزییانەوە و چوونەتە ماڵی “جەمال”، پیاوە چاکەکارە تورکمانەکە و قسەشیان لەگەڵدا کردووە و هەموو شتێکیش یەکلایی بووەتەوە؟
بەهیوام “بەراء”و کەسوکاری بەیەک شادببنەوە. ئەوسا ڕێزگرتنی ئەو ژنەی بەخێوی کردووە و شاردوویەتییەوە دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان.