سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پەیوەندیی نێوان ماگا و چەکدانانی پەکەکە

لانە کرمانج

بەرکوڵ و پوختە

ئەوە وتارێکی شیکاریی سیاسییە. لەو وتارەدا تیشك دەخەینە سەر سێ تەوەری سەرەکی. لە تەوەری یەکەمدا باسی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و بردنەوەی کۆمارییەکان دەکەین. لەوێ باسی ڕوئیا و تێگەیشتنی ئەو ئیدارەیەی ئێستای دەسەڵاتی ئەمریکا دەکەین. باسی هێلە گشتییەکانی ئەو ئیدارەیە دەکەین لە ناوەخۆی ئەمریکا. پاشان بەوردی ماگا (MAGA) دەناسێنین. لە تەوەری دووەمدا، تیشك دەخەینە سەر تێڕوانینەکانی ئەو ئیدارەیە لە پرسە جیهانییەکان. دەکا، لە تەوەرەی دووەمدا باسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکا دەکەین. لە تەوەری سێیەمدا، باسی گۆڕانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین و دەیبەستینەوە بە پرسی کورد. لەو تەوەرەیەدا ئەوە دەخەینە ڕوو کە چۆن تەوەری یەکەم و دووەم کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەیە بە پرسی کورد. ئەوجا باسی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکەین. پاشان شیکاری پرسی چەکدانانی پەکەکە دەکەین. پاشان، هەوڵی پێشبینیکردنی داهاتووی ساسەتیی ناوخۆی ئەمریکا، ئەمریکا و جیهان، داهاتووی کورد و، پرسی ئاشتی لە تورکیا، لە چار ساڵی داهاتوودا، دەکەین.

تەوەری یەکەم، تێگەیشتن لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و ئیدارەی نوێ و ماگا

لە مانگی ١١ی ٢٠٢٤، هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ئەنجام درا. وابوو کۆمارییەکان سەرۆکایەتی (Preseidential) و ئەنجوومەنی پیران (ئەنجوومەنی یاسادانان، پەرلەمان، Congress) و ئەنجوومەنی نوێنەران (House Representatives)یان بردەوە. پێش ئەوەی باسی بردنەوەکە بکەین، گرنگە بزانین لەبەرچی بردیانەوە. لە ماوەی چار ساڵی ڕابردوو، کۆمارییەکان و ماگا و میدیای محافیزکار کاریان لەسەر سێ تەوەر کرد کە بووە هۆی ڕاکێشانی هەست و سۆزی دەنگدەری ئەمریکی و شەقامی ئەمریکی:

١. لە پاش پەتای کۆڕۆناوە، بەهۆی هەڵئاوسان (inflation)ی ئابووری، تێچووی بژێوی ژیان لە هەموو ئاستەکان و پێداویستیییەکانی ژیان بەرزبوونەوەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. کۆمارییەکان لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنەکانیاندا، ئەو بەرزبوونەوەی نرخەیان قۆستەوە لۆ هێرشکردنە سەر ئیدارەی بایدن و لیبڕاڵەکان و دیموکراتەکان. بەهۆیەوە، عەتفی زۆری کۆمەڵگەی ئەمریکییان لۆ خۆیان ڕاکێشا.

٢. هەروەها، لە لایەکی دی، کۆمارییەکان کاریان لەسەر فریودانی کۆمەڵگەی ئەمریکی کرد لە پرسی ئازادیی کەسی، بەتایبەتی لە پرسی کۆمەڵگەی کەمینەی سێکسیی جوایەز. کۆمارییەکان کاریان لەسەر فریودان و چەواشەکردنی کۆمەڵگە کرد لە ڕێگەی چەند کەیسێکەوە. ئەگەرچی ژمارەی کەیسەکان زۆر کەم بوون بە بەراورد بە ژمارەی کۆمەڵگەکان و مایەی فەرامۆشکردن بوون، ئەوان ئەوەیان بەکار هێنا وەك ئەوەی کە ئازادیی کەسیی تا ئاستی بەلاڕێدابردن چووە.

٣. هەروەها کەیسی شەڕی ئیسرائیل و حەماسیان بەکار هێنا لۆ فریودانی دەنگدەری ئەمریکی. لەبەر ئەوەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ماوەی سەردەمی ئیدارەی بایدن هەڵگیرسا  بوو، بەهۆیەوە ناڕەزاییەکی زۆر لە شەقامی ئەمریکی درووست بوو. ناڕەزایییەکان دوو جۆر بوون. یەك، خودی لیبڕاڵ و ئازادیخواز و چەپ و جەماوەری دیموکراتەکان دژی جەنگەکە بوون. لە زۆربەی ولایەت و شار و زانکۆیەکانی ئەمریکا خۆپێنیشاندان کرا. ئەوە کاریگەریی هەبوو لەسەر کەمکردنەوەی دەنگەکانی دیموکراتەکان. دوو، خودی کۆمارییەکانیش ئەو جەنگەیان بەکار هێنا دژی دیموکراتەکان؛ بەوەی، کە گوایە دیموکراتەکان لە لایەك جەنگەکەیان پێ کۆنترۆڵ ناکرێ (ئەوە زیادتر جەماوەری لیبڕاڵ و دیموکراتەکانی توڕە کرد)، لە لایەکی دیش ئیسرائیل لە خەتەردایە (ئەوەش بووە هۆی توڕەکردنی محافیزکار و مەسیحییەکان و کۆمارییەکان. کە ئەوەش بووە شیری دووسەرە لۆ کۆمارییەکان). واتا، کۆمارییەکان هەم دەنگی جەماوەرەکەی خۆیان بەوە بەدەست هێنا، هەمیش دەنگی بەشێك لە لیبڕاڵ و دیموکراتەکان. لەوەدا، ئاشکرایە کە دیموکراتەکان و لیبڕاڵەکان دژی جەنگەکە بوون، بەڵام بەشێکیان بەو خیتابەی کۆمارییەکان فریویان خوارد.

ئەو سێ تەوەرەیە کاری زۆری لەسەر کرا لۆ ڕاکێشان و گۆڕینی تێگەیشتنی دەنگدەری ئەمریکی. بەهۆیەوە، کاریگەرییان لەسەر پێکهاتەیەکی زۆری ئەمریکییەکان کرد، ئەوانیش مەسیحییەکان بوون. لە ئەمریکا دەیان کەنیسە و مەزهەبی مەسیحیی جیاواز هەن. لەناو ئەو کەنیسە جیاوازانەدا، تیشك دەخەینە سەر چار دەستەی جیاواز کە کەوتنە ژێر کاریگەریی هەڵمەتەکانی کۆمارییەکان:

ئەلف، کەنیسەی کۆنەپارێز (محافیزکار، Conservatives): باوەڕیان بە گەڕانەوە لۆ بنەمایەکانی ئینجیل و تەوڕات هەیە. باوەڕیان بە ئازادیی کەسی و ئازادیی کۆمەڵگە نییە. لەسەر بیروباوەڕەکانیان توندن. “زۆرینەیان” کەسانی نەخوێندەوارن و، لە گوند و شارۆچکە لاپەڕگەکان دەژین. بەهۆی کەمیی ئاستی هۆشیارییان، بەئاسانی لە لایەن کۆمارییەکانەوە فریو دەدرێن و بەکار دەهێنرێن. لە هەڵمەتەکانی کۆمارییەکان لۆ هەڵبژاردنەکان، زۆر بەدسوود لەو کەسانە وەرگیرا.

بێ، ئەمریکییە مەسیحییە ناسیۆنالیستەکان (American National Christians): باوەڕیان بە بەهێزیی و سەروەریی ئەمریکای مەسیحیی دیندار هەیە. زۆرینەی ئەوانە لە سپیپێستەکانی ئەمریکان. لەناو ئەوانەدا، گروپەکی دیکە هەن.

پێ، گروپەکەی دی پێیان دەگۆترێ سپیپێستە خۆبەگەورەترزانەکان (White Supremacist). ئەودەستەیە نەژادپەرست (ڕەیسست)ن. سپیپێست لە سەرووی هەموو نەژاد و گەلێکی دیکەی ناو ئەمریکا و دەرێی ئەمریکا دەبینن.

تێ، لەناو مەسیحییەکانی ئەمریکا، گروپەکی دیکە هەن باوەڕیان بە ئینجیل و تەوڕات هەیە. با پێی بێژین بایبڵییەکان (بایبڵ؛ تەوڕات و ئینجیل پێکەوە. پەیمانی کۆن و نوێ پێکەوە). بایبڵییەکان باوەڕی تەواویان بە بەرگریکردن لە ئیسرائیل و جوو هەیە. هاوسۆزیی سەتی سەتیان بە کەیسی ئیسرائیل و جوو هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بایبڵییەکان لەناو کۆمارییەکان هەن. زۆربەی دەسەڵاتدارە کۆمارییەکان لە زۆر ولایەتە مەسیحییەکان، لۆ نمونە لە تیکساس و فلۆریدا، بریتین لە بایبڵییەکان. بایبڵییەکان لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا تەرکیزیان زۆر کردە سەر ڕاکێشانی سۆزی مەسیحییەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی کۆنەپارێزەکان و مەسیحییە ناسیۆنالیستەکان. ئەوانیش کاریگەریی زۆریان هەبوو لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.

ماگا و هێلە گشتییەکانی تێگەیشتنی ماگا

ماگا (Make America Great Again, MAGA) ، ماگا واتا (ئەمریکا گەورە دەکەینەوە. ئەمریکا عەزیم دەکەینەوە). بزووتنەوەیە. دۆناڵد تڕەمپ لە هەڵبژاردنی جاری یەکەم لە ٢٠١٦ ئەو درووشمەی بەرز کردەوە. پێشترێ ڕۆناڵد ڕێگن ئەو درووشمەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی هەشتەیاکانی سەتەی ڕابردوو بەکار هێنا. لەلایەن تڕەمپەوە، بزووتنەوەی ماگا سەرەتا وەکوو درووشمەکی هەڵبژاردن پەیدا بوو، بەڵام لە ماوەی نێزیکەی دە ساڵی ڕابردوو، ماگا بووە خاوەنی چەند بنەمایەکی تایبەتی بیرکردنەوە و ستراتیژ و تێگەیشتن.

ماگا بریتییە لە کۆی ئەو چار گروپەی لەسەرێ باسم کردن. لەو خاڵانەی خوارێ کورتیان دەکەینەوە:

١. مەسیحییە کۆنەپارێزەکان: ئەو دەستە و کەنیسانەن باوەڕیان بە ئازادیی کەسی و ئازادیی کۆمەڵگە نییە. زۆرینەیان دانیشتووی گوند و شارۆچکە دوورە دەستەکانی ئەمریکان. زۆرینەیان ئاستی هۆشیاری و خوێندەورییان نزمە. بەر ژینگەی کراوەی شارە گەورەکان نەکەوتوون.

٢. ئەمریکییە مەسیحییە ناسیۆنالیستەکان: ئەو مەسیحییانە کە نەتەوەیی توندئاژۆی ئەمریکین، باوەڕیان بە ناسیۆنالیستیی ئەمریکیی مەسیحی هەیە. باوەڕیان بە شوناسی ئایینیی مەسیحیی هەیە لۆ ئیدارە و دەسەڵاتی ئەمریکا. دەکا باوەڕیان بە نەتەوەپەرستی و دەوڵەتی دینی هەیە. باوەڕیان بە بەهێزیی و سەروەریی ئەمریکا هەیە.

٣. بایبڵییەکان: بایبڵییەکان ئەو مەسیحییانەن کە باوەڕیان بە تەوراتی جوو هەیە. هاوسۆزیی تەواویان لەگەڵ کەیسی ئیسرائیل و جوو هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. باوەڕیان بە بەرگریکردن و پارێزگاریکردن و شەڕکردنی گەورە هەیە لۆ پاراستنی ئیسرائیل و جوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کاتەك ساڵی ڕابردوو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل پێش هەڵبژاردنی ئەمریکا لە کۆنگرێس وتاری دا، زۆرینەی ئەوانەی حەماوەی دینی و ناسیۆنالیستییان بەرز ببوویەوە و چەپڵەبارانی قسەکانی وییان دەکرد بایبڵییەکان بوون.

٤. سپیپێستە خۆبەگەورەترزانەکان: ئەوانە ئەو سیپێستە ئەمریکییانەن کە ڕەیسست (نەژادپەرست، ڕەگەزپەرست)ن. پێیان وایە کە سپیپێسەکان بەرزتر و گەورەتر و لەسەرووتری هەموو نەژاد و نەتەوە و وڵاتێکی ترەوەن.

٥. تێکەڵە: هەروەها، لەناو ماگا کەسانی دیکە هەن. لۆ نمونە، کەسانی نەخوێندەواری نادینی، کەسانی پیر و بەتەمەن، و کەسانێك بەئاسانی دەکەونە بەر قولابی جەماوەرهەڵخەڵەتێنەرەکان (پۆپۆلیستەکان).

٦. پێش ئەوەی باسی بیروباوەڕ و تێگەیشتنەکانی ماگا بکەم، دەمەوێ باسی ئۆڵیگارشییەکان و سەرمایەدارکان بکەم. ئۆڵیگارشی (Oligarchy) وشەیەکی یۆنانی کۆنە واتا (دەسەڵاتی چەند کەسێك). ئەوە بریتییە لەوەی کاتێك لە وڵاتێك، دەسەڵاتی سیاسی و بڕیاردان دەکەوێتە بن دەستی چەند کەسانێكی کەم. لە ئەمریکا، سەرمایەدارەکان و ملیاردێرەکان لە دەوری ماگا کۆبوونەوە، لەوانە، ئیلۆن مەسك، مارك زوکەربێرگ، جێف بێزۆس (خاوەنی کۆمانیای ئەمازۆن)، لەگەڵ دەیان کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەکوو وەڵمارت و تارگێت و مەکدۆناڵد، هەموویان چوونە ناو ماگا.

کەواتا، ئەوجارە دەسەڵاتی کۆمارییەکان کەوتە دەستی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و سەرمایەدارە ملیاردێرەکانی ئەمریکا. ئێستا دەتوانین زۆر بەڕوونی لە جیهانبینی و تێگەیشتنی بەشێکی زۆری ئیدارەی نوێی ئەمریکا بگەین. نامەوێ بەقووڵی باسی سەرمایەداری و سەرمایەدارەکان و کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا بکەم. بەڵام دەتوانین زۆر بەسادەیی لەوە بگەین کە “ئامانجی یەکەمی سەرمایەدارەکان و کۆمپانیایەکان زیادکردنی سامانەکانیانە.” لۆ ئەوەی سامانەکانیشیان زیاد بکا، پێویستیان بە ژینگە و تاڵانی هەیە. مەبەستمان لە ژینگە بارودۆخی ناوخۆی ئەمریکا و جیهانە (لە پرسی ئاشتیی جیهان و ئاشتیی تورکیا دێمەوە سەر ئەو خاڵە). تاڵانییەکانیش بریتین لە بردنی داهات و بودجە بەشێوەی فڕوفێڵی یاسایی. لۆ نمونە، واژۆکردنی گرێبەستی دەیان و سەتان “ملیار دۆلاری” لە نێوان کۆمپانیایەکان و سەرمایەدارەکان لەگەڵ حکومەتی ئەمریکادا. یانی، ئەو سەرمایەدارانە ڕاستەوخۆ لە بودجە و داهاتی گشتی دەبەن، بەڵام لەژێر ناوی گرێبەستی نێوان حکومەت و کەرتی تایبەتەوە. لۆ نمونە، گرێبەستی نیوان کۆمپانیای ئیلۆن مەسك و حکومەتی ئەمریکا.  لۆ نمونە، تەنها ئیلۆن مەسك، لە ساڵی ڕابردوو، بەتایبەتی لە پاش هەڵبژاردنەکانەوە، سەرمایەکەی (٢١٨) ملیار دۆلار زیادی کردییە. ئا ئا، ملیار دۆلار!

تاوەکوو لە بەشێك لە هێلە گشتییەکانی ماگا بکەین، گرنگە لە ئیلۆن مەسك بگەین. لەو وتارەدا ناپڕژێمە سەر شیکاری ورد لەسەر ئەو پیاوە، بەڵام هەوڵی ناساندنیشی دەدەین.

گرێیە دەروونییەکانی ئیلۆن مەسك

ئیلۆن مەسك خەڵکی ئەفیریقیای باشوورە. ٥٣ ساڵە. دەوڵەمەندترین مرۆڤی جیهانە. سامانەکەی (٣٨٤) ملیار دۆلارە. لە ئیستادا خاوەنی کۆمپانیای تێسڵا (Tesla)، کە تایبەتە بە درووستکردنی ئوتومبێڵی تێسڵا، کۆمپانیای ئێکسی بۆشایی ئاسمان، و تویتەر (ئێکس)ە. بەلایکەمی چار جار هاوسەرگیری کردییە (جگە لە پەیوەندیی ناهاوسەرگیری و گێرڵفرێند). سێزدە (١٣) منداڵی هەیە. یەکەك لە کچەکانی ناوی ڤڤیان وڵسن (Vivian Wilson)ە. ڤڤیان تەمەنی ٢٠ ساڵە. نێزیکەی چار ساڵ پێش ئێستا ڤڤیان دەمامکفڕیدانی ئەنجام دا و خۆی وەکوو خۆی، وەکوو کچێك، دەرخست. ئیلۆن مەسکی بابی ڤڤیان کەسێکی کۆنەپارێزە. هەر لەسەرەتاوە نەك پشتگیریی باوکانەی کچەکەی خۆی نەکرد، بەڵکوو کەوتە دژایەتیکردنیشی. گوایە ئیلۆن کەسێکی خوێندەوارە و زۆر دەخوێنێتەوە، بەڵام لە ئاست کەیسی ڤڤیانی کچی، وەکوو نەخوێندەوارترین و کۆنەپارێزترین باوك هەڵسوکەوتی لەگەڵ کرد. ئەوە بووە هۆی ئەوەی کە ڤڤیانی کچی حاشا لە باوکی بکا. هەر لۆ زانیاری، دایکی ڤڤیان ناوی (جەستن وڵسن)ە. لە ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٨ هاوسەرگیری لەگەر ئیلۆن مەسك هەبووە.

حالەتەکەی ڤڤیان کاریگەریی کردە سەر ئیلۆن مەسك. نامەوێ لێرەدا شیکاری وردی سایکۆلۆژیی ئیلۆن مەسك بکەم لەو کەیسە و لە کۆی کەسایەتی (لەوانەیە لە داهاتوو کەسایەتییەکەی شی بکەمەوە). بەهۆی حالەتەکەی ڤڤیانەوە، ئیلۆن تووشی ئەو زنجیرە گۆڕانە سایکۆلۆژییە بوویەوە، هەم لە هەست و هەمیش لە نەستیدا:

ئینکاریکردن (denial)، ڕەتکردنەوە  (rejection)، ناعەقڵانیبوون  (irrationalization)، گواستنەوە  (replacement)، ململانێی داخیلی  (intrapersonal conflict)، تڕانزفۆبیا (transphobia)، توندوتیژبوون  (aggression)، قووتدانەوەی ململانێ (internalized conflict)، بردنەدەرێی توندوتیژی  (externalizing aggression)، و زۆرانی دی. پێویستە شیکاری هەموو ئەوانە بکەین، ئەوجا دەتوانین باشتر لەو پیاوە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بگەین. بەکورتی، بەهۆی ئەو زنجیرە گۆڕان و شیکارە سایکۆلۆژییەوە، نەك بەتەنێ ئیلۆن مەسك کەوتە دژایەتیکردنی ڤڤیانی کچی، بەڵکوو کەوتە دژایەتیکردن و ڕەتکردنەوە و توندوتیژبوونی کۆی کەسانی کەمینەی سێکسیی جوایەز، بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە ناڕەحەتیی ڕەگەزییان هەیە. لۆیێ، ئێستا، کە دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا، دەیان بڕیاری دژی مافەکانی ئەو کەسانەی واژوو کردییە کە ناڕەحەتیی ڕەگەزییان هەیە. زۆرینەی ئەو بڕیارانە (Executive Orders) بیرۆکە و داواکاریی ئیلۆن مەسکن.

بیروباوەڕ و تێگەیشتنەکانی ماگا

ئێستا دەتوانین لەوە بگەین کە بیروباوەڕ و تێگەیشتنەکانی ماگا چین. بەکورتی لەو خاڵانەی خوارێ کورتیان دەکەینەوە:

١. بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیستی، سەرمایەداری، ئۆڵیگارشی، کۆنەپارێزی، مەسیحیی، مەسیحیی کۆنەپارێزی، مەسیحیی ناسیۆنالیستیی ئەمریکی، و ئەمریکیی سپیپێستیی خۆبەگەورەترزانی ڕەگەزپەرستییە.

٢. باوەڕەیان بەوە هەیە کە سپیپێستەکانی ئەمریکا لە گەلان و نەتەوە و نەژاد و ڕەچەڵەکی تر بەرزترن.

٣. بەهۆی پۆلۆلیستییەکەیانەوە، زۆرینەی نەخوێندەوار و خەڵکە سادەکەی مەسیحییەکانیان فریو داوە. دەکا، بەشی زۆری جەماوەرەکەیان مەسیحییە نەخوێندەوار و ناهۆشیارەکانن.

٤. باوەڕیان بە حوکمی دینیی مەسیحی هەیە. زۆرینەی مەسیحییە توندوتیژ و ئادیۆلۆژیادار و خۆپەرست و نەزان و جاهیلەکان لە دەسەڵاتدارەکانی ماگان.

٥. ناسیۆنالیستی ڕەیسست و فاشستی ئەمریکین.

* ڕەیسست واتا نەژادپەرست (ڕەگەزپەرست، وەك نازییەکان. دەکا، باوەڕیان بەوە هەیە کە نەژاد و نەتەوەیەك لە سەرووی نەژادەکانی ترەوەیە. لەناو ماگاشدا، دەکا باوەڕیان بەوە هەیە کە ئەمریکی لە سەرووی نەتەوە و نەژادی ترن).

* فاشیست (بریتییە لەوەی کە وڵاتێك لە سەرووی وڵاتێکی دیکەوە بدینی. دیسان وەکوو ئەڵمانیای هیتلەری نازی. بشگاتە ئاستی چەوساندنەوەی وڵات و نەتەوەی دیکە. وەکوو ئەوەی ئێستا تورکیای ئەردوگان و ئێرانی فارس بەرانبەر بە کورد دەیکەن. لەناو ماگاشدا، دەکا، باوڕیان بەوە هەیە کە وڵاتی ئەمریکا لەسەرووی وڵاتانی ترن و ئامادەشن وڵاتانی دیکە بچەوسێننەوە. وەک ئەوەی ئێستا ئەمریکای تڕەمپ هەوڵی جەنگ و داگیرکاری دەدا بەرانبەر بە کەنەدا و گرینلاندی دانیمارك).

٦. سەرمایەدارەکانن. زۆربەی سەرمایەدارەکان و کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا لەناو ماگان. لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، لۆ نمونە ئیلۆن مەسك و کۆمپانیای وەڵمارت، دەیان و سەتان ملیۆن دۆلاریان سەرفکردنی لۆ “کڕین و دزین”ی هەڵبژاردەنەکانی ئەمریکا. نامەوێ بەدوورودرێژی باسی بکەم، بەس بەکورتی نمونەیەك دەهێنمەوە: زۆربەی ئەو ملیاردێرانە میدیایان لەبن دەستە، وەکوو تویتەر و فەیسبووك و تەلەڤزیۆنی گەورە. لەڕێگەی ئەلگۆریسم (algorithm)ی میدیایییەوە، نەك تەنها زانیاریی نادرووست و ناڕاستیان بڵاو دەکردەوە لۆ گۆڕینی ڕای خەڵك و، وایان دەکرد کە ئەکتیڤیتیی پلاتفۆڕمەکانی ئازادیخوازەکان خراپ بێ، بەڵکوو لەوەش خراپتر، زانیاریی نادرووستیان دەدا کەسانی کەمینەی جیاواز. لۆ نمونە، لەو شارانەی موسوڵمانی زۆری تێدایە، پلاتفۆڕمەکانی وان، بێ ئەوەی ئاگایان لێ بێ، زانیاریی نادرووستیان لەسەر کەیسی فەڵەستین و ئیسرائیل دەدانێ، تاوەکوو هاوسۆز نەبن لەگەڵ دیموکراتەکان. لەکاتێکدا، دیموکراتەکان ڕاستەوخۆ بەرگرییان لە کەیسی فەڵەستین دەکرد. بەڵام پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا و میدیا، ڕێك پێچەوانەی ئەوە، زانیاریی وەهایان دەدانێ کە دیموکراتەکان پاڵپشتیی ئیسرائیل دەکەن لە کەیسی فەڵەستیندا. بەهۆیەوە، زۆربەی موسوڵمانەکانی ئەمریکا هەڵخەڵەتێندران و دەنگیان بە تڕەمپ و کۆمارییەکان دا.

٥. دیکتاتۆرن. زۆرینەی دەسەڵاتدار و بڕیاربەدەست و پێکهاتەی ماگا باوەڕیان بە سەپاندنی تێگەیشتن و بیروباوەڕەکانیان هەیە. نەك هەر ئەوەندە، بەڵكوو باوەڕیان بە مانەوە و هێشتنەوە و پارێزگاریکردن هەیە لە دەسەڵاتەکانیان؛ دەسەڵاتی ماگا لە ئیدارەی ئێستای ئەمریکا. لۆیێ، زۆربەی بڕیارەکانی تڕەمپ دیکتاتۆرانەن. لۆ نمونە، بڕیاری ئەوەی تەنها داواکاری گشتی و تڕەمپ خۆی دەتوانن شیکاری یاسا بکەن. نامەوێ باسی هەیکەلی دەسەڵات و حکومەتی ئەمریکا بکەم. شتێك وەك نمونە، کاتەك سەرۆکی وڵات بڕیارێك دەردەکا، دادوەرێك یان داواکاریی گشتییەك دەتوانێ بڕیارەیەکەی هەڵوەشێنێتەوە و ئیلغای بکا. لە مانگی ڕابردووەوە، ژمارەیەکی زۆری بڕیارەکانی تڕەمپ لە لایەن دادوەری جیاوازەوە ڕەتکراونەتەوە. لەسەرینی ئەوەوە، تڕەمپ بڕیارێکی دەرکرد لۆ ڕاگرتنی ئەو دەسەڵاتەی دادوەرەکان هەیانە. ئەو خاڵەیەش بەوە دەبینرێ کە کاریگەریی زۆری دەبێ لەسەر پاشەکشەکردنی ئەمریکا لە پرسی دیموکراسی؛ هەم لە ناوخۆ و هەمیش لە جیهان.

تێگەیشتن و ستراتیژی ئیدارەی ئێستای تڕەمپ لە پرسی ناوخۆی ئەمریکادا

١. سەرفکردنی کەمترین پارە لۆ گەلی ئەمریکا.

٢. ڕاگرتنی هاوکارییە ماددی و دارایییەکان؛ لۆ نمونە ڕاگرتنی بیمەی تەندرووستیی مێدیکەید و مێدیکێیر (Medicaid, Medicare) کە هی یەکەمیان کەسانی کەم-داهات سوودیان لێی وەرگرتییە، ئەوەی دووەمیشیان کەسانی بەتەمەن و پیر.

٣. گۆڕینی سیستەمی سیاسیی ناوخۆ لۆ سەرمایەداریی کەرتی تایبەتی سەتی سەت. لۆ نمونە، ڕاگرتنی بودجەی دەوڵەت لۆ وەزارەتی تەندرووستی، وەزارەتی پەروەردە، و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی. لە ئێستادا، بودجەی توێژینەوەی زانستی وەستاوە. ئەگەر ڕۆژگارێك زانست و توێژینەوەی زانستی لە ئەمریکا لە پێشەوەی جیهانەوە بووبن، ئەوا لێرەوە زانست و توێژینەوەی زانستی لە ئەمریکا لە پاشەکشەیەکی زۆر دەبن لە چار ساڵی داهاتوودا.

٤. ماگا بەڵێنیان بە گەلی ئەمریکا و دەنگدەری ئەمریکی دا کە “نرخی کەلوپەل” بهێننە خوارێ و، هەڵئاوسان نەهێلن. کەچی ئێستا بەڕاشکاوی دەڵێن کە نەهێشتنی هەڵئاوسان و دابەزاندنی نرخی بازاڕ موستەحیلە. لە ڕاستیدا ئەوە بەڵێن نەبوو، بەڵکوو فریودان و تەڵە و پۆپۆلیستی و درۆ بوو، بەڵام زۆرینەی دانیشتووانی ئەمریکا توانای خوێندنەوەی ئەو کۆدانەیان نەبوو وەك ئەوەی لەو وتارەدا نیشانمان داون.

٥. سنووردارکردن و نەهێشتنی ئازادییە کەسییەکان و ئازادییەکانی کۆمەڵگە. بەهۆی پێکهاتەکانی ماگاوە، زۆربەی بڕیارەکان دژی ئازادین. ئەگەری زۆرە کە ئازادی قسەکردن و ئازادی میدیا و خۆپێنیشاندانیش سنووردار بکرێن. بەهۆی ئەوەوە، لەوەتەی هەڵبژاردن کرایە، بەردەوام لە تەواوی ئەمریکا خۆپێنیشاندان دژی ماگا و بڕیارەکانی حکومەت دەکرێ. بەڕاستی لە ئێستادا ئەمریکا دەکوڵێ. بەهۆیەوە ئەوەوە، ئەگەری زۆر زۆرە کە ناڕەزایییەکان بگاتە ئاستی کە سەرهەڵدانی جەماوەری تا ئاستی جەنگی ناوخۆ. لەوەتەی جەنگی ناوخۆی ئەمریکا، لە ساڵانی ١٨٦١-١٨٦٥، ئەوە یەکەم جارە وەزعی ناوخۆی ئەمریکا ئەوەندە ناجێگیر و شڵەژاو و لەتلەت و فرەجەمسەر و دژەجەمسەر بێ. ئێستا ماگایییەکان دەیانەوێ دەستووری ئەمریکا بگۆڕن بەجۆرێك تڕەمپ بتوانێ لۆ جاری سێیەمیش ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا.

٦. بەهۆی مەسیحییە کۆنەپارێزەکان بەگشتی و ئیلۆن مەسك بەتایبەتی، ئیدارەی ئێستای تڕەمپ کۆنەپارێزانە و ئایدۆلۆژیادارانە کەوتوونەتە دژایەتیکردنی ئازادییەکە کەسییەکان و ئازادیی کۆمەڵگە بەگشتی.

٧. سنووردارکردنی ئازادیی فێربوون و نووسین و کتێب. لە ئێستادا، دەیان و سەتان کتێب قەدەغەکراون لە کتێبخانە گشتییەکان و کتێبخانەی قوتابخانە و زانکۆیەکان هەبن، تەنانەت کتێبی تێدایە تایبەت بە مێژووی هیندییە سۆرەکان (ئەمریکییە ئەسڵزادەکان، Native Americans).

٨. داخستنی دەیان فەرمانگە و کەرتی گشتی. هەوڵی ئەوە دەدەن کە هەیکەلی حکومەت تەنها چەند فەرمانگەیەکی سەرۆکایەتی بێ و بەس. بەهۆی ئەوەوە، هەزاران کەس لە کارێ دەرکراون. تەنانەت لەناو ئەو کەسانە دەنگدەر و فریوخواردوو و فریودراوی ماگا هەیە. بەهۆی ئەوەوە، ناڕەزایییەتییەکی زۆر درووست بووە. هەر بەهۆی ئەوەوە، ئێستا کەسانێکی زۆر ماگا بەجێ دەهێڵن (LeavingMaga).

٩. ماگا خەریکە تەواوی میدیا و سۆشیاڵ میدیای دەکەوێتە دەست. بەهۆی ئەوەوە، هەم هەوڵی سنووردارکردنی ئازادییەکان دەدەن، هەمیش چەواشەکاری بڵاو دەکەنەوە. لەوەش گرنگتر، ڕیسا و یاسایەکانی پلاتفۆڕمەکانیان لۆ بەرژەوەندیی خۆیان گۆڕیوە.

١٠. دەستکاریکردنی زانیاری: ئەوەیان ئێجگار خەتەرە. بەهۆی کۆمپانیا گەورەکانی وەکوو گووگڵ و ئەپڵ و فەیسبووك و تویتەر و ئینستاگرام و زیرەکیی دەستکردی چاتجیپیتی و دەیانی دیکەوە، دەستکاری ئێجگار خەتەری زانیاری دەکەن. ئیستا ئەگەر بەدوو زانیارییەکی تایبەتدا بگەڕێیت، هەوڵی ئەوە دەدەن کە تەنها ئەو زانیارییانە بدەن کە زیانی لۆ خۆیان نییە. لە ماڵەوە ئامێری ئەلێکسام هەیە. کە بەرهەمی ئەمەزۆنە. ئامێرەکی دەنگییە. وەکوو گووگڵێکی بەدەنگە. هەمیشە تاقی دەکەمەوە. ئەگەر پرسیارەك لە بەرژەوەندیی ماگا نەبێ، وەڵام ناداتەوە. بەهۆی ئەوەوە، پێشبینی ئەوە دەکرێ کە زانیاریی ئەلیکتڕۆنی (زانیاریی سەر ئینتەرنێت، نەك کاغەز) بەشی زۆری بسڕدرێتەوە و دەستکاری بکرێن. لۆ نمونە، فەیبسووك فاکت-چێك (دڵنیایی لە ڕاستی، fact check)ی لادایە. کەواتا، لە فەیسبووك هیچ سانسۆرەك نەمایە تاوەکوو زانیارییەکی درووستت پێ بگا.

تەوەری دووەم، تێگەیشتن و ستراتیژی ئەمریکا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

ڕەنگە گلەیی لە درێژیی تەوەرەی یەکەم بکەیت، بەڵام تەوەرەی یەکەم زۆر گرنگە تاوەکوو بزانین چی لە ئەمریکا دەگوزەرێ و چلۆن سیاسەت و ستراتیژیی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا کاریگەریی لەسەر جیهان هەیە. تێگەیشتن و ستراتیژی ماگا و ئیدارەی ئێستای تڕەمپ لە سیاسەتی جیهان لەو خاڵانەی خوارێ کورت دەکەینەوە:

١. ئەمریکا چی دیکە هاوکاریی دارایی و مادیی وڵاتانی دیکە ناکا. هەر لەبەر هەمان هۆ، هەر زوو ئیدارەی ئێستای تڕەمپ دامەزراوەی یوسەید (USAID، یوئێس ئەی ئای دی)یان داخست کە ساڵانە هاوکاری وڵاتانی هەژار و دەیان پڕۆگرامی پەروەردەیی و گەشەپێکردنی وڵاتانی جیهانی دەکرد. هەر لەبەر هەمان هۆ، ئەمریکا لە هەموو ئەو هاوپەیمانی و لێکتێگەیشتنانە کشایەوە کە کاریان دەکرد لۆ دپاراستنی ژینگە، کەشوهەوا، و تەندرووستیی وڵاتانی جیهان. لۆ نمونە، ئەمریکا لە مانگی ڕابردوو لە ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی کشایەوە. بەهۆی ئەوەوە، ملیۆنان ئەفریقییایی و وڵاتانی دیکەی هەژار دەرمان و پێداویستیی تەندرووستییان لێ بڕاوە. نەك هەر ئەوەندە، بەڵکوو لێرەوە ئەمریکا وەکوو کەڵەگا و عەنتەر، خاوە (وەرگرتنی پارە بەزۆری) لە وڵاتانی دیکە وەردەگرێ. ئێستا، ئەمریکا خاوە لە زۆربەی وڵاتانی عارەبی وەردەگرێ.

٢. کەمترین جەنگ هەبێ تاوەکوو کەمترین پارەی ئەمریکای تێدا سەرف بکرێ. لۆیێ، ئەمریکا هەرزوو بە ئۆکڕانیای گۆت کە نەك هیچی دیکە لە جەنگی دژی ڕووسیادا هاوکاری ناکا، بەڵكوو دەبی دەست لە خاکە داگیرکراوەکانی هەڵبگرێ و ئەو پارەیەش بداتەوە ئەمریکا کە وەکوو هاوکاری پێی دراوە. ئەو ستراتیژییە پەیوەندیی بەوە نییە کە ئیدارەکەی ئێستای تڕەمپ دەیانەوێ ئاشتی لە جیهاندا بەرقەرار بکەن. نەخێر. بەڵکوو هۆیەکە ئەوەیە کە سەرمایەدارەکان و ئۆڵیگارشییەکانی ماگا جەنگ بەباش نازانن لۆ چەندقاتکردنی سامانەکانیان. ئیدی، زەمینە و ژینگەی نەبوونی جەنگ و شەڕ، زەمینەیەکی باشتری تاڵانی و زیادکردنی سامانە. خۆ ئەگەر ئیدارەی ئێستا ئامانجیان بەرقەرارکردنی ئاشتی با لە جیهان، ئەوا لە سەرەتاوە چەند دۆستێكی خۆیان نەدەکردە دوژمن، لەوانە، کەنەدا و مەکسیك و دانیمارك و پەنەما و زۆربەی وڵاتانی ئەوڕوپا.

٣. تکایە دیسان هەیکەلی ماگا بخوێنەوە. بەهۆی ماگاوە، ماگا باوەڕی بەوە هەیە کە ئەمریکا عوزما و کەڵەگای جیهان بێ. لۆیێ، ئەمریکا نیازی داگیرکردنی کەنەدا و گرینلادی هەیە.

٤. دەستتێوەردان و تەداخولکردنی لە سیاسەتی ناوخۆی وڵاتانی دیکە. لەڕێگەی کۆنەپارێز و محافیزکار و ڕاستڕەوەکانەوە، لێرەوە ئەمریکا پاڵپشتی حزب و دەوڵەتە ڕاستڕەوەکان دەکا. وەك ئەوەی کە ئەمریکا پاڵپشتی حزبی ڕاستڕەوی ئەڵمانیا دەکا. پێشبینی ئەوە دەکرێ کە بەهۆی ئەوەوە، تەنانەت بگاتە ئاستی دەستکاریکردنی هەڵبژاردنەکانی وڵاتانی دیکە.

٥. چیدیکە شتێك نەماوە بە ناوی “دۆستایەتی و هاوپەیمانی” لە نێوان ئەمریکا و وڵاتانی دیکە. لۆیێ، بە پشبەستن بە خاڵەکانی یەك و دوو و سێ، ئەمریکا هاوپەیمانی حەفتا ساڵی ڕابردووی لەگەڵ ئەوڕوپا بەرەو نەمان دەچێ. لە هەمان کاتدا تڕەمپ ئامادەیە دەست لەناو دەستی ڕووسیای پۆتین بنێ. ئەوەش کاریگەریی ئەوەی دەبێ کە ڕوئیا و تێگەیشتنی تەواوی جیهان بەرانبەر بە ئەمریکا دەگۆڕێ. ئەگەر ئەوە بەردەوام بێ، ئەوا لە ساڵانی داهاتوو هیچ وڵاتێك دڵنیایی زەمانەت و پشتبێبەستنی بە ئەمریکا نابێ. لۆ نمونە، وڵاتانی وەکوو کەنەدا و مەکسیك، کە جیران و هاوپەیمانی ئەمریکا بوونە، بەڵام ئێستا هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئەمریکایان لەسەرە. ئەوە یەك لە هۆکارەکانە کە تورکیا دەزانێ کە چیدیکە ناتوانێ پشت بە ئەمریکا ببەستێ. ئەوەش یەك لە هۆکارەکانی هێنانەگۆڕیی پرسی ئاشتییە لە تورکیا. ئەگەری زۆرە گۆڕانی زۆر بەسەر ناتۆشدا بێ.

٦. بەهۆی چوار خاڵەکەی سەرێ، پێشبینی ئەوە دەکرێ کە ئەمریکا تووشی ململانێ و کرژی و “تەنانەت جەنگیش” بێ لەگەڵ وڵاتانی دیکە.

پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی دیکە لەسەر چەند بنەمایەك دەبێ:

ئەلف، کێ خاوەی زیادتر دەداتە ئەمریکا.

بێ، کێ مل لۆ داواکارییەکانی ئەمریکا دەدا.

پێ، کێ زۆرترین بازرگانی و سوودی ماددیی لۆ ئەمریکا دەبێ.

تێ، کێ باوەڕی بە سەروەریی و ئەمان و پارێزراویی ئیسرائیل هەیە.

٦. کەواتا خاڵی حەفتەم پرسی ئیسرائیلە. سیاسەتی ئەو ئیدارەیەی ئەمریکا بریتییە لە ڕاگرتنی تەواوی سەرجەم هەڕەشە و مەترسیی و جەنگەکانی سەر ئیسرائیل. پلانەکە وەهایە: نابێ هیچ دەستە و تاقم و گرووپ و حزب و وڵاتێك لە جیهان بەگشتی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی بمێنن کە دژی ئیسرائیل بن و مەترسییان لۆ سەر ئیسرائیل هەبێ. داگیرکردنی غەزە و دەرکردنی دانیشتووانەکەشی بەشێكە لەو پلانە. چار ساڵی داهاتوو چار ساڵی لەناوبردنی دوژمنەکانی ئیسرائیلە. چار ساڵی لەبارکردنی سەلامەتترین زەمینە دەبێ لۆ ئیسرائیل. نابێ هیچ وڵاتێك لەسەر عەردی بمێنێ بەزەقی دژایەتی ئیسرائیل بکا. نەك هەر ئەوەندە، بەڵكوو ئیسرائیل دەسەڵاتی تەواوی پێ درایە تاوەکوو دەستکاری تەواوی هەیکەل و وەزعی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست بکا. لۆیێ، لە چار ساڵی داهاتوو گۆڕانی زۆر گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینین. لۆیێ، لێرەوە ڕاستەوخۆ دەست بە تەوەری سێیەم دەکەین.

تەوەرەی سێیەم، پرسی کورد و پرسی ئاشتی لە تورکیا

بەهۆی خاڵی شەشەمەوە، ئیسرائیل دیراسەی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردییە. دیڕاسەی ئەوە کرایە کە نەك بزانرێ کامە وڵات دژی ئیسرائیلە و کامەیش دۆست، بەڵكوو دیراسەی وردی پێکهاتەکانی ناو وڵاتەکان و نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرایە. خۆشبەختانە، ئێمەی کورد وەها پێناسە کراوین کە “زیانمان لۆ ئیسرائیل نەبووە و نییە.” ئەو ڕستەیە ئەسڵی هەموو گۆڕان و تێگەیشتنەکانی ئێران و تورکیایە. پێشبینی ئەوە دەکرێ کە سەرجەم هەڕەشەکانی سەر ئیسرائیل لەناو دەبردرێن، لەگەڵیشیدا، گرنگیی بە بەهێزکردنی کورد دەدرێ. کە ئێستا ئەمریکا هەسەدە پڕ چەك دەکا، ئەوە یەك لە هۆکارەکانە چونکێ ئیسرائیل پاڵپشتی ئەوە دەکا. ئەوە خوێندنەوەی خۆمە: پێم وایە تا ئاستی فیدڕاڵی دەچێت، نەك تەنها لە ڕۆژاڤا، بەڵکوو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش. ئێران و تورکیا ترسی ئەوەیان هەیە: کە باسەکە تەنها فیدڕاڵی نەبێ، بەڵكوو لەوانەیە درووستکردنی دەوڵەتێکی کوردستانیش بێ. لۆیێ،

١. ئێران کەوتووەتە خۆ و دەیان گۆڕانی لە بەرژەوەندیی کورد دەست پێ کردییە. لۆ نمونە، لە مانگی ڕابردوو، ناوی گوندەکانی ناوچەیەکی فراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نووسین بە زمانی فارسی گۆڕدران لۆ نووسینیان بە زمانی کوردی. لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، لە ڕۆژیی جیهانیی زمانی دایك، لە زانکۆی سنە، بە گۆتنەوەی “ئەی ڕەقیب”ەوە یادی زمانی کوردی بەرز ڕاگیرایە. پێشبینی ئەوە دەکرێ کە لە چار ساڵی داهاتوو ئیدارەی پارێزگایەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدرێنە دەست کورد. نەك هەر ئەوەندە، پێشبینی ئەوە دەکرێ ئێران ئازادیی خوێندن بە زمانی کوردی بداتەوە کوردستانیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەوانە هەموویان ڕوو دەدەن وەك پێشلێگرتن لەوەی کە ئێران نەکەوێ و کورد وەکوو کارتێكی دژی ئێران، لە لایەن ئیسرائیلەوە، بەکار نێ.

٢. تورکیا و ئەردۆگان ڕێوین. فێلزانترین فاشست و دیکاتۆرن. ئەو پیاوە ئامادەیە هەموو تەنازولێك بکا تەنها کورد هیچ دەسکەوتێکی سەربەخۆیی و ئازادی نەبێ. لۆیێ، تورکیا باش باش دەزانی کە چار ساڵی داهاتوو بریتییە لە گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندیی ئسیرائیل. لۆیێ، تورکیا پێش ئەوەی کورد هیچ دەستکەوتێکی سەربەخۆیی و نەتەوەیی هەبێ، دێ، ڕێ لە کورد دەگرێ و فێڵی لێ دەکا؛ بەوەی، تورکیا دەڵێتە کورد: ئەمن مافەکانت دابین دەکەم. پرسی ئەو جارەی ئاشتی لە تورکیا هیچ نییە جگە لەوەی کە فێڵ و خافڵاندنی کوردە. دوورخستنەوەی کوردە لەوەی کە هیچ دەستکەوتێکی نەتەوەیی و سەربەخۆیی نەبێ. لۆ ئەو مەبەستە، ئەردۆگان و میت دیڕاسەی ئەوەیان کردییە کە ناتوانن مەسعود بارزانی لۆ ئەو مەرامە بەکار بهێنن. لۆیێ، کەسێکیان هەڵبژارد کە زۆرترین کاریگەریی لەسەری کۆی کورد هەیە؛ ئەویش عەبدوڵڵا ئۆجەلانە.

عەبدوڵا ئۆجەلان

ئەمن وەکوو خۆم لە سەرەتای لاوییەتیمەوە کتێبەکانی “عەبدوڵا ئۆجەلان”م خوێندووەتەوە. بەشی زۆری تێز و تێگەیشتنەکانی ئەو بیرمەندە دەناسم. لە ئێستادا، تاکە سەرکردەی کوردە دەتوانین شانازیی بە خەبات و مێژووەکەی بکەین. لۆ نمونە، ئاپۆ باوەڕی بە “ئازادیی گەلان” هەیە. واتا، باوەڕی بەوە هەیە هەر گەلێك ئازادی نەبێ، دەبێ بە ئازادی بگا. ئەو لە کتێبی “داستانی ژیانەوە” زۆر بەڕوونی دەڵێ: “کوردم هەڵبژارد چونکە کورد مەزڵوومترین گەلە. خۆ ئەگەر لە کورد مەزڵوومتر هەبووبا، خەباتەکەم لەوان دەست پێ دەکرد.” هەروەها، ئاپۆ دژی گەلی تورك نییە. دژی دەوڵەتی تورکیا نییە. ئەو تەنها کێشەی لەگەڵ سیستەمی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی تورکیا و هەیکەلی سیاسیی و یاسایی دەوڵەتەکە هەیە. هەروەها، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بیرمەند و مێژووناسە. ئەو لە قووڵایی فەلسەفە و مێژووەوە تەماشای ململانێ و خەبات و ئازادی دەکا. لۆیێ، کاتێ باسی ئاشتی دێتە گۆڕێ، ئەو لە دەرێی تێڕوانین و شیکاری سیاسیی، تەماشای پرسی ئاشتی دەکا. لۆیێ، پێم وایە سەرۆك ئاپۆ ئاگاداری ئەو وردەکارییانە نییە کە لە ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانەوە ڕوو دەدەن. هەروەها، ئەو گرنگی بەوە نادا داخۆ چی لە جیهان ڕوو دەدا. ئەوە لۆ وی گرنگ نییە، بەڵكوو ئەو لە قووڵایی فکر و فەلسەفە و مێژووەوە بیر دەکاتەوە دەڕوانێتە پرسی ئاشتی و هەنگاوی لۆ دەهاوێ. ئایا ئەوە درووستە؟

هەم بەڵێ و هەمیش نەخێر!

بەڵێ، چونکە قسەکردن لە پرسی ئاشتی لە ڕووانگەی مێژوو و فەلسەفەوە هەڵە نییە. هەروەها، هەمیشە ئاشتی لە جەنگ و ماڵوێرانی باشترە. ئاشکرایە کە خۆم هەمیشە پشتگیری ئاشتی دەکەم. هیچ کاتێك جەنگ لە ئاشتی باشتر نییە. ئەوە ڕوونە. نەخێریش چونکە تەماشاکردنی کەیس و پرسی کورد و کوردستان پرسەکی سیاسییە. ناکرێ ئێمە چاومان لە ئاست هەموو جوولە و گەمە و شیکارە سیاسییە هەرێمایەتییەکان و جیهان بنوقێنین، وەك لەو وتارە باسمان کردییە. هەروەها لە دەیان وتاری دیکە باسم کردییە: پرسی کورد بەتەواوی بەستراوەتەوە بە سیاسەتی ئەمریکا و سیاسەتی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەدی ئاشتیی ڕاستەقینەی سیاسی کووە؟

هەموومان ئەوە دەزانین کە پرسی کورد پرسەکی نەتەوەیی نەتەوەی کوردە. “کورد مافی سەربەخۆیی و مافی ئازادیی نەتەوەیی لێ داگیرکرایە. خاکەکەی داگیر کرایە.” ئەوە ئەسڵی پرسەکەیە. لۆ نمونە، ئەگەر باکووری کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ بێ لە تەنیشت تورکیا. ئیدی، لۆ پەکەکە درووست دەبێ؟ درووستبوونی بزووتنەوەی سیاسیی و چەکداری وەکوو پەکەکە “زەرورەتە.” زەرورەتی “بەرگریکردن و مانەوەیە.” کەواتا، خەباتی سیاسی و چەکداری کورد لۆ بەرگریکردنە لە هێرشی داگیرکەر؛ بەگریکردنە لە شوناس و خاك؛ و کارکردنیشە لۆ پارێزگاریکردن و مانەوە. واتا، ئێمەی کورد کە خەبات دەکەین و “دەجەنگین و شەڕ دەکەین” ئەوە نییە هەر لەخۆڕا تووشی شەڕ و جەنگ بووبین، هەر وەك جەنگی نێوان دوو وڵات. نەخێر. جەنگ و شەڕی کورد جەنگی سەپێنراون. کورد لە ناچاریدا ئەو جەنگانەی بەسەردا سەپێنراوە. کەواتا، جەنگ و شەڕی کرد: شەڕپێفرۆشتنی داگیرکەرانی کوردستانە. کەواتا، ئەوە کورد نییە لەخۆڕا دەستی دابێتە چەك و پەلاماری وڵاتێکی دیکە دابێ. لۆیێ، ئەوەی ئێستا تورکیا باسی دەکا: ئاشتی نییە.

ئەدی ئاشتی چییە؟

ئاشتی وەستاندنی جەنگی نێوان دوو هێزە. وەستاندنی جەنگی نێوان دوو وڵاتە. وەستاندنی شەڕەقۆچی نێوان دوو هێز و دوو وڵاتە. لۆ نمونە، کە جەنگی نێوان عێراق و ئێران هەبوو لە ١٩٨٠-١٩٨٨، کە جەنگ وەستا، ئەوە ئاشتی بوو.

ئەدی ئاشتی لەگەڵ کورد چلۆنە؟

ئاشتی لەگەڵ کورد بەوە دەکرێ کە داگیرکەرانی کوردستان دەست لە داگیرکردن و چەوساندنەوە و زەوتکردنی خاك و ئازادیی نەتەوەیی و فەرهەنگیی کورد و کوردستان هەڵبگرن. واتا، تورکیا دەست لە داگیرکردن کوردستان و زەوتکردنی ماف و ئازادییەکانی کورد هەڵبگرێ. تورکیا دەبێ کوردستانمان بداتەوە، ئەوکات بەوە دەگۆترێ ئاشتی. ئاشتی لەگەڵ کورد واتا “داننان” بەوەی دوژمنان و داگیرکەرانی کورد خاکی کوردستانیان داگیر کردییە و، ماف و ئازادییەکانی کوردیان نەهێلایە. کە داگیرکەرانی کوردستان کوردستانیان داینەوە و کوردستانیان بەجێهێشت و چوونەوە ناو سنووری وڵاتەکانی خۆیان، ئەوکات بەوە دەگۆترێ ئاشتی. ئەگەرنا، هەرچییەك لە دەرێی ئەوە هەبێ پێی دەگۆترێ تەڵە و هەڵخەڵەتاندن و فریودانی کورد. لێتان ناشارمەوە، زۆر خەمبارم وەکوو ئەوەی لە پەیمانی لۆزان فێڵ لە کورد کرا، ئێستا دیسان جارەکی دی فێڵ لە کورد بکرێتەوە. ئاخر ئەگەر سیاسەتمەدارانی سەت ساڵی پێش ئێستای کوردستان ژیر نەبووبن و ئاگاداری وردەکاریی فێڵەکان نەبووبن، خۆ ئێستا کورد هەزاران خوێندەوار و تێگەیشتووی هەیە. چلۆن دەبێ دیسان فێڵمان لێ بکرێتەوە؟

پرسی ڕۆژئاوا

ڕۆژئاوای کوردستانیش بەشێکە لەوەی ڕوو دەدا. بەشەکی زۆری تەڵەکەی تورکیا لۆ ڕۆژئاوایشە. هیوادارم هەسەدە و جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی و سەردارانی ڕۆژئاوا نەکەونە ناو تەپکە و داو و تەڵەکە و، پرسی کورد لەدەست نەدەن.

پێشبینیی پرسی ئاشتی

پێشبینی ئەوە دەکرێ کە تورکیا لۆ فێڵکردن لە کورد ئەو هەنگاوانە بهاوێ:

١. ئازادیی فەیك (ناڕاست)ی سەرۆك ئاپۆ. لەوانەیە تەنها شوێنەکەی لە ئیمراڵییەوە بگوازرێتەوە جێگەیەکی دیکە. بەڵام هەر لەژێر چاودێریی تەواوی تورکیادا دەبێ.

٢. هەندەك گۆڕانی نادەستووری دەکا. لەوانە، کوردستانیانی باکوور هەست دەکەن ئازادیی ئەوەیان هەیە: بتوانن بڵێن کوردین، بتوانن بەئازادی قسان بکەن، و لەوانەشە ئاڵای کوردستان (ئەوەی ئێستا لە باشوور هەیە) لە هەندێ ناوچەی باکووری کوردستان هەڵبکرێ (تەنها لۆ فریودان).

٣. لەبەر پێگە و گرنگیی سەرۆك ئاپۆ، لەوانەیە بگاتە سەر ڕای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە. ئەوەیش دەبێتە هۆی دژڕایی و فرەباڵی لەناو پەکەکە. بەڵام پێشبینی ئەوە ناکەم کە قەندیل چۆل بکرێ. لەوانەیە هەندێك لە گەریلای پەکەکە بگەڕێنەوە تورکیا، بەڵام بەشێکیان لە قەندیل دەمێننەوە. هیوادارم پەکەکە هەڵەی وەها نەکا کە تەواوی حزبەکە هەڵوەشێنێتەوە و چەك دابنێن و خۆیان تەسلیم بکەن.

٤. پێشبینی ئەوە دەکرێ کە پڕۆسەی ئاشتی کاتی بێ: یان تا ئیدارەی ئێستای تڕەمپ کۆتایی دێ لە ٢٠٢٨، یان گۆڕان بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و سیاسەتی ئیسرائیلدا دێ. واتا، پڕۆسەکە تەنها لۆ ماوەیەکی کاتی بێ، لۆ خافڵاندنی کورد.

ئەوە پێشنیار و ڕای منە لۆ پەکەکە و کوردانی باکوور

مەرجی کورد لۆ ئاشتی:

ئەگەر دەستووری تورکیا هەموار بکرێتەوە؛ ئەگەر ماف و ئازادیی کورد بەتەواوی لە دەستووری تورکیا جێگەی کرایەوە؛ ئەگەر سیستەمی سیاسیی تورکیا بکرێتە فیدراڵی؛ ئەگەر ئیدارەی شارەکان بدرێنە کورد خۆی؛ ئەگەر کورد ماف و ئازادیی کوردبوون و خوێندن بە زمانی دایك و هەبوونی میدیا بە زمانی دایکی هەبێ؛ ئەگەر ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی بێمەرج لۆ تەواوی گەریلا و ئەندامانی پەکەکە لە دەستووردا جێگەی بکرێتەوە؛ ئەگەر هەرچی کوردی زیندانیکراو هەیە ئازاد بکرێن؛ ئەگەر تورکیا دان بە زمان و خاك و ئازادی کورد و کوردستان بنێ: دوای هەموو ئەوانە، ئەوجا کوردانی باکوور و پەکەکە دەتوانن بچنە ناو پڕۆسەی ئاشتی و خۆیان هەڵوەشێننەوە.

کورد دەبێ چی بکا؟

وەك لەو وتارەدا شیمانکردەوە، پێم باشە ئێمەی کورد سوود لە سیاسەت و ستراتیژیی ئێستای ئیدارەی ئەمریکا و پلانەکانی ئیسرائیل وەربگرین. ئەگەر ئێمەی کورد پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل بەهێز بکەین، قازانجمانە. دەکا، گرنگە ئێمەی کورد ئەو وەزعەی ئێستا بقۆزینەوە. ئەو هەلە بقۆزینەوە کە ئێستا ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسەڵاتی گۆڕین و دەستکاریکردنی نەخشەکەی هەیە.

پێشبینی لۆ ئەمریکا و جیهان

هیوادارم دیموکراتەکان و لیبڕاڵەکانی ئەمریکا ژیرانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی ناوخۆی ئەمریکا بکەن. پێشبینی ئەوە دەکرێ کە ماگا نەتوانی بەدیکتاتۆری و بەزۆری درێژە بە مانەوەی بدا. دوای چار ساڵی دیکە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەدۆڕێنن. بەهۆیەوە، گۆڕانی گەورە بەسەر سیاسەتی ئەمریکادا دادێ لە ناوخۆ و دەرەوە. بەهۆیەوە، گۆڕان بەسەر وەزعی ئیسرائیلیشدا دێ. لۆیێ، گرنگە ئێمەی کورد بتوانین ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئیدارەیەی ئێستای ئەمریکا بکەین لۆ بەرژەوەندیی خۆمان. داخۆ سیاسییەکانی ئێستای کورد ئەوە دەزانن و ئەوە دەکەن؟ ئەوە پرسیارە گرنگەکەیە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO