سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کوردایەتی .. لە پەراوێزەوە بۆ لوتکە

 محەمەد حەمە تەقی

لەبەر بێ دەوڵەتی، زیاتر لە دوو سەد ساڵە ڕۆشنبیران و کەسانی دیار و ناوداری کورد لە هەوڵی سەلماندنی ئەو ڕاستیەدان، کە کورد نەتەوەیەکی دێرین و ڕەسەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و خاوەنی زمان و کەلتوور و مێژووی تایبەتی خۆیەتی، خاوەنی ئابوری و سامانی سروشتیی خۆیەتی، خاوەنی نیشتمان و خاکی خۆیەتی، لەپێنا و سەلماندنی ئەم ڕاستیە و بەدەستهێنانی مافە  نەتەوەییەکانی گەلی کورد، دەیان شۆڕشیان بەرپا کردووە و سەدان هەوڵی جۆربەجۆریان داوە، لە ئەنجامی خەباتی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد دژی داگیرکەرانی کوردستان، دەیان هەزار گەنجی کورد، ژن، پیاو، تەنانەت منداڵی شیرەخۆرەش شەهید بوون، بە هەزاران گوند خاپورکران، بنەمای ئابوری و کەلتووری کوردی هەتا ئاستی نەمان هەڵوەشایەوە. بەڵام ئایا کوردایەتی تەنها لە خەباتی چەکداریدا کورت دەکرێتەوە؟ ئایا ئەو هەموو شۆڕش و قوربانی دانە دەربڕی ڕاستەقینەی کوردایەتیەکی ڕاست و دروست بوو؟

ڕاستە هەموو شۆڕشەکان و هەموو خەبات و قوربانیەکان لە بازنەی کوردایەتیدا دەسوڕانەوە و دروشمی کوردایەتیان هەڵگرتبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی کوردایەتی لەناو کۆمەڵگەی کوردایدا زەمینەسازی تەواوی بۆ نەکرابوو، هەستی نەتەوایەتی نەگەیشتبووە ئاستی پێویست، شۆڕشی چەکداری وەک پەرچەکردارێک دژی زوڵم و ستەمی داگیرکەران کڵپەی سەندو درێژەی کێشا، بیری نەتەوەیی نەچووبووە هزرو دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگەوە، ئەو هەموو شۆڕش و بەرخۆدانە، ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانە، نەیتوانی گەلی کورد و خەڵکی کوردستان بگەیەنێتە کەناری ئارام، داگیرکەران توانیان بە سەدان و هەزاران خەڵکی کورد بەلای خۆیاندا ڕاکێشن و دژایەتی شۆڕش و خەباتی کوردایەتی پێبکەن، هێزە هەرێمایەتی و جیهانیەکان، بە شێوەیەک لە شێوەکان توانیان دەستبخەنە ناو شۆڕش و سەرکردایەتیەکەی بە لاڕێدا بەرن و تەواوی شۆڕش و خەبایەتی کوردایەتی بەکاربهێنن بۆ دەستەبەری مەرامەکانیان، چەندینجار خەڵکی کوردستانیان خستەوە بندەست دوژمنەکانی، وەک لە کۆماری کوردستان (کۆمارەکەی قازی محەمەد) و شۆڕشی ئەیلولدا بینیمان.

ڕۆشنبیرانی کورد هەر لە ئەحمەدی خانیەوە تا بەدرخانیەکان و گێوی موکریانی و تا حاجی قادر و پیرەمێرد و ئەمین زەکی و ئەوانیتر، بەردەوام لە ڕێگەی نووسینەکانیانەوە لەلایەکەوە لە هەوڵی هۆشیارکردنەوەی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەیاندابوون، لەلایەکی ترەوە لە خەمی پاراستنی زمان و مێژوو و ئەدەب و کەلتووری کوردیدابوون. ڕەنگە هەول و ماندووبوونی ئەو جوامێرانە و ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانە نەبوایە، کورد بەم قەبارەی ئێستای نەمایەتەوە، یان لە نەتەوەی سەردەستدا دەتوایەوە یان ئاوارە و دەربەدەر بە جیهاندا پەرش و بڵاودەبوویەوە.

لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم، شەپۆلێکی بزوتنەوەی نەتەوایەتی (ئەوەی کە دواتر پێیدەوترا  کوردایەتی) زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە، بەتایبەتی لەناو توێژە خوێندەوارەکەدا، ئەم شەپۆلەی کوردایەتی لەژێر کاریگەری ئەو شەپۆلە ناسیونالستیە جیهانیەدابوو کە لە سەدەی هەژدەیەمەوە لە ئەوروپای ڕۆژئاواوە سەریهەڵداو دواتر لە سەدەی نۆزدەهەمدا گەیشتە ئەستەمبوڵ (ناوەندی دەسەڵاتی عوسمانی) و پاشان بە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبوویەوە، کاریگەری ئەو شەپۆلە وایکرد کە بەدرخانیەکان بۆ یەکەم جار ڕۆژنامەیەک بەزمانی کوردی لە بەرواری ٢٢/٤/١٨٩٨ لە قاهیرەی پایتەختی میسر دەربکەن، دواتریش هەر کەسە دیار و ڕۆشنبیرەکانی کورد، لە ئەستەمبوڵ ڕێکخراوێکی کوردیان دامەزراند، کە ئەمە سەرەتای دامەزراندن و دروستکردنی کۆمەڵە و ڕێکخراوی کوردی بوو بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، بەڵام ڕووداوەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی ئەم شەپۆلەی کوردایەتی تا ئاستێکی بەرچاو کپکردەوە.

لە نێوان هەردوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیدا، چەندین شۆڕش و دەیان ڕێکخراو لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا سەریانهەڵدا، لە کوردستانی بندەستی تورکیا شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شۆڕشی دەرسیم، لە کوردستانی بندەستی ئێران، شۆڕشی سمکۆ و دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە جەرگەی جەنگی جیهانی دووەمدا. لەو بەشەی کوردستانیش کە خرایە سەر دەوڵەتی تازە دامەزراوی عێراق، شۆڕشەکانی شێخ مەحمود دژی ئینگلیز و شۆڕشی بارزانیەکان دژی حکومەتی عێراقی، تەنانەت شێخ مەحمود زیاتر لە جارێک حکومەتی کوردی لە سلێمانی و دەوروبەری دامەزراند. سەرەڕای هەموو ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینانە دەیان کۆمەڵە و ڕێکخراوی نهێنی لەپێناو ئازادی گەلی کورد و سەربەخۆیی کوردستان دامەزران، بۆ نمونە کۆمەڵەی خۆیبوون لەلایەن ئیحسان نوری پاشاوە لە لوبنان دامەزرا، کۆمەڵەی دارکەر لەلایەن هەندێ لە کوردەکانی عێراقەوە، کە دواتر گۆڕا بۆ حیزبی هیوا، لە ڕۆژهەڵاتیش (کوردستانی بندەستی ئێران)، کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد(کاژیک) دامەزرا، کە بوو بە بنەمایەک بۆ دروستکردنی حیزبی دیموکراتی کورد ( دواتر گۆڕا بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژهەڵات و پارتی دیموکراتی کوردستان لە باشور) لەپاڵ ئەمانەشدا حیزبی شیوعی رێکخستنی خۆی لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا هەبوو.

لە ئەنجامی ناکۆکی ناو ڕێکخراوەکان، هەموو ئەو ڕێکخراو و حیزبانە لقی تریان لێبوویەوە، هەم ڕێکخراو و حیزبی تریش لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا دروستبوون، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی و تا ڕووخان و هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩٠ کە بە قۆناغی جەنگی سارد ناوزەدکرا، کوردستان و گەلی کورد بە قۆناغێکی زۆر دژواردا تێپەڕی، شۆڕشی ئەلول و شۆڕشی نوێ لە باشور، شۆڕش و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، کە لە سەروبەندی ڕووخانی ڕژێمی شاهەنشاهی سەریهەڵدا، شۆڕشی چەکداری لە باکور بە ڕابەرایەتی پارتی کرێکارانی کورد (پ.ک.ک)، سەرەڕای دروستبوونی دەیان حیزب و ڕێکخراوی تر. کە بەشداریان لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کوردستاندا کرد (کوردایەتی) و هەوڵی گەشەپێدانی بیری نەتەوەیی و پێشکەوتنخوازیان دەدا لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا.

بەرهەمی ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانە، دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان بوو لە باشور، کە دواتر لە دەستوری عێراقیدا سەلمێنراوە و تاڕادەیەکیش لەدەرەوەی عێراق وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، لە هەمان کاتدا دروستبوونی قەوارەیەکی دانپێدانەنراو لە ڕۆژئاوا (کوردستانی بندەستی سوریا)، لە ئێستادا هەردوو قەوارەکە لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندان و ڕووبەڕووی دەیان قەیرانی جۆربەجۆر بوونەتەوە. کە بەشێکی بەهۆی ناکارامەیی دەسەڵاتی کوردیەوە دروستبووە (بەتایبەتی حکومڕانانی هەرێم)، بەشەگەورەکەشی داگیرکەرانی کوردستان بە مەبەست بۆیان دروستکردوون.

هەلومەرجە ناوخۆیی و هەرێمایەتیەکە خەباتی کوردایەتی خستووەتە قەیرانێکی قوڵەوە. کە دەرچوون لێی زۆر ئاسان نیە، هەر ئەمەشە وایکردووە کە بەسەدان خەڵکی ڕۆشنبیر و چالاکوانی کورد، لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان، دەیان ڕێکخراو و ناوەندی ڕۆشنبیری و کەلتووری و تەنانەت ڕێکخراوی سیاسیشیان دامەزراندووە بۆ هۆشیارکردنەوە و دیاریکردنی مەترسیەکان و زاڵبوون بەسەر ئەو پەرتەوازیەی ناوماڵی کورد-دا و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، کە لەکاتێکدا لەلایەک قۆناغێکی مەترسیدارە بۆ پاشەکشەپێکردنی پرسی کورد و مافەڕەواکانی، لەلایەکی ترەوە وەک دەرفەتێکە بۆ بەرەوپێشبردنی پرسی کورد و سەلماندنی زیاتری مافەڕەواکانی.

 چەمکی کوردایەتی لە ئێستادا قۆناغیکی باشی بڕیوە، تەنها لەدەست سەرکردەیەک یان ڕابەرێکی کوردا نەماوەتەوە، هەر وەک چۆن تەنها کارێکی ناوخۆیی ناو دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانیش نیە، کوردایەتی فۆرمێکی نوێێ وەرگرتووە، سنورەکانی بڕیوە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کاری لەسەردەکرێت، پێش پەنجا ساڵ، ڕابەرێک یان سەرکردەیەک دەیتوانی بەتەنها بڕیار لەسەر چارەنووسی گەلی کورد بدات، بەڵام لە ئێستادا هیچ ڕابەر و سەرکردەیەکی کورد ناتوانێت لە گیرفانی خۆیەوە بڕیار دەرکات، پرسی کوردی وەک پرسێکی ناوخۆی ناو دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان سەیردەکرا، ئەوانیش (دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان) بە هەموو شێوەیەک پەلاماری خەڵکی کوردستانیان دەدا و ئەنفال و زیندەبەچاڵیان دەکردن، بەڵام ئێستا پرسی کورد گرێدراوە بە هاوکێشە هەرێمایەتی و جیهانیەکانەوە. ماوەتەوە سەر کورد خۆی وەک نەتەوە تا چەند دەتوانێت پارێزگاری لە دەسکەت و شکۆی خۆی بکات لەناو هاوکێشە هەرێمایەتی و جیهانیەکاندا، خۆ بەستنەوە بەهەر دەوڵەتێکی هەرێمایەتیەوە، پاشەکشەیە لە کوردایەتی و گەڕاندنەوەی کوردایەتیە لە لوتکەوە بۆ پەراوێز و بۆ ناو چوارچیوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان.  

لە سەد ساڵی ڕابردووەوە و تا ئێستاش، دەوڵەتی تورکیا لە هەموو دەوڵەتە داگیرکەرەکانی تری کوردستان، زیاتر لە کەمیندابووە بۆ پاشەکشەپیکردن و لە قاڵبدانی پرسی کورد بۆ بچوکترین ئاست، لە هەموویان زیاتر دژایەتی کورد و پرسە ڕەواکەی کردووە، تەنانەت لە دەرەوەی سنورەکانی خۆیشی پەلاماری کوردی داوەو ڕێگری لە بەرەوپێشچوونی پرسی کورد کردووە، هەمیشە بە نێتێکی پیلانگێڕیەوە دەستی ئاشتی بۆ چارەسەری پرسی کورد درێژکردووە، ئەوەی ئەمڕۆ تورکیای هێناوەتە سەر چارەسەری ئاشتی بۆ پرسی کورد، لە ئەنجامی ئەوگۆڕانکاریەیە کە چاوەڕواندەکرێت لە ناوچەکەدا ڕووبدات و بەشێک لە سنورەکان هەڵوەشێنێتەوە، نەک لە ئەنجامی گۆڕانکاری لە عەقڵی تورکیدا هاتبێتە دی، تورکیا دەیەوێت بە کەمترین زیان قۆناغەکە تێپەڕینێت، کوردیش دەبێت توند دەست بە چەمکی کوردایەتیەوە بگرێت و جارێکیتر نەکەوێتەوە داوی هیچ دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستان.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO