سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

با پێکەوە بۆ ئایندەی منداڵان بجەنگین!

عوسمان عەسکەری

بەهۆی گەشەسەندنی ئینتەرنێتەوە، بەتایبەتی تۆڕی پەیوەندیەکانی 5G، ئینتەرنێتی شتەکان (IoT) پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی وەک زیرەکی دەستکرد، تەکنەلۆژیای سایبەر و پیشەسازی زیرەک لە وڵاتە شارستانیەکاندا، لەڕێگای خۆ بەڕێوەبەری ئوتۆمۆبێل و ڕۆبۆتەکان خزمەتێکی گەورەی ئینسان دەکەن، و کاریگەری زۆریان خستۆتە سەر هەموو لایەنەکانی ژیان. لە چاودێری تەندروستیەوە بگرە تا گواستنەوە و پەروەردە و ئابووری دنیا. هەڵبەت سیستەمی پەروەردە کرۆکی پێشکەوتن و ئەو گەشەسەندنەیە کە لە جیهاندا ڕوو دەدەن، چونکە پەروەدە ڕۆڵی چارەنووسساز دەگێڕێت لە ژیانی مرۆڤایەتی،  لە بزواندن و پێشخستنی بیرکردنەوە بە ئاراستەی داهێنان و گەشەسەندنی لێهاتوویی و توێژینەوەی تەکنیکی. بەتایبەت ئەوکاتەی حکومەت وەبەرهێنان لە سیستەمی پەروەردەدا دەکات، بناغەیەکی پتەو بۆ داهێنان و چارەسەری نوێی تەکنیکی دروست دەکات، بەوەش کۆمەڵگا بەرەو پێشەوە دەبات و ئابوری وڵات گەشە دەکات. (هەر ئەوەشە کە  ئەمریکا و چین وەبەرهێنانیانی بەهێزیان لە سیستەمی پەروەردەو توێژینەوەی تەکنەلۆژیادا کردووە و بوونەتە دوو وڵاتی زلهێزو پێشەنگی جیهان). لە سەردەمی ئەم پێشکەوتنانە، لەلایەکەوە کەشتییە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و چین سەرقاڵی ئەوەن مرۆڤایەتی بۆ ژیانی ئەودیوی زەوی، بۆ هەسارەیەکی نوێ بگوازنەوە.

لەلایەکی دیکەوە لە بەشێکی دیکەی هەسارەکەماندا خەریکە شتێک ڕووبدات، شتێک کە گلگامش لە شارستانیەتی میزۆپۆتامیا (داستانی گلگامش) عەوداڵی بووە پێشکەش بە ئەنکیدۆی هاوڕێی بکات، وا ئێستا خەریکە دەبێتە ڕاستی. ئێمە لە سەردەمێکدا ژیان دەکەین، زاناکان بەوە نەوەستاون مرۆڤایەتی بگوازنەوە بۆ هەسارەیەکی نوێ، بەڵکو تەمەنی مرۆڤ درێژ دەکەنەوە و مەرگی مرۆڤە داناکان دوا دەخەن.. بەڵێ سەردەمێکە زۆری نەماوە، وەک ئەوەی تەقینەوەیەکی گەورە (بیگ بانگ) ڕووبدات، بازاڕی کڕین و فرۆشتنی تەمەن (عومر) دێتە ئاراوە و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەسەر یەکدا قڵپ دەکاتەوە، ئەوکات نەک بەتەنیا وڵاتانی شارستانی، بەڵکو سەرجەم خەیاڵ و فەلسەفەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، کۆی ئاین و ئاینزاکانی ئەم دنیایە پێویستیان بە داڕشتنەوەی نوێ دەبێت. کەچی لەبەر ڕۆشنایی ئەو هەموو پێشکەوتنە زەبەلاحانەی کە ڕۆژانە لەگەڵ خودی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ( کە هەموویان ناسنامەی ئەوروپا و ئەمریکایان هەیە ) کارلێک لەیەکتر دەکەن، داهاتووی سەدان هەزار منداڵی کورد و بیرکردنەوەکانیان زەوت دەکرێ و لە خوێندن و قوتابخانە بێبەش دەکرێن. لەم جیهانە کراوەیەدا کە ڕۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاخ دەردەهێنرێت و ملیۆنان دۆلار لە ڕێگەی سیستەمی گومرگی گەندەڵ و خاڵە سنووریەکانەوە وون دەبێت. لەم بەشەی وڵاتەکە کە لە نەوت و غازدا غەرق بووە، زەوی بەپیت و ژینگەی پڕ بەرەکەت، سەرباری ئەوەی کە سەدان هەزار کورد گیانی لە پێناودا بەختکردوە بۆ ئەوەی ئازادی و شکۆی مرۆڤایەتی هەبێت، کەچی مامۆستاکانمان، ئەوانەی کە چرای ڕێنوێنی کۆمەڵگان، ئەوانەی نەوەکانی داهاتوو پەروەردە دەکەن، ئەوانەی مەشخەڵی زانست هەڵدەگرن و نیازیان هەیە داهاتووی گەلی کوردستان بگەیەننە ئاستی گەلانی پێشکەوتووی دنیا، مووچەیان نادرێتێ..!! ئاخر چۆن دەبێت لەم وڵاتە پڕ لە سامانەدا، مامۆستا برسی بکرێت و خەڵک هەژار بێت، لە کاتێکدا (ئەگەر بیتاقەی تەموینی نەمێنێت زۆربەی دانیشتوانەکەی دەکەونە ژێر هێڵی هەژاریەوە) وەڵامەکە زۆر سادەیە.. دەسەڵاتدارەکانی ئم هەرێمە، سەرکردە نین و نابنە سەرکردە، بەپێچەوانەوە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ خەڵک و واقیعەکەیدا نیە. ئەمانە وەک قەیسەری ڕۆم، لە کاتێکدا، ستەمی هەژاری ئیمپراتۆریەتەکەی خستبووە وێرانەوە، ماڵبات و ئۆلیگارکەکانی چێژیان لە دەوڵەمەندی دەبینی، ئاهەنگیان دەگێڕا و دەستدرێژی سێکسیان دەکردە سەر شەرەفی خەڵک، هەتا ڕۆژێک جەماوەر ڕووبەڕوویان بوونەوە، قەیسەرو سیستەمەکەیان لە گۆڕ نا. ئەم دەسەڵاتدارە بێدەربەستەی خۆمان، لە ناخەوە گریانم دێ کە دەڵێم.. هاوشێوەی نیکۆلای چاوسیسکو، لە کاتێکدا زۆرێک لە هاونیشتیمانیەکانی، لەش و لارو جەستەی خۆیان بۆ نان دەفرۆشت، ئەو لە کۆشکێکی زێڕیندا دەژیا، تا لە ساڵی 1989 خەڵکی ڕۆمانیا گووتیان بەسە.. چاوسیسکۆ و هاوسەرکەیان بە دەستڕێژی گولە سزا دا.

بەڵێ نموونە قێزەونەکان گەلێک زۆرن کە ئەم دەسەڵاتدارە خێڵەکی و نابەرپرسانەی کوردستان لاساییان دەکەنەوە و بەشوێن پێیاندا دەڕۆن. ئەی ئەوە نیە هاوشێوەی ئەمیرەکانی وڵاتانی کەنداو ڕەفتار دەکەن و لە چەندین وڵات کۆشک و تەلاری لوکسیان هەیە و لەسەر پەڕەی ئاوریشم دەنوون، لەکاتێکدا گیرفانی مامۆستاکانیان پڕ کردووە لە برسێتی و کوێرەوەری. سیستەمی پەروەردەیان تێکشکاندوە و داهاتووی ئەم نیشتیمانەیان هەناردەی بن چادر کردووە!

خیانەتی دایک و باوک لە منداڵەکانیان

با ڕوون بین.. دایکایەتی و باوکایەتی، بەرپرسیارێتیەک لە ئەستۆ دەگرێت، زۆر گەورەترە لە چێژی غەریزە و جووتبوونی سەرجێگا، بەتایبەتی خودی منداڵ خستنەوە غەریزەی نەمریە، درێژەدانە بە ژیانی ئەو دایک و باوکانە لە جەستەیەکی نوێدا. بۆ ئەوەی ڕووحت لەم جەستە نوێیەدا لە شکۆی بەختەوەریدا ژیان بکات، دەبێت لە منداڵیەوە، کەسایەتی ئەم جەستە نوێیە بەهێز و بە زانستی باش پەروەردە بکرێت، بۆیە ئەرکی گەورەی دایک و باوک پاراستنی منداڵەکانیانە لە نەزانی و تێکشکان، پەروەردەکردن و پێگەیاندنیانە بۆ ژیان. ئەمە لەکاتێکدایە، کە دایک و باوکەکان بەچاوی خۆیان دەبینن کە چۆن ئایندەی منداڵەکانیان لە ڕەگەوە تێکدەشکێنرێ و بەرەو لەناوچوون دەبردرێت. ئاخر کاتێک ئەو مامۆستایانەی مەشخەڵی زانست هەڵدەگرن، ئەوانەی گیانی خۆیان تەرخان دەکەن بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانتان و مووچەیان نادرێتێ، ناچارن مانبگرن. ئەوان مان دەگرن نەک لەبەر ئەوەی دەیانەوێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی چیتر بەرگەی بێ مووچەیی ناگرن! بۆیە دایک و باوک نابێت چیتر لە ماڵەوە دابنیشن و سەیر بکەن! بەپێچەوانەوە، ئەو دایک و باوکانەی کە فەرمانبەرن، پۆلیسن یان پێشمەرگە، ئەوانەی کۆمپانیای خۆیان هەیە، کاری سەربەخۆ دەکەن یان کاسبکارن، منداڵەکانیان دەنێرنە فێرگەی تایبەت یان گشتی، دانیشتووی هەڵەبجە و سلێمانین یان هەولێر و دهۆکن پێویستە بیر بکەنەوە.. داهاتووی منداڵەکانمان، ئایندەی نیشتیمان و کۆمەڵگاکەمان چی بەسەر دێت کاتێک مامۆستاکانمان لەپێناو بێژێوی خێزانەکانیان ناچار دەکرێن مان بگرن؟! بیر بکەنەوە، چی ڕوودەدات کە ئەوانەی نەوەی داهاتوومان پەروەردە دەکەن دەدرێنە بەر شەق و لە بن خێوەتدا هیوای داهاتوویان لەدەست دەچێت؟!

ئەم وەڵامەش سادەیە.. بێگوومان لە وڵاتێکدا کە ڕێز لە مامۆستاکانی نەگرێت و بەها بۆ کارەکانی دانەنرێت، کۆمەڵگاکەی داهاتوو لەدەست دەدا وڵاتەکەش بۆ هیچ کەسێک شوێنێکی سەلامەت نامێنێت. بەمانایەکی دیکە، ئەوانەی کە بەبێ خوێندن گەورە دەبن، داهاتوویان نابێت، بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین، ئەو دایک و باوکانە چۆن دەتوانن دەستبەرداری داهاتووی منداڵەکانیان بن؟! چۆن دەتوانن لەژیاندا بمێننەوە کاتێک منداڵەکانیان دەبینن لەدەرەوەی قوتابخانە داخراوەکان، لەزانست و پێشکەوتن بێبەش دەکرێن؟! ئایا ئەوانەی منداڵەکانیان لە تاریکیدا بەجێدێڵن، شایانی ئەوەن دایک و باوک بن؟! من تێناگەم بۆچی ئەو هەموو منداڵە دەخەنەوە کە ناتوانن پارێزگاری لە کەسایەتی و پەروەردەیان بکەن؟! باشە ئەو خەڵکە دەیانەوێت چی جیهانێک دروست بێت کاتێک داهاتووی منداڵەکانیان لە قاڵب دەدرێت.؟! لە کۆتاییدا گرنگە هەمووان تێبگەن.. شەڕ نەکردن بۆ پەروەردە، خیانەتێکی گەورەی دایک و باوکە کە منداڵەکانیان بەژیانی بن دەست و کۆیلەبوون مەحکووم دەکات، بۆیە بێدەنگی خەڵک، بەتایبەتی لە هەولێر و سلێمانی، لە هەڵەبجەو دهۆک و گشت شارو شارۆچکەکانی کوردستان پاراستنی ئاسایش نیە..!! بەڵکو ملکەچبوونە بۆ کۆیلایەتی و پاشکەوتن، کە نیشتیمان وێران و داهاتووی هەمووان تاریک دەکات.  ڕوسەکان جوانیان گووتوە، بەبێ بوونی دایکێکی وشیارو باوکێکی باش، ئەستەمە پەروەردەیەکی باشیش هەبێت! با هەموومان بەیەکەوە دەنگ هەڵبڕین، بۆ پەروەردە هەستینە سەرپێ و بۆ داهاتووی منداڵان بجەنگین.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO