٢-٢
یەکێکی دیکە لە ڕەهەندەکانی گرێی خۆبەکەمبینیی چەپی کورد ئەوەیە کە ڕیشەی قووڵی لە ناکۆکییە فراوانترەکانی سیاسەتی چەپگریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، ئەو شوێنەی بە ناهاوسەنگییەکانی دەسەڵات، پێکدادان و گرژییە مێژووییەکان و ناکۆکیی و جەنگە سایکۆلۆجییەکان دەناسرێتەوە. ئەم گرێی خۆبەکەمبینییە هەمیشە خۆی لە ئاراستە و ئارەزووی چەپی کورد دا دەردەخات کاتێک خۆی دەخاتە پاڵ ئەو بزووتنەوە ئایدیۆلۆجیی و هێزە سیاسییانەی بەردەوام دژی ئیمپریالیزمی خۆرئاوا دەوەستنەوە. هاوکات بەرانبەر بە داینامیکی سەرکوتکارانەی ڕژێمە فاشیستیی و داگیرکار و کۆڵۆنیستییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان بێدەنگە یاخود پەرە بە ڕەخنەیەکی شەرمنانە دەدات. بەوە هەر کاتێک بیەوێت ڕەخنەیەک لەم ڕژێمانە بگرێت، دەبێت دەستەواژەی «سەرمایەداریی» و «ئیمپریالیزمی خۆرئاوایی» بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی وا دەرنەکەوێت دەیەوێت دەستکاریی جوگرافیای سیاسیی ئەم وڵاتانە بکات.
یەکێک لە بەرچاوترین و دیارترین ناکۆکییەکان بریتییە لە ئاراستەی هەڵبژاردەی هاوپشتیی (selectivesolidarity). لە خۆرئاوا و لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بزووتنەوە چەپگەرییەکان بەردەوام سیاسەتی خۆیان لەسەر دژایەتیکردنی ئیمپریالیزمی خۆرئاوا دادەڕێژن، خۆرئاوا وەک تاکە سەرچاوەی نادادپەروەریی جیهانیی پیشان دەدەن. بەڵام ئەم چوارچێوە ئایدیۆلۆجییە بەردەوام فۆرمەکانی دیکەی سەرکوتکردن لەبیر دەکات، یاخود بێکاریگەر و بێ زیانتر بەرانبەر بە «ئیمپریالیزمی خۆرئاوایی» پیشانی دەدات. بۆ نموونە، ئیمپریالیزمی ئیسلامیی (کە هەرگیز ناوی ناهێنرێت)، ڕاسیزمی پان-عەرەبیی (کە هیچ گرنگییەکی بۆ گوتاری چەپ نییە، چونکە ڕاسیزم تەنها وەک دیاردەیەکی ‘مرۆڤی سپیپێست’ دەبینێت)، ئایدیۆلۆجیای فەنتازییخوازی پان-تورکیزم و پان-ئێرانیزم و میراتە بۆماوەییەکانی ستەمکارییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هیچیان نابینێت.
ئەم فۆرمانەی باڵادەستیی کە کاریگەریی ئێجگار قووڵیان لەسەر ژیانی نەتەوە و گرووپەکانی دەرەوەی ئەم سێ نەتەوە باڵادەستە، تورک، عەرەب، فارسی/ئێرانیی، هەبووە، بەتایبەت نەتەوەکانی وەک کورد و جوو و کەمینە نەتەوەکانی دیکەی وەک دروز، ئەمازیغ و هتد لە گوتاری چەپی جیهانیی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتەواویی فەرامۆش دەکرێن، یاخود لەژێرناوی هاوپشتیی دژە-ئیمپریالیستییدا پاساویان بۆ دەهێنرێتەوە.
هەردوو ئایدیۆلۆجیا و جیهانبینیی ئەنتیسێمیتیزم و ئەنتیکوردیزم ڕۆڵێکی ئێجگار بنچینەییان لەم چوارچێوە ئایدیۆلۆجییەی چەپدا هەیە. ئەمەش ناکۆکییەکان زیاتر پیشان دەدات. بزووتنەوە چەپگەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی و بزووتنەوەی چەپی جیهانیی بەگشتی، هەمیشە دژی ئەوە وەستاونەتەوە باس لە ئەنتیسێمیتیزم لەناو ڕیزەکانیاندا یاخود لەنێو هاوپەیمانییە فراوانترە ئایدیۆلۆجییەکانیاندا بکەن و هەمیشە نکوڵییان لەوە کردووە شتێک بەناوی ئەنتیسێمیتیزم بوونی مابێت چ بگات بەوەی لەناو خۆیاندا بوونی هەبێت. ئەم شکستە نیشانە و ڕەنگدانەوەی بێویستییەکی فراوانترە بۆ وەستانەوە دژی ئەو میراتە سەرکوتکارانەی پەیوەستن بە کۆڵۆنیالیزمی ئیسلامیی، ناسیۆنالیزمی پان-عەرەبیی، ناسیۆنالیزمی پان-تورکیی و ناسیۆنالیزمی پان-ئێرانییەوە، کە ڕۆڵی هەرە سەرەکییان هەبووە لە سەرکوت، جینۆساید، پەراوێزخستن، ڕاگواستنی زۆرەملێ و توندوتیژیی دژی جووەکان، کورد و هەروەها کەمینە نەتەوەییەکانی دیکە.
هەبوونی ئەم ناکۆکییانە بەتایبەت کوشندە و وێرانکەرن بۆ چەپی کورد. خەباتی کورد بۆ ڕزگاریی لەڕووی مێژووییەوە هەمیشە لەلایەن هێزە چەپڕەوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکەم گیراوە یان لە زۆر حاڵەتدا لەژێر ناوی «دژایەتیکردنی ناسیۆنالیزم» هێرشی کراوەتە سەر. بۆ نموونە، ڕەنگدانەوەی گوتاری دژە-کورد لەلای ڕژێمە سەرکوتکارەکان، بزووتنەوە ئیسلامییەکان و ئایدیۆلۆجیا ناسیۆنالیستییەکان هەمیشە بریتی بووە لە بەئەبەدییکردنی سەرکوت لەسەر کورد. چەپی جیهانیی سەرکوتی سەر کوردی وەک ڕەهەندێکی کوشندە و ترسناکی وەک «پرسی کۆمەڵایەتیی» نەک «پرسی خاک» سەیرکردووە، چەپی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەربەخۆیی کوردی وەک هەوڵێک بۆ بەهێزکردن و دەستێوەردانی «ئیمپریالیزمی خۆرئاوایی» بینیوە بۆ لەناوبردنی «یەکپارچەیی خاک» (territorialintegrity) ی وڵاتانی وەک تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا. ئەم گوتارەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی لای چەپی کورد هەبووە.
بە هەڵگرتنەوەی گێڕانەوە و چوارچێوە ئایدیۆلۆجییەکانی چەپی نەتەوە داگیرکەرەکان، چەپی کورد نەک تەنها لەڕووی سایکۆلۆجییەوە خۆی بچووک کردووەتەوە، بەڵکوو هەمان ئەو پێکهاتانە بەهێزتر دەکاتەوە کە بەشدارن نەک تەنها لە چەوساندنەوەی کۆی نەتەوەی کورد، بەڵکوو بێکاریگەرکردنی چەپی کورد خۆشی، کە تا ئاستی سوکایەتییپێکردن و ئیهانەپێکردن دەڕۆن. ئەم قبووڵکردنە ناڕەخنەیی و هەڕەمەکییەی گوتاری دژە-ئیمپریالیستیی چەپ لەلایەن چەپی کوردییەوە، بەشداریی لە سڕینەوە و بێدەنگکردنی دەنگی کورد دەکات و دەیەوێت کورد بکاتە مەکینەیەکی ناو گوتاری «دژە-ئیمپریالیستیی»، لەکاتێکدا هیوا و هەوڵەکانی کورد بەتەواویی فەرامۆش دەکرێن و دەکرێنە قوربانیی ئەجێندا سەروەرییەکانی وڵاتانی داگیرکەر.
جگە لەوە، ئەم خۆدانەپاڵە گرژیی و ئاڵۆزییەکی قووڵتری نێوان پرەنسیپە گەردوونییەکانی دادپەروەریی و هاوپەیمانییە پراگماتیکییەکان ئاشکرا دەکات کە بەردەوام لە سیاسەتی هەرێمایەتییدا دروست دەبن. چەپی کورد، لە گەڕانیدا بۆ هاوپشتیی لەناوەوەی بازنە و تۆڕە فراوانترەکانی چەپ و ڕەوتی دژە-ئیمپریالیستییدا، بەردەوام بەرپرسیارێتیی خۆی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەکاتە قوربانیی گوتارێکی گەورەتری بێکاریگەر، بەتایبەت کاتێک بەرگریکردن لەم مافانە ببنە کێشە و گرفت لەبەردەم بەرژەوەندییەکانی ئەکتەرە باڵادەستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم داینامیکەش نەک تەنها بزووتنەوەی ڕزگارییخوازی کورد دەکاتە قوربانیی، بەڵکوو ناکۆکییە فراوانترەکانی چەپ دەکاتە شتانێکی هەمیشەیی، کە بەردەوام پاقژیی و بێگەردیی ئایدیۆلۆجیی بە گرنگتر لە واقیع و ڕاستییە ژیانکردووەکانی نەتەوە سەرکوتکراوەکان دەزانێت.
بۆ باسکردن و ئاماژەکردن بەم کێشانە پێویست بە دووبارە هەڵسەنگاندنەوەیەکی بنچینەیی ئاراستەی چەپ بەرانبەر بە هاوپشتیی دەکات، کە دەبێت بەرپرسیارێتییەکی ڕاستەقینە بۆ دادپەروەریی و مافەکانی مرۆڤ بخاتە پێش هاوچەشنیی و بێگەردیی و یەکگرتوویی ئایدیۆلۆجیی. ئەمەش بۆ چەپی کورد بە مانای ڕەتکردنەوەی گێڕانەوە و چوارچێوەکانی چەپی نەتەوە داگیرکەرەکان و قبووڵکردن و لەئامێزگرتنی سیاسەتێک دێت کە هەم خۆ-ڕەخەنییە و هەمیش ڕەگوڕیشەی خۆی لەنێو واقیع و ڕاستینەکانی خەباتی خۆیدا دادەکوتێت. ئەمەش واتە دژایەتیکردنی فراوان و قووڵی میراتە سەرکوتکارەکانی ئیمپریالیزمی ئیسلامیی و دەسەڵاتە سەرکوتکارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داننان بەوەی ئازادیی و ڕزگاریی ناکرێت و نابێت لەڕێگەی ئەو هاوپەیمانییانەوە بەدی بهێنرێت کە ڕەوایەتیی بەژێردەستەیی ئەوانی دیکە دەدەن. تەنها بەدژوەستانەوە بەرانبەر بەم ناکۆکییانە چەپی کورد دەتوانێت ڕێگە بەرەو ڕزگارییەکی ڕاستەقینە هەم بۆ خۆی و هەم بۆ ئەوانی دیکە بکاتەوە، ئەمەش بەوەدا چەپی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزترین مۆدێلی چەپە، بەڵام مۆدێلێکی بێکاریگەرکراو.
بەرەو ناسنامەیەکی تایبەتی چەپی کورد
مادام چەپ ڕۆڵێکی بەهێزی لە کوردستان هەیە و چەپی کوردیش لە بەشێکی کوردستاندا ڕۆڵی بنچینەیی لە سیاسەتدا هەیە، سیاسەتێک بەڵام تەرکیزی لەسەر دیموکراتیزەکردنە نەک ڕزگاریی، ئەوا پێویست دەکات لێرەدا بۆ ڕزگارکردنی چەپ لەم قەیرانە قووڵە، یارمەتیدەری بین. وەک باسکرا، چەپ ماوەیەکی ئێجگار زۆرە بەدەست گرێیەکی خۆبەکەمزانیی دەناڵێنێت کە باڵادەستیی ئایدیۆلۆجییە دەرەکییە هاوردەکراوەکان و پێکهاتە سیاسییەکان دروستیان کردووە. بۆ بەجێهێشتن و تێپەڕاندنی ئەم گرێیە، چەپی کورد دەبێت کاری ئەوە بێت پەرە بە چوارچێوەیەکی ئایدیۆلۆجیی ڕاستەقینە بدات کە بەقووڵیی ڕەگوڕیشەی لەنێو ئەزموون، خەبات و هیوا و ئاواتەکانی کورد دا هەبێت. ئەمەش پێویستی بە دابڕان لە لاساییکردنەوەی ناڕەخنەیی چەپی نەتەوە سەردەستەکان و مامەڵەی ڕەخنەییانە لەگەڵ ئایدیۆلۆجییە هەژموونییەکانی نەتەوە داگیرکەرەکان هەیە.
بۆ دروستبوونی ناسنامەیەکی تایبەتمەندی چەپی کورد دەکرێت کۆمەڵێک هزری فەلسەفیی یارمەتیدەرمان بن. من لێرەدا هەوڵدەدەم بە چەند خاڵێک ڕێگە و ڕێچکەکانی ڕزگاربوون و دەربازبوونی چەپ لەم قەیرانی ناسنامەیە بخەمەڕوو:
باوەشکردنەوە بۆ خۆ-ناسین
چەپی کورد دەبێت واز لەوە بهێنێت بەها و دانپیانان لە نەتەوە باڵادەست و داگیرکەرەکان و چەپەکانیان وەربگرێت و بەها و توانای بکەرییانەی ناوەکیی خۆی بناسێت. ئەمەش پێویستی بەم هەنگاوانەیە:
- گەشەی سەربەخۆییانەی ئایدیۆلۆجیی: دوورکەوتنەوە لە وابەستەییبوونی ئایدیۆلۆجیی بە بزووتنەوە و ئایدیۆلۆجییە هاوردەکراوەکان و دامەزراندنی چوارچێوەیەک ڕەنگدانەوەی ڕاستینەکانی کۆمەڵگە و مێژووی کوردستان بێت.
- متمانەبەخۆبوونی کولتووریی: داننان بە بەهای نەریتە کوردییەکان، زمان و میراتی هزریی و ڕۆشنبیریی کورد وەک پێکهاتە جەوهەرییەکانی گوتاری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی.
ڕەخنەییانە ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدیۆلۆجییە سەرکوتکارەکان
چەپی کورد دەبێت چالاکانە دژی ڕاسیزمی نەتەوە داگیرکەرەکان، ئیمپریالیزمی هەرێمیی و دەسەڵاتخوازیی ڕژێم و گوتار و بزووتنەوە چەپگەرییەکان بوەستێتەوە. بۆ ئەمەش پێویست بەم پێکهاتانە دەکات:
- ڕەتکردنەوەی هاوپەیمانێتییە ناڕەخنەییەکان: ڕەتکردنەوەی هاوپەیمانییە گرفتساز و ناڕەخنەییەکان، خۆبەدوورگرتن لە هاوپەیمانییکردن لەگەڵ ئەو بزووتنەوە چەپگەرییانەی یان دەوڵەتانەی پەرە بە سەرکوت دەدەن یاخود نایانەوێت ڕاستەوخۆ دان بە مافی چارەی خۆنووسینی کورد دا بنێن و هەمیشە لەژێر ناوی «پرسی کرێکاران»، «دیموکراسیی سیاسیی»، هتد، خۆیان دەشارنەوە.
- هەڵوەشاندنەوەی هەژموون: شیکردنەوە و ئاشکراکردنی پێکهاتەکانی دەسەڵات کە دەنگی کورد هەم لە ئاستی هەرێمیی و هەم بەستێنی جیهانییدا بێدەنگ دەکەن. بۆ نموونە، ڕۆڵی چەپی ئێرانیی لە دیاسپۆرا لەسەروبەندی شۆڕشی “ژینا ئەمینی”دا.
بەسەنتەردانانی کولتوور و مێژووی کورد
ناسنامەیەکی تایبەتمەندی چەپی کورد دەبێت هێزی خۆی لە میرات و دەوڵەمەندی کولتووریی و مێژوویی کورد و کوردستان وەربگرێت، نەک لە کەمالیزم، چەپی شیعەگەری ئێرانیی یاخود چەپی ناسیۆنال-سۆسیالیزمی عەرەبیی. بۆیە پێویستە:
- زیندووکردنەوە و بەسەنتەرکردنی هێزی گێڕانەوەی کورد: زەقکردنەوەی بەشدارییەکانی بیرمەندان، شاعیران و ئەو ڕابەرانەی کورد کە فۆرمیان بە خەباتی کورد بۆ سەربەخۆیی، سەربەستیی و دادپەروەریی بەخشیوە.
- زیندووکردنەوە و بووژاندنەوەی کولتووریی: بانگەشەکردن و زەقکردنەوەی هونەر، ئەدەبیات و نەریتە کوردییەکان وەک ئامرازەکانی بەرەنگاریی و خۆ-دەربڕین.
بونیادنانی هاوپشتیی نێودەوڵەتیی
لەکاتێکدا دەبێت چەپی کورد هەڵوێست و پێگەیەکی ڕەخنەیی بەرانبەر بە بزووتنەوە چەپگەرییە باڵادەستەکان هەبێت، هاوکات دەبێت بانگەشە بۆ هاوپەیمانییەکان بکات لەگەڵ بزووتنەوە پێشکەوتووخوازە جیهانییەکاندا، کە مەرج نییە ڕاستەوخۆ سۆسیالیست یان کۆمۆنیست بن. بەڵام بۆ ئەم مەبەستە چەپی کورد خۆی لە ئاستی یەکساندا ببینێت. کەواتە:
- بەرپرسیارێتییە هاوبەشەکان: هاوپەیمانبوون لەگەڵ ئەو گرووپ و ڕێکخراوانەی باوەڕیان بە پرەنسیپە گەردوونییەکانی مافەکانی مرۆڤ، دژە-ڕاسیزم، دادپەروەریی، سەروەریی و سەربەخۆیی نەتەوەکان هەیە.
- ئاڵوگۆڕی هاوبەش و دوولایەن: چەپی کورد هەوڵبدات ڕوانگە تاقانە کوردییەکان بۆ خەباتە جیهانییەکان بەدەستەوە بدات و ڕوانینی خۆی بۆ مێژووی جیهانیی وەک ڕوانینێکی کوردیی بخاتەڕوو، هاوکات لە ئەزموونەکانی گەلانی چەوساوەی دیکە فێرببێت.