سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سەربەخۆییخوازی و سەروەریخوازی لە دۆخی دەوڵەت-نەتەوەدا

دەشێ بزووتنەوەیەکی سیاسی سەروەریخواز بێت، بەبێ ئەوەی سەربەخۆیی و دەوڵەت بخوازێت؟!

عەتا جەماڵی

پێشەکی

کێشەی لێکچوون و جیاوازیی نێوان چەمکەکانی سەربەخۆییخوازی و سەروەریخوازی، لە گوتار و کردەوەی سیاسیی بزووتنەوە نەتەوەییەکاندا، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک پرسیاری تیۆریک و کرداری. تێکەڵاوکردنی ئەم دوو چەمکە و تێنەگەیشتن لە پەیوەندی و جیاوازییەکانیان، کاریگەریی نەرێیی لەسەر داڕشتنی ستراتیجیی سیاسی و ئاراستەی خەباتی نەتەوەیی دادەنێت.

لەم وتارەدا سەرەتا هەوڵ دەدەین چەمکەکانی سەربەخۆییخوازی و سەروەریخوازی لە چوارچێوەی تیۆریی سیاسی و دەوڵەت-نەتەوەدا پێناسە بکەین. سەربەخۆییخوازی وەک خواستێکی سیاسی و ستراتیجیک، بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دەناسێنین، لە کاتێکدا سەروەریخوازی وەک ویستی دەسەڵاتی باڵا بەسەر خاک و دانیشتووانی ئەو خاکەدا شرۆڤە دەکەین.

بەڵام پرسیاری سەرەکیی ئەم وتارە پەیوەندیی نێوان ئەم دوو چەمکەیە. ئایا سەروەریخوازی دەتوانێت بەبێ سەربەخۆییخوازی بوونی هەبێت؟ ئایا بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی دەتوانێ داوای سەروەری بکات بەبێ ئەوەی خواستی سەربەخۆیی هەبێت؟ ئێمە لەم وتارەدا دەمانەوێ بیسەلمێنین کە سەروەریخوازی بەبێ سەربەخۆییخوازی، چەمکێکی بێناوەرۆک و دژواز دەبێت.

لە ڕێگەی شیکردنەوەی چەمکی و لێکدانەوەی تیۆریکەوە، ئەم وتارە هەوڵ دەدات بیسەلمێنێت کە سەربەخۆییخوازی، پێشمەرجی سەروەریخوازییە و ئەم دوو چەمکە دوو قۆناغی جیاوازی پرۆسەی دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەن. لەم ڕوانگەیەوە، سەروەریخوازی قۆناغێکی دواترە و ناتوانێت پێش سەربەخۆییخوازی بوونی هەبێت.

پێناسەی چەمکەکان

سەروەریخوازی

لە ڕاستیدا بۆ باسی تەواوی تیۆریی سەروەری، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ کتێبی “شەش کتێب لەسەر کۆماری” (Six livres de la République) بۆدان. بۆدان یەکەم کەسە کە سەروەری لە بازنەی تیۆلۆژیا و فەلسەفەی کۆن دەردەهێنێت و وەک چەمکێکی سیاسی-یاسایی فۆرمۆلەی دەکات.

پێناسە بەناوبانگەکەی بۆدان بۆ سەروەری بریتییە لە: “دەسەڵاتی باڵا و هەمیشەیی کۆمارێک”. چەمکی کۆمار لێرەدا بە مانای دەوڵەت دێت و مەبەستی بۆدان دەوڵەتێکە کە هیچ دەسەڵاتێکی باڵاتر لە خۆی قبووڵ ناکات.

بە دوای بۆداندا، هۆبز لە لێڤیاتان (١٦٥١)دا تیۆرییەکی تەواوکار بۆ سەروەری پێشکەش دەکات. هۆبز جەخت لەسەر دوو خاڵی گرنگ دەکاتەوە: یەکەم: سەروەری دەبێ یەکپارچە بێت و دابەش نەکرێت. دووەم: سەروەری پێویستی بە هێزی کردەییە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی.

تێگەیشتنی هۆبز بۆ سەروەری، لە ترسی شەڕی ناوخۆییەوە سەرچاوە دەگرێت. هۆبز پێی وایە ئەگەر سەروەری دابەش بکرێت (بۆ نموونە لە نێوان چەند دەسەڵاتێکدا)، ئەوا شەڕی ناوخۆیی ڕوودەدات. یەکپارچەیی سەروەری لای هۆبز، بنەمای گرنگی ئاشتی و ئاسایشە. هەروەها هۆبز باوەڕی وایە، سەروەری تەنیا بە گرێبەستی کۆمەڵایەتی نایەتە دی، بەڵکوو پێویستی بە هێزی کردەیی هەیە. ئەم هێزە کردەییە مەرجێکی پێویستە بۆ ئەوەی خەڵک پابەندی یاسا و ڕێساکان بن. بەبێ ئەم هێزە، سەروەری وەک نووسینێکی سەر کاغەز دەمێنێتەوە و هیچ کاریگەرییەکی نابێت.

بە کورتی، هۆبز لە پاش شەڕی ناوخۆی ئینگلتەرا، سەروەریی یەکپارچە و بەهێز، وەک پێشمەرجی ئاشتی و ئاسایش دەبینێت.

دواتر ماکس ڤێبێر لە “ئابووری و کۆمەڵگا” (١٩٢٢)دا تیۆریی سەروەری دەباتە قۆناغێکی نوێوە و پەیوەندیی دەدات بە پرسی مۆنۆپۆلی هێزی ڕەواوە. بە بۆچوونی ڤێبێر، سەروەری بە مانای مۆنۆپۆلی هێزی ڕەوا دێت لە سنوورێکی دیاریکراوی جوگرافیدا.

تێگەیشتنی ڤێبێر لە سەروەری لە ساڵانی دوای جەنگی یەکەمی جیهانیدا،گرنگییەکی مێژوویی هەیە. کاتێک ڤێبێر باس لە مۆنۆپۆلی هێزی ڕەوا دەکات، مەبەستی ئەوەیە کە تەنیا دەوڵەت مافی بەکارهێنانی هێزی هەیە لە سنوورێکی دیاریکراودا.

“رەوایی” لێرەدا بابەتێکی زۆر گرنگە: ڤێبێر هەوڵ دەدات جیاوازی بکات لە نێوان هێزی ڕووت و هێزێک کە لەلایەن کۆمەڵگەوە وەک ڕەوا قبووڵ کراوە. واتە سەروەری تەنیا دەسەڵاتی زۆرەملێ نییە، بەڵکوو دەسەڵاتێکە کە کۆمەڵگە قبووڵی کردووە و پێی ڕازییە. هەروەها مۆنۆپۆل لێرەدا تەنیا بە مانای خاوەندارێتی نایەت، بەڵکوو بە مانای ئەوە دێت کە تەنیا دەوڵەت مافی بەکارهێنانی هێزی هەیە و هەر گرووپێکی دیکە ئەم مافەی بەکار بهێنێت، لەلایەن دەوڵەتەوە وەک نایاسایی سەیر دەکرێت.

بێگومان سەروەری بەپێی سەردەم و گۆڕانی سیستەمی سیاسی جیهانی، گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، هێگڵ لە “فەلسەفەی ماف”دا تیۆرییەکی نوێی سەروەری دەخاتە ڕوو. لای هێگڵ، سەروەری پەیوەندیی بە ئیرادەی سیاسیی نەتەوەوە هەیە. بەم مانایە، سەروەری تەنیا دەسەڵاتی کردەیی نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بە ئیرادەی سیاسیی نەتەوەوە هەیە.

تێڕوانینی هیگڵ بۆ سەروەری لەسەر بنەمای پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و نەتەوە دامەزراوە. بە بۆچوونی ئەو، سەروەری تەنیا توانای بەکارهێنانی هێز نییە، بەڵکوو بریتییە لە دەرکەوتنی ویستی هاوبەشی سیاسیی نەتەوە. واتە سەروەری تەنیا لە ڕێگەی دەسەڵاتی سەربازی و بیرۆکراتیکەوە دەرناکەوێت، بەڵکوو لە ڕێگەی پرۆسەیەکی دیالێکتیکییەوە دەردەکەوێت، کە تیایدا نەتەوە وەک یەکەیەکی هۆشیار و خاوەن ئیرادە، لە ڕێگەی دەوڵەتەوە خۆی دەردەبڕێت و دەسەڵاتی خۆی پراکتیزە دەکات.

هانس کێڵسن لە “تیۆریی گشتیی یاسا و دەوڵەت”دا (١٩٤٥)، سەروەری وەک چەمکێکی یاسایی شرۆڤە دەکات. بەلای کێڵسنەوە، سەروەری یەکسانە بە یاسای بنەڕەتی و ئەو بنەمایەی کە هەموو یاساکانی دیکە لێیەوە سەرچاوە دەگرن. لێرەدا کێڵسن هەوڵ دەدات سەروەری لە چوارچێوەی دەوڵەتی مۆدێرن و یاسای پۆزەتیڤدا شرۆڤە بکات.

کارڵ شمیت لە “تیۆریی سیاسی”دا (١٩٣٢) جەخت لەسەر ڕەهەندێکی گرنگی سەروەری دەکات: توانای وەستاندنی یاسا لە دۆخی نائاساییدا. بەم مانایە، سەروەری تەنیا پەیوەندیی بە جێبەجێکردنی یاساوە نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بە توانای هەڵپەساردنی یاسایشەوە هەیە.

شمیت جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە خاوەنی ڕاستەقینەی سەروەری ئەو کەس/دامەزراوەیەیە کە دەتوانێت بڕیار لەسەر دۆخی نائاسایی بدات و یاسا هەڵپەسێرێت. ئەمە لە دۆخە نائاساییەکاندا دەردەکەوێت، کاتێک سیستەمی یاساییی ئاسایی کارا نامێنێت.

بە بۆچوونی شمیت، جەوهەری سەروەری لەو خاڵەدا دەردەکەوێت کە کێ دەتوانێت بڕیار بدات یاسا کارا نەمێنێت و دۆخێکی نائاسایی ڕاگەیەنێت. ئەمە دەریدەخات کە سەروەری لە سەرووی یاساوەیە و دەتوانێت یاسا هەڵپەسێرێت بۆ پاراستنی خودی دەوڵەت.

بۆ نموونە لە کاتی شەڕ، قەیران، یان شۆڕشدا، خاوەنی سەروەری دەتوانێت هەندێک یاسا و ماف هەڵپەسێرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە. ئەمە پێمان دەڵێت کە سەروەری تەنیا پابەندبوون بە یاساوە نییە، بەڵکوو دەسەڵاتی هەڵپەساردنی یاسایشە.

ئەمڕۆ لە تیۆریی هاوچەرخدا سەروەری بەم مانایە دێت: دەسەڵاتی باڵای یاسایی-سیاسی کە هەم دانپێدانراوە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، هەم توانای کردەیی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لە سنوورێکی دیاریکراودا هەیە.

ئەم پێناسەیە لە دوو ڕەهەندی سەرەکی پێکهاتووە:

یەکەم، دانپێدانانی نێودەوڵەتی: لە جیهانی هاوچەرخدا، دەوڵەت تەنیا بە هێزی کردەیی ناتوانێت سەروەر بێت، بەڵکوو پێویستی بە دانپێدانانی نێودەوڵەتی و بەشداری لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا هەیە. بۆ نموونە، تورکیای باکووری کیپرۆس هێزی کردەیی هەیە، بەڵام سەروەر نییە، چونکە دانپێدانانی نێودەوڵەتیی نییە.

دووەم، توانای کردەیی: سەروەری پێویستی بە کۆنترۆڵی کردەییی خاک و دانیشتووانە. بۆ نموونە، حکومەتی سۆماڵ دانپێدانانی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام لەبەر نەبوونی کۆنترۆڵی کردەیی بەسەر هەموو خاکەکەیدا، سەروەرییەکی لاوازی هەیە.

ئەم پێناسەیە لە ژێر کاریگەریی تێگەیشتنە کلاسیکییەکانی ڤێبێر(هێزی کردەیی) و دەرکەوتنی سیستەمی نوێی نێودەوڵەتیدا گەڵاڵە بووە.

تێگەیشتن لە چەمکی سەروەری وەک دەسەڵاتێکی باڵای یاسایی-سیاسی کە لە بۆدانەوە تا دەگاتە تیۆریسییەنە هاوچەرخەکان پەرەی سەندووە، یارمەتیمان دەدات لەوە تێبگەین کە چۆن سەروەریخوازی بەبێ سەربەخۆییخوازی ناتوانێتت بوونێکی ڕاستەقینەی هەبێت. چونکە سەروەری، پێویستی بە دوو ڕەهەندی بنەڕەتی هەیە: یەکەم، دەسەڵاتی کردەیی بەسەر خاک و دانیشتوواندا، و دووەم، دانپێدانانی نێودەوڵەتی. کەواتە ناکرێت بزووتنەوەیەکی سیاسی کە خۆی لە بنەڕەتدا مەیلی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نییە، بانگەشەی سەروەریخوازی بکات.

ئەمەش بەو مانایە دێت کە کاتێک هێگڵ باس لە پەیوەندی سەروەری بە ئیرادەی سیاسیی نەتەوەوە دەکات، یان کاتێک ڤێبێر جەخت لەسەر مۆنۆپۆلی هێزی ڕەوا دەکات، هەردوو تیۆرییەکە پێشمەرجێکی بنەڕەتییان هەیە: بوونی دەوڵەت-نەتەوەیەکی سەربەخۆ کە توانای پراکتیککردنی ئەم سەروەرییەی هەبێت. هەر بۆیە دەکرێت بڵێین بانگەشەی سەروەریخوازی بەبێ خواستی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت، چەمکێکی دژواز و بێناوەرۆکە.

هەروەها گرنگە سەرنج بدەینە ئەوەی کە تیۆریی هاوچەرخی سەروەری، بەتایبەت لە دوای شمیتەوە، جەخت لەسەر توانای وەستاندن و هەڵپەساردنی یاسا لە دۆخی نائاساییدا دەکات. ئەم تایبەتمەندییە سەرەکییەی سەروەری، ناکرێت بەبێ بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەدی بێت. چونکە تەنیا دەوڵەتێکی سەربەخۆیە کە دەتوانێت بڕیار لەسەر دۆخی نائاسایی بدات و یاسا هەڵپەسێرێت.

لەم ڕوانگەیەوە، ناتەواوی و ناکۆکیی ناوەکیی سەروەریخوازی بەبێ سەربەخۆییخوازی لە چەند لایەنەوە خۆی دەردەخات:

یەکەم، کاتێک باس لە مۆنۆپۆلی هێزی ڕەوا دەکەین، پێویستمان بە دەوڵەتێکە کە بتوانێت ئەم مۆنۆپۆلە بەدەست بهێنێت. بزووتنەوەیەک کە خوازیاری سەربەخۆیی نییە، چۆن دەتوانێت داوای مۆنۆپۆلی هێز بکات؟

دووەم، کاتێک باس لە دانپێدانانی نێودەوڵەتی دەکەین، پێویستمان بە یەکەیەکی سیاسیی سەربەخۆ هەیە کە داوای ئەم دانپێدانانە بکات. بزووتنەوەیەک کە خۆی نایەوێت ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، چۆن دەتوانێت داوای دانپێدانانی نێودەوڵەتی بکات؟

سێیەم، کاتێک باس لە توانای هەڵپەساردنی یاسا دەکەین، پێویستمان بە دەوڵەتێکی سەروەرە کە بتوانێت ئەم بڕیارە بدات. بزووتنەوەیەک کە خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەت نییە، چۆن دەتوانێت باس لە سەروەری بە مانای توانای هەڵپەساردنی یاسا بکات؟

کەواتە، تیۆریی سەروەری بەتەواوی دەریدەخات کە سەروەریخوازی تەنیا دەتوانێت لە چوارچێوەی پرۆژەی دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوەدا مانا بدات، و هەر بزووتنەوەیەک کە ئەم مەبەستەی نییە، ناتوانێت بانگەشەی سەروەریخوازی بکات.

سەربەخۆییخوازی

سەربەخۆییخوازی وەک تیۆری پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە دەرکەوتنی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرنەوە هەیە. لە سەدەی نۆزدەدا، دوو گۆڕانی گەورە ڕوویان دا:

یەکەم، ئەوە کە لە ڕووی سیاسییەوە داڕمانی ئیمپڕاتۆرییەتە کۆنەکان دەرفەتی بۆ گەلانی ژێردەست ڕەخساند داوای دەوڵەتی خۆیان بکەن. بۆ نموونە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، داڕمانی ئیمپڕاتۆرییەتی نەمسا-هەنگاریا بوو بە هۆی دروستبوونی چەندین دەوڵەتی نوێ وەک چیکۆسلۆڤاکیا، یوگۆسلاڤیا و پۆڵەندا.

گۆڕانکاریی دووەمیش لە ڕوی هزرییەوە بوو کە چەمکی نەتەوە جێگەی وابەستەیی ئایینی و خێڵەکیی وەک بنەمای ڕێکخستنی سیاسی گرتەوە. ئەم گۆڕانە هزرییە هاوکات بوو لەگەڵ گەشەی چینی بۆرژوا و ڕۆشنبیراندا کە خوازیاری دەوڵەتی نەتەوەیی بوون.

ئەم گواستنەوەیە تەنیا گۆڕانێکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو گۆڕانێکی قووڵ بوو لە تێگەیشتنی خەڵک بۆ دەسەڵات و ڕەوایی. ئیتر ڕەواییی دەسەڵات نەک لە ئایین و بنەماڵەی پاشایەتییەوە، بەڵکوو لە نەتەوەوە سەرچاوەی دەگرت. لێرەوە سەربەخۆییخوازی وەک تیۆرییەکی سیاسی دەرکەوت کە لەسەر ئەم بنەمایە دامەزرابوو: هەر نەتەوەیەک مافی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەیە.

تیۆریسییەنە سەرەکییەکانی ئەم بوارە، سەربەخۆییخوازی وەک پرۆسەیەکی ئاڵۆزی سیاسی-کۆمەڵایەتی دەبینن کە چەندین ڕەهەندی هەیە.

یەکەم، ڕەهەندی کولتووری و ناسنامەیی سەربەخۆیخوازی

بە بۆچوونی بێنێدیکت ئەندێرسۆن، نەتەوە کۆمەڵگەیەکی خەیاڵکردە کە لەسەر بنەمای کولتوور و مێژووی هاوبەش دروست دەبێت و ئەم ناسنامە هاوبەشە بنەمای ویستی سەربەخۆییە. ئەندێرسۆن پێی وایە کە زمان، کولتوور و مێژووی هاوبەش، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە دروستکردنی ویستی سەربەخۆییدا.

ئەندێرسۆن لە کتێبی “کۆمەڵگە خەیاڵکردەکان: سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ناسیۆنالیزم” (١٩٨٣)، ڕەهەندی کولتووری و ناسنامەیی سەربەخۆییخوازی لە ڕێگەی چەند خاڵێکی سەرەکییەوە شرۆڤە دەکات.

یەکەم ئەوە کە چەمکی خەیاڵکرد، لێرەدا بەمانای نادروست یان ناڕاست نییە، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە هەموو ئەندامانی نەتەوەیەک یەکتر ناناسن بەڵام هەست بە هاوبەشی دەکەن. ئەو دەڵێت ئەم هەستە لە ڕێگەی زمانی هاوبەش، کولتووری هاوبەش و مێژووی هاوبەشەوە دروست دەبێت. دووەم ئەوە کە  پرۆسەی دروستبوونی ئەم ناسنامە هاوبەشە پەیوەندیی بە گەشەی چاپەمەنی و ڕۆژنامەگەری و هەروەها گەشەی پەروەردەی گشتی و دامەزراوە کولتوورییەکانەوە هەیە.

ئەندێرسۆن پێی وایە ئەم ناسنامە هاوبەشە بنەمای سەرەکیی خواستی سەربەخۆییە، چونکە لەلایەکەوە هەستی جیاوازبوون لە نەتەوەکانی دیکە دروست دەکات و لەلایەکی دیکەیشەوە، پێویستی بە چوارچێوەیەکی سیاسی تایبەت دەخوڵقێنێت و لە ئاکام دا ئەو کۆمەڵگە خەیاڵکردە(نەتەوە) کە هەست بە جیاوازبوون لەوانی تر دەکات، بۆ مەبەستی داڕشتنی چوارچێوەی سیاسیی تایبەت بە خۆی، مافی دەوڵەتی سەربەخۆ وەک ئامانجی نەتەوەیی دەخاتە ڕوو.

دووەم، ڕەهەندی سیاسیی سەربەخۆییخوازی

 ڕەهەندی سیاسیی سەربەخۆییخوازی لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا دەردەکەوێت کە ڕەنگە یەکەمیان زەروورەتی هەبوونی ڕێکخستنی سیاسی بێت. میرۆسلاڤ هرۆخ، لە کتێبی “بزووتنەوە نەتەوەییەکانی ئەوروپا”دا (١٩٨٥)، باس لەوە دەکات کە بزووتنەوەی سەربەخۆییخواز بەبێ ڕێکخراوی سیاسی ناتوانێتت پێش بکەوێت. هرۆخ لە توێژینەوەکەیدا سەبارەت بە بزووتنەوە نەتەوەییەکانی ئەوروپای سەدەی نۆزدە، چەند خاڵێکی سەرەکی دەربارەی پێویستیی ڕێکخستنی سیاسی دەخاتە ڕوو. بە بۆچوونی ئەو، بزووتنەوەی سیاسیی نەتەوەیی تەنیا کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە خاوەنی ڕێکخستنێکی سیاسیی بەهێز بێت. ئەم ڕێکخستنە سیاسییە لە ڕێگەی ڕێکخراو یان بەرەی سیاسییەوە دەتوانێت ببێتە نوێنەری ڕاستەقینەی نەتەوە. مەبەست لە پەیکەری ڕێکخراوەیی ڕوون، بوونی سەرکردایەتی، پرۆگرام، میکانیزمی بڕیاردان و پەیوەندی لەگەڵ جەماوەردایە.

هرۆخ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ڕێکخستنی سیاسی، دەبێت توانای کۆکردنەوەی هێزە کۆمەڵایەتییەکانی هەبێت. واتە نەک تەنیا چینێک یان توێژێک، بەڵکوو هەموو چین و توێژەکانی نەتەوە لە خۆ بگرێت. ئەم کۆکردنەوەیە لە ڕێگەی بەرنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە دەکرێت کە بەرژەوەندیی هەموو چینەکان لەبەرچاو بگرێت.

نوێنەرایەتیکردنی نەتەوە لای هرۆخ تەنیا نوێنەرایەتیی فۆرماڵ نییە، بەڵکوو دەبێ ڕێکخستنی سیاسی لە ڕێگەی دیاریکردنی ئامانجی ڕوون، داڕشتنی ستراتیجی گونجاو، دروستکردنی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ جەماوەر، توانای گوزارشتکردن لە ویست و خواستە ڕاستەقینەکانی نەتەوەی هەبێ.

 “خواستە ڕاستەقینەکانی نەتەوە” بەگوێرەی هرۆخ ئەو داخوازییانەیە کە پەیوەندییان بە دۆخی واقیعی نەتەوەکەوە هەیە، وەک:

سەربەخۆیی سیاسی، ڕزگاربوون لە ژێردەستەیی، پاراستنی کولتوور و زمان، بەرەوپێشبردنی ئابووریی نەتەوەیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ.

ناوبراو جیاوازی دەکات لە نێوان خواستی ڕاستەقینە و ئەو خواستانەی کە تەنیا لە ئاستی ئایدیۆلۆژیدا دەمێننەوە. خواستی ڕاستەقینە ئەوەیە کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیانی ڕۆژانە و دۆخی کۆمەڵایەتی-سیاسیی نەتەوەکەوە هەیە.

ڕەهەندی ئابووریی سەربەخۆییخوازی

ڕەهەندی ئابووریی سەربەخۆییخوازی لە سێ توێی سەرەکیدا خۆی دەنوێنێت:

لە توێی یەکەمدا، خوێندنەوەی توانا ئابوورییەکان دێت. ئەمە لەبەر ئەوە گرنگە کە بزووتنەوەی سەربەخۆییخواز دەبێت بیسەلمێنێت کە خاکی داواکراوی ئەو، توانای بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی ژیانی ئابووری خەڵکی هەیە. ئەمە لە ڕێگەی توێژینەوەی ئابووری، کۆکردنەوەی داتا، و داڕشتنی پلانی ئابوورییەوە دەکرێت.

لە توێی دووەمدا، دامەزراندنی ناوەندی بڕیاردانی ئابووری دێت. بزووتنەوەی سەربەخۆییخواز، ناتوانێت چاوەڕێی دوای سەربەخۆیی بێت بۆ دامەزراندنی ئەم ناوەندانە. پێویستە لە قۆناغی خەباتدا دامەزراوەی دارایی و ئابووری دابمەزرێنێت، کادری پسپۆڕ پەروەردە بکات، ئەزموونی بەڕێوەبردن کۆبکاتەوە و هەروەها توانای دیزاینکردنی سیاسەتی ئابووریی هەبێت.

 توێی سێیەم، ستراتیجیی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانە. بزووتنەوەی سەربەخۆییخواز دەبێ نیشانی بدات کە چۆن دەتوانێ سەرچاوەکان بەڕێوە ببات، چۆن پەیوەندی لەگەڵ بازاڕی جیهانی دروست دەکات، چۆن سیستەمی دارایی و بانکی دادەمەزرێنێت و چۆن سیاسەتی باج و گومرگ جێبەجێ دەکات.

ئەم سێ توێیە پێکەوە گرێدراون و بنەمای ڕەهەندی ئابووریی سەربەخۆییخوازی پێکدەهێنن. ئەمە بەو مانایە دێت کە سەربەخۆییخوازی تەنیا خواستێکی سیاسی نییە، بەڵکوو پرۆژەیەکی ئابووریشە. سەرکەوتنی بزووتنەوەی سەربەخۆییخواز، پەیوەنستە بە سەلماندنی توانایی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە ئابوورییەوە هەیە.

ڕەهەندی نێودەوڵەتیی سەربەخۆییخوازی

ڕەهەندی نێودەوڵەتیی سەربەخۆییخوازی لە کاتێکدا کە بزووتنەوەیەک هیچ خاکێکی کۆنترۆڵکراوی لەبەردەستدا نییە، لە چەند ئاستێکی جیاوازدا دەردەکەوێت:

یەکەم: پشتیوانیی نێودەوڵەتی. پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ بزووتنەوەیەکی سەربەخۆییخواز لە دوو ئاستی دیپلۆماسی و یاساییدا گرنگ و پێویستە. لە ئاستی دیپلۆماسیدا، بوونی نوێنەرایەتی و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان گرنگە، چونکە ئەمە بنەمای دانپێدانانی داهاتووە. لە ئاستی یاساییشدا، دەبێت میکانیزمەکانی یاسای نێودەوڵەتی بەتایبەت مافی چارەی خۆنووسین بەکار بهێنرێن بۆ بەرگری لە مافی سەربەخۆیی.

دووەم: هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە. بزووتنەوەی سەربەخۆییخواز ناتوانێت لە دەرەوەی کۆنتێکستی ناوچەییدا کار بکات. پێویستە هاوسەنگیی هێزی نێوان دەوڵەتان لە ناوچەکەدا بخوێنێتەوە و لە هەر دەرفەتێکی گونجاودا کەڵکی لێوەربگرێت. ئەم هاوسەنگییە کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی دەوڵەتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەگەری سەرکەوتنی داواکارییەکانی بزووتنەوەکە هەیە. بۆ نموونە، کاتێک هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا دەگۆڕدرێت، هەلی نوێ بۆ بزووتنەوەی سەربەخۆییخواز دەڕەخسێت.

سێیەم: دابەشبوونی جیۆپۆلیتیکی. هەر ناوچەیەک گرنگیی جیۆپۆلەتیکیی تایبەت بە خۆی هەیە. بزووتنەوەی سەربەخۆییخواز دەبێت بزانێت گرنگیی ستراتیجیی خاکەکەی چییە، چ ڕۆڵێکی لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە، چۆن دەتوانێت ئەم گرنگییە لە بەرژەوەندی خۆی بەکار بهێنێت و چۆن پێگەی جیۆپۆلیتیکیی خۆی بەکار بهێنێت بۆ ڕاکێشانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی.

چوارەم: بەرژەوەندیی هێزە گەورەکان. بزووتنەوەی سەربەخۆییخواز پێویستە بزانێت چۆن پڕۆژەی سەربەخۆییەکەی لەگەڵ بەرژەوەندیی هێزە گەورەکان یەک دەگرێتەوە و چۆن دەتوانێ پشتیوانیی ئەم هێزانە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. وەها بزووتنەوەیەک هەروەها دەبێت لە ڕێگاکانی کەڵک وەرگرتن لە ململانەی زلهێزەکان شارەزا بێت.

پێنجەم: ڕۆڵی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. بزووتنەوەیەکی سەربەخۆییخواز هاوکات پێویستە پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دروست بکات و بە ئامادەیی لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانیاندا کەڵک لە میکانیزمەکانی ئەو ڕێکخراوانە وەربگرێت.

بەگشتی بزووتنەوەیەک بەبێ بایەخدان یان خۆتەیارکردن بۆ داپۆشینی لایەنەکانی ڕەهەندە نێودەوڵەتییەکانی بەرەوپێش چوونی ئامانجی سەربەخۆیی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، ناتوانێت ئیدیعای سەربەخۆییخواز بوون بکات، بەڵکووو دەبێت لە ئاستێکی دیکە و بە شێوازێکی دیکە خۆی پۆلێن بکات.

 ڕەهەندی یاسایی سەربەخۆییخوازی

 ڕەهەندی یاساییی سەربەخۆییخوازی، لە چوارچێوەی پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بنەمای دوو بنەمای گرنگ دامەزراوە: مافی چارەی خۆنووسین و پرەنسیپی یەکسانیی نەتەوەکان. ئەم دوو بنەمایە لە ماددەی یەکی بەڵگەنامەی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان جێگیر کراون.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخواز دەتوانێ لە چەند ئاستدا کار لەسەر ڕەهەندی یاسایی بکات. گرنگترینیان بەرزکردنەوەی داواکارییەکانە بۆ ئاستی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی میکانیزمە یاساییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. لێرەدا زۆر گرنگە کە بزووتنەوەکە خۆی وەک نوێنەری ڕاستەقینەی نەتەوەیەک پێشان بدات و بتوانێت، بەڵگەی پێویست بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم نوێنەرایەتییە بخاتە ڕوو.

لە ڕووی پراکتیکییەوە، بزووتنەوەکە دەتوانێ لە ڕێگەی ئەو دەوڵەتانەی کە پشتیوانیی لێدەکەن، داواکارییەکانی بباتە ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەروەها دەتوانێ ڕاپۆرتی تایبەت سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەیی پێشکەش بە کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤ بکات. لە هەمان کاتدا، دەتوانێ داوای ڕاوێژکاری لە دادگای نێودەوڵەتی دادپەروەری بکات سەبارەت بە مافی چارەی خۆنووسین.

گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە بزووتنەوەکە پێویستە لە ڕێگەی ئەم میکانیزمانەوە بیسەلمێنێت کە هەڵگری خواستی ڕاستەقینەی نەتەوەکە واتە سەربەخۆیی سیاسی، ڕزگاربوون لە ژێردەستەیی، پاراستنی کولتوور و زمان، بەرەوپێشبردنی ئابووری نەتەوەیی و دامەزراندنی دەوڵەت بەپێی پێویستی نەتەوەکەیە. ئەمە بەو مانایەیە کە دەبێ بسەلمێندرێت خواستی سەربەخۆیی تەنیا ویستی گرووپێکی سیاسی لەناو گرووپە سیاسییەکانی دیکەدا نییە. لە ڕەهەندی ناوخۆییی نەتەوەکەدا، ئەم نوێنەرایەتییە لە ڕێگەی میکانیزمگەلێک وەک کۆنگرەی نەتەوەیی، ئەنجومەنی نوێنەرایەتی یان هەر چەشنە ڕێکخراوێکی سەرتاسەری، لەسەر بنەمای گوتاری نەتەوەیی هاوبەش و تێپەڕین لە قۆناغی ژێردەستەیی و گەیشتن بە سەربەخۆیی پێک دێت. لە ئاستی پراکتیکیشدا  لێکۆڵینەوە لە کەیسە هاوشێوەکان کە تیایاندا بزووتنەوەی سەربەخۆییخواز لە ڕێگەی قۆناغبەندیی دروستەوە بگات بە سەروەری. ئەم وتارە سەرنج دەداتە ئەو میکانیزمە نێودەوڵەتییانەی کە لەگەڵ تێگەیشتنی مۆدێرن لە سەروەریدا دەگونجێن و دەتوانن یارمەتیدەری پرۆسەکە بن.

 تیۆریی دەوڵەت-نەتەوە

دەوڵەت-نەتەوە وەک دیاردەیەکی مۆدێرن لە ئەوروپای سەدەی حەڤدەهەمەوە سەری هەڵدا. ئەم سەرهەڵدانە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمەوە هەبوو. پەیماننامەی وێستفالیا لە ساڵی ١٦٤٨ خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی سیاسیی ئەوروپادا. ئەم پەیماننامەیە کۆتایی بە سیستەمی کۆنی ئیمپڕاتۆری هێنا و بناغەی سیستەمێکی نوێی دانا کە تیایدا دەوڵەتە سەربەخۆکان جێگەی ئیمپڕاتۆریەتە گەورەکانیان گرتەوە.

لە سیستەمی نوێدا، چیتر دەسەڵات لە نێوان چەندین ناوەندی جیاوازدا دابەش نەکرا. لە جیاتیی ئەوە، دەوڵەت-نەتەوە دەسەڵاتی تەواوی بەسەر خاک و دانیشتووانی خۆیدا وەرگرت. ئەمە گۆڕانێکی گەورە بوو لە چۆنیەتیی ڕێکخستنی دەسەڵاتدا. لە سیستەمی کۆندا، کڵێسا، دەرەبەگەکان و پاشا، هەریەکە و بەشێک لە دەسەڵاتیان هەبوو. بەڵام لە سیستەمی نوێدا، دەوڵەت-نەتەوە بوو بە تاکە خاوەنی دەسەڵات.

گۆڕانێکی گرنگی دیکە لە سەرچاوەی ڕەوایی دەسەڵاتدا ڕوویدا. لە جیاتی ئەوەی دەسەڵات لە ئایین یان بنەماڵەی پاشایەتییەوە ڕەوایی وەربگرێت، نەتەوە بوو بە سەرچاوەی ڕەوایی. ئەمە گۆڕانێکی بنەڕەتی بوو لە تێگەیشتن بۆ دەسەڵات. چیتر حوکمڕان نوێنەری خودا یان خاوەنی مافێکی ئاسمانی نەبوو، بەڵکوو نوێنەری نەتەوە بوو.

دەوڵەت-نەتەوە هەوڵی دا لە ڕێگەی زمان، کولتوور و پەروەردەی گشتییەوە ناسنامەیەکی هاوبەش دروست بکات. ئەم هەوڵە جیاواز بوو لە سیاسەتی ئیمپڕاتۆریەتەکان کە ڕێگەیان بە فرەیی کولتووری دەدا. دەوڵەت-نەتەوە پێی وابوو یەکێتی نەتەوەیی پێویستی بە یەکێتیی کولتووری و زمانی هەیە. بۆیە هەوڵی دا لە ڕێگەی سیستەمی پەروەردەوە زمان و کولتووری نەتەوەیی بڵاو بکاتەوە.

یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی دەوڵەت-نەتەوە بریتییە لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ تاکدا. لە سیستەمی کۆندا، تاک سەر بە خێڵ، دەرەبەگ یان کڵێسا بوو. بەڵام دەوڵەت-نەتەوە چەمکی هاوڵاتیبوونی هێنایە ئاراوە. لە ڕێگەی هاوڵاتیبوونەوە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان تاک و دەوڵەتدا دروست بوو. ئەم پەیوەندییە مافی هاوڵاتیبوونی بەخشی بە تاک و لە بەرامبەردا ئەرکی خستە سەر شانی.

ئەم گۆڕانە کاریگەریی قووڵی لەسەر کۆمەڵگە هەبوو. چیتر خەڵک خۆیان بە ڕەعیەتی پاشا یان سەر بە خێڵ و عەشیرەت نەدەزانی، بەڵکوو هاوڵاتیی دەوڵەت-نەتەوە بوون. ئەمە هەستی هاوبەشی نەتەوەیی بەهێز کرد و خەڵکی بە شێوەیەکی نوێ بەیەکەوە گرێ دا. وردە وردە هەموو ئەو گرووپانەی پێشتر لەسەر بنەمای ئایینی یان خێڵەکی ڕێکخرابوون، لەژێر چەتری دەوڵەت-نەتەوەدا یەکیان گرت.

لێرەوە دەتوانین باشتر لە پەیوەندی نێوان دەوڵەت-نەتەوە و سەربەخۆییخوازی تێبگەین. کاتێک نەتەوەیەک هەست دەکات دەوڵەتێکی دیکە حوکمی دەکات، هەوڵ دەدات دەوڵەت-نەتەوەی خۆی دروست بکات. ئەم هەوڵە لە سەربەخۆییخوازیدا ڕەنگ دەداتەوە. سەربەخۆییخوازی لە ڕاستیدا هەوڵدانە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم مۆدێلە بۆ نەتەوەیەک کە هێشتا دەوڵەتی خۆی نییە.

هەر لێرەشەوە پەیوەندیی نێوان دەوڵەت-نەتەوە و سەروەری ڕوونتر دەبێتەوە. دەوڵەت-نەتەوە بەبێ سەروەری ناتەواوە. سەروەری ئەو دەسەڵاتە باڵایەیە کە دەوڵەت-نەتەوە پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی بتوانێت وەک یەکەیەکی سەربەخۆ کار بکات. بۆیە دەبینین سەربەخۆییخوازی و سەروەریخوازی دوو دیوی یەک دراون. سەربەخۆییخوازی هەوڵ دەدات دەوڵەت-نەتەوە دروست بکات و سەروەریخوازی هەوڵ دەدات ئەم دەوڵەت-نەتەوەیە تەواو بکات.

رێگای دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوە هەمیشە یەک جۆر نەبووە. لە هەندێک شوێن، وەک فەرەنسا، دەوڵەت پێش نەتەوە دروست بوو. دەوڵەتی فەرەنسی لە ڕێگەی دامەزراوە سیاسی و کولتوورییەکانییەوە نەتەوەی فەرەنسیی دروست کرد. لە شوێنی دیکە، وەک ئەڵمانیا، نەتەوە پێش دەوڵەت هەبوو. هەستی نەتەوەیی ئەڵمانی پێش یەکگرتنی ئەڵمانیا هەبوو و دواتر بوو بە هۆی دروستبوونی دەوڵەتی ئەڵمانی.

ئەم جیاوازییە لە ڕێگای دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەدا کاریگەریی لەسەر شێوازی خەباتی نەتەوە بێدەوڵەتەکان هەبووە. ئەو نەتەوانەی کە هەستی نەتەوەییان بەهێزە بەڵام دەوڵەتیان نییە، زیاتر بەرەو سەربەخۆییخوازی دەچن. هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی خەباتی سیاسی و کولتوورییەوە دەوڵەتی خۆیان دروست بکەن. بەڵام ئەو گرووپانەی کە هێشتا وەک نەتەوە پێنەگەیشتوون، زیاتر جەخت لەسەر بووژانەوەی کولتووری و زمانی دەکەن.

لێرەوە دەگەینە خاڵێکی گرنگ: سەربەخۆییخوازی تەنیا کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە توانیبێتی هەم لە ڕووی کولتوورییەوە نەتەوەیەکی یەکگرتوو دروست بکات و هەم لە ڕووی سیاسییەوە دامەزراوەی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت دابمەزرێنێت. واتە سەربەخۆییخوازی پێویستی بە هەردوو ڕەهەندی کولتووری و سیاسی هەیە. نەتەوەیەک ناتوانێتت تەنیا بە هەستی نەتەوەیی دەوڵەت دروست بکات، هەروەها ناتوانێتت تەنیا بە دامەزراوەی سیاسی دەوڵەت-نەتەوەیەکی سەقامگیر بونیاد بنێت.

ئەمەش پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە سەروەرییەوە هەیە. سەروەری تەنیا کاتێک دەتوانێت بە تەواوی جێگیر ببێت کە دەوڵەت-نەتەوە هەردوو ڕەهەندی کولتووری و سیاسی تێدا کۆببێتەوە. بۆیە دەبینین زۆرجار دەوڵەتێک لە ڕووی یاساییەوە سەروەرە، بەڵام لە ڕاستیدا ناتوانێتت ئەم سەروەرییە بە تەواوی پراکتیک بکات، چونکە یان لە ڕووی سیاسییەوە لاوازە یان لە ڕووی کولتوورییەوە یەکگرتوو نییە.

یاسای نێودەوڵەتی و مافی چارەی خۆنووسین

مافی چارەی خۆنووسین وەک بنەمایەکی نێودەوڵەتی، دوای جەنگی یەکەمی جیهانی بە فەرمی ناسرا. سەرۆکی ئەمریکا، ویڵسۆن لە چواردە خاڵە بەناوبانگەکەیدا مافی چارەی خۆنووسینی وەک یەکێک لە بنەماکانی ڕێکخستنی جیهانی نوێ خستە ڕوو. ئەم بنەمایە لە سەرەتادا زیاتر وەک دروشمێکی سیاسی بوو، بەڵام دواتر بوو بە بەشێک لە یاسای نێودەوڵەتی.

دوای دامەزراندنی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی چارەی خۆنووسین لە پەیماننامەی ڕێکخراوەکەدا جێگیر کرا. ماددەی یەکەمی پەیماننامەکە جەخت لەسەر مافی گەلان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دەکاتەوە. ئەم مافە دواتر لە زۆر بەڵگەنامەی نێودەوڵەتیی دیکەدا دووپات کرایەوە. بۆ نموونە، پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، هەردووکیان لە ماددەی یەکەمیاندا باس لە مافی چارەی خۆنووسین دەکەن.

بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا مافی چارەی خۆنووسین مافی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دەگرێتەوە؟ لە ڕاستیدا وەڵامی ئەم پرسیارە ئاڵۆزە. یاسای نێودەوڵەتی جیاوازی دەکات لە نێوان چارەی خۆنووسینی ناوخۆیی و دەرەکی. چارەی خۆنووسینی ناوخۆیی مانای بەشداری لە بڕیاردانی سیاسی و پاراستنی مافە کولتوورییەکان دەگەیەنێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی هەبوودا. بەڵام چارەی خۆنووسینی دەرەکی مانای مافی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ دەگەیەنێت.

یاسای نێودەوڵەتی لە حاڵەتی ئاساییدا پشتگیری لە چارەی خۆنووسینی ناوخۆیی دەکات و لەگەڵ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتە هەبووەکاندایە. بەڵام لە هەندێک حاڵەتی تایبەتدا، بە تایبەت کاتێک مافە بنەڕەتییەکانی گەلێک بە شێوەیەکی سیستەماتیک پێشێل دەکرێن، یان کاتێک ڕێگە لە بەشداریی ڕاستەقینەی سیاسی دەگیرێت، مافی چارەی خۆنووسینی دەرەکی دەتوانێت ببێتە چارەسەر.

لە پراکتیکدا، دادگای نێودەوڵەتیی دادپەروەری چەندین بڕیاری گرنگی دەربارەی مافی چارەی خۆنووسین داوە. بۆ نموونە لە کەیسی کۆسۆڤۆدا، دادگا ڕایگەیاند کە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتی نییە. ئەم بڕیارە سەرەتایەکی نوێ بوو لە تێگەیشتن بۆ مافی چارەی خۆنووسین. دادگا پێی وابوو لە حاڵەتێکدا کە گەلێک بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە مافەکانی بێبەش کرابێت، دەتوانێت پەنا بۆ جیابوونەوە ببات.

بەڵام خاڵێکی گرنگ کە پێویستە لێی تێبگەین ئەوەیە کە مافی چارەی خۆنووسین بە تەنیا بەس نییە بۆ دەستەبەرکردنی سەروەری. زۆر نموونە هەن کە تیایاندا گەلێک توانیویەتی سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، بەڵام نەیتوانیوە سەروەریی تەواو بەدەست بهێنێت. لێرەدا جیاوازیی نێوان سەربەخۆیی یاسایی و سەروەری کردەیی دەردەکەوێت. سەربەخۆیی یاسایی لەوانەیە لە ڕێگەی مافی چارەی خۆنووسینەوە بەدەست بێت، بەڵام سەروەریی کردەیی پێویستی بە توانای سیاسی، ئابووری و سەربازی هەیە.

هەروەها گرنگە ئەوە بزانین کە یاسای نێودەوڵەتی هاوسەنگی لە نێوان دوو بنەمای دژ بەیەکدا ڕادەگرێت: مافی چارەی خۆنووسین و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتان. ئەم هاوسەنگییە وای کردووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ داوای سەربەخۆیی بکات. مەرجەکانی دانپێدانان بە دەوڵەتی نوێ زۆر توندن و پێویستیان بە سەلماندنی توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پاراستنی مافەکانی هەموو هاوڵاتیان هەیە.

ئەزموونی جیهانی نیشانی داوە کە مافی چارەی خۆنووسین تەنیا دەروازەیەکە بۆ سەربەخۆیی، بەڵام ئەوەی دەوڵەت-نەتەوەیەکی سەروەر دروست دەکات، زۆر لەوە ئاڵۆزترە. بەلجیکا، کە لە هۆڵەندا جیا بووەوە، بوو بە دەوڵەتێکی سەروەر، چونکە توانای ئابووری و پشتیوانیی نێودەوڵەتیی هەبوو، بەڵام کاتێک بیافرا لە نەیجیریا جیا بووەوە، سەرەڕای ئەوەی نەوتی زۆر و پشتیوانیی هەندێک دەوڵەتی هەبوو، نەیتوانی ببێتە دەوڵەتێکی سەروەر.

لێرەدا دەگەینە ئەم خاڵە جەوهەرییە کە سەربەخۆییخوازی و سەروەریخوازی دوو قۆناغی جیاوازن. سەربەخۆییخوازی قۆناغی یەکەمە کە تیایدا نەتەوەیەک هەوڵ دەدات لە ڕێگەی چەسپاندنی مافی چارەی خۆنووسینەوە دەوڵەتی خۆی دروست بکات. بەڵام سەروەریخوازی قۆناغی دووەمە کە تیایدا ئەم دەوڵەتە نوێیە هەوڵ دەدات ببێتە دەوڵەتێکی تەواو سەروەر.

بۆیە دەبینین زۆر لە بزووتنەوە سەربەخۆییخوازەکان تەنیا جەخت لەسەر وەرگرتنی سەربەخۆیی دەکەن، بێ ئەوەی پلانێکی ڕوونیان هەبێت بۆ چۆنیەتیی دروستکردنی دەوڵەتێکی سەروەر. ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستی زۆر لەو دەوڵەتانەی کە دوای سەربەخۆیی نەیانتوانی سەروەریی ڕاستەقینە بەدەست بهێنن.

بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی تازە سەربەخۆ بتوانێت ببێتە دەوڵەتێکی سەروەر، پێویستی بە چەند بنەمایەکی سەرەکی هەیە. یەکەمیان توانای دامەزراوەییە. دەوڵەت پێویستی بە دامەزراوەی کارا هەیە کە بتوانن یاسا جێبەجێ بکەن و خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن. زۆرێک لە دەوڵەتە تازە سەربەخۆبووەکان، لەبەر لاوازیی دامەزراوەیی ناتوانن سەروەریی ڕاستەقینە بەدەست بهێنن.

دووەم، دەوڵەت پێویستی بە توانای ئابوورییە. سەروەری بەبێ بنەمایەکی ئابووریی بەهێز ناتەواو دەبێت. دەوڵەت دەبێت بتوانێت داهاتی خۆی دابین بکات، دراوی خۆی بەڕێوە ببات و سیستەمی بانکی و دارایی سەربەخۆی هەبێت. زۆر دەوڵەتی تازە سەربەخۆ لەبەر پشتبەستن بە یارمەتیی دەرەکی، ناتوانن بڕیاری سەربەخۆی ئابووری بدەن.

سێیەم، پێویستی بە سوپا و هێزی ئاسایشی تۆکمەیە. دەوڵەت دەبێت بتوانێت سنوورەکانی بپارێزێت و ئاسایشیی ناوخۆ دابین بکات. زۆر دەوڵەتی تازە سەربەخۆ لەبەر نەبوونی هێزی سەربازی و ئاسایشیی تۆکمە، ناتوانن مۆنۆپۆلی هێز لە ناوخۆدا بەدەست بهێنن.

چوارەم، پێویستی بە دانپێدانان و پشتیوانیی نێودەوڵەتییە. دەوڵەت ناتوانێتت بە تەنیا و لە بۆشاییدا سەروەر بێت. پێویستی بە بەشداریی چالاک لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا هەیە. زۆر دەوڵەتی تازە سەربەخۆ لەبەر کەمیی پەیوەندیی نێودەوڵەتی و لاوازیی دیپلۆماسی، لە گۆشەگیریدا دەمێننەوە.

پێنجەم و گرنگتر لە هەمووی، پێویستی بە یەکگرتوویی ناوخۆییە. دەوڵەت ناتوانێتت سەروەر بێت، ئەگەر خەڵکەکەی متمانەیان پێی نەبێت و بە دەوڵەتی خۆیانی نەزانن. زۆر دەوڵەتی تازە سەربەخۆ لەبەر ناکۆکی ناوخۆیی و نەبوونی متمانەی خەڵک، ناتوانن ڕەواییی پێویست بەدەست بهێنن.

کاتێک بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی هیچ خاکێکی کۆنترۆڵکراوی نییە، ئەرکەکە قورستر دەبێت. لەم حاڵەتەدا، بزووتنەوەکە ناتوانێتت وەک زۆربەی بزووتنەوە سەربەخۆییخوازەکانی دیکە، لەسەر خاکێکی دیاریکراو دامەزرێت و ئەزموونی بەڕێوەبردن دروست بکات. بۆیە پێویستە ڕێگایەکی جیاواز بگرێتە بەر.

لە وەها دۆخێکدا، بزووتنەوەکە پێویستە پێش ئەوەی بگاتە قۆناغی سەروەری، سەرەتا چوارچێوەیەکی ڕوونی هەبێت، بۆ ئەوەی چۆن دەتوانێت سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت. زۆر بزووتنەوە هەن کە تەنیا دروشمی سەربەخۆییان هەڵگرتووە، بێ ئەوەی بزانن ئەگەر سەربەخۆییان بەدەست هێنا، چۆن دەتوانن ببن بە دەوڵەتێکی سەروەر.

بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی کە خاکی کۆنترۆڵکراوی نییە، پێویستە لە قۆناغی خەباتدا چەند کارێکی گرنگ بکات. یەکەم، دەبێت نوێنەرایەتییەکی سیاسی یەکگرتوو دروست بکات، کە بتوانێت لە ناوخۆ و دەرەوە وەک نوێنەری ڕاستەقینەی نەتەوەکە قسە بکات. دووەم، دەبێت کادری پێویست بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئامادە بکات. سێیەم، دەبێت پەیوەندیی دیپلۆماسی دروست بکات و پشتیوانیی نێودەوڵەتی کۆ بکاتەوە. چوارەم، دەبێت پلانێکی ڕوونی هەبێت بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ڕووی ئابووری و کارگێڕییەوە.

ئەم ئەرکانە قورسن، بەڵام مەرجی سەرەکین، چونکە ئەگەر بزووتنەوەکە نەتوانێت لە قۆناغی خەباتدا ئەم بنەما سەرەتاییانە دابین بکات، چۆن دەتوانێت دوای سەربەخۆیی دەوڵەتێکی سەروەر دروست بکات؟

ستراتیجی و تاکتیکی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان

بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان لە سەدەی بیستەمدا گۆڕانکاریی قووڵیان بەسەردا هات، لە ڕووی تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان ستراتیجی و تاکتیک. ئەم گۆڕانکارییە لە ئەنجامی ئەو وانانەوە هات،کە لە شکست و سەرکەوتنی بزووتنەوەکان وەرگیرا. خاڵی جەوهەریی ئەم گۆڕانکارییە تێگەیشتن بوو لەوەی کە خەباتی ڕزگاریخوازی تەنیا پێویستی بە دروشمی ڕەوا نییە، بەڵکوو پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و خوێندنەوەی ورد بۆ هەلومەرجی ناوخۆیی هەیە.

یەکێک لە گرنگترین وانەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی ئەوەیە کە ستراتیجی و تاکتیک دوو ئاستی جیاوازی خەباتن و هەر یەکەیان یاسامەندیی تایبەت بە خۆیان هەیە. ستراتیجی پەیوەندیی بە دیاریکردنی ئامانجی درێژخایەن و ڕێگای گشتیی گەیشتن بەو ئامانجە هەیە. بۆ نموونە، لە کاتی شەڕی ڤێتنامدا، هۆشی مین ستراتیجیی “خەباتی درێژخایەن”ی هەڵبژارد. ئەم ستراتیجییە لەسەر ئەو تێگەیشتنە دامەزرابوو کە ڤێتنامییەکان ناتوانن لە شەڕێکی کورتخایەندا بەسەر هێزێکی گەورەی وەک ئەمریکادا سەربکەون، بەڵام دەتوانن لە ڕێگای خەباتێکی درێژخایەنەوە ورەی دوژمن لاواز بکەن.

تاکتیک لەلایەکی دیکەوە پەیوەندیی بە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ستراتیجییەوە لە هەلومەرجی دیاریکراودا هەیە. لە هەمان نموونەی ڤێتنامدا، تاکتیکەکان بریتی بوون لە شەڕی پارتیزانی لە گوندەکان، خۆپیشاندان لە شارەکان و چالاکیی دیپلۆماسی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. هەر یەک لەم تاکتیکانە لە کات و شوێنی گونجاوی خۆیاندا بەکار دەهێنران و هەموویان لە خزمەت ستراتیجیی گشتیدا بوون.

کێشەی سەرەکیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت لەوەدایە کە ناتوانێتت ڕاستەوخۆ بچێتە نێو سیستەمی دیپلۆماسی نێودەوڵەتییەوە. ئەم سیستەمە بە شێوەیەکی بنەڕەتی لەسەر پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکان دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تەنیا لەگەڵ نوێنەری دەوڵەتەکان مامەڵە دەکەن.

لەم دۆخەدا، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی دەبێت ڕێگای جیاواز بۆ کاری دیپلۆماسی بدۆزێتەوە. یەکەم، دەبێت پەیوەندیی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە دروست بکات کە بەرژەوەندییان لە لاوازکردنی دەوڵەتە داگیرکەرەکەی ئەودا هەیە. ئەمە ئەو شتەیە کە جووەکان لە پێش دامەزراندنی ئیسرائیل زۆر بە باشی کاریان لەسەر کرد. ئەوان توانییان بەریتانیا قانع بکەن کە دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ جووەکان لە بەرژەوەندیی بەریتانیادایە.

دووەم، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی دەبێت بتوانێت پرسەکەی خۆی لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییە گەورەکان پێناسە بکاتەوە. بۆ نموونە، تیمۆری ڕۆژهەڵات توانی سەربەخۆیی خۆی وەک بەشێک لە پرسی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە ئاسیای باشووری ڕۆژهەڵات پێناسە بکات. ئەمە وای کرد وڵاتە ڕۆژئاواییەکان پشتیوانی لە دۆزەکەی بکەن.

سێیەم، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی دەبێت بتوانێت خۆی وەک هێزێکی سەقامگیرکەر و دڵنیاکەر نیشان بدات، نەک وەک هۆکاری ناسەقامگیری. ئەمە ئەو خاڵەیە کە زۆربەی بزووتنەوەکان تێیدا شکستیان هێناوە. چونکە زۆر جار وڵاتان دەترسن کە سەربەخۆیی نەتەوەیەک ببێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا.

دیپلۆماسیی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێویستی بە خوێندنەوەیەکی قووڵ لە تیۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئابووریی سیاسی نێودەوڵەتی هەیە. لێرەدا پێویستە جەخت لەسەر چەمکی “بەرژەوەندیی هاوبەش” و “پێکبەستەیی ئابووریی دووقۆڵی” بکەینەوە. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی پێویستە لە چوارچێوەی تیۆریی لیبڕالیزمی نێودەوڵەتیدا خۆی وەک ئەکتەرێکی خاوەن ماتەوزەی دروستکردنی پێکبەستەیی ئابووری-سیاسی پێناسە بکات.

پێکبەستەیی ئابووری-سیاسی لە ڕوانگەی تیۆری لیبڕالیزمی نێودەوڵەتییەوە بریتییە لە دروستکردنی تۆڕێک لە پەیوەندییە دووقۆڵی و فرەلایەنەکان، کە تیایدا هەموو لایەنەکان قازانج دەکەن. لێرەدا پێویستە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی دوور لە ڕوانگەی سفر-کۆی (zero-sum) و نزیک لە ڕوانگەی کۆی-ئەرێیی (positive-sum بیر بکاتەوە. واتە لە جیاتی دابەشکردنی سامان و دەرفەتەکان، جەخت بکاتەوە لەسەر دروستکردن و زیادکردنی سامان و دەرفەتی نوێ.

لە ڕوانگەی ئابووریی سیاسیی نێودەوڵەتییەوە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی دەتوانێت خۆی وەک فاکتەری دروستکردنی “کۆمپلێکسی ئابووریی هەرێمی” پێناسە بکات. ئەم چەمکە کە لەلایەن پیتەر کاتزنشتاینەوە گەڵاڵە کراوە، باس لە دروستبوونی ناوچەیەکی ئابووری یەکگرتوو دەکات کە تیایدا سەرمایە، کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بە ئازادی دەجووڵێن.

هەروەها پێویستە جەخت لەسەر چەمکی “ئابووریی سیاسی نوێی هەرێمی” بکرێتەوە، کە لەلایەن بیرمەندانی وەک بێلا باڵاسا و ئەندرۆ هارێڵەوە گەڵاڵە کراوە. بەپێی ئەم تیۆرییە دروستبوونی یەکەیەکی سیاسیی نوێ، دەتوانێت ببێتە هۆی خوڵقاندنی دینامیزمێکی نوێی ئابووری لە ناوچەکەدا کە تیایدا هەموو لایەنەکان سوودمەند دەبن.

ئەمە بەو مانایەیە کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیەکی داگیرکراو بە زانین و زانیاریی تەواو و پۆلێنکراو سەبارەت بە سەرچاوە و سامانە سروشتی و مرۆییە ئابوورییەکانی ولات و نەتەوەکەی، پشت ئەستوور بە تیۆریگەلێکی ئابووری-سیاسیی لەم چەشنە، هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ ڕاکێشانی سەرنج و پشتیوانیی نێودەوڵەتی، لەپێناو بەرەوپێشبردنی ئامانجی بزووتنەوەکە.

پەیوەندیی نێوان ویستی سیاسی و دەسەڵاتی کردەیی

لە دنیای ڕیەڵپۆلیتیکدا، کە تیایدا دەوڵەت وەک یەکەی سەرەکی و خاوەن بڕیار دەردەکەوێت، پەیوەندیی نێوان ویستی سیاسی و دەسەڵاتی کردەیی پرسێکی چارەنووسسازە. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیەکی ژێردەست، لە هەر قۆناغێکدا بێت، ناتوانێت خۆی لە بازنەی ڕیەلپۆلیتیک بە دوور بگرێت. لەم بازنەیەدا، لاوازیی دەسەڵاتی کردەیی نابێت ببێتە هۆی داشکاندنی ویستی سیاسی بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی.

لە ڕاستیدا، سەربەخۆییخوازی وەک پرۆژەی دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوە، پێویستی بە هاوسەنگییەکی تایبەت لە نێوان ویستی سیاسی و دەسەڵاتی کردەییدا هەیە. ویستی سیاسی دەبێت ڕوون و ڕاشکاو بێت، چونکە لە دنیای ڕیەڵپۆلیتیکدا، ناڕوونی لە ویستی سیاسیدا وەک نیشانەی لاوازی و نەبوونی جددیەت سەیر دەکرێت. هاوکات، دەسەڵاتی کردەیی دەبێت بە شێوەیەکی بەرنامەبۆدڕێژراو و بەردەوام بەهێز بکرێت.

ئەوەی لێرەدا گرنگە تێگەیشتنە لە لۆجیکی دەوڵەت و چۆنیەتیی مامەڵەی دەوڵەتەکان لەگەڵ بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکاندا. دەوڵەتەکان تەنیا لەگەڵ ئەو پرۆژە سیاسییانەدا مامەڵە دەکەن کە دەتوانن لە چوارچێوەی بەرژەوەندی و هاوسەنگیی هێزدا شوێنی خۆیان بدۆزنەوە. بۆیە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی دەبێت بتوانێت هاوکات کە جەخت لەسەر ویستی سیاسیی خۆی دەکات، توانا کردەییەکانیشی بەرەو پێش ببات. لێرەدا، ستراتیجیی ڕوون دەبێتە پردی پەیوەندیی نێوان ویست و توانا. ستراتیجیی ڕوون نیشان دەدات کە چۆن بزووتنەوەیەک دەتوانێت لە دۆخی ئێستاوە(دەسەڵاتی کردەیی لاواز) بگاتە دۆخی داهاتوو(دەسەڵاتی کردەیی بەهێز). ئەم ڕوونییەی ستراتیجی لە دنیای ڕیەڵپۆلیتیکدا، دەبێتە فاکتەری دروستکردنی متمانە و  پێشبینیهەڵگری. واتە دوو فاکتەری گرنگ کە دەوڵەتەکان بۆ مامەڵەی جددی پێویستیان پێیەتی.

کەواتە، پەیوەندیی نێوان ویستی سیاسی و دەسەڵاتی کردەیی پێویستی بە دینامیزمێکی تایبەت هەیە. ویستی سیاسی دەبێت ڕوون و نەگۆڕ بێت، لە کاتێکدا دەسەڵاتی کردەیی دەبێت بەردەوام لە گەشەکردن و بەهێزبووندا بێت. ئەم دینامیزمە ڕێگە بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی دەدات کە خۆی وەک پرۆژەیەکی جددیی دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا پێناسە بکات.

خاڵێکی گرنگ کە پێویستە ئاماژەی پێبکرێت ئەوەیەکە لە دنیای ڕیەلپۆلیتیکدا، دەسەڵاتی کردەیی تەنیا توانای سەربازی و ئابووری نییە، بەڵکوو توانای دروستکردن و بەڕێوەبردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشە. زۆر جار بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان تەنیا جەخت لەسەر لایەنی سەربازی و ئابووری دەکەنەوە، لە کاتێکدا لە دنیای ئەمڕۆدا، توانای دیپلۆماسی و دروستکردنی هاوپەیمانی، یەکێکە لە گرنگترین ڕەهەندەکانی دەسەڵاتی کردەیی.

بۆیە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی هاوکات کە خەریکی بەهێزکردنی لایەنی سەربازی و ئابوورییە، دەبێت گرنگیە تایبەت بدات بە پەرەپێدانی توانا دیپلۆماسییەکانی. ئەمە ئەو بەشەیە کە زۆر جار پشتگوێ دەخرێت، لە کاتێکدا لە دنیای ڕیەڵپۆلیتیکدا، هیچ دەوڵەت و بزووتنەوەیەک بە تەنیا ناتوانێتت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

پێگەی نێودەوڵەتی و پرسی دانپێدانان

دانپێدانانی نێودەوڵەتی بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیەک تەنیا پرسێکی یاسایی نییە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە هاوسەنگیی هێز و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە. لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، دانپێدانان بە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی وەک نوێنەری ڕاستەقینەی نەتەوەیەک، هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دانپێدانان بە سەروەریی داهاتووی ئەو نەتەوەیە.

لێرەدا پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان دوو جۆر دانپێداناندا: یەکەم، دانپێدانان بە ڕەوایەتیی دۆزەکە. دووەم، دانپێدانان بە نوێنەرایەتیی سیاسیی بزووتنەوەکەدا. زۆر جار بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان سەرنجیان تەنیا لەسەر جۆری یەکەمە، لە کاتێکدا لە دنیای ڕیەڵپۆلیتیکدا جۆری دووەم گرنگترە. چونکە دانپێدانان بە نوێنەرایەتیی سیاسی، دەرگا بۆ پەیوەندی و دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتەکان دەکاتەوە.

بەدەستهێنانی پێگەی نێودەوڵەتی و دانپێدانان پێویستی بە چەند فاکتەرێکی سەرەکی هەیە. یەکەم، پێویستە بزووتنەوەکە توانیبێتی خۆی وەک نوێنەری ڕاستەقینەی نەتەوەکەی بسەلمێنێت. ئەمە تەنیا بە بانگەشە نایەتە دی، بەڵکوو پێویستی بە دروستکردنی دامەزراوەی سیاسی و مەدەنیی کارا هەیە، کە بتوانێت زۆرینەی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەکە لەخۆ بگرێت.

دووەم، پێویستە بزووتنەوەکە بتوانێت خۆی وەک فاکتەرێکی سەقامگیرکەر لە ناوچەکەدا پێناسە بکات. لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، هیچ دەوڵەتێک ناخوازێت پشتیوانی لە فاکتەرێک بکات کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر. لێرەدایە کە گرنگی پلان و بەرنامەی ڕوون بۆ دۆخی دوای سەربەخۆیی دەردەکەوێت.

سێیەم، پێویستە بزووتنەوەکە توانای دۆزینەوە و دروستکردنی هاوپەیمانیی ستراتیجیی هەبێت. کەیسی تیمۆری ڕۆژهەڵات نموونەیەکی باشە. ئەوان توانییان لە ڕێگەی دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ ئوسترالیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، فشارێکی گەورە بخەنە سەر ئەندەنووسیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لە دۆزەکەیان.

چوارەم، پێویستە بزووتنەوەکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییە گرنگەکان هەبێت. کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا و ڕێکخراوە هەرێمییەکان گرنگە. هەرچەندە ئەم دامەزراوانە ناتوانن ڕاستەوخۆ سەربەخۆیی بدەن بە نەتەوەیەک، بەڵام دەتوانن کاریگەریی گەورەیان لەسەر ڕای گشتیی جیهانی و بڕیاری دەوڵەتەکان هەبێت.

پێنجەم، پێویستە بزووتنەوەکە لە ڕووی یاساییەوە ڕێگەچارە و میکانیزمی نێودەوڵەتیی گونجاو بۆ دۆزەکەی بدۆزێتەوە. بۆ نموونە، کۆسۆڤۆ توانی لە ڕێگەی دادگای نێودەوڵەتیی دادپەروەرییەوە بسەلمێنێت،کە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتی نییە. ئەمە بووە بناغەیەکی گرنگ بۆ دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە سەربەخۆیی کۆسۆڤۆدا.

هەڵبەت بەرەوپێش بردنی وەها بزووتنەوەیەک بەم ئاراستەیەدا بەبێ ئاستەنگی و گرفت نییە.

یەکەمین ئاستەنگ لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت، ناچارە لە چوارچێوەی سیستەمێکی نێودەوڵەتیدا کار بکات، کە تەنیا بۆ پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکان دیزاین کراوە. ئەم سیستەمە زۆر کراوە نییە بۆ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان. تەنانەت ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش سنووردارن لە مامەڵەکردن لەگەڵ بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان، چونکە دەوڵەتەکان ڕێگە نادەن ئەم ڕێکخراوانە ببنە مەیدانی کاری ڕاستەوخۆی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان.

ئاستەنگی دووەم پەیوەندیی بە ترسی دەوڵەتەکان لە کاریگەریی دۆمینۆی سەربەخۆییەوە هەیە. زۆربەی دەوڵەتەکان، تەنانەت ئەوانەی کە لەوانەیە هاوسۆزیان لەگەڵ دۆزی نەتەوەیەکی ژێردەستدا هەبێت، دەترسن کە پشتیوانی لە سەربەخۆیی ئەو نەتەوەیە ببێتە هۆی هاندانی بزووتنەوە سەربەخۆییخوازەکان لە وڵاتەکانی خۆیان یان لە ناوچەکەدا.

هەروەها، ئاستەنگێکی گەورەی دیکە ئەوەیە کە دۆزینەوەی هاوسەنگی لە نێوان هێزە ڕکابەرەکاندا کارێکی زۆر ئاڵۆزە. نزیکبوونەوە لە هێزێک یان بلۆکێک دەتوانێت ببێتە هۆی دوورکەوتنەوەی هێز و بلۆکەکانی دیکە. ئەمەش وا دەکات بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی بکەوێتە نێو ملمانێی هێزە گەورەکانەوە، کە زۆر جار بەرژەوەندیی خۆیان لەسەر حیسابی دۆزی نەتەوە ژێردەستەکان دەپارێزن.

زاڵبوون بەسەر ئەم ئاستەنگانە خۆی پێویستیی بە ستراتیجییەکی ڕوون و کارا هەیە.

بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگی یەکەمدا، واتە سنوورداریی سیستەمی نێودەوڵەتی بۆ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی دەتوانێت:

– پێش دانپێدانانی فەرمی، پەیوەندیی نافەرمی لەگەڵ دەوڵەتەکان دروست بکات، بۆ نموونە لە ڕێگەی دامەزراندنی نووسینگەی نوێنەرایەتیی کولتووری و بازرگانی

– لە ڕێگەی ڕێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکانەوە، دەروازەی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکاتەوە

– لە ڕێگەی ڕێکخراوە پیشەیی و ئاکادیمییەکانەوە تۆڕی پەیوەندی دروست بکات

بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگی دووەمدا، واتە ترسی کاریگەریی دۆمینۆ، بزووتنەوەکە دەتوانێت:

– جەخت لەسەر تایبەتمەندیی دۆزەکەی خۆی بکات و نیشان بدات کە ناکرێت بکرێتە نموونە بۆ کەیسەکانی دیکە

– پلانی ڕوون بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەیی پێشکەش بکات

– گەرەنتی و دڵنیایی بە دەوڵەتە دراوسێکان بدات کە سەربەخۆیی نابێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر

بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگی سێیەم، واتە کێشەی هاوسەنگیی هێزەکان، بزووتنەوەکە دەتوانێت:

– سیاسەتی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانیدا پەیڕەو بکات و خۆی نەخاتە داوی لایەنگریی تەواو لە هیچ لایەنێک

– بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوان هێزە ڕکابەرەکاندا بدۆزێتەوە و خۆی وەک فاکتەری یەکخستنی ئەم بەرژەوەندییانە پێناسە بکات

– ڕۆڵێکی ئەرێنی وەک پردی پەیوەندی لە نێوان هێزە ڕکابەرەکاندا بگێڕێت

گرنگترین شت لەم بارەیەوە ئەوەیە کە بزووتنەوەکە پێویستە هەمیشە وەک فاکتەری چارەسەری کێشەکان دەربکەوێت، نەک وەک فاکتەری زیادکردنی کێشەکان. ئەمە کلیلی سەرەکیی سەرکەوتنە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاستەنگە نێودەوڵەتییەکان.

جیاواز لە خودی ئاستەنگەکان و ستراتیجییەکانی زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا، بابەتێکی دیکە کە لە خۆیدا هەڵگری ماتەوزەی بەرژەوەندییە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوە ژێردەستەکان، ئەو دەرفەتە نێودەوڵەتییانەن کە نزیک بە هەمووکات لە دەرەوەی بازنەی ویست و چاوەڕوانییەکانی ئەوان دێنە ئاراوە. لە مێژووی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکاندا، ئەوانەی سەرکەوتوو بوون توانیویانە بە باشی کەڵک لە دەرفەتە نێودەوڵەتییەکان وەربگرن. ئەم دەرفەتانە چەند جۆرن:

گۆڕانکارییە جیۆپۆڵەتیکییەکان: کاتێک هاوسەنگیی هێز لە ناوچەیەکدا دەگۆڕدرێت، دەرفەتی نوێ بۆ بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان دەڕەخسێت. بۆ نموونە، گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دوای هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت، دەرفەتی بۆ سەربەخۆیی چەندین نەتەوە ڕەخساند.

قەیرانە نێودەوڵەتییەکان: هەر قەیرانێکی نێودەوڵەتی دەتوانێت دەرفەتی نوێ بۆ گۆڕینی دۆخی هەنووکەیی بڕەخسێنێت. لێرەدا گرنگە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی بتوانێت خۆی وەک بەشێک لە چارەسەر پێشکەش بکات، نەک وەک بەشێک لە کێشەکە.

گۆڕانکاری لە سیستەمی جیهانیدا: کاتێک گۆڕانکاری لە سیستەمی جیهانیدا ڕوو دەدات، بۆ نموونە گواستنەوە لە سیستەمێکی تاک جەمسەرییەوە بۆ سیستەمێکی فرە جەمسەری یان بەپێچەوانە ، دەرفەتی نوێ بۆ بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان دەڕەخسێت.

بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی پێویستە پێشوەخت ئامادەیی هەبێت بۆ کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتانە. ئەم ئامادەییە پێویستیی بە خوێندنەوەی وردی گۆڕانکارییەکان و پلانی پێشوەختە هەیە. ئەو بزووتنەوانەی کە چاوەڕێ دەکەن هەتا دەرفەتەکە دێتە پێش و ئینجا دەست دەکەن بە پلانداڕشتن، زۆر جار لەو دەرفەتانە جێ دەمێنن.

دەرئەنجام

پەیوەندیی لۆجیکیی نێوان سەربەخۆییخوازی و سەروەریخوازی لە هەناوی تیۆریی دەوڵەت-نەتەوەدا خۆی دەردەخات. سەربەخۆییخوازی، وەک ویستی دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە، هەنگاوی یەکەمە، بەڵام بەبێ سەروەریخوازی واتە بەبێ توانای بەکارهێنانی دەسەڵاتی باڵا، ناتەواو دەمێنێتەوە. لێرەوە دەردەکەوێت کە ئەم دوو چەمکە لە ڕاستیدا دوو دیوی یەک دراون، نەک دوو ئامانجی جیاواز. بزووتنەوەیەک ناتوانێت تەنیا داوای سەروەری بکات، بەبێ ئەوەی خواستی سەربەخۆیی هەبێت، چونکە سەروەری لە بۆشاییدا دروست نابێت.

قۆناغبەندیی گواستنەوە لە سەربەخۆییخوازییەوە بۆ سەروەریخوازی، لە ڕووی لۆجیکییەوە، پرۆسەیەکی پلە بە پلەیە. قۆناغی یەکەم برەودان بە ویستی سەربەخۆییە لە ڕێگەی دروستکردنی هۆشیاریی نەتەوەیی و دامەزراوە نەتەوەییەکانەوە. قۆناغی دووەم دروستکردنی دەسەڵاتی کردەییە لە ڕێگەی بەهێزکردنی توانا سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسییەکانەوە. قۆناغی سێیەم، گواستنەوەیە لە دەسەڵاتی کردەییەوە بۆ سەروەری یاسایی لە ڕێگەی دانپێدانانی نێودەوڵەتیەوە.

فاکتەرە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەیە لەم پرۆسەیەدا. لە سیستەمی نێودەوڵەتیی هاوچەرخدا، هیچ دەوڵەتێکی نوێ ناتوانێت بەبێ دانپێدانان و پشتیوانیی نێودەوڵەتی سەروەریی تەواو بەدەست بهێنێت. ئەمەیش پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و توانای دروستکردنی هاوپەیمانیی ستراتیجی هەیە. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ناچارە لە چوارچێوەی ڕیەلپۆلیتیکدا کار بکات و پێگەی خۆی دیاری بکات.

پەیوەندیی ئەم پرۆسەیە بە تیۆریی گشتیی دەوڵەت-نەتەوەوە لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا دەردەکەوێت. یەکەم، دەوڵەت-نەتەوە وەک مۆدێلی سەرەکیی ڕێکخستنی سیاسی لە جیهانی هاوچەرخدا، چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان سەربەخۆییخوازی و سەروەریخوازی دەخاتە ڕوو. دووەم، تیۆریی دەوڵەت-نەتەوە ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی بزووتنەوەیەکی سەربەخۆییخواز ناتوانێتت تەنیا پشت بە ڕەوایەتیی دۆزەکەی ببەستێت، بەڵکوو پێویستی بە توانای کردەییش هەیە.

لە کۆتاییدا، ئەم وتارە نیشانی دەدات کە بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازیی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، تەنیا کاتێک دەتوانێت سەرکەوتوو بێت، کە هاوکات لەگەڵ برەودان بە ویستی سەربەخۆیی، توانای دروستکردنی دەسەڵاتی کردەیی و پێگەی نێودەوڵەتیشی هەبێت. واتە سەربەخۆییخوازی و سەروەریخوازی دوو قۆناغی جیاواز بەڵام پێویستیی یەک پرۆسەن.

سەرچاوەکان

  1. Bodin, Jean (1576) – “Six livres de la République” (Six Books of the Republic)
  2. Hobbes, Thomas (1651) – “Leviathan”
  3. Weber, Max (1922) – “Economy and Society” (Wirtschaft und Gesellschaft)
  4. Schmitt, Carl (1932) – “Political Theory” (Politische Theorie)
  5. Kelsen, Hans (1945) – “General Theory of Law and State”
  6. Hroch, Miroslav (1985) – “Social Preconditions of National Revival in Europe”
  7. Anderson, Benedict (1983) – “Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism”
  8. Keohane, Robert O. and Nye, Joseph S. (1977) “Power and Interdependence: World Politics in Transition”
  9. von Neumann, John and Morgenstern, Oskar (1944) “Theory of Games and Economic Behavior”
  10. Axelrod, Robert (1984) “The Evolution of Cooperation”
  11. Katzenstein, Peter J. (1985) “Small States in World Markets: Industrial Policy in Europe”
  12. Balassa, Béla (1961) “The Theory of Economic Integration”
  13. Hurrell, Andrew (1995) “Regionalism in Theoretical Perspective”

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO