عەبدولڕەزاق مەهدی
لە هزری کلاوسڤیتزە دەست پێ دەکەم دەکەم، بەمجۆرە سیاسەت بریتییە لە زیرەکییەکی ڕێنیشاندەر، جەنگیش تەنیا میکانیزمێکی نێو ئەو سیاسەتە نەوەک بە پێچەوانەوە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە کوشتن و بڕین مەترسییەکی سەرنجڕاکێشە و پێویست دەکا ئەم بابەتە بە ڕاستینەی وەرگرین، بەڵام نەبێتە هۆی ئەوەی بەهانەیەک بدات بە دەستمانەوە تا هێواش هێواش شمشێرەکانمانی دەستمان لەژێر ناوی مرۆڤایەتییدا کول بکات.
کلاوسڤیتز پێناسەی جەنگی بەمجۆرە کردووە: “کردەیەکە تیایدا بە زەبری هێز دوژمنەکەمان ناچار دەکەین بە گوێرەی ویستی ئێمە کار بکات و بجووڵێتەوە”. کلاوسڤیتز پێی وایە کە جەنگ هەرگیز کردەیەکی پەراوێزخراو نییە، جەنگ لەخۆیەوە ڕوو نادا، ئەگەر بە هەڵگیرسانەکەی لە سەرەتاوە سەرسام بووین، ئەوا دەری دەخات کە ئێمە بە گوێرەی پێشبینییەکانی خۆمان توانای دوژمنەکەمان بینیوە نەوەک وەک ئەوەی واقیعدا هەیە. یەکێک لە قسە سەرەکییەکانی کلاوسڤیتز ئەوەیە کە لە جەنگدا دەرئەنجام هەرگیز بە مانای ئەوە نایەت شتەکانی کۆتاییان پێ هاتووە: بەڵکوو هەروەک بەردەوامیی شەڕ بەردەوامیی بەردەوامبوونێکی سیاسەتێکە، بۆیە کۆتایی ئەو جەنگە بەتایبەتی بۆ لایەنی بەزیو، هەرگیز کۆتایی کارەکە نییە. جەنگ بە سادەیی دەکرێ “شەیتانێکی ڕاگوزەر” بێ لەسەر ئەو ڕێگایەی کە کەسەکان هەوڵ بۆ ئەو شتانە دەدات کە دەیەوێ بەدەستیان بێنێت.
جەنگ بە سادەیی کردەیەکی هەڕەمەکی نییە کە هەست و سۆزێک هۆکاری سەرهەڵدانی بێ. بەدیاریکراوی کاتێ نەتەوە شارستانییەکان ڕوو لە جەنگ دەکەن، ئەوەش هەمیشە کردەیەک نییە پەیوەست بێ بە سیاسەتەکانەوە. لەمەش زیاتر، جەنگ هەروەک لە دژی سەرهەڵدانی هەڕەمەکی توندوتیژییە، هەمیشە ماوەیەکی زیاتر دەخایەنێت و چاوەڕێی ئەوەیە ئاراستە بکرێت، بەلایەنی کەم گەر بۆ ماوەیەکیش بێ، ئەم ئاراستەکردنەش بەهۆی زیرەکی ئەو کەسانەوە دەبێ کە جەنگەکە بەرپا دەکەن. هەوڵی سەربازی پێویستە بەردەوام بگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتەی کە لە سەرەتادا هۆکاری دەستپێشخەری ئەو هەوڵە سەربازییە بووە. کلاوسڤیتز دەنووسێ “شتە سەربازییەکە خودی ئامانجەکەیە… جەنگ ئامرازێکە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە”. کلاوسڤیتز دەڵێ کە دیاردەی شەڕی گشتگیر، لە سێ ناواخن پێک هاتووە، کە ئەمانەن:
یەکەم، سیانەی “توندوتیژیی بنەڕەتی، ڕق و دوژمنایەتی” کە ئەمانە جێگای بایەخی خەڵکن.
دووەم، شیان (ئیحتیمالیەت) و دەرفەت، ئەمە پەیوەستە بەو جەنەڕاڵانەی پلانی جووڵەکان دادەنێن.
سێیەم، پرسی بەکارهێنانی ئەقڵ، ئەمەش وەک میکانیزمێکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ کراوە و بۆتە هۆی باڵادەستبوونی سیاسەتمەدارەکان.
کلاوسڤیتز بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە کە لە جەنگدا بەرگری دەسەڵاتێکی زیاتری هەیە لە هێرشکردن، هەروەها ستراتیجییەتی ماندووکردنی دوژمن لە ڕێگەی دروستکردنی ململانێ لەگەڵی، ئەوا تێچووی زۆر زیاترە لەوەی شیاوی بێت کە زۆر جار لە لایەن دەسەڵاتێکی بێهێز بەرامبەر لایەنێکی بەهێز بەکاردێت.
لای کلاوسڤیتز جەنگ بابەتێکە پەیوەستە بە حیساباتێکی ژیرانەوە، بەڵام لە کۆتاییدا جەنگ وەک قومارێکە، چونکە هەر لە دەوروخولی لایەنی سایکۆلۆجی مرۆڤەکان دەخولێتەوە، کلاوسڤیتز دەڵێ شەڕ مامەڵە لەگەڵ هێزە زیندوو و ئاکارییەکان دەکات (بڕوانە، پوختەی ٥٠ کتێبی گرنگی سیاسی، تۆم بۆتڵەرـ باودۆن، وەرگێڕانی: هاوکار عەبدوڵڵا).
کلاوسڤیتز باسی سروشتی دووانەی جەنگ و خەسڵەتی سیاسی جەنگ دەکات، بەمجۆرە ململانێکە دابەش کردووە بۆ دوو جۆر کە دەڵێت دوو ئامانجیش لەخۆ دەگرێت. هاڕینی دوژمن و لاوازکردنی لەڕووی سەربازییەوە، بەو جۆرە دەتوانێت ڕووبەڕووی بێتەوە ناچاری بکات پەیماننامەی ئاشتی مۆر بکات. هەروەها، داگیرکردنی هەندێک لە خاک و خاڵە سنوورییەکان و بیخەیتە سەر زەوی خۆت لە پێناو ئەوەدا چەندوچۆنی لەسەر بکەیت لە دانووستاندنەکانی ئاشتیدا.
کلاوسڤیتز سێ نموونەی کاریگەر و بەرچاو دەهێنێتەوە لەسەر ئامانجەکانی جەنگ، لەوانە: هێزە چەکدارەکەی دوژمن لە گۆڕەپانی شەڕەکەدا تێک بشکێنێت؛ پایتەختەکەی داگیر بکەیت چونکە بەمە ورەی دەڕۆخی. ناشبێت سەنتەری کێشکردن نابەرکەوتوو پشت گوێ بخرێت، بەمەش “ڕای گشتی” ڕەنگە بتوانێت جەنگەکە ببەیتەوە، گەر توانیت کار لە ڕای گشتی بکەیت لە دەوڵەتی دوژمندا، ئەمە هاوشان لەگەڵ هەوڵدان بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانێتی دوژمن (بڕوانە کتێبی جیۆپۆلەتیک چەمک و پراکتیک، لە نووسینی فواد حەمەخورشید و جەزا تۆفیق تاڵیب و ئەحمەد عەلی ئەحمەد).
کلاوسڤیتز دەڵی “ستراتیجی بێ جەنگ و جەنگکردن، واتای هیچ دەبەخشێت، چونکە جەنگ ئامرازی کاری ستراتیجە و هۆکارێکە سوودی لێ وەردەگیرێت”. جەنگ تەنیا پێکدادانی چەکداری نێوان لایەنەکان نییە، بەڵکوو ململانێیەکی توندوتیژە لەنێوان ئابووری، سیاسەت و ئایدۆلۆجیی لایەنەکان، هەروەها بریتیە لە بەکارهێنانی زمانی چەک و توندوتیژی لەجیاتی زمانی ئەقڵ، دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوە بۆ چارەسەرکردنی گرفت و نائارامییەکان (بڕوانە: دەروازەیەک بۆ ناسینی جەنگی عێراق-کوەیت، نووسینی هەڵگورد جەلال).
بەکلاوسڤیتز دەڵیت “جەنگ ئەکتێکی کۆمەڵایەتییە، بەشێکە لە ژیانی مرۆڤ، جەنگ دەرئەنجامی ناکۆکی و بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانن، کە بە خوێنڕشتن یەکلایی دەکرێتەوە”. کەواتە دەبێت جەنگ لە ڕەهەندی کۆمەڵایەتییەوە شی بکرێتەوە.
ئەگەر بێینە سەر باسی جەنگ لە بیرکردنەوە و ئەقڵییەتی کوردـدا، دەبێت بڵێێن کورد لە کۆی پرۆسەی جەنگکردن و کۆی پڕۆسەی شەڕکردن بە تیۆری و پراکتیکی نەگەیشتووتە قوناغێکی مۆدێرن و تازە، کورد بە گشتی جەنگی لە چوارچێوەی کاردانەوە بەرپا کردووە و لە بەرامبەردا هەر کارێکدا، نەک کورد جەنگی وەرگرتبێت وەک پرۆسەیەکی سیستەماتیک کە کاری لەسەر کرابێت، بۆیە دەبینین جەنگ، کوردی نەکردووە بە نەتەوە و کورد نەیتوانیوە دەوڵەت سازبکات، جەنگ وەک کاردانەوە نەک وەک ئەکتێکی کۆمەڵایەتی وا دەکات جەنگ لە سیاسەت و ستراتیجی بەتاڵ بێتەوە و بەمجۆرە کورد لە جەنگدا دەکەوێتە حاڵەتی شکان.
کلاوسڤیتز دەڵێت پێکهاتەی سەربازی ئەگەر لەگەڵ سەردەمەکان نەگۆڕا، ئەوا ئەم پێکهاتەیە دەبێتە بنەڕەت بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ ناوخۆ و بچووکەکان. ئێمە دەبینین پێکهاتەی سەربازی کورد لە هەموو مێژوودا، هەموو کات، لە پاشتر بووە لە ئاستی جیهاندا ئەمەش وای کردووە پڕۆسەی پاسیڤبوون چالاک بێت و ململانێ ناوخۆییەکان بەهێزتر بن.
کلاوسڤیتز دەڵی “هەموو جەنگێ لاوازی مرۆڤ بە دڵنیایەوە داناوە و هەوڵی داوە سوود لەو لاوازییە وەرگرێت” کوردیش دەبێت تێ بگات هەموو لایەنەکان لاوازییەکانی کوردیان لەپێش چاوە لە ئاستی پێکهاتەی سەربازی و نەتەوەییبوون.
بۆیەش بەردەوام لە سەدەی نۆزدە تا سەدەی بیست و یەک ژمارەیەکی زۆری جەنگ دەبینین کە کورد تێیدا تێکشکاوە. هۆکاری سەرەکی ئەم شکەستانەش لە کۆی پڕۆسە جەنگییەکان دەگەڕێتەوە بۆ بە “نەتەوەییبوون”، کە کورد وەک نەتەوە و جەنگ وەک ئەکتێکی کۆمەڵایەتی و ستراتیجی و سیاسەت وەک بەشێک لە سیاسەتی دامەزراوەیی نەتەوەیی کاری نەکردووە (بڕوانە: پرسی کورد لە دیدگای لۆبۆنەوە، نووسینی عەبدولڕەزاق مەهدی).



