سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

جیهانی ڕۆژئاوا و سووریای نوێ و پرسی ڕۆژاڤای کوردستان

نووسین: حیسامەدین (هیوا) خاکپوور

وەرگێڕان: ئاریان مەعرووفیان

سووریا لە دوای لەناوچوونی ڕژێمی ئەسەد و بە هاتنە سەرکاری نەوەیەکی نوێی ئیسلامگەرا بۆ سەر تەختی دەسەڵات، گۆڕانگاریەکی خێرا و گرنگی بە خۆیەوە بینیوە و پرسیارگەلێکی زۆری دروست کردووە. لە گرینگترین پرسیارەکان دەتوانێت ئەوە بێت: ئایا ئیسلامییەکان دەتوانن لەگەڵ ڕۆژاڤای کوردستان دانووستان بکەن؟ ئایا  هاتنە سەر دەسەڵاتی ئیسلامییەکان لە سووریا هەڕەشە و مەترسی ڕاستەقینە و جیدی بۆ سەر جیهانی ڕۆژئاوا ساز دەکات ؟ ئەو دوو پرسیارە لە ئێستادا تەوەری گفتوگۆ و باسوخواسە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێک دێنێت. بۆیە پێویستە شیکار و لێکدانەوەی ورد بۆ پەیوەندیی هێزەکان و تەرازوو و هاوسەنگی هێز لەم ناوچە گرینگەدا بخرێتە ڕوو. بە ڕای من وەڵامی پرسیاری یەکەم نەرێنیە، بەڵام وەڵامی پرسیاری دووەم ئەرێنییە.لەم کورتەباسەدا هەوڵ دەدەم وڵامێکی کورت بەو دوو پرسیارە بدەمەوە.

یەکێک لە جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان نەوەی نوێی ئیسلامگەرایانی سیاسی و پێشینە فکرییەکانی ئەوان وەکوو سەید قوتب و ئیسلامگەرایانی کلاسیک، جیاوازی لە ئەولەوییەتەکانیاندایە نەک شتێکی دیکە. ئیسلامگەرایانی کلاسیک لەسەر تەزکییە و ئەخلاق وەک مەرجی بنەڕەتی بۆ دەستڕاگەیشتن بە دەسەڵات جەختیان دەکرد. بەڵام نەوەی نوێی ئیسلامگەرایان کە کەسانێکی وەکوو ئەحمەد شەرع لە سووریا نوێنەرایەتی دەکەن ئەو بنەمایەیان سەرووبن کردووە. ئەو نەوە لەسەر ئەو باوەڕەن کە گەیشتن بە دەسەڵات ئەولەویەتی سەرەکی ئەوانە و چەمکگەلێک وەکوو تەزکییە و ئەخلاق بە بای گوێچکەیاندا نایە و هەڵیدەپەسێرن. بۆ وەگەرخستنی ئامانجەکانیان ئەو گرووپە پەڕاوێزخراوانەی کە لە کۆمەڵگادا وەلا دەنرێن و نەبینراو دەکرێن، بەبێ هیچ دڕدۆنگییەک، لەخۆدەگرن و دەستەجاتسازی دەکەن. بە ڕای ئەوان ئەولەویەتی سەرەکی، هێز و دەسەڵات و ڕاگرتنی خودی ئیسلامێکە کە بۆخۆیان دەیخوێننەوە و دەیانەوێت سەقامگیری بکەن.

لەو بەستێنەدا بنەماکانی دین بۆ نموونە ئایەتی “وَيُزَكِّيهِمۡ وَيُعَلِّمُهُمُ ٱلۡكِتَٰبَ وَٱلۡحِكۡمَةَ” کە داکۆکی لەسەر تەزکییە و پاکژی و پەروەردەی ئەخلاقی دەکات، بە سوودی بەدیهێنانی دەسەڵات و سڕینەوەی بەربەستەکانی سەر ڕێگایان هەڵی دەپەسێرن و خامۆشی دەکەن. نەوەی نوێ باوەڕی وایە کە جیهاد و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە پێش تەزکییەیەوەیە و پێیان وایە  پەروەردەی خەڵک لە پاش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی جێبەجێ دەبێ (بڕوانە کتێبی “ادارة التوحش” لە ئەبووبەکر ناجی). ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتیانە لە بیر و هزری ئیسلامیی سیاسی نەوەی نوێدا ڕووی داوە، ئەوانی بۆ لای توندوتیژی و دوژمنی زیاتر لەگەڵ خەڵکانی تر پەلکێش کردووە، بە جۆرێک کە تەنیا خۆیان بە ڕاستڕەوی ئایینی و لەسەر حەقیقەت بوون دەزانن و دەبێ بە هەر شێوازێک بێت ئەو خوێندنەوە خۆبەحەقزانە ئورتۆدۆکسە بەکردەیی بکرێت. لەم بەستێنەدا ناوچەی ڕۆژاڤای کوردستان وەکوو بەربەستی بنەڕەتی لەسەر ڕێگای ئەو سیستەمە توندوتیژە ئیسلامییانەدا چاو لێ دەکرێ. پێویستە سەرنج بدرێت کە لەنێوان ئەو ئیسلامگەرایانە و ڕۆژاڤا جیاوازی ئایدیۆلۆجیکی قووڵ هەیە. ئیسلامییەکان دەیانەوێت نموونەیەک لە ئیسلامی سوننی پێکبێنن کە لە بنەڕەتدا لەگەڵ پێکهاتەی سیاسی و پێشینەی سێکۆلار و دیموکراتیکی ڕۆژاڤای کوردستان کێشەی هەیە. ئیسلامگەرایان، ڕۆژاڤا بە لادەرێکی گەورە لە بنەمای ئیسلام دەزانن لەبەر ئەوە کە  پێگەیەکی گەورەی بە ژنان داوە و نوێنەرایەتی دادپەروەرانەی لە کەمینە دینی و زمانیی و نەژادییەکان مسۆگەر کردووە. بە پێی ئەو هەڵسوکەوت و ڕاڤە ئایدیۆلۆجیکە، پێکەوەژیانی ئاشتیانە و هەبوونی ژیانێکی دیموکراتیک لە نێوان ئەو دوو بیرۆکانە “ئیسلامی سیاسی”  و “ڕۆژاڤای سێکۆلاری کوردی” لە داهاتوویەکی نزیکدا چاوەڕێ ناکرێ.

 وێدەچێت شاهیدی دەرکەوتنێکی وەکوو داعش بین ، کاتێک کە سیستەمی تیرۆر دووبارە دەست بەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بگرێ. لەلایەکی دیکەوە ئیسلامییەکان کە ناکۆکی دژبەری قووڵیان لەگەڵ مودێرنیتە و جیهانی ڕۆژئاوا هەیە، ڕۆژاڤای کوردستان بە هێمایەکی دیار لە ئەندێشەی ڕۆژئاوایی دەبینن. ئەوە وڵامی پرسیاری دووەم دەداتەوە چونکە ئیسلامییەکان، جیهانی ڕۆژئاوا وەکوو سەرچەشنێکی بەلاڕێداچوو لە ئەخلاق و گەندەڵیی دین  چاو لێ دەکەن. بە پێی ئەو زانیاریانە و ئەزموونی ڕابردوو دەتوانین بڵێین کە ئیسلامییەکانی سووریا هەڕەشەیەکن بۆ  جیهانی ڕۆژئاوا. سەرەڕای ئەوەی کە ئەوان لە سەرەتاوە دوژمنایەتی خۆیان بە ئاشکرا نیشان نادەن بەڵام هەرکات بەهێز بن و بەسەر بەربەستێکی وەکوو ڕۆژاڤای کوردستان سەربکەون شەرمیان لەوە نییە و سڵ ناکەن لەوەی کە کۆمەڵگای جیهانی ڕۆژئاوا وەبەر هەڕەشە بدەن و ئەوە بە عیبادەتێک دەزانن کە بە بەهەشتی وادەپێدراویان دەبات.

بە کورتی، بەپێی بیر و باوەڕی ئۆرتۆدۆکسی و نائەخلاقی بزاڤی دەسەڵاتگەری ئیسلامخواز، کە لەسەر بنەمای ڕوانگەیەکی توندوتیژ و ڕاڤەیەکی تارێنەرانە لە شەریعەتی ئیسلامی دامەزراوە، هەرکات بە دەسەڵات گەیشتن ڕووپۆشی لێبوردەیی و پێکەوەژیانێک کە لە سەرەتاوە لێیاندابوو لادەدەن. نموونەی ئەمە لە مێژووی نە  زۆر دووری ئێران‌دا لە 1979 بەدی کرا کە ئیسلامییەکان هەر کە دەستیان گەشت بە دەسەڵات، سیاسەتی نیکرۆپۆلتیک (سیاسەت-مەرگ)یان لە هەمبەر ژێردەستەکانیان بە تایبەت لە هەمبەر کورد کردە پێشە.

ئەو باسە بەتایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ سێکولاریزم لە ڕۆژاڤای کوردستان و ئازادی ژن و بەشداری چالاکانەیان لە مەیدانی سیاسەتدا خۆی دەردەخات. بەم شێوە ئەگەری پێکدادان لە نێوان ئیسلامییەکان و ڕۆژاڤا لەبەر ناسازیی و دژیەکی بنەڕەتی نێوان بناغە سیاسیی و کولتووریەکان بەرەو زیاد بوون دەچێ. ئەو گرژییە بە تایبەت لە دوای ڕادەربڕینی ئەحمەد شەرع دەربارەی چەککردنی تەواوی گرووپەکان و پێکهاتنی یەک سیستەمی لەشکری تاقانە بۆ سووریا دروست بووە. پرسێکی ئاوا بۆ ڕۆژاڤا و جەنەڕاڵ مەزلووم عەبدی و جەماوەری کورد مەنتقی نانوێنێت. ئەگەر چەککردنی ڕۆژاڤا بەدی بێ، ئەوە بە مانای داخستنی دەرگای دیموکراسی و پێکەوەژیانە، مەگەر لایەنی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی ئەو سیناریۆیە دەست تێوەردان بکەن و ڕێگە بگرن لە چالاک بوونی ئەو بۆمبه ئایدیۆلۆجیکە کە لەلایەن ئەو جەرەیانە ئیسلامییانە بەرێوە دەچێ. لەو بەستێنەدا پێویستە کە ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا هەڵوێستێکی جیدی لە هەمبەر ئەو گرووپانە هەبێ کە دوژمنایەتی خۆیان تەنانەت لەگەڵ دنیای ڕۆژئاوا جارێ بەشێوەی کاتی شاردۆتەوە. بەم شێوە وێدەچێ کە پشتگیری سیاسی لە لانیکەمەکانی سەروەری سیاسیی ڕۆژاڤای کوردستان، ئەگەری سوودمەندی بۆ ڕۆژئاوا هەیە.

لە درێژایی مێژووی هاوچەرخی کوردـدا، ڕۆژاڤا وەکوو پارچەکانی دیکەی کوردستان ماوەیەکی زۆر لە داگیرکاریی سەرزەمینی و جینۆساید و لینگۆساید و ئیکۆساید، هتد، ڕەنج و خەساری بینیوە. هەوڵەکانی ڕۆژاڤا بۆ هەبوونی دیموکراسی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەرانبەری وەڵامی توندوتیژی نەخێر لەلایەن دەوڵەتی سووریاـوەیە بووەتەوە کە وەکوو هاوتایانی خۆیان لە ناوچەکە کوردەکان بە فەرمی ناناسن و هیچ مافێکیان بۆ قایل نین. کەواتە سازبوونی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ نە تەنیا پێویستیێکی گرینگ بۆ کوردە داگیرکراوەکانە بەڵکوو ئەگەری ئەوە هەیە هەنگاوێکی ستراتیجی باش بۆ جیهانی ڕۆژئاوا بێت. لە نەبوونی دەوڵەتی کوردی‌دا، دوژمنایەتی ئیسلامییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا زیاتر لە جاران خۆی دەنوێنێت و ڕاشکاوانەتر دەبێت.

بە گشتی هەروەک لەسەرەوە ئاماژەی پێ کرا ڕێبەرایەتی ئیسلامیی سووریا توانایی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و دیموکراتیکیان لەگەڵ کوردەکان نابێ و لە دوای سەرکوتکردنی کوردەکان و زاڵ بوون بەسەر ڕۆژاڤای کوردستان‌دا دەبنە دوژمنێک بۆ تەواوی دنیا. لەم بارەوە پێویستە دەستی تورکیا کە لایەنگری ئیسلامی سیاسییە کۆتا بکرێتەوە لەبەر ئەوەی جیا لە چیرۆکی دوژمنایەتی دێرینەیان لەگەڵ کورد، لە ئەگەری یەکگرتوویی سووریا و تورکیا بەرەیەکی بەهێز بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیهانی ڕۆژئاوا دروست دەکرێت. بە پێی ئەم باس و بەڵگاندنانە وێدەچێت نابێت جیهانی ڕۆژئاوا پشتی کوردەکان لە گێژاوی ئیسلامی سیاسی لە سووریا و تورکیا و ئێران بەر بدات چوونکە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی کوردەکان بۆ لای ڕۆژئاوا و ئەمریکا و ئەوروپا دەچن و دەبنە دوژمنێکی زەبەلاح بۆ شارستانییەتی مۆدێرنی ئەوان.

کوردەکان وەکوو گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لە جیھاندا، تووشی کوشتاری بەکۆمەڵ، جینۆسایدی زمانی و جینۆسایدی ژینگەیی و… لەلایەن دەوڵەتانی سەردەستەوە هاتوون. وێدەچی بۆ ڕزگارکردنی ئەو کوردانەی خوازیاریی ژیانێکی ئازاد و بە کەڕامەتن و داواکاری سەقامگیریی دیموکراسین لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و لەگەڵ جیهانی ڕۆژئاوادا هیچ دوژمنایەتییەکیان نییە، پێویستە هەرچی زووتر بە فکری ستراتیجییەک بن کە دەتواندرێت هێزێکی زیاتر لە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی لەگەڵ ڕۆژئاوا دەستەبەر بکات و هاوسەنگی هێز لە هەمبەر ئیسلامی سیاسی و بەربەست بۆ دەسەڵاتگەرییان وەدی بێنێت. بەم کارە کوردەکان و جیهانی ڕۆژئاوا بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەتی هەناسەیەکی ئاسوودە لە هەمبەر بۆمبی ئایدۆلۆجیکی شەڕاشۆی ئیسلامی هەڵدەکێشن. بە بۆچوونی خاوەنی ئەم نووسینە سەروەری سیاسیی کوردەکان، بە تایبەت وەگەرخستنی  سەربەخۆیی سیاسی دەتوانێت بژاردەیەکی باش بێت بۆ سەقامگیری دیموکراسی و ئاشتەوایی لە ناوچەکەدا.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO