زیاتر لە ٢٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا، زانای ئاشوریناس و گەشتیاری ئینگلیزی، کلۆدیس جەیمس ڕیچ (١٧٨٧-١٨٢١) لە گەشتێکدا، بە هاوەڵی خێزان و دار و دەستەیەک، لە بەغداوە بە سواری وڵاغ، ڕوو لە کوردستان دەکەن.
ڕیچ بیرەوەرییەکانی ئەو گەشتەی لە کتێبێکدا لە ژێر ناوی “گەشتنامەی ڕیچ بۆ کوردستان”، تۆمار دەکات. ئەم گەشتنامەیە، لە لایەن نووسەر “حەمەی حەمە باقی”یەوە، بە زمانێکی پاراو وەرگێردراوەتە سەر کوردی. گرنگی ئەم گەشتنامەیەی ڕیچ لەوەدایە کە زۆر وەستایانە، بە وردەکاری و بە سەلیقەوە، ڕووداو و دیمەنەکانی ئەم گەشتەی بۆ تۆمار کردوین.
ئەوەی گەشتنامەکەی ڕیچ بخوێنێتەوە، هەستێکی وای لا دروست دەبێت کە لەو گەشتەدا خۆی هاوەڵی ڕیچ بووە. ناوی هەموو ئەو گوند و شار و شاخ و دۆڵ و دەشتاییانە دەبات کە پێیدا دەڕوا. باسی کەش و هەوای ڕۆژ بە ڕۆژ و پلەی گەرما و جوگرافیا و مێژوو و ئاسەوار و کەسایەتی و ژیانی کۆمەڵایەتی هەر جێگایەکیش دەکات کە پێیدا ڕۆیشتووە.
لە هەمووی گرنگتر، باسی ژنانی کوردە، لە گەشتنامەکەی ڕیچ دا. ڕیچ لە زیاد لە شوێنێک، ژنانی کورد سەرنجی ڕاکێشاون. ئەوەیش کە زۆر گرنگە شێوازی باس کردنیەتی لە ئازادی ژنان و جۆری پۆشینی جلوبەرگ و مامەڵەی پیاوانی کوردە لە گەڵ ژناندا.
ئەم باسە بە لای منەوە، زۆر گرنگە بۆ نەوەی ئەمڕۆی کوردستان، بە تایبەتی لەدایکبووانی ساڵانی دوای ڕاپەڕین، کە ئێستا تەمەنی هەندێکیان لە ٣٠ ساڵ بەرەو ژوورە. گرنگە ئەم نەوەیە وێنەیەکی ڕاست و دروستی لە لا بێت، لە سەر بیرکردنەوەی حەوت بۆ هەشت پشتی باوانی بەر لە خۆی، دەرهەق بە ژن و کچەکانیان.
دەبێ ئەم نەوەیە بەراوردێک بکەن، کە ئاخۆ باوانی ئەوان، زیاد لە ٢٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا، دەرهەق بە ژنان و پۆشاکی ژنان و ئازادی ژن لە کۆمەڵگاکانیاندا، چۆن بیریان کردۆتەوە؟ دەبێ ئەم نەوەیە وا تێنەگات کە دایک و خوشک و ژنانی کورد لە ژێر کاریگەریی عەلمانیەت و کرانەوە بە سەر ڕۆژئاوادا، بوون بە سفور و کورت پۆش! دەبێ ئەم نەوەیە هەڵنەخەڵەتێ بەو چیرۆکە بێ بەڵگە و بێ بنەمایانەی گرووپە موحافیزکارەکان لە ئیسلامی سیاسی، لە بەستنەوەی باڵاپۆشی عەرەبی بە کولتووری کوردی و تێگەیاندنی خەڵکی کوردستان لە باشوور بەوەی پێویستە سەرپۆشێکی گەورە بدەن بە سەری ژناندا، بۆ پاراستنی بەها ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگای کوردەواری!
دەبێت نەوەی ئەمڕۆ باوەڕ بەوانە نەکات کە وایان لە خەڵکی گەیاندووە وەکوو ئەوەی ژنانی کورد هەموو باڵاپۆش بووبن و ئەوەی لە دوای ڕاپەرینەوە گۆڕاوە لەچک بە ژن فڕێدراوە نەک پێچەوانەکەی کە بە پڕۆسە و پلانێکی تۆکمەی قەتەری-تورکی، خەریکی بە حیجابکردن و نیقابکردنی ژنانی کوردن.
بە کورتی و کرمانجی پێویستە نەوەی ئەمڕۆ لەوە تێبگات کە باوباپیرانی هەرگیز بەهای ئەخلاقی کۆمەڵی کوردەوارییان نەبەستۆتەوە بە پۆشاکی ژنانەوە. دەبێ هەمووان بزانن ئەو حیجاب و نیقابەی ئەمڕۆ ئیسلامی سیاسی بازاڕی بۆ گەرم دەکەن دوور و نزیک پەیوەندی بە کۆمەڵی کوردەوارییەوە نییە بەڵکوو بیدعەیەکی هاوردەیە و تەمەنی لە ٣٠ ساڵ تێناپەڕێت.
جاروبار لە سۆشیال میدیا وێنەی ژنان و کچانی کوردی سلێمانی و هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان بڵاودەکرێنەوە، کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ پەنجاکان و شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەمانە وەکوو بەڵگەی کراوەیی کۆمەڵگای کوردی بە ڕووی ئازادی پۆشین و ڕواڵەتی کورت پۆشی ژنانی کوردی دەهێنرێتەوە. بەڵام لێشاوی لەچک و پاڵاپۆشی هاوردەی دەستی ئیسلامی سیاسی و ڕەواجپێدانی ڕۆژانە لە دەیان هەزار مینبەرەوە و نیشاندانی ئاپۆرای پاڵاپۆشی و بە فیستیڤاڵکردنی پڕۆسەی باڵاپۆشی وێنەکەی بە تەواوی لای نەوەی نوێ شێواندووە.
ڕیچ لە دووتوێی گەشتنامەکەیدا و لە باسی جۆری خانووەکانی شاری سلێمانی دا دەڵێت: “خانووەکانیان بە جۆرێك دروست کرابوون، کە بەردەمیان ئاوەڵا بوو. بە جۆرێک کە ناو ماڵەکانیان دیار بوون. وەهاش دەردەکەوت کە کوردەکان بێباک بن لەو مەسەلەیەدا. چونکە ژنەکانیان شان بە شانی پیاوەکانیان، بەبێ پەچە (حجاب) و بە بێ ڕووپۆش (نیقاب)، ئەچوونە دەرێ، بۆ جێ بە جێ کردنی کاروباری ناو ماڵیان”.
ڕیچ لە جێگەیەکی دیکەدا لە بارەی زەماوەندێکی قەراغ شاردا دەنووسێت کە: “بە ئاوازی دەهۆڵ و زوڕنا، ژنان بە جل و بەرگی ئاڵ و واڵا و بە بێ پەچە و ڕووپۆش هەڵدەپەڕین، کە زۆرێک خشڵ و زێڕیان پێوە بووە و تا ئەوپەڕی جوانی خۆیان ڕازاندۆتەوە”. ئەو دەڵێت کە ئەمە بە لایەوە دیمەنێکی تازە بووە چونکە تا ئەم ساتە، ئافرەتی ڕۆژهەڵاتی بەو جۆرە نەدی بوو، کە ئافرەت بەبێ ڕووپۆش تێکەڵ بە پیاو بێ. لێرەدا بەراوردیان دەکات بە ئافرەتی عەرەب کە زۆر خۆیان دادەپۆشی و دەپێچایەوە.
ڕیچ لە زۆر جێگەی دیکەی گەشتنامەکەیدا، باس لە پلە و پایەی ژنانی کورد دەکات و بەراوردیان دەکات بە هی عەرەب و تورك. ئەو وای دەبینێ، پیاوانی کورد جیاواز لە پیاوانی تورک و عەرەب، بە چاوی یەکسانیی لە ئافرەتەکانیان دەڕوانی. ئەو لە جێگەیەکی دیکەدا، دوورتر لەوەش دەڕوات بەوەی کە ژن و پیاو لە هاویناندا، لە سەربانە نزمەکاندا، ئازادانە دەنووستن، بێ گوێدانە ئەوەی کە بەرچاویش بوون.
ئەمانە، قسەی مێژوونووسێکی ئەمڕۆی کورد نییە، تا ئیسلامییەک بە درۆیان بخاتەوە. قسەی نووسەر و ئازادیخوازێکی کوردی ئەمڕۆش نین. تا بە دژایەتی ڕەوتە ئیسلامییەکان هەژمار بکرێت. ئەمانە کامێرای چاوەکانی ئەو گەشتیارە ئینگلیزە بووە کە وێنەی ئەو ڕاستییانەی گرتووە کە کۆمەڵگای کوردی تیا ژیاوە، وێنەی ڕادەی ئازادی ژنانی کوردمان نیشان دەدات لەو سەردەمەدا بەبێ پەچە و لەچک و ڕووبەند و سەرپۆش و ڕووپۆش. ئافرەتێک وەکوو ئەوەی کە خۆی هەیە، ڕازاوە و ڕەنگین، شان بە شانی پیاو. ڕیچ باسی لە ژنانی تورک و عەرەبیش کردووە. واتا ئەو بێلایەن ئەوەی دیویە نووسیوێتی و بەراوردی کردوون.
ئەمە دەرخەری هەندێ ڕاستین، جا برادەر و خوشکانی ئیسلامگەرا و سەلەفی پێیان خۆش بێت یان ناخۆش، پەچە و لەچک و حیجاب ناسنامەی ژنانی کورد نەبووە. ئەم ناسنامەیە تەمەنی زۆر کورتە و هاوردەیەکی بەسەرچووە، تازە بە نیازن دەرخواردی کوردی بدەن. دیاردەیەکە لە دیاردەکانی دوای ڕاپەڕین، هاوردەیەکی ئیخوان موسلیمینە، لە ڕێگەی حیزب و کەسایەتییە ئیسلامییە کوردییەکانەوە، هێنراوە. ڕاستییەکەیشی ئەوەیە کە لەچک ڕەنگە ناسنامەی ژنی موسوڵمانی عەرەب یان تورک بووبێ وەکوو لە بیرەوەرییەکانی ڕیچ دەردەکەوێت بەڵام ناسنامەی ژنانی کورد نەبووە، بەڵکوو ئەمە هەوڵێکە بۆ لکاندنی ئەم ناسنامەیە بە کوردیشەوە. ئەمە یەکێکە لە هەوڵانەی کە ئیسلامییە-ئیخوانییەکانی کوردستان دەیدەن تاوەکوو دووانەی ئیسلامییبوون و کوردبوون تێکەڵ بکەن.
ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگر هەیە کە زۆرینەی کورد موسوڵمانە و لەوەش ڕاستیتر ئەوەیە کە ئایینیبوونی ئەم خەڵکە هەرگیز پێش کوردبوونی و ئینسانیبوونی نەکەوتووە، هەر بۆیەش جۆرەها ئایین لە کوردستاندا بە ئازادی ژیاون، زیاد لە هەر خاک و وڵاتێکی دیکەی موسوڵمان. هەر بۆیە ڕەوا نییە کەسانێک لە میدیاکانەوە دەربکەون و شەڕی ناسنامەی موسڵمانبوونی کورد بە کورد بفرۆشن، بەو نیازەی عەلمانی و ئازادیخوازەکانی کوردی پێ بخەنە گۆشەیەکی شەرمەزارییەوە. هەوڵی بە لەچککردنی ژنانی کورد زۆر گرنگە بەلای ئیسلامییەکانەوە، گرنگتر لە هەر دیاردەیەکی دیکەی دژی ئەوان. چونکە ئەوان وای دەبینن، بە زۆر بوونی ژمارەی لەچک بە سەرەکان لە زانکۆ و بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا، جۆرە ڕیکلامێکە بۆ پاشەکشەی عەلمانییەت و ئازادی و باڵادەستی ئیسلامی سیاسی. دەنا بۆ نایەن چارەکی ئەو وزە و ئیمکانییەتەی لە بەلەچککردنی کۆمەڵکا سەرفی دەکەن، لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە زیانەکانی جگەرە و خواردنەوە کهولییەکان و قومارکردن و لەشفرۆشی و دزی و سەرەبڕی و گەندەڵی سەرفی بکەن.
ئەی ئەم کارانە ئەرکی ئایینی نین؟ بەڵێ، بەڵام ئەوانە هەمووی مادەی خاوی خوتبە و وەعزە ئایینییەکانن، گەر ئەوانە بنبڕ بن، ئەوا ئەرکی ئەوان لە ڕکابەری حیزبە گەندەڵە بە ناو عەلمانییەکان قورستر دەبێ. لە لایەکی دیکەشەوە سوودێکی گەورە لە تێکشکاوەکانی کۆمەڵگە دەبینن. قومارچییەکی دۆڕاو ئاسانتر ڕێگەی مزگەوتی بیر دەکەوێتەوە لە ئازادیخوازێک کە بە مووچەیەکی شەریفانە بژی و لەشفرۆشێکی تێکشکاویش ئاسانتر لەچکی دەکرێ بە سەردا لە سفورێک کە بە ڕەنجی شانی خۆی بژی و ئیتر بەم جۆرە، هتد.
شاییەکی ڕەشبەڵک لە ١٨٩٠، لە گوندێک لە نێوان سلێمانی و کرماشان (سەرچاوە: کردسات عەرەبی)
