لە مێژووی مرۆڤی نیشتەجێدا کە ١٢ هەزار ساڵێک دەبێت، بەتایبەتی لە دوای دروستبوونی شار لەسەر دەستی سۆمەرییەکان لە باشووری میزۆپۆتامیا هەمیشە گرووپێک، دەوڵەتێک، نەتەوەیەک، دەسەڵاتی بەسەر ئەوانی دیکەدا زاڵبووە و کەم تا زۆر قۆناغەکە بەناوی ئەوەوە ناسراوە، وەک ڕۆمانەکان، بابلییەکان، مادەکان، فارسەکان/ساسانییەکان، عەرەبە-موسڵمانەکان، تورکە-عوسمانییەکان، بەریتانیای مەزن، ئەمریکا. بەڵام هیچ قۆناغێکی مرۆڤایەتی وەک قۆناغی باڵادەستی ئەمریکا مرۆڤدۆستتر، دیموکراسیتر، ژندۆستتر، دادپەروەرتر، بێشەڕوشۆڕتر نەبووە. لێرە قسەم لە بەراورد و ڕێژەییە، بۆیە “تر” بەکاردێنم. ئەوە ئەمریکا نە دەکاتە فریشتە نە دنیاکەشی دەکات بە بەهەشت. بەڵام ئەم نیزامە جیهانییەی کە لە دوای ١٩٤٥ لەسەر دەستی ئەمریکا و بە ڕابەرایەتی لیبرال دیموکراسەکان دامەزراوە لە هەموو ئەو نیزامانە کەمتر خوێناویتر و بێ شەڕوشۆڕتر بووە.
نیزامی ڕۆمانەکان (٧٥٣ پ.ز. – ٤٧٦ ز)، ئەوەی کۆلۆسیۆمی (Colosseum) دی بێت، ئەوەی ناوی گلادییەیتەری بیستبێت، دەزانێت کە دنیا و نیزامێک بوو لەسەر خوێنڕشتن دامەزرا بوو، لە ڕاستیدا خوێنڕشتن لەو کۆمەڵگەیە مایەی زۆرترین چێژ بووە. من خۆم کۆلۆسیۆمی شاری ڕۆمام دیوە، لەوێ پیاوماقووڵەکان تۆیلێتیان لەژێر کورسییەکانیان هەبوو چونکە ئەوەندە زەوقیان لە کوشتن و بڕین و خوێنڕشتنی شەڕکەرە گلادییەیەتەرەکان لە گۆڕەپانی کۆلۆسیۆمەکان وەردەگرت نەیاندەویست بچن بۆ ئاودەست هەر لە ژێر خۆیان میزیان دەکرد.
دنیای دوای ئەوانیش، چ نیزامی ئەسکەندەری مەکدۆنی، چ نیزامی ساسانی، هێندە لە ڕۆمانەکان باشتر نەبوون. باسی ئەوانی پێش ئەوان هەر ناکەم، چونکە نە هێندەیان لەسەر دەزانین، نە هێندەش شتی باشمان لەسەریان بیستووە. ئاشوورییەکان یەک لە دڕندەترین کۆمەڵگەکانی سەر ڕووی زەوی بوون.، باوەڕ ناکەن بڕۆنە مۆزەخانەی نیشتیمانیی بەریتانی، ئەوان دانەری “یا حوم اتبع لو جرینا” بوون، واتە “داڵەکان وەرن بەدوامانەوە کاتێک دەچین بۆ شەڕ ئەو کەلاکانە بخۆن کە ئێمە کوشتومانن”. لە ١٩٨٠ ئەم دروشمە بوو بە دروشمی قادسیەی سەدام، واتە سەدام لاسای دەکردنەوە.
ئەو نیزامەی کە ئیسلام دایمەزراند، بەگشتیی لەوانی پێش خۆی هێندە باشتر نەبووە. ئاخر لە ئیسلامدا پێغەمبەر و ئەبوبەکری لێ دەرچێ کەم خەلیفە هەیە بە مردنی خۆی مردبێ، هەر هەموویان برا و برزای یەکدیان کوشتووە. باس لە سەبایا و ئەنفال هەر ناکەم، باس لەو هەموو خوێنڕێژییە ناکەم کە لەسەر دەستی لەشکری موسڵمانان کراوە، بڕۆن مێژوونووسە ئیسلامییەکان بخوێننەوە، ئیبن کەسیر، ئیبن تەبەری، هتد، ئەوە قسەی من نییە.
دنیای پاش لاوازبوونی ئیسلام دنیای نیزامی ئەوڕوپایە کە داهێنەری کۆڵۆنیالیزم و داگیرکارییە، دنیای جینۆسایدی هیندە سوورەکان، ئەبوریجنەکان، دنیای ئەپارتاید و دەمارگیریی. سەرەڕای لە دایکبوونی بیر و چەمک و تێگەیشتنی نوێ لە پێنج سەد ساڵ لە باڵادەستی ئەوڕوپییەکان بەڵام ئەم بیرۆکە و ئایدیایانەی ئەوڕوپییەکان خستیانەڕوو تا دنیای ئەمریکا دانەمەزرا بە تەواوی نە جێگیرکران، نە شۆڕبوونەوە بۆ ناو خەڵک. مەبەستم باس لە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی و دیموکراسی دەکرا، بەڵام لە ئەوروپا دەوڵەتی خێرخوازی (وێلفەیەر ستەیت)، دەوڵەتی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، دەوڵەتی یەکسانیی لە شەستەکان دوای شۆڕشی خوێندکاران جێگەی خۆی دەکاتەوە و بیرۆکەکان دەسەپێنرێن. واتە ئەو بیرۆکانە ئەگەر ئەوڕوپیشبووبن لە بنەڕەتدا بەڵام لەژێر هەژموون و ئەو نیزامە پەیڕە و پراکتیز دەکرێن کە ئەمریکا سەرپەشتی دەکرد.
دنیای ئەوڕوپا کە بەریتانیا و فەڕەنسا و پورتوگال و ئیسپانیا تێیدا زاڵبوون بەخۆتان دەزانن کە چیان بە دنیا نەکرد، ئەوە هەر لێ گەڕێ کە چیان بە ئەوڕوپا کرد لە دوو جەنگی جیهانییدا لە سەدەی بیستدا.
بۆیە هاوڕێیان، ڕقت لە ئەمریکایە لەبەر هەر هۆکارێک، کردەکانی ئەمریکات بەدڵ نییە لەبەر هەر هۆکارێک، نابێت ئەوەت لەبیر بچێت کە ئەمریکا، لانیکەم تا ئەمڕۆ، چونکە من نازانم ئەمریکای ترەمپ چۆن دەبێت، بە بەراورد بە دنیا و شارستانییەتەکان و نیزامەکانی دیکە باشترین دنیای فەراهەم کردووە، یان دەکرێت بڵێین لەژێر سایەی ئەودا گەشەی کردووە.
بێجگە لەو شتە گشتییانە، بۆ کورد، بەتایبەتی لە سەد ساڵی ڕابردوو، لە لۆزانـەوە تا ئێستا، هیچ هێزێک بە قەد ئەمریکا پشتیوانی لە کورد نەکردووە، هەر دوو ئەزموونی باشوور و ڕۆژاڤا لەسەر دەستی ئەمریکا دروست بوون، ئەوە مانای ئەوە نییە کە کورد هیچ ڕۆڵی نەبووە، بەڵام ئەمریکا شەقی لە عێراق هەڵ نەدابا لە کوێت، ڕاپەڕین دروست نەدەبوو. ئەمریکا زۆنی دژە فڕینی لە باشوور نەسەپاندبا، حکومەتی هەرێم دروست نەدەبوو، ئەمریکا نەبا ئەو گەشەیەی کە هەرێم لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٣ بەخۆیەوە دی، نەدەبوو. ئەمریکا نەبا لەوانە بوو داعش گورزی زۆر کوشندە لە هەرێم بدا. ئەمریکا نەبا، کۆبانێ کەوتبوو. ئەمریکا نەبا، هەسەدە دروست نەدەبوو، ئەمریکا نەبا، ڕۆژاڤا دروست نەدەبوو ئەو هەموو ناوچانەی نەدەکەوتە ژێر دەست. ئایا ئەمانە هەمووی تا سەرن، من نازانم، بەڵام قسەم لەسەر ڕابردووە.
باسی ئەو دنیایەش هەر ناکەم کە ماوەیەکە چین و ڕووسیا دەیانەوێت دروستی بکەن، چونکە ئەو دنیایەی ئەوان نە جێی ئازادی، نە یەکسانیی، نە مافەکانی مرۆڤ، نە دادپەروەریی، نە ڕادەربڕین، نە فرەیی، نابێتە، لەوانەش ترسناکتر، جێگەی کورد لە دنیای چین و ڕووس هەر نییە، چونکە ئەوان تەواو باوەڕیان بە ناوەند (مەرکەز) و بەش نەکردن و شۆڕ نەکردنەوەی دەسەڵاتەکانە.