سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

فاکتەر و قۆناغە گشتییەکان و کۆسپەکانی بەردەم پێکهێنانی دەوڵەت-نەتەوە

بەهزاد قادری

پێکهێنانی دەوڵەتێک بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، پڕۆسەیەکی دژوار و درێژماوەیە، کە پێویستی بە فاکتەری جۆراوجۆرە. ئەم پڕۆسەیە بە ساکاری پێناسە ناکرێت و گرێدراوە بە دۆخی تایبەتی مێژوویی، کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و جوگرافییەوە، بەڵام دەتوانین هەندێک فاکتەر و قۆناغی گشتی لەمبارەیەوە تاوتوێ بکەین.

فاکتەرە کاریگەرەکان لە پێکهێنانی دەوڵەت- نەتەوە دا

ناسنامەی نەتەوەییی هاوبەش؛ بوونی ناسنامەیەکی نەتەوەیی هاوبەش لەسەر بنەمای زمان، فەرهەنگ، مێژوو، ئایین یان فاکتەرە ئەتنیکییەکان، یەکێک لە گرنگترین پێویستییەکانی پێکهێنانی دەوڵەت- نەتەوەیەکە. ئەم ناسنامە نەتەوەیییە، هەستی ئینتما و بەستراوەیی هاوبەشی تاکەکان بە یەکتر بەهێز دەکات و بەستێنی یەکگرتن و یەکانگیریی نەتەوەیی ساز دەکات.

خواست و ویستی گشتی؛ بوونی خواست و ویستێکی گشتیی بەهێز بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، یەکێکی دیکەیە لە فاکتەرە گرنگەکان. ئەم ویستە دەبێ لەنێو زۆرینەی خەڵکدا بوونی هەبێت و لە ڕێگەی خۆپیشاندان، مانگرتن، هەڵبژاردن و جووڵە مەدەنییەکانی دیکەوە دەرببڕدرێت.

پشتیوانیی نێودەوڵەتی؛ پشتیوانیی وڵاتانی دیکە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە یارمەتیدان و بەفەرمیناسینی دەوڵەتێکی نوێ هەبێت، تاوەکوو پێگەی خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا جێگیر و سەقامگیر بکات.

بوونی ڕێکخراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی؛ بوونی ڕێکخراوی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەهێز وەک: حیزبەکان، هێزی چەکدار و ڕێکخراوەی مەدەنی، دەتوانن یارمەتیی ڕێکخستنی خەباتی ڕزگارییخوازانە و بەڕێوەبەریی کاروباری وڵات، دوای پێکهێنانی دەوڵەت، بدات.

بوونی سەرچاوەی سروشتی و ئابووری؛ بوونی سەرچاوەی سروشتی و ئابووری دەتوانێت یارمەتیی سەربەخۆیی ئابووریی وڵاتی نوێ بدات و لە گرێدراویی ئەم وڵاتە بە وڵاتانی دیکەوە، کەم بکاتەوە.

قۆناغە گشتییەکانی پێکهێنانی دەوڵەت-نەتەوە

هۆشیاریی نەتەوەیی؛ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی نەتەوەیی و هەستی ناسنامەی هاوبەش لەنێو خەڵکدا.

خەباتی ڕزگارییخوازانە؛ ڕێکخستنی خەباتی ئاشتیخوازانە یان چەکدارانە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی.

پێکهێنانی دەوڵەتێکی کاتیی؛ پێکهێنانی دەوڵەتێکی کاتیی بۆ بەڕێوەبەریی کاروباری وڵات لە دەورانی ڕاگوزار.

بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە؛ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێک ئازاد کە دەرفەتی یەکسان بۆ کەس و لایەنەکان بڕەخسێنێت بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی خەڵک و پێکهێنانی دەوڵەتی هەڵبژاردە.

بەفەرمییناسینی نێودەوڵەتی؛ بەدەستهێنانی بەفەرمییناسین لە لایەن وڵاتانی دیکە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە.

ململانێ و کۆسپەکان

ڕێگەریی دەوڵەتە داگیرکەرەکان؛ دەوڵەتە داگیرکەرەکان بە هەموو هێزی خۆیانەوە ڕێگریی لە سەربەخۆیی نەتەوەکانی ژێردەستی خۆیان دەکەن و ئەمە گەورەترین کۆسپە.

ناکۆکییە نێوخۆیییەکان؛ بوونی ناکۆکیی نێوخۆیی لەسەر پرسی ئەتنیکی، کەسیی، ناوچەیی، ئایینی، سیاسی و ئایدیۆلۆجی، دەتوانێت بزووتنەوەی سەربەخۆخوازی لاواز بکات و کۆسپ بخاتە بەردەم پێکهێنانی دەوڵەتێکی یەکگرتووی نوێ.

قەیرانە ئابوورییەکان؛ کێشەی ئابووری و بەستراوەیی بە وڵاتانی دیکە دەتوانێت لە توانای سەقامگیری و گەشەی دەوڵەتی نوێ کەم بکاتەوە.

هەڕەشە ئەولەکارییەکان؛ هەڕەشە ئەولەکارییەکان لە لایەن وڵاتانی دراوسێ یان گرووپە تیرۆریستییەکانەوە دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری و نائەمنی لە وڵاتی نوێدا.

نموونە مێژوویییەکان

هیندستان؛ بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازیی هیندستان بە ڕێبەرایەتیی مەهاتما گاندی، بە کەڵکوەرگرتن لە شێوە ئاشتیخوازانەکان، توانیی بەریتانیا ناچار بە بەجێهێشتنی هیندستان بکات و ببێتە هۆی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی هیندستان.

جەزائیر؛ شەڕی جەزائیر یان شۆڕشی جەزائیر بە کۆمەڵێک تێکهەڵچوون لەنێوان فەڕەنسا و جەزائیرییە سەربەخۆییخوازەکانی ژێر داگیرکاریی دەڵێن، کە لەنێوان ساڵەکانی ١٩٥٤ هەتا ١٩٦٢ی زایینی ڕووی دا و لە ئاکامدا سەربەخۆییی جەزائیری لێ کەوتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم شەڕە کەڵکوەرگرتنی هەردوو لایەن لە “ئەشکەنجە” بوو. هەرچەندە سوپای فەڕەنسا لە شەڕدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا، بەڵام دۆخەکە بەرەو ئاڕاستەیەک چوو، کە چیدی نەیانتوانی ڕێگری لە سەربەخۆییی جەزائیر بکەن. شۆڕشی جەزائیر، شۆڕشی فەڕەنسا و شۆڕشی ڕووسیا، لە گەورەترین شۆڕەشەکانی سەدەی بیستەم بوو. لە شۆڕشی جەزائیر دا ٥٥ هەتا ٦٠ هەزار سەرباز و نزیکەی یەک ملیۆن لە خەڵکی سڤیل کوژران. هاوکات یەک ملیۆن ئەوڕوپی لە جەزائیر هەڵاتن و ڕێژەیەکی زۆر لەو ئەوروپییانەش کە لە شەڕدا ڕۆڵێکیان نەبوو، بەهۆی گۆڕینی ڕوانگەی جەزائیرییەکان سەبارەت بە ئەوروپییەکان، کوژران و تۆڵەیان لێ ستێندرایەوە. بەکورتی، جەزائیرییەکان بە ٨ ساڵ خەبات دژی وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک فەڕەنسا، گەیشتن بە سەربەخۆیی، چونکە ئەوان تەنیا و تەنیا خوازیاریی “سەربەخۆیی” بوون.

ئەنجام

پێکهێنانی دەوڵەت-نەتەوە، پڕۆسەیەکی دوورودرێژ و دژوارە، کە پێویستی بە کۆشش و گیانفیدایی زۆرێک لە خەڵکە. سەرکەوتن لەم پڕۆسەیەدا گرێدراوە بە فاکتەرگەلێکی جۆراوجۆر کە نابێ هیچیان پشتگوێ بخرێن.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO