سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

چەکی ئاو بۆ قڕکردنی کورد

عوسمان ساوجی

نەتەوەی کورد لە هەردوو  قۆناغی کۆچەری و نیشتەجێبوونیدا پەیوەستیێەکی پتەوی هەبووە بە ئاوەوە، هەرچەندە وەک بەخشیشێکی خوایی، کوردستان خاوەن سامانێکی ئێجگار دەوڵەمەندی سەرچاوەکانی ئاوە، بەڵام هەرگیز وەک ئەو هاوکێشە ئابوورییەی کە دەڵێت تا خستنە ڕوو زۆربێت خواست کەم دەبێت بەسەر ئاوی کوردستان‌دا جێبەجێ نەبوو، چونکە هەمیشە کورد ئاوی بەدەستە خوشکی خاک زانیوە و وەک بڕبڕەی پشتی ژیان و ژیاری خۆی و سەرچاوەکانی بژێوی خێزانەکەی سەیری کردووە جا ئەوە بۆ ئاودانی ئاژەڵەکانی بێت یان بۆ کشتوکاڵ. لە نەریتی کوردەواریدا بەدەر لە پرەنسیپە ئایینییەکان سەرچاوەکانی ئاو بە پیرۆز سەیر کراون و پیس کردن و پڕ کردنەوەیان وەک تاوان و کاری نامرۆڤانە هەژمار کراوە. لەوبارەوە چەندین وتە و پەندی پێشینان هەن، تەنانەت تاپێش قۆناغی پڕۆسەی بەکەسییکردنی شاخ و داخی کوردستان کەس بوێری ئەوەی نەبوو کانیاوەکان قۆرخ بکات بۆ خۆی. ئەگەر کانیاوەکان لە ناوەندی باخەکانیشدا بووبن ئەوا خاوەن موڵک ڕێگەیەکی هێشتوەتەوە بۆ ڕێبواران و خەڵکی ناوچەکە تا بەئاسانی دەستیان بگاتە ئاوەکە و  پێداویستییەکانی خۆیانی لێ جێبەجێ بکەن، خاڵێکی گرنگ و سەرنج ڕاکێش ئەوەیە کە لە نزیک زۆربەی کانیاوەکان بەردەنوێژ هەبووە، ئەوەش وەک ئاماژەیەکی سوپاسگوزاری تاکی کوردە بۆ ئەو بەخشیشە.

دیارە نەتەوە پەلاماردەرکانی خاکی کوردستان هەر زوو هەستیان بەو بایەخ و گرنگییە کردووە کە کورد بە سەرچاوەکانی ئاوی داوە، لەبەر ئەوە ئەگەر سەرنجی قۆناغە جیاوازەکانی مێژوو بدەین سەرەڕای جیاوازی قۆناغەکان، ئەوا ئەو نەتەوانە هەوڵی داگیرکردنی کوردستانیان داوە، چەند خاڵیکی هاوبەش و لێکچوو لەنێوانیدا هەیە، کە ئێمە لێرەدا تەنها سەرنج دەدەینە سەر یەک دانەیان، ئەویش پرسی ئاوە.

لەو نەخشە کۆنانەی کوردستان کە ئێستا لەهەندێک سەرچاوەی جیاوازادا دۆزراونەتەوە، خاکی کوردستان لە دوو لاوە گەیشتووە بە دەریا، لەلایەک لە کەنداوی فارس و لەلایەک لە دەریای ناوەڕاست، بەڵام نەتەوە داگیرکەرەکان هەنگاو بەهەنگاو لە هەردوولاوە کوردیان لەو دەرچە سیاسی و ئابووریە گرنگە بێبەش کردووە و هەوڵیانداوە کورد لە ڕووبەرە ئاوییە فراوانەکان دوور بخەنەوە، بەوەش ڕێگریان لەوە کردووە کورد بە ئاسانی دەستی بگات بەجیهانی دەرەوە.

لە قۆناغەکانی تری داگیرکاریی بۆسەرخاکی کوردستان، نەتەوە پەلاماردەرەکان سەرباری ئەو کوشتوبڕ و تاڵانیانەی کردوویانە و دێبەر و باخ و ڕەزەکانیان سوتاندووە، هەرگیز دەستیان لە کوێرکردنەوەی کانیاوەکان نەپاراستووە بەو ئومێدەی ڕێگری  لەوە بکەن لەداهاتوودا ژیان تییایاندا سەرهەڵبداتەوە. پەلاماردەرەکان کاتێک لە داگیرکردنی قەڵاکانی بەرگری کورد دا شکستیان خواردووە وەک کارێکی ترسنۆکانە و نامرۆڤانە سەرچاوەی ئاوی ئەو شوێنانەیان بڕیوە بۆ ئەوەی دانیشتوانی ئەو قەڵا و شوێنانەی بەرگریان تیادایە لەتینوان بخنکێنن یان خۆیان ڕادەست بکەن. داستانی قەڵای دمدم نموونەیەکی دیارە.

لە قۆناغی نوێشدا ئەم تاوانە نامرۆڤانەیە بەردەوامی هەیە لەلایەک لە پڕۆسەکانی ئەنفال‌دا، چەتەکانی دەوڵەتی عێراقی ئەگەر ئامێر و ئامرازی پێویستیان لەبەردەستدا نەبووبێت بۆ پڕکردنەوەی کانیاوەکان ئەوا چەندین جۆر ژەهریان کردوەتە کانیاوەکانەوە بە ئامانجی ئەوەی مرۆڤ، ئاژەڵ و باڵندە لە کوردستان‌دا بنەبڕ بێت و ژیانی تیادا نەمێنێت. هەوڵێکی تری بەبیابانکردنی کوردستان بریتیە لە گۆڕێنی ئاراستەی ڕوبارەکان و گێڕانەوەیان بۆ ناو خاکی نەتەوە پەلاماردەرەکان. ئەمە لە کاتێکدا دەکەن کە هەر قۆرخ کردن و وشک کردن و گلدانەوەیەکی ئاوی ئەو ڕووبارانەی خەسڵەتی نێودەوڵەتیان هەیە بەشێوازێکی تاک لایەنە تاوانە و یاسای  نێودەوڵەتی ڕێگری لەوەها کارێک دەکات.

لەئێستاشدا کە دەوڵەتی تورکیا لەڕێگەی هەزاران چەتەی بەکرێگیراوی لە سووریا، ڕۆژانە بە هەرسێ ڕێگەی هێرشی زەمینی و تۆپباران و هێرشی ئاسمانی پەلاماری بەنداوی تشرین دەدات و دەیەوێت لەدەستی شۆڕشگێرە کوردەکانی دەربهێنێت، تورکەکان ئامانجیان ئەوەیە هاوشێوەی عێراق و بەشەکانی تری سووریا، کورد لەڕێگەی کارتی ئاوەوە بەچۆکدا بهێنێت و ئاو وەک فشارێک بۆ سەر دانیشتوانی ڕۆژاڤا بەکاربهێنێت تاوەکوو نەتوانن درێژە بە ژیانی ئازاد بدەن.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان دەیانەوێت دانیشتوانی کۆبانێ و ئەو ناوچانەی وزە لە بەنداوەکە وەردەگرن لە ڕووناکی بێبەش بکەن، هەرئەوەش وایکردووە جگە لە بەرگرییەکی بێوێنەی شۆڕشگێڕانە هاووڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستە دەستە وەک ئەوەی بۆ تەوافی ماڵی خودا بچن ڕوو دەکەنە بەنداوەکە و لەوێ ئاهەنگی خۆڕاگری و سەرکەوتن دەگێڕن و ژمارەیەکیشیان دەبنە شەهیدی دەستی غەدر و چەتە بەکێگیراوەکان.

بەڵام کۆڵنەدان و دەستبەردارنەبوون لە سەرچاوەیەکی گرنگی وەک ئاو پەیامە، پەیامێک بۆ بەردەوامی ژیان، پەیامێک بۆ سەوزایی و  کشتوکاڵ و ئاوەدانی. هەروەها شۆڕشگێرەکانی هەسەدەش هەرزوو درکیان بە پیلانی بەکرێگیراوەکان کردووە لەبەرئەوەیە پێش پاشەکشە کردن لە مەنبەج سەدان تونێل و چاڵی بەرگریان لێداوە و وەک لە میدیا دەیبینین سەرباری پاڵپشتی ئاسمانی و تۆپبارانی تورکەکان هێشتا بەکرێگیراوەکان تووشی دۆزەخێک لەبەرگری بوون کە ئومێدێک بۆ بەزیندوویی گەڕانەوەیان لەئارادا نییە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO