١-٢
چەپی کورد بەتایبەت لەناوەوەی نەتەوەی داگیرکراو و سەرکوتکراوی کوردستاندا، ماوەیەکی زۆرە جۆرێک گرێی خۆبەکەمبینیی بەرانبەر بە بزووتنەوە چەپگەرییەکانی ئێران، تورکیا، پێشتر عێراق و سووریا نیشانداوە. ئەم داینامیکە بەوەدا ڕەگوڕیشەی قووڵی هەم لەنێو ژێردەستەیی مێژوویی و هەم بەدحاڵیبوونی یەکێتیی ئایدیۆلۆجییانەدا (ideological misalignment) هەیە. ڕەنگدانەوەی دیاردەیەکی بەرفراوانی سایکۆلۆجیی و سیاسیی-کۆمەڵایەتییە و بووەتە بەربەست لەبەردەم گەشەسەندنی ناسنامەیەکی دیاریکراو و تایبەتمەندی چەپی کورد بە سروشت و خەسڵەتە دیاریکراوەکانی کۆمەڵگەکەی خۆی. بە پشتبەستن بە ئایدیا و بیرۆکەکانی هێگل، ژاک لاکان، فرانتز فانۆن (هەڵبەت بە ڕەچاوکردنی ئەوەی فانۆن گرفتسازە لە پەیوەندییدا بە تیۆری پۆست-کۆڵۆنیالەوە) و بیرۆکەکانی ئەم دواییانەی من، ئەم بابەتە هەوڵدەدات ڕەگوڕیشە ئایدیۆلۆجیی و سایکۆلۆجییەکانی گرێی خۆبەکەمبینیی و ئاماژەکانی بۆ سیاسەتی چەپی کورد شی بکاتەوە.
بەستێنی مێژوویی، ژێردەستەیی و ئایدیۆلۆجییە هاوردەکراوەکان
نەتەوەی کورد، وەک نەتەوەیەکی ڕەسەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەندین سەدە لەژێر سێبەری ئیمپراتۆرییەتی سەفەویی و عوسمانیی بوو، سەدەیەکیشە لەژێر چەپۆکی دەوڵەت-نەتەوە سەرکوتکارە بونیادنراوەکان دەناڵێنێت. دەوڵەتانی وەک تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا ماوەی سەدەیەکە بە فراوانی و بەشێوەی سیستەماتیک هەوڵی کەنارگیرکردن، سڕینەوەی کولتووریی و ژێردەستەیی کۆڵۆنیالیی دەدەن. دابەشکردن و کەرتکەرت کردنی سیاسیی و نەبوونی دەوڵەتێکی یەکگرتوو بۆ نەتەوەی کورد بووەتە هۆی ئەوەی ببنە بابەتی هەژموونی سیاسیی و کولتووریی ئەم ڕژێمانە، کە چەندین ڕێگەی وەک یاسایی، سەربازیی و ئامرازی ئایدیۆلۆجیان بۆ لەباربردنی سەربەخۆبوونی کورد گرتووەتە بەر.
ئەم پاشخانە مێژووییە بەقووڵیی هێڵ و ڕێچکەی سیاسیی و فیکریی بزووتنەوە کوردییەکانی پێکهێناوە، بەتایبەت ئیسلامیی و چەپگەریی. ئێمە لەم نووسینەدا تەنها هەڵوەستە لەسەر چەپ دەکەین و ڕەهەندی ئیسلامیی بۆ بابەتی دیکە هەڵدەگرین. بەنەبوونی نەریتێکی بەهێزی بیری سیاسیی (لەلای چەپ) و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو ئایدیۆلۆجییە باڵادەستانەی دەوڵەت-نەتەوە داگیرکەرەکان بەرهەمیان هێناوە و پەرەیان پێداوە، وایکردووە چەپی کورد هەمیشە ڕێنمایی لە بزووتنەوە سیاسییەکانی وڵاتە سەرکوتکارەکانی سەر کوردستان وەربگرێت. مارکسیزمی تورکیی، قووڵ کاریگەر بە سێکولاریزم و سەنتراڵیزمی کەمالیستیی، بەفراوانیی چوارچێوەی فیکریی بەشێکی زۆری چالاکوانانی چەپی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیای پێکهێناوە. بە هەمان شێوە، بزووتنەوە چەپگەرییە ئێرانییەکان – کە ڕەگوڕیشەی قووڵیان لەنێو نەریتی دژە-ئیمپریالیستیی و کاریگەر بە ناسیۆنالیزمی ئێرانیی و ناسنامەی شیعەگەرییدا هەیە – مۆدێلێکی بنچینەییان بۆ چەپی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دابین کردووە. لە جیهانی عەرەبییشدا، سەرهەڵدانی ناسیۆنال-سۆسیالیزمی عەرەبیی و ئایدیۆلۆجیای بەعسیی لە عێراق و سووریا، بە جەختکردنەوەیان لەسەر یەکێتیی پان-عەربیی، دژە-کۆڵۆنیالیزم و کۆنتڕۆڵی دەوڵەتیی، ژینگەی ڕۆشنبیریی بۆ چەپی کورد ئاڵۆزتر کردبوو، بەتایبەت ئەوانەی خۆیان لەنێو ئایدیۆلۆجییە بەڕواڵەت گەردوونگەریی و یونیڤێرسالەکاندا قەتیس کردبوو.
وەرگرتن و کاریگەریی ئەم ئایدیۆلۆجییە هاوردەکراوانە سێبەرێکی ئێجگار زۆری بەسەر هەوڵەکان بۆ سەرهەڵدانی گوتارێکی چەپی سەربەخۆی کوردیی کرد، گوتارێک کە دەبوو ڕەگوڕیشەی لەنێو ڕاستیی و واقیعە تاقانە و تایبەتە مێژوویی، کولتووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی گەلی کورد دا هەبێت. لە جیاتی پەرەدان بە وێنەیەکی سیاسیی کە پرسی خاک، دیاریکردنی چارەنووس و ڕزگاریی سەرتاپاگیری دەوڵەتخوازانەی گەلی کوردستان بکاتە ستراتیج و ئەجێندای بیر و هزری خۆی، زۆربەی چەپی کورد لەڕووی نەزانییەوە خەباتی خۆیان کردە پاشکۆ و قوربانیی ئەجێندا گەورەترەکانی ئەم بزووتنەوە خاوەن هەژموونییانەی نەتەوە داگیرکەرەکان.
ئەگەر لێرەدا بۆمان هەبێت هێگل بەکاربهێنین بۆ ئەوەی زیاتر لەم پرسی گرێی خۆبەکەمبینیی تێبگەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەستەواژەکەی هێگل بەناوی «دیالەکتیکی سەروەر-خزمەتکار» (master-bondage dialectics) کە ڕوانگە و گۆشەنیگایەکی بەهێزمان پێدەبەخشێت لەڕێگەیەوە ئەم داینامیکە شیکار بکەین. ئەگەر لە ڕوانگەی هێگلییەوە بڕوانین، لێرەدا «خزمەتکار» (bondage) کە وێنەی چەپی سەرکوتکراوی کورد پیشان دەدات، خۆویستانە و ئازادانە ڕوانگە و تێڕوانینی «سەروەر» (master) بەناوەکیی دەکات. «سەروەر» لێرەدا واتە نەتەوە داگیرکەرەکان و ئایدیۆلۆجییەکانیان. ئەم بەناوەکییکردنە (internalization) جۆرێک وابەستەبوون بە نرخپێدان (validation) و چوارچێوەکانی کولتوورە خاوەن هەژموونییەکان بەرجەستە دەکات، کە وا دەکات چەپی کورد بەها و گرنگیی و پێشکەوتنی خۆیان لەڕێگەی ستانداردەکان و سەلماندن و دانپیانانەکانی چەپی نەتەوە سەرکوتکارەکان بپێون. پەیوەندییەکی بەمجۆرە دەبێتە هۆی لەناوبردن و بەربەست دروستکردن بۆ گەشەی خۆ-وهۆشیاریی (self–awareness)، خۆ-بەدیهێنان (self–realization) و سەربەخۆیی چەپی کورد، کە لەخۆیاندا ڕەهەندی جەوهەریین بۆ ڕزگاریی ڕاستەقینە.
دیالەکتیکی «سەروەر-خزمەتکار» لە فەلسەفەی هێگلدا باس لەوە دەکات چۆن تاکەکان لەڕێگەی دانپیانانەوە بە خۆ-وشیاریی دەگەن. یەکێکیان (سەروەر) خۆی وەک باڵادەست نمایش دەکات، لەکاتێکدا ئەوی دیکەیان “خزمەتکار” خۆی وەک ژێردەست. بەتێپەڕینی کات، خزمەتکار لە توانای خۆی تێ دەگات و داوای گەڕاندنەوەی شکۆی مرۆیی خۆی دەکات و لێرە باڵادەستیی سەروەر دەخاتە ژێرپرسیارەوە و لەکۆتاییدا بە دانپێانان و ناسینی یەکسان دەگات. چەپی کورد لە پەیوەندییدا بە چەپی ئێرانیی و تورکیی، لەکوێی ئەم گەشتەی خۆهۆشیاریی وەستاوە؟
بۆ ئەوەی بزووتنەوە چەپە کوردییەکان لەم وابەستەبوونە مێژووییە (historicaldependency) ڕزگار ببن، دەبێت بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ و ڕەخنەیی بەستێن و سیاقی کولتووریی و مێژوویی خۆیان قبووڵ بکەن، واتە بەستێنی کوردستان. بۆ ئەمەش نەک تەنها وەستانەوە دژی باڵادەستیی فیکریی و ڕۆشنبیریی ڕژێم و دەوڵەتە داگیرکەرەکان دەبێتە شتێکی پێویست، بەڵکوو گەڕاندنەوە و داواکردنەوە و دووبارە وێناکردنەوەی نەریتە کوردییەکان، زمان و فەلسەفەی کوردیی وەک بناغەیەک بۆ ئایدیۆلۆجییەکی بەڕاستیی سەربەخۆی چەپ لە کوردستان، دەبێتە پێویستییەکی هەنووکەیی ڕەها. تەنها لەڕێگەی شکاندنی زنجیرەکانی ئایدیۆلۆجییە هاوردەکراوەکان بزووتنەوەی چەپی کورد دەتوانێت ڕێگە بەرەو خۆ-دیاریکردن، سەربەستیی و ڕزگاربوون بکاتەوە.
ئاوێنەی لاکانیی، هەڵەناسینەوە و ئارەزوو
تیۆری قۆناغی ئاوێنەیی دەروونشیکاری فەڕەنسیی، ژاک لاکان، گۆشەنیگایەکی قووڵمان دەخاتە بەردەست کە لێیەوە بتوانین شیکاریی بۆ خەبات و جەنگە سایکۆلۆجییەکانی چەپی کورد بکەین. قۆناغی ئاوێنەیی (mirrorstage). بەوجۆرەی لاکان باسی دەکات، بریتییە لە یەکەم ناسینەوەی کۆرپە (منداڵ) بۆ ڕامان و بیرکردنەوەی خۆی، ئەمەش منداڵ یەکەم وێنەی یەکگرتووی خود (self) پیشان دەدات. بەڵام ئەم ناسینەوەیە لە هەمانکاتدا جۆرە هەڵە-ناسینەوە یاخود بەدناسینەوەیەکیشە، چونکە وێنەی نوێنراوە (reflectedimage) مانایەکی فریودەر و خەیاڵیی و ناڕاستی یەکگرتوویی و یەکێتیی (coherence) بەدەستەوە دەدات کە خودی کەرتکەرت (fragmentedself) هێشتا ناتوانێت بەرجەستە ببێت و دەربکەوێت. لەم چوارچێوەیەدا ناسنامە لەڕێگەی دیالەکتیکێکی نامۆبوون و هیوا و ئاواتەوە دروست دەبێت، قۆناغێک بۆ هەوڵی هەمیشەیی تاک دروست دەکات بەدوای مانایەکی نەگیراوی یەکپارچەیی و یەکێتیی (elusivesenseofwholeness) بکەوێت. ئەگەر ئەم چەمک و تێگەیشتنە بۆ چەپی کورد بەکاربهێنین ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت چۆن هەڵەناسینەوە لە ئاوێنەی ئایدیۆلۆجیانەی نەتەوە داگیرکەرەکاندا کاریگەریی قووڵی لەسەر دروستبوونی ڕێچکە و ڕێگەی سیاسیی و کولتووریی چەپی کورد بەجێهێشتووە.
لە بەستێنی چەپی کورد دا، ئەم ئاوێنە ئایدیۆلۆجییە بەردەوام فۆرمی کولتوور و بزووتنەوە چەپگەرییەکانی نەتەوە داگیرکەرەکان بەخۆوە دەگرێت – بەتایبەت لە بەستێنی چەپی تورکیی، ئێرانیی و عەرەبیی دا و کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی گوتاری چەپی کورد، بەو مانایە چەپی کورد هەرگیز سەربەخۆ لەم ئایدیۆلۆجیانەی چەپی نەتەوەی سەردەست دروست نەبووە. لەڕێگەی ئەم ئاوێنە ئایدیۆلۆجییەوە، چەپە کوردەکان ڕواڵەت و وێنەیەکی خەیاڵیی هاوپشتیی (سۆڵیداریتیی) و یەکێتیی ئایدیۆلۆجیی دەبینن. هەڵبەت ئەوەی ئەوان دەیبینن، ڕواڵەت نییە، بەڵکوو لای ئەوان حەقیقەتە، بەڵام ئەوەی ناتوانن بیبینن ڕامان و بیرکردنەوەی خودە ڕەسەنەکان (authenticselves) ی خۆیانە، کە تەنها توانایان هەیە وێنەیەکی نامۆ و هەڵگەڕاوە و لاوازی خۆیان ببینن کە چوارچێوە خاوەن هەژموونییەکانی چەپی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بۆ چەپی کوردیان دروستکردووە. ئەم هەڵەناسینەوەیە (misrecognition) مانایەکی قووڵی ناتەواویی، لاوازیی و خۆبەکەمبینیی بەرهەم دەهێنێت، کە چەپی کورد ناچار دەکات لاسایی زمان، هێما و سیمبول و ئایدیۆلۆجییەکانی چەپی نەتەوە داگیرکەرەکان بکاتەوە و ئەم کارەش بۆ ئەوە دەکات بە جۆرێک لە بەهاپێدان، نرخاندن و ڕەوایەتیی لەناوەوەی بزووتنەوە چەپگەرییە فراوانترەکانی نەتەوە داگیرکەرەکان بگات.
ئارەزوو بۆ نرخاندن و بەهاپێدان (desireforvalidation) وەک هێز و بزوێنەرێکی سەرەکیی و سەنتڕاڵی ناو ئەم داینامیکە دەجووڵێتەوە، پاڵ بە چەپی کوردەوە دەنێت خۆی بخاتە پاڵ بزووتنەوەی چەپە سەردەستەکانەوە، کە بەگشتیی لەخودی خۆیدا بەمانای چوونەپاڵ نایەت، بەڵکوو بەمانای خۆبەپاشکۆکردنی ئازادانە بۆ ئەو بزووتنەوانە دێت. بۆ نموونە چالاکوانە چەپە کوردەکان لەڕووی مێژووییەوە هەوڵیانداوە ببنە هاوپەیمانی ڕێکخراوە مارکسیستە تورکییەکان، گرووپە چەپگەرییە ئێرانییەکان و پارتە کۆمۆنیستییە عەرەبییەکان، بەتایبەتی حیزبی شیوعی عێراقی. لەکاتێکدا ئەگەر لەڕووی تیۆرییەوە بڕوانین ڕەنگە ئەم کارە هەرەوەزیی و هاوبەشانە وەک کۆمەڵێک کردە و جووڵەی هاوپشتیی نێونەتەوەیی دەربکەون، بەڵام هەمیشە بەوە کۆتاییان هاتووە خەبات و ئاوات و هیوا تاقانە و تایبەتەکانی نەتەوەی کورد، کە پرسی سەروەریی خاکە، فەرامۆش بکەن و بێکاریگەر بیبینن. ئەم بزووتنەوە دەرەکییە چەپگەرییانە، کە لە قووڵایی خۆیاندا سەرقاڵی بردنەپێشەوەی ئامانجە نەتەوەیی و ئایدیۆلۆجییەکانی خۆیانن، هەرگیز نەیانتوانیوە و نەیانویستووە پرسی کوردستان بەشێوەیەکی مانابەخش بخەنە نێو ئەجێنداکانی خۆیانەوە. سەرەڕای ئەم ڕەهەندە ترسناکەی چەپی نەتەوە داگیرکەرەکان، هێشتا چەپی کورد بەردەوامە لە لاساییکردنەوەی ئەم بزووتنەوە چەپگەرییانە، ئەمەش پێداویستییەکی سایکۆلۆجیی پاڵ بە چەپی کوردەوە دەنێت بۆ ئەوەی ببینرێت، دانی پێدابنرێت و لەنێو گێڕانەوەیەکی فراوانتری خەباتی “بەڕواڵەت” شۆڕشگێڕیی چەپدا جێی بۆ بکرێتەوە.
ئەم دیاردەیەش بەوەدا ئاڵۆزتر دەبێت کاتێک ببینین چەپی کورد بەشێوەیەکی تەواو ناڕەخنەیی، چوارچێوە کولتووریی و ئایدیۆلۆجییەکانی نەتەوە داگیرکەرەکان قبووڵ دەکات، بۆ نموونە زمانی تورکیی، فارسیی و عەرەبیی، هەمیشەش بەوە پاساو بۆ ئەم کردەوەیە دەهێنێتەوە کە زمان وەک ئامرازێکی ڕووتی پەیوەندیی دەبینێت، بەڵام بێگومان هێشتا هەر زمانی نەتەوەی سەردەست.
با سەیری مارکسیزمی تورکیی بکەین، ئەم مارکسیزمە ڕەگوڕیشەی ئێجگار قووڵی لەنێو مێژووی کولتووریی و سیاسیی تورکییدا هەیە، ئایدیۆلۆجیای چەپی ئێرانیی لە بنەڕەت و بنچینەی خۆیدا لە نەریتە فارسییەکان و سیمبولیزمی شیعەگەرییەوە سەرچاوە دەگرێت. بەقبووڵکردن و هەڵگرتنەوەی ئەم چوارچێوانە بەشێوەیەکی سەرتاپاگیر، چەپی کورد خۆویستانە و نەزانانە تایبەتمەندییە کولتووریی و مێژووییەکانی کوردستان دەکەنە قوربانیی یان پەراوێزی دەخەن، دەست دەکەن بەبێدەنگ کردن و شاردنەوەی دەوڵەمەندیی میرات و کەلەپوری کوردیی و زمان و بیری سیاسیی کورد لەپێناوی ناسنامەیەکی سەپێنراوی دەرەکییدا. ئەم پڕۆسەیەش بازنەیەکی وابەستەیی و ژێردەستەیی بەهێزدەکات، کاتێک چەپی کورد بە فراوانیی پشت بە بزووتنەوە چەپگەرییە دەرەکییەکان دەبەستێت بۆ بەدەستهێنانی ئاراستە و ڕێنمایی فیکریی و ستراتیجیی، نەک هەوڵی چاندن و دروستکردنی ئایدیۆلۆجییەکی تایبەتی چەپی کوردیی بدات، کە دەتوانێت خزمەت بە دەنگێکی ڕەسەن بۆ خەباتە ڕزگارییخوازییەکانی گەلی کوردستان بکات.
لەم ڕووەوە، ئاوێنەی لاکانیی خەباتە سایکۆلۆجیی و ئایدیۆلۆجییە نەخۆش و خەوشدارەکانی چەپی کورد ئاشکرا دەکات. بۆیە کردەی هەڵەناسینەوە دەبێتە هۆی بەهەمیشەییکردن و بەئەبەدییکردنی مانای ناتەواویی، لاوازیی و ئارەزوویەکی کوشندە بۆ نرخاندن و بەهاپێدان لەلایەن چەپی سەردەستەوە و ئەمەش چەپی کورد لەنێو بازنەیەکی لاساییکردنەوە، خۆبەدەستەوەدان و ژێردەستەیی بۆ نەتەوە سەردەستەکان زیندانیی دەکات. بۆ شکاندنی ئەم بازنەیە چەپی کورد دەبێت بەشێوەی ڕەخنەییانە دژی ئاوێنە ئایدیۆلۆجییەکانی چەپی نەتەوە داگیرکەرەکان بووەستێتەوە، بۆ ئەمەش دەبێت ناسنامەی خۆی بەگوێرەی نەریتە زیندووەکان، زمان، پێداویستییە تاقانەکان، ئاوات و هیوا لەگۆڕنراوەکان و دەوڵەمەندیی کولتووریی نەتەوەیی بونیاد بنێت. تەنها لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت لە ئاوێنەی ئایدیۆلۆجیی چەپی ناسیۆنالیستی نەتەوە سەردەستەکان تێبگات.
فرانتز فانۆن و سایکۆلۆجیای سەرکوت
لەگەڵ ئەوەی من بەشێوەیەکی ڕەخنەیی لە فرانتز فانۆن دەڕوانم و ئاگاداری ئەوە کە هزری فانۆن کۆمەکی قووڵیی بە ئایدیۆلۆجیای تیۆری پۆست-کۆڵۆنیال کردووە، ئەم تیۆرەش لە ڕەگوڕیشەی خۆیدا، کورد و جووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک وێنەی دوژمن دەبینێت، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی ئەبستراکت و ڕووت تیۆری فانۆن وەربگری، دەتوانین شیکاریی قووڵی ئەو بۆ مێشک و زەینی مرۆڤی داگیرکراو ببینین، بەتایبەت کاتێک باسی تیۆری گرێی خۆبەکەمبینیی دەکات. لە هەردوو بەرهەمە سەرەکییەکەیدا «پێستی ڕەش، ماسکە سپییەکان» و «نەفرەتلێکراوانی زەوی». فانۆن ڕۆدەچێتە نێو ئەو ڕێگە و شێوازانەی تێیاندا خەڵکانی کۆڵۆنیزەکراو بەها و نۆرمە کولتوورییەکان و جیهانبینییەکانی سەردەستەکانی خۆیان بەناوەکیی دەکەن. ئەم بەناوەکییکردنە مانایەکی قووڵی نامۆبوون دروست دەکات، بۆ نموونە تاکەکان لە میراتی کولتووریی، ناسنامە و مێژووی خۆیان نامۆ دەبن، لەکاتێکدا ئارەزووی بەتین و قووڵیان بۆ ئەوەیە ئایدیال و بەهاکانی کۆڵۆنیالیست قبووڵ بکەن.
ئێمە دەتوانین ئەم دیاردەیە بە فراوانیی و بەئاشکرا لەنێو چەپی کورد دا ببینین، چونکە پەراوێزخستن و لەناوبردنی میراتی کولتووریی و ناسنامەی کورد هەمیشە لەژێر ناوی ئایدیۆلۆجییە گەردوونگەرییەکاندا پاساوی بۆ هێنراوەتەوە، ئەو ئایدیۆلۆجییانەی نەتەوە داگیرکەرەکان بە فراوانیی لەنێو کورد، بەتایبەتی لای چەپی کورد، پەرەیان پێدراوە. شیکردنەوەی ئەو پێکدادان و ناکۆکییە سایکۆلۆجیانەی ڕۆشنبیران و چالاکوانانی نەتەوەی داگیرکراو ئەزموونی دەکەن – کە بەردەوام کولتووری نەتەوەی داگیرکەر وەک کولتوورێکی زۆر باڵاتر و پێشکەوتووتر دەبینن – دەتوانێت ئەم داینامیکەمان زیاتر بۆ ڕوون بکاتەوە. چەپی کورد، زۆر نزیک و هاوشێوەی ئەو ڕۆشنبیرانەی فانۆن باسیان دەکات، لەڕووی مێژووییەوە بەردەوام پیشانیانداوە ئارەزووی ئەوەیان هەیە بزووتنەوە و چوارچێوە ئایدیۆلۆجییەکانی چەپی نەتەوە سەردەستەکان پیرۆز و شکۆمەند پیشان بدەن. بۆ نموونە، مارکسیزم-لینینیزم، ماویزم، یاخود بەڕادەیەکی زۆر کەمتر، سۆسیالیزمی ئەوروپیی، لەکاتێکدا ناتوانن و نایانەوێت بەهیچ شێوەیەک ڕەخنەییانە گفتوگۆ لەگەڵ کولتووری تاقانە و گێڕانەوە مێژووییەکانی خۆیاندا بکەن.
ئەم شەیدابوون و سەرسامبوونە بە ئایدیۆلۆجییە دەرەکییە هاوردەکراوەکان تەنها بەڕووتیی بابەتی بەباشترزانین و لەسەرتردانانی سیاسیی نییە، بەڵکو سیمپتۆم و نیشانەیەکی نەخۆشیی ژێردەستەییبوونی قووڵی سایکۆلۆجییە. بە لەسەرتردانانی ئایدیۆلۆجییە هاوردەکراوەکان و بەباشترزانینی لە زانین و گێڕانەوەی نێوخۆیی، بەها و هیوا و ئاواتەکان، چەپی کورد خۆویستانە و نەزانانە هەمان ئەو پێکهاتانەی باڵادەستیی و حوکم بەهێزتر دەکاتەوە کە گوایە دەیەوێت لەدژیان بجەنگێت. دەرەنجامی ئەمەش بریتییە لە ڕەوشێکی دژبەر و پارادۆکس. ئەمە لەکاتێکدایە گوایە ئەم بزووتنەوە و ئایدیۆلۆجییانە بەشێوەی ئەبستراکت باسی ڕزگاربوون دەکەن، بەڵام هاوکات کار لەسەر نامۆکردنی ناسنامەی کوردیی و لەناوبردن و سڕینەوەی تاقانەییبوونی کولتوور لە کوردستان دەکەن، چونکە تەنها لەم ڕێگەیەوە دەتوانن بۆ هەمیشە کورد بەژێردەستەیی بهێڵنەوە.
کەواتە ڕزگاربوونی ڕاستەقینە پێویستیی بە ڕزگارییەکی زیاتر لە ڕەهەندی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی هەیە؛ ئەم ڕزگارییە پێویستی بە گەیشتن بە سەربەخۆیی کولتووریی و سایکۆلۆجیی هەیە. ئەمەش بۆ چەپی کورد دەبێت بە مانای وەستانەوە دژی بچووککردنەوە بەناوەکییکراوەکەی خۆی بووەستێتەوە و دووبارە کۆنتڕۆڵی خەباتی خۆی بەشێوەی سەربەخۆ (هاوکات لەهاوپشتییدا لەگەڵ ئەوانی دیکە) بەدەست بهێنێتەوە، ئەزموون و میرات و بەها کوردییەکانیش بهێنێتە پێشەوە. تەنها لەم ڕێگەیەوە چەپی کورد دەتوانێت بەسەر ئەو سایکۆلۆجیا تێکشکاوەدا زاڵ ببێت کە بزووتنەوە چەپگەرییەکانی نەتەوە داگیرکەرەکان بەسەر چەپی کورددا سەپاندوویانە.