سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

وەهمە گەورەکە، پەیوەندی هێزی سەربازیی بە قازانجی نەتەوەیی

عەبدولڕەزاق مەهدی

نۆرمان ئەنجڵ لە پەڕتووکی وەهمە گەورەکە (The Great Illusion) دا دەڵێت: “بازرگانی و پیشەسازی خەڵک چی دیکە پشت بە سنوورە سیاسییەکان نابەستێت… دەسەڵاتی سەربازیی لە ڕووی کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەوە بێکەڵکە و ناشتوانێت هیچ پەیوەندییەک دروست بکات لەگەڵ ئەو گەشەسەندن و خۆشگوزەرانییەی خەڵک ئەزموونی دەکەن. مەحاڵە بۆ نەتەوەیەک بە زەبری هێز دەست بەسەر سامان و بازرگانی نەتەوەیەکی دیکەدا بگرێت ـ یان لە ڕێگەی ملکەچکردن یان هێزەوە ویستی خۆی لەسەر نەتەوەیەکی دیکە بسەپێنێت. ئەمە بە کورتی جەنگێکە تەنانەت ئەگەر سەرکەوتووش بێت، بەڵام چی دیکە ناتوانێت ئەو ئامانجە دەستەبەر بکات کە خەڵک لەپێناویدا دەجەنگن”.

دەوڵەتداری ئەڵمانی، بارۆن کاڕڵ ڤۆن شتینگل، قسەیەکی هەیە کە تا پێش ساڵی ١٩١٤ وەک جۆرێک لە ژیرییەکی قەبووڵکراو ڕەچاو دەکرا.  ئەڵمانیا ئیرەیی بە زۆر شتی بەریتانیا دەبرد، لەوانەش داگیرکارییەکانی، باڵادەستییەکانی، توانای بازرگانی و سەرمایەکەی، باوەڕیشیان وابوو کە هەبوونی هەموو ئەمانە پەیوەستە بە هەبوونی دەسەڵاتێکی باڵای هێزی دەریایی. لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان. ئەڵمانیا دەیویست هەمان ئەو شتانەی بەریتانیا دەست بخات، بۆیە سەرەتا دەستی بە بنیاتنانی لەشکرێکی گەورە کرد بۆ بەدەستهێنانی ئەو شتانەی ناومان هێنان و خەریکی چاندنی تۆوی جەنگی یەکەمی جیهانی بوون.

لە نامیلکەیەکدا کە لە ١٩٠٩ دا لەسەر تێچووی خۆی بڵاوی کردەوە، بیرمەندی گەنجی ئینگلیزی نۆرمان ئەنجڵ، ڕوانینێکی جیاوازی پیشان دا و بەرهەمەکەی بە ناوی ( وەهمی بینایی ئەورووپا) بڵاو کردەوە. ئەنجڵ دەڵێت ” بە یەکداچوونی ئابووری لە نێوان وڵاتان زیاتر بووە و گەیشتووەتە ئاستێک کە لە بەرژەوەندی هیچ کەس نییە دەست بۆ هەڵگیرسانی شەڕ ببات. لەو سەردەمە نوێیەدا، دروستکردنی ململانێی فراوان گەمژانەترین کردە بوو”. تەنها پێنج ساڵ دواتر، ئەڵمانیا بەلجیکای داگیر کرد، ئەم ڕێگەی خوێناوییەش ژیانی ١٦ ملیۆن کەسی کردە قوربانی. بیست ساڵ دواتر، جارێکی دیکە ئەمە دووبارە بوو ەوە و ئەو جارە ژیانی ٥٠ ملیۆن کەسی کردە قوربانی.

بە ڕوونی، ئەنجڵ و زۆرێک لە  کەسانی تری وەک خۆی بە هەڵەدا چوو بوون، پێكداچوونی ئابووری لەوانەیە یارمەتیدەر ببووایە تا ئەوروپا لە  ئاشتی و بەرقەراریدا بهێڵێتەوە، بەڵام هیچ بەربەستێکی نەبوو لەبەردەم نا ئەقڵانی بوونی مرۆڤەکان. ترس ، چاوچنۆکی ، خۆبەزلزانین، ئەمانە هۆکاری هەمیشەیی جەنگن، هەمیشە ئەو هۆکارانە لەپشت جەنگەکانن و هەر ئەمانەش بەردەوامی بە جەنگەکان دەدەن.

ئەنجڵ سەرەتا بە گریمانەیەکی سەردەمی خۆی دەست پێ دەکات و دەڵێت: “نەتەوەیەک (دەوڵەتێک) لە پێناو ئەوەی چەند دەرچەیەک بدۆزێتەوە لە بەرانبەر فراوانبوونی دانیشتوان و زیادکردنی پیشەسازی، یان بە سادەیی بۆ زامنکردنی باشترین هەلومەرجی گونجاو بۆ نەتەوەکەی، ئەوا پێویستە لەسەری پەنا بۆ فراوانبوونی ناوچەیی ببات و هێزی سیاسی خۆی لە دژی لایەنەکانی دیکە بەکار بهێنێت”. ئەو دەڵێت نەتەوە بۆ ئەوەی خۆی بژیێنێت و گەورە بێت داگیرکاری دەکات، بەڵام لە بەرانبەردا ئەنجل و ڕوانگەکەی پێمان دەڵێت کە سامانی نەتەوەیی پشت بە فراوانبوونی ناوچەیی نابەستێت، دەوڵەتێک دەکرێ بەبێ هەبوونی پشتگیری سەربازی ببێتە وڵاتێکی دەوڵەمەند و کاریگەر، چونکە لە سەردەمە جیاوازەکانی مۆدێرنەدا ئەوەی گرنگ بوو سەرمایە بوو نەوەک دەسەڵاتی خام و بەکارنەهاتوو. ئەنجڵ دەڵێت جەنگ خۆی شتێکی بێکەڵکە، چونکە ئەگەر تەنانەت وڵاتێک دەستبەسەر وڵاتێکی دیکەدا بگرێت و ملکەچی بکات، ئەوا هیچ شتێکی بەهاداری دەست ناکەوێت.

ئەمە پوختەیەکی پەڕتووکەکەی نۆرمان ئەنجڵ بوو، با ئێستا زیاتر بزانین لە بارەی جەنگ و ئاسایشی نەتەوەیییەوە، هاوتای ئەوە نەتەوەی کورد دەبێت تا چەند تێگەیشتنی هەبێت بۆ تیۆر و تێزەکان لە بارەی جەنگ و ئاشتییەوە.

لە بارەی جەنگەوە، فەیلەسووفی فەڕەنسی، ژوزیف دۆمەیستەر، دەڵێت: “جەنگ لە خۆیدا مەلەکوتییە، چونکە جەنگ یاسای خیلقەتە، مرۆڤ لە هیچ کوێدا بە قەد پانتایی جەنگ هەست بە خوداوەندی ناکات.” هاوکات، جەنگ وەک چەمک لای هیگڵ، گەورە فەیلەسووفی ئەڵمانی، بەم جۆرە پێناسە کراوە کە دەڵێت: “هەقیقەتێکی ناپەسەندە کە بەهۆی بەدیهاتنی ڕۆحی ڕەهاوە کۆتایی دێت” جەنگ بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە دەبینین کۆمەڵە دروست دەبن دوای کۆمەڵەکان دواتر کۆمەڵگا و دەوڵەت دروست دەبن و بەو هۆیەوە دەبینین مرۆڤەکان دابەش دەبن و لێک جیا دەبن و بەم جۆرە تاکەکانی ئەو کۆمەڵانە بەرگری لە کۆمەڵەکەی خۆیان دەکەن لە بەرانبەر کۆمەڵەکانی تر لە هەر بارودۆخێک بێت. بەمجۆرە بەهۆی جەنگی کۆمەڵەکانەوە دەوڵەت دروست بووە، هەر جەنگیشە کە خەڵک دەکاتە گەل، ئوممەت (nation). چارلز تیلی دەڵێت “جەنگ دەوڵەتی دروست کردووە و دەوڵەتیش جەنگی دروست کردووە”، بەم جۆرە پەیوەندی جەنگ بە مرۆڤەکانەوە زۆر قووڵە و ڕەگوڕیشەی زۆر بەهێزە، لێرەدا جەنگ وەک فاکتەری جووڵێنەری مێژووی مرۆڤایەتی کاری کردووە.

ئەگەر بە وردی بمانەوێت لە ئاسایشی نەتەوەیی بگەین، ئاسایشی نەتەوەیی مەبەست لێی هەبوونی ئاسایشی دەوڵەتێکە کە تێیدا خەڵک، ئابووری و دامەزراوەکان پارێزراو بن. نووسەری ئەمریکی واڵتەر لیپمان (Walter Lippmann) لە پێناسەی ئاسایشی نەتەوەییدا دەڵێت “نەتەوەیەک خاوەنی ئاسایشە، کاتێک ناچار نەبێت بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکانی خۆی بکاتە قوربانی لە پێناو ڕێگرتن لە جەنگ”. دەتوانن لە دیدگایەکی تردا ئاسایش ببینین کە ڕۆبێرت مەکنمارا، وەزیری پێشووی بەرگری ئەمریکا، دەڵێت: “ئەگەر ئاسایش بارودۆخێک بێت ئەوا لانی کەم سەقامگیرییە”.

کەواتە دەتوانین بڵێین جەنگ بابەتێکی بناغەیی و هەستیار و حەتمییە لە ژیانی نەتەوەکان، لەبەر ئاسایشی نەتەوەیی بە ڕەهەندی زۆر جیاوازەوە دەکەوێتە بەرانبەر زۆرترین هەڕەشەی دەرەکی و دەبێت خۆی بپارێزێت، ناشتوانرێت ئابووری بکرێتە بنەڕەتی ڕێگرتن لەو فاکتەرە ئاسایشیانەی کە هەڕەشە لە نەتەوە دەکەن، بۆیە زۆر قورسە تیۆرییەکەی ئەنجڵ قبووڵ بکرێت.

دەتوانین ئەم کۆمەڵە خاڵ و فاکتەرە دیاری بکەین کە مرۆڤی کورد دەبێت لە پێش چاوی بێت:

  1. تیۆر و تێزەکان لە بارەی شەڕ و ئاشتی، دەبێت کورد وەک نەتەوە تەواوی بەرژەوەندی و تێفکرینێکی ئەقڵانی پەیڕەو بکات و بە قووڵی لە بابەتەکان بڕوانێت تا هۆشیاری و ئاراستەی سیاسی بۆ دیاری بکات.
  2. بابەتی جەنگ، وەک چەمک و پراکتیک بابەتێکی هەستیار و گرنگە و کورد دەبێت لە ئاستی باڵا و قووڵ، کار لەسەر تیۆر و هزر و بنەڕەتەکان بکات تا جەنگ وەک هەقیقەتێک ببینێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکات. ئاشتیش هەمان باسە، کورد دەبێت تێگەیشتنێکی لۆجیکی و فراوانی هەبێت بۆ ئاشتی و بەرقەرارکردنی ڕەهەندەکانی.
  3. جەنگ حەتمییەتێکی قووڵی مێژووییە و ڕەگ و ڕیشەکانی بە قووڵایی مێژوودا چوونەتە خوارەوە، بۆیە کورد دەبێت ئامادەیی هەبێت بۆ نووسینەوەی مێژوو و بوون بە نەتەوەیەکی پێشکەوتوو، ئەمەش تێگەیشتنێکی ئەقڵانیی بناغەی ئەم هەقیقەتەیە.

سەرچاوەکان

  1. پوختەی ٥٠ کتێبی گرنگی سیاسی، تۆم بۆتڵەرـباودۆن، وەرگێڕانی هاوکار عەبدوڵڵا، ٢٠٢٣.
  2. پرسی کورد لە دیدگای لۆبۆنەوە، عەبدولڕەزاق مەهدی عەبدولڕەزاق، ٢٠٢٣.
  3. ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەجات عەلی ساڵح، چاپخانەی ماد، ٢٠٢١.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO