سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

دیسانەوە دۆسێی ١٨ کچە فرۆشراوەکە، لەنێوان ساختە و ڕاستیی دا: هەڵوەستەیەک لەسەر قسەکانی کاک شۆڕش حاجی

دوای ئەوەی بەرنامەکەی کاک شۆڕش حاجی‌ـم لە “درەو میدیا”دا بینی چەند پرسیارێکم لا دروست بوو. ئایا کاک شۆڕش بۆچی درەنگ کەوت لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکەی؟ ئەگەر دەیزانی (تەزویرە) بۆچی ڕۆژێک نەچوو بۆ لای کەسوکاری ئەو ژن و کچانە و دڵیان خۆش بکات، یاخود ئەوان بانگ بکات بۆ لای خۆی و دڵنیایان بکاتەوە؟ وەک ئەوەی نەکرد، ئەدی بۆچی لە گەرمەی هەرا و هەڵای ئەو باسەدا، کە میدیای کوردی بەبێ بەزەییانە و بێ ئەتەکێت، بێڕیزی بەو ژنانە و بە هەستی کەسوکارەکانیان دەکرد، ئەو نە لەسەر شاشەیەک نە لە مینبەرێک دەرنەکەوت. هەتا ئەو میدیایانە بێدەنگ بکات کە دڵی کەسوکاری ئەو کچانەیان دەشکاند و نەیاندەزانی مافی کەسی چییە و هەستی مرۆڤ چ نرخێکی هەیە؟

ئێ خۆ هێشتا کاک شۆڕش کادیری یەکێتیی بوو، کە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بەڵگەنامەکەی بڵاو کردەوە! ئەی بۆچی ئەوسا قسەی نەکرد هەتا بەردێک لەسەر ئەم باسە دابنێن؟ باشە، بۆچی لەناو ١٨ تەن بەڵگەنامەدا تەنیا بەڵگەی فرۆشتنی ژنی کورد لە ئەنفال دا تەزویرە؟

بۆیە ئێستا بە گومانێکی زۆرترەوە لەم قسانەی بەڕێز شۆڕش حاجی ڕادەمێنم. هەڵبەت منیش نەک هەر لە بەڵگەنامەکە بەڵکوو گومانم لەو سیناریۆیانەش هەیە، کە بە دوای بڵاوبوونەوەیدا هاتن. هەر زوو لە ٢٠٠٦ دا بە هەوڵی ڕەوانشاد مامۆستا نەجیب گەرمیانی سوورەت قەیدی زۆربەیانمان لە خورماتوو دەرهێنایەوە و دیدارم لەگەڵ زۆربەی زۆری کەسوکارەکانیشیاندا کردووە و بەوردی لە بارەیانەوە نووسیوومە. هەندێک ڕاستیم خستووەتە ڕوو کە باس نەکرابوون (بڕوانە گەشتەکانی ئەنفالستان، دیدار و بەدواداچوون، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ٢٠٢١ ل ٦٤٠ بۆ ٨٤٦). لەخوارەوە جارێكی تر گومانەکانم دەخەمەوە ڕوو.

بەڵام ئێستا ئەو قسانەی بەڕێز شۆڕش حاجی گومانەکەم بە ئاراستەیەکی تردا دەبات، بەتایبەتیش کە ئێستا دەرکەوت ئەو بەڵگەنامەیەش گەیشتووەتە ئەمریکا، چونکە هەوڵەکانی دیزە بەدەرخۆنەکردنی ئەم دۆسێیە زۆرترن لە بەدواداچوون. یەکێک لەو قسانە ئەوە بوو گوایە ئەم بەڵگەیە دوای پرۆسەی ئازادی ساختەکراوە، کەچی کاک شۆڕش باسی ئەو بەڵگانە دەکات، کە لە ١٩٩١ دا براون بۆ ئەمریکا. ئێ خۆ دواین سیناریۆش ئەوە بوو گوایە کەسێک ئەم نووسراوەی تەزویر کردووە و ئێستا دەستگیر کراوە! بەڵام ئەوەش هەر قسە بوو نە کەس دیارە گیرابێ و نە ڕاگەیەنراوە  و نە کەسیش زانی کێیە و نە کەسیش دەزانێ بۆچی ئەو کارە ناپەسەندەی کردووە؟ گومانەکەم زیاتر بوو، کە گوتیان دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق نووسراوەکە تەزویر کراوە! بەو پێیە بێت دەبێت لە سەروبەندی ڕاپەرین دا تەزویر کرابێت! بۆیە ناتوانم بڕوا بەم ڕوونکردنەوەی کاک شۆڕش حاجی‌ـش بهێنم. لەگەڵ ئەوەشدا کە بڕوای زۆرم بە کاک شۆڕش هەیە و ڕێزی زۆریش لە کارە باشەکانی دەنێم.

بەڵام جێگەی پرسیارە کە کاک شۆڕش دەڵێت موخابەرات ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ وڵاتێکی تر بکات بەڵکوو وەزارەتی خارجی دەیکات! بەڵام خۆ لە نووسراوەکەدا موخابەراتی کەرکووک ڕاستەوخۆ ئاراستەی لایەنێکی وڵاتی میسر نەکردووە و مامەڵەی لەگەڵ دەوڵەتی میسر‌ـدا نەکراوە، هەتا کاک شۆڕش ئەوە بە بەڵگە بهێنێتەوە، بەڵکوو لە موخابەراتی کەرکووک‌ـە‌وە ئاراستەی موخابەراتی گشتی کراوە، واتا ئاراستەی سەروی خۆی کراوە، نەک دەوڵەتی میسر! هەروەها، لە نووسراوەکەدا هاتووە بەپێی فەرمانتان کۆمەڵێک لەو کچانەمان ناردووە بۆ نادییەکانی شەوانەی میسر بەپێی داواکارییان.

ئەو ناوانەی لەو نووسراوەدا هاتوون جێگەی تێڕامان و بەدواداچوونن. بەڵام دیارە مرۆڤەکان هێندەی هەواڵەکان و کاغەزەکان گرنگ نین. بۆیە زۆریش دیقەت بە پێویست نازانن.

جارێکی تر لە کاک شۆڕش حاجی دەپرسم، ئایا ئەم بەڵگەیە لە دادگای باڵای تاوانەکان بووە جێگەی مشتومڕ و پیشانی شارەزایانی سوپایان داوە بۆ ڕاستی و دروستی چۆنە پەنایان نەبردووەتەوە بەر ئەو (فەحس)ـەی لە ئەمریکا کراوە؟ خۆ دادگاکە بەتەواوی لە ژێر ڕکێفی ئەمریکییەکان‌ـدا بوو؟ چۆن بۆ بەڵگە و شایەتحاڵ سەریان بە هەموو کونێک و ماڵێکدا دەکرد لە شارەزایەکی وەک شۆڕش حاجی‌ـیان نەپرسیوە؟ خۆ ئەو لەپێش هەمووان دەستی بە نووسین کردووە لەمەڕ ئەنفال و یەکەم کەسیش بوو کە شانسی ئەوەی هەبوو لەگەڵ میدیل ئیست وۆچ خەریکی ئەو بەڵگانە بێت؟ دیسان دەپرسمەوە ئەو هەموو هەڵایەی ڕاگەیاندنی کوردی بەتایبەتیش کەی ئێن ئێن‌ ئەوسا لەسەر ئەو دۆسێیە دروستیان کرد ئەی بۆچی کاک شۆڕش حاجی زوو نەیگوت خۆتان بەو باسەوە ماندوو مەکەن ئەو بەڵگەیە “فەحس”کراوە و سەلمێنراوە کە تەزویرە؟ لەڕاستیدا ئەمە بۆ من پرسیارێکی جەوهەرییە و دیسانەوە گومانەکەم زیاتر دەکات.

ئەدی چی بە دەرهێنەری فیلمی “نیران الصدیقە” بڵێین؟ کێ چوو بۆ لای؟ خۆ ئەو سەرەتا گوتی ئەمە لە ڕۆژنامەكانی میسرـدا باسکراوە، ئەمە مایەی گومان و سەرسووڕمانە. ئێ خۆ هەر ئەو دەڵێت : كە وا لە ساڵانی هەشتاكاندا ڕۆژنامەكانی میسر باسی هێنانی ئەو كچە كوردانەیان كردووە! ئەدی کە دواتر ژێوان دەبێتەوە، چۆن دەبێت بێ ئاگابی لە دانپێدانانی “ئیعتیماد خورشید” كە لە كەناڵی ئەلحەیات بە ڕاشكاوی باسی كردوون و بەڕێوەبەری موخابەراتیشی لە بەشداری هێنانی ئەو كچانە تۆمەتبار كردووە؟ بۆیە لێدوانەكەی “محەمەد ئەمین زاری”یش خۆ دوورە پەرێزگرتنە لەو دۆسێیە، بەتایبەتیش كە دان بەوەدا دەنێت و دەڵێت: نەمزانیوە مەسەلەكە ئەوەندە گەورە دەكرێ؟ دیارە قسەکانیی محەمەد ئەمین زاری‌ـش هەر مەبەستی دیزە بەدەرخۆنەكردنی بێت، دەنا بەرپرسیارانە باس لە ڕووداوەكانی ناو دراماكەی دەكات. ئینجا تاوانەكە بۆ خۆی گەورەیە نەك كوردەكان گەورەیان كردبێت. بەڵام دیارە ئەگەر چیڕۆکەکە ڕاست نەبووایە ئەویش نەیدەكردە بابەتێکی دراماكەی. چونکە فیلم دروست کردن بەرپرسیارێتییە.

 بەڵگەنامە كۆپییەکەش دادگا بەهەندی وەرنەگرت، کاک شۆڕش‌ـیش ئێستا دەڵێت تەزویرە بەڵگەیەكی تاك و تەنیا نییە، بەڵكوو واقعێكی تاڵە، بۆیە دەتوانین زانیارییەكان لە هەموو شوێنێكی ئەم جیهانە وەك ڕاستی ‌و دۆكۆمێنت ببینین بە پاساوەكەی نووسەری دراماكەشەوە دەنگ ‌و باسی فرۆشتنی ژنانی كورد لە تاوانی ئەنفال‌ـدا بووەتە جێگەی باسی میسری‌ـەكانیش هەروەك لە شەوی ٩/٨/٢٠١٢ دا ژنە هونەرمەندی میسری، ئیعتیماد خورشید، كە لە سەروەختی جەمال عەبدولناسر‌ـەوە بە یەكێك لە كەسایەتییە نزیكەكانی دەزگای موخابەراتی میسری دادەنرێت زانیاریی مەترسیداری لەسەر دەزگای موخابەرات‌ و بەرپرسەكانی بڵاوكردەوەتەوە، بەتایبەتیش لەسەر “سەفوەت شەریف”ی سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای سەردەمی حوسنی موبارەك. ئیعتماد خورشید لە بەرنامەیەكی كەناڵی “ئەلحەیات”دا بەڕوونی باسی لە بردنی كچە ئەنفالكراوەكانی كورد كردووە بۆ وڵاتەكەی كە موخابەراتی میسر و  سەفوەت شەریف لە پشتیەوە بوون. ئیدی ئەوە بەڵگەیەكی گرنگە كە لەناو موخابەراتی میسر‌ـەوە هاتووە.

کاتی خۆی کاک کاوە محەمەد‌ـیش بابەتێکی لە ڕۆژنامەی ئاوێنەی ڕۆژی ٧ ی ئابی  ٢٠١٣ و ماڵپەڕی ئاوێنە ١٠ی ئابی ٢٠١٣ بەشی بیروڕا لەبارەی چاوپێکەوتنەکەی ئیعتیماد خورشید بڵاو كردووەتەوە.

گومان لەسەر بەڵگە نانەكە

نووسراوەكەی موخابەراتی كەركووك لەلای هەندێك كەس و لایەن جێگەی گومانە. لە ڕاستیدا گومان كردن لە بەڵگەکە بۆ كەسانێك كە كاریان لە دۆسێی ئەنفال‌ـدا كردووە ڕەوایە و بۆ هەندێكیش  گومانەكە بووەتە خێر. بۆیە پاساوی بۆ دەهێننەوە و ڕەتی دەكەنەوە، چونكە نە ئەوساو نە ئێستاش نەیان ویستووە لەسەر ئەو دۆسێیە بەرژەوەندیان لەگەڵ وڵاتی میسر و وڵاتانی عەرەبی‌ـدا بكەوێتە مەترسییەوە. یان هەر لە بنەڕەتەوە نایانەوێت بەوردی كار لە دۆسییەی ئەنفال‌ـدا بكرێ بۆ ئەوەی كەمترین بەرپرسیارێتی بكەوێتە ئەستۆیان. لە پێش هەموویانەوە دەوڵەتی عێراق و لایەنە عەرەبییەكان كە جگە لەوەی ئابڕووشكانێكی بۆ ئەوان تێدایە قەرەبووكردنەوەشیان دەكەوێتە ئەستۆ. هەرچی لایەنە پەیوەندیدارەكانی كوردی‌ـشن، دەیانەوێت دۆسییەی ئەنفال نەبێتە مایەی سەرئێشە بۆیان و خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە.

منیش بە گومانەوە تەماشای بەڵگەنامەكە دەكەم، بەڵام هەتا بلوێ بەرپرسارانە مامەڵەم لەگەڵدا كردووە. زۆر بەوردی تەماشام کردووە و ماوەیەكی زۆر تێیڕاماوم و بەپێی توانای خۆم بەدواداچوونم كردووە  و گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی كە بەڵگەكە سەرباری ئەو گومانانەش هێشتا نزیكە لە ڕاستییەوە. گومانی من لە ڕێکەوت و شوێنی ڕووداو و شوێنی نیشتەجێی کەسەکان و ئەو قۆناغانەی ئەنفال‌ـدایە کە ئاماژەیان بۆکراوە، بێگومان ناساندنی كەسەكانیش جێگەی گومانە. لێرەدا ئاماژە بە هەندێک لە گومانەكانم كەم بەم شێوەیەی خوارەوە:

  1. نووسراوەكە هەموویانی بە كچ ناونووس كردووە، لە كاتێكدا هەموویان کچ نین، بەڵکو تێیایاندایە دایكی سێ منداڵە و دوان لە کچەکانی ئەو دایکە ناویان لە نووسراوەکەدایە.
  2. تەمەنەكانیان گومان هەڵگرە لە نووسراوەكەی موخابەراتدا دایکەکە بە ٢٩ ساڵ و کچە گەورەکەی بە ٢٠ ساڵ و کچە بچووکەکەی بە ١٨ ساڵ نووسراوە، كەواتە دەبێت یان دایکەکە زۆر بە منداڵی هاوسەرگیری كردبێت یان تەمەنیان بەڕاستی نەنووسراوە.
  3. دوای لێکۆڵینەوەم بۆم دەرکەوت کە ژنێکیان لە دایكبووی ساڵی ١٩٤٧ ـە بەڵام لە بەڵگە نامەكەدا نوسراوە تەمەن ٢٤ ساڵ.
  4. نووسراوەكەی موخابەرات ئاماژەی بە شوێنی گرتنیان كردووە لە پەلامارەكانی ئەنفالی یەكەم و دووهەم دا گیراون. بەڵام ١٥ لەو ئافرەتانە خەڵكی گوندەكانی ناحیەی “نەوجول”ن و سیانیشیان هێشتا كەسوكاریان نادیارە. ناحیەی نەوجول دەكەوێتە ناو جوگرافیای پەلاماری ئەنفالی سی لە گەرمیان، نەك پەلاماری قۆناغی یەك و دووی ئەنفال كە دۆڵی جافایەتی و ناوچەی قەرەداغ دەگرێتەوە.
  5. دادگای باڵای تاوانەكان لەسەر ئەو بنەمایە بەڵگەكەی بە ساختە ناوبردووە كە پیشانی ڕاوێژكاری سەربازی داون و ئەوان بڕیاریان لەسەر داوە، بەڵام ئەو نووسراوە لەلایەن موخابەراتی كەركووكە‌ـوە دەرچووە نەك لەلایەن یەكە سەربازییەكانەوە.
  6. نووسراوەكە باس لە بردنیان دەكات بۆ نادییەكانی شەوانەی میسر، نەك باس لە ڕادەستكردنیان بە موخابەراتی میسر، ئایا موخابەراتی كەركووك یان گشتی لە توانایدا هەیە خەڵك بگەیەنێتە نادییەكانی شەوانەی میسر؟
  7. هێشتا چاپی بنەڕەتی ئەو نووسراوە (بەڵگەیە)، کە نادیارە، گوایە لای دكتۆرە زەكیە ئیسماعیل حەقی بووەو ئەویش داوێتیە دەست (پۆل بریمەر)ی حاكمی كاتی ئەوسای عێراق. بەدەر لە كۆپی نوسراوەکە هیچ بەڵگەیەكی تری هاوشێوە بەردەست نەكەوتووە كە باس لە حاڵەتی تر بکات، بەڵام باس لە ئافرەتانی ئەنفالكراوی كورد دەكرێت لە وڵاتانی تردا.
  8. کۆپی نووسراوەکە بە ڕەش و سپی (ڕەنگی مۆر)ی مۆرەكەی ون كردووە، هەتا بزانرێت بە مۆری موخابەراتە یان نا، وەك شارەزایان باس دەكەن مۆری موخابەرات سوور بووە.

سەرباری هەموو ئەو گومانانەم هێشتا بڕوام وایە ئەم بەڵگەیە لە ڕاستییەوە نزیكە، چونكە دەزانم ئافرەتی ئەنفالكراو تەنانەت لەناو بنكەكانی ئەمن و ئیستیخبارات و لە نێوان شێخە عەشایەرەكانی عەرەبی‌ـشدا دابەش کراون. تەنانەت من بۆ خۆم دۆسییەی بوونی “ژنی کوردم لە بەسرە” ڕادەستی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کردووە، بەڵام نەچوون بە دەنگییەوە، بۆیە دڵنیام لەوەی ژنی کورد براون بۆ وڵاتانی تری عەرەبی بەڵام بردنیان بۆ نادییەکانی شەوانە ناچێتە عەقڵەوە.

با دوا قسەشم شایەتحاڵێک بێت کە کەسایەتییەکی گەرمیانیە و بۆ هاوڕێم سمکۆ سابیر قسەی کردووە و شایەتی هەیە کە لە وڵاتی میسر دا ژنی کوردی بینیوە و قسەشی لەگەڵدا کردوون، لە ئایندەیەکی نزیکدا کاک سمکۆ زانیاری لەو بارەیەوە بڵاو دەکاتەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO