موحسین ڕۆستەم
لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بەگشتی و ڕۆژاڤا بەتایبەتی بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕن. گرژی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئاڵۆزی نێوان ویستە شاراوەکانی جۆلانی و گەلانی سووریا و لە ناویشیاندا ڕۆژاڤا، مەترسی و دڵەڕاوکێی عەلەوی و درووزەکان و کێشەکانی نێوان تورکیا و هێزە کوردییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر دۆخی کورد و ناوچەکە هەیە. سەبارەت بە وانە وەرگرتن لە ئەزموونی باشوور، چەند خاڵێکی گرنگ دەخەمە ڕوو:
یەکەم، گرنگیی دروستکردنی دامەزراوەی بەهێز و سەربەخۆ کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی بکات، نەک تەنها حیزبی. پێویستیی هەبوونی ستراتیجییەتێکی ڕوون بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کاری دیپلۆماسی.
دووەم، گرنگیی یەکڕیزیی ناوخۆیی و دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان.
سێیەم، پێویستیی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە لایەنی دەرەکی.
چوارەم، گرنگیی دروستکردنی متمانە لەگەڵ پێکهاتەکانی تری ناوچەکە و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش.
پێنجەم، پێداچوونەوە بە سیستەمی پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزارییەکان بۆ باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییان.
بە نەمانی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی بنەماڵەی ئەسەد، ڕۆژاڤای کوردستان هەلومەرجێکی دیکەی بۆ ڕەخساوە، ئەوەش قۆناغی دیپلۆماسییە لەگەڵ دەسەڵاتە نوێیەکەی سووریا. کورد داوای دیموکراسی و مافی گەلان دەکات و ئەوانیش باس لە عەدالەتێکی بێ بنەما دەکەن. هەر چۆنێک بێت، کوردانی ڕۆژاڤا خاوەنی خاکی خۆیانن و پەیوەندیی باشیشیان لەگەڵ ئەمریکا و بەشێکی بەرچاو لە وڵاتە بەهێزەکانی ئەوروپاـدا هەیە.
زۆر جار مێژوو هەندێ ڕووداو دووبارە دەکاتەوە، کە کورد دەتوانێت وەک ئەزموون سوودی لێ وەربگرێت. بەو پێیەی خاکی کوردستان دابەشکراوەتە سەر چوار دەوڵەت کە وەک بازنە کوردستانیان خنکاندووە. نە ئەوان دەستبەرداری خاکەکەمان دەبن و نە ئێمەش دەست لە مافە ڕەواکەی خۆمان هەڵدەگرین.
من لێرەدا بەشێک لە ئەزموونی بەشی باشوور لەگەڵ عێراقدا بە نموونە دێنمەوە. ئەگەر بگەڕێینەوە ساڵی ١٩٦٨، ئەو دەمەی حیزبی بەعس بە کودەتایەک دەسەڵاتی گرتە دەست و خۆی بەسەر وڵاتێکی داڕماو و ماندوودا سەپاند. لەلایەکەوە بێکاری و دواکەوتوویی عێراق و لەلایەکەی دیکەشەوە سوپاکەی بە شەڕی کوردستانـەوە گیری خواردبوو. بۆ ئەوەی بتوانن هەژموونی خۆیان بەسەر عێراقـدا بسەپێنن، پێویستیان بە بووژانەوەی ئابووری و ئاساییکردنەوەی ئەو دۆخە نالەبارە هەبوو کە لە ئاکامی شەڕی کورد بەرپا ببوو. بۆیە بە ناچاری دانیان بە بەشێک لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردـدا نا. ئەوە بوو لە ١٩٧٠ بەیانی ١١ ی ئازارـیان لەگەڵ سەرکردایەتی کورد لە باشوور مۆر کرد. بۆ جێبەجێکردنی ئۆتۆنۆمییەکەش، ڕژێمی عێراق مۆڵەتی چوار ساڵی بۆ تەرخان کرد. لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا بەغدا توانی نەوتەکە لە کۆمپانیاکانی بەریتانیا وەربگرێتەوە و ببێتە خاوەنی نەوتی خۆی، لە لایەکی دیکەشەوە توانی بە تەواوی هەژموونی خۆی بەسەر جومگەکانی دەوڵەت لە عێراقـدا بسەپێنێت.
لە بەرانبەردا دەسەڵاتدارانی کورد لە حاجی ئۆمەران پاڵیان لێدابووەوە و ساڵیان دەژمارد. کەچی دەزگای هەواڵگریی بەعسییەکان کە ناوی “حونەین” بوو، بە سەرپەرشتیی سەدام هەمیشە لە هەوڵی دەربەدەرکردن و ڕاماڵینی کورد بوو لە شاری موسڵ و کەرکووک تا بەدرە و جەسان، لەگەڵ نانەوەی تۆوی دووبەرەکی و تیرۆرکردنی کەسە دڵسۆز و بەئەمەکەکانی کورد، تەنانەت خودی بارزانیـشی گرتەوە. کورد گوتەنی “لە بێخەبەران کەشکەک سەڵەوات”. کاتێک سەرکردەکانمان سواری سەری خۆیان ببوون و خەریکی هەڵبەستنی داستان بوون بۆ سەرکردەکەیان، سوپای عێراق کوردستانی تەنیبوو. دووبارە بەغدا و حاجی ئۆمەران دەستەویەخە بوونەوە و ئاکامەکەشی ئاشبەتاڵە نەگریسەکەی لێکەوتەوە. هێنری کیسنجەر لە یادەوەرییەکانیدا نووسیویەتی: “لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل بوو کوردەکانمان ناچار کرد چەکەکانیان دابنێن و خۆیان ڕادەستی بەغدا بکەنەوە.”
خاڵێکی دیکە کە بتوانین وانەیەکی باشی لێوە فێر بین ئەوەیە کاتێک سوپای عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە شەڕێکی قورسدا بوو، دووبارە لە ساڵی ١٩٨٣ لەگەڵ سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کەوتنە گفتوگۆ و گفتی درۆ. بێ ئەوەی بیر لە ئایندەی شۆڕش بکەنەوە، دووبارە کەوتنە ڕاونانی یەکدی.
لە پاش ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی کوردستان لە ١٩٩١ و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم، سەرلەنوێ جارێکی تر بە فیتی میت و ساواکی ئێران، هەردوو هێز و هەردوو سەرکردە و هەردوو نوێنەری کورد، دەستیان چووە خوێنی سەدان ڕۆڵەی کورد. لە بری ئاوەدان کردنەوەی کەلاوەکانی پاشماوەی ئەنفال، جارێک پەنایان بۆ سوپای عێراق دەبرد و جارێکیش هێزەکانی تورکیا و ئێران. لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ تەنیا ئەوەی بیری لێ بکەنەوە سەروەری خاک و چارەنووسی کوردستانە.
لە کۆتاییدا، دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە هەر ناوچەیەک تایبەتمەندیی خۆی هەیە و ناکرێت هەموو ئەزموونەکان وەک یەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. بەڵام دەکرێت لە نسکۆ و سەرکەوتنەکانی ئەزموونی باشوور وانە وەربگیرێت بۆ دروستکردنی ئایندەیەکی باشتر.