یوسف محەمەد سادق
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، پرسی هەڵوەشاندنەوەی سیاسەت و یاسا و بڕیارەکانی ئەو ڕژێمە لەبواری گۆڕینی دیموگرافی، یەکێک بووە لەو بابەتانەی کە لە ماوەی جیاوازدا کاری لەسەر کراوە، بەڵام دەرەنجامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتۆتەوە.
لەچوارچێوەی گرنگی دان بەم کێشە گەورەیە وەک پرسێکی نیشتیمانیی، بەتایبەت لە پرسی گەڕاندنەوەی موڵکایەتیی هەزاران دۆنم زەوی بۆ هاووڵاتییانی کوردی دانیشتوی ڕەسەنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، لەچوارچێوەی تیمێکدا زیاتر لە ١٨ مانگە ئەم دۆسییەیەمان بردۆتە دادگای باڵای فیدراڵی و کاری لەسەر دەکەین.
پاش ئەو هەنگاوە و تا ڕادەیەکی زۆریش لەژێر فشاری وروژاندنی ئەو دۆسیەیە لە دادگای فیدراڵی، پڕۆژە یاسایەک سەبارەت بەم بوارە لە حکومەتی فیدرالییەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرا کە کۆمەڵێک (مین)ی لەخۆ گرت بوو بۆ لەباربردنی گەڕاندنەوەی تەواوی موڵکەکان بۆ خاوەنەکەنیان. هەر بۆیەش هاوکاریی نوێنەرانی کوردی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانمان کرد بۆ ئەوەی کێشەکانی پڕۆژە یاساکە چارەسەر بکرێن.
پاش ململانیەکی زۆر و بە چەند دانیشتنێک دەنگ لەسەر پڕۆژەکە دراو و بوو بە یاسا، بەڵام هێشتا دڵنیایی تەواو سەبارەت بە ناوەڕۆکەکەی نییە.
ئەگەر ئەم یاسایە لەسەر بنەمای پێشنیارەکانی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر درابێت، ئەوا بە هەموو پێوەرێک مێژووییە، دەتوانین بڵێین کە بەشێکی برینی جینۆساید و ئەنفال سارێژ دەکات، چونکە سەرەتای جینۆسایدی گەلی کورد لە (تەرحیل) و (تەعریب)ـەوە دەستی پێ کرد. لە هەمان کاتدا بەشێکی دادپەروەریی ڕاگوزەر بەدی دێنێت، دەرفەتی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم زیاتر دەکات. خۆ ئەگەر یاساکە بەو شێوەی لە حکومەتەوە هاتوە دەنگی لەسەر درابێت، ئەوا دەبێتە برینێکی قووڵی دیکەی بەردەوامیی سیاسەتەکانی ڕژێمی پێشوو، چارەسەر نەکرنی کێشەکان لەو ناوچانە وەک خۆی دێڵێتەوە.
ئێستا ئیتر دوای پەسەند کردنی ئەم یاسایە، ئەرکی بەرپرسەکانی کوردە لە حکومەتی فیدراڵی کە وەک یەک تیم ڕێوشوێنەکانی جێبەجێ کردنی یاساکە دەستنیشان بکەن و جێبەجێی بکەن، بەتایبەت کە وەزارەتی دادی عێراق لای کوردە.
پێشینەی مێژوویی
ڕژێمی پێشووی عێراق لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافی و ڕاگواستنی هاووڵاتییانی کوردی دانیشتوی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێم، تەعریبی ئەو ناوچانە، لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەکانی ڕابردوەوە دەستی کرد بە دەرکردنی چەندین یاسا لە شێوەی بڕیاری مەجلیسی قیادەی سەورەی (مقس) هەڵوەشاوە بۆ داگیرکردنی زەوی و زاری هاووڵاتییانی کورد و تورکمان، دابەش کردنی بەسەر عەرەبی هاوردە کە لە ناوچە جیاجیاکانی دیکەی عێراقـەوە هێنرانە سنوروی پارێزگای کەرکووک و سەرجەم شارە کوردنشینەکانی دیکە.
دەستوری عێراقی بەرکار لە ماددەی (٢٣) دا موڵکی تایبەتی بە پارێزراو (مصون) ناساندوە و ڕێی لە داگیرکردنی گرتوە تەنها بۆ بەرژەوەندیی گشتی نەبێ و لە بەرامبەر قەرەبوی دادپەروەرانە و بەپێی یاسا. هەروەها لێسەندنەی موڵکایەتی بە ئامانجی گۆڕینی دیموگرافیی قەدەغە کردووە. دەوڵەتی عێراق لە مادەی (٥٨) ی یاسای ئیدارەدانی دەوڵەت و لە مادەی (١٤٠) ی دەستوور دا، دانی بەوەدا ناوە کە پێویستە دامەزراوە و دەسەڵاتەکانی عێراق کار بکەن بۆ هەڵگرتنی ئەو ستەمەی ڕژێمی پێشووی عێراق بۆ گۆڕینی دیموگرافی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێم پەیڕەوی کردووە. بەڵام حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، خۆیان دزیوەتەوە لە جێبەجێ کردنی ئەو بەرپرسیارێتییەی دەستوور لەم بوارەدا بۆی دیاری کردوون. هەڵبەت دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی پۆست و بەرپرسیارێتییان هەبووە لە ماوەی ڕابردوو لە بەغدا، ئەوانیش کەمتەرخەم بوون لە فشارکردنی کاریگەر بۆ جێبەجێ کردنی ئەو مادە دەستورییانە.
هەنگاوی یاسایی و دادوەریی
وەک یەکەم هەنگاوی یاسایی بۆ چارەسەری ئەم ستەمە مێژووییە، حکومەتی فیدراڵی لە ٢٠١٤ دا پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی “مقس”ی پەسەند کرد و ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد بۆ تەشریع کردنی. ئەم پڕۆژەیە لە خولی سێیەمی ئەنجوومەنی نوێنەران تا خوێندنەوەی دووەم ڕۆشت، بەڵام دواتر تەشریع کردنی وەستا (بڕوانە دەقی پڕۆژەکە لەم لینکی خوارەوە، هاوپێچی ژمارە ١). ئەو پڕۆژە یاسایە پڕۆژەیەکی گشتگیر و ڕوون و زۆر باش بوو، ئەگەر پڕۆسەی تەشریع کردنی تەواو ببووایە، ئەوا تا ڕادەیەکی زۆر کێشەکانی چارەسەر دەکرد. بەڵام وا دیارە بە هۆی ململانێ سیاسیی و نەتەوەییەکانی/ئیتنییەکانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران نەبوو بە یاسا.
بۆیە، لە کۆتاییەکانی ٢٠٢٢ ـەوە دەستمان کرد بە لێکۆڵینەوە لەم دۆسییەیە، دواجاریش لە کارێکی پێکەوەیی نیشتیمانی و بەدوور لە هەر لایەندارییەکی حیزبی، لەگەڵ پەرلەمانتاری کوردی کەرکووک خاتوو دیلان غەفور و پارێزەری ڕاوێژکار زەردەشت خالد محەمەد و چەند کەسایەتییەکی ناوچەکانی داقوق و سەرگەڕان، بەتایبەت بەڕێزان شێخ نەجات تاڵەبانی، شێخ عیزەدین غازی، محەمەد حەمەدئەمین سادق، مامۆستا غەفور و دەشتی خدر جەمیل، لە ١٩- ٦- ٢٠٢٣ دوو داوامان لە دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بەم دۆسیەیە تۆمار کرد، لەو کاتەوە بە ڕەچاو کردنی هەستیاریی ئەم دۆسییە گەورەیە، بە هێمنی و دوور لە هەڵای ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا، زۆر بە وردی لە میانی سێزدە دانیشتنی دادبینی لە دۆسییەکەدا، پێکەوە بە گیانی یەک تیم، سوپاس بۆ خوا بەسەر هەمو ئاڵنگارییەکاندا سەرکەوتوو بوین (چیرۆکی ئەم دوو داوایە هەڵدەگرین بۆ دەرفەتێکی تر).
هەر لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادبینیی ئەو دوو داوایەی ئێمە، حکومەتی فیدراڵی پڕۆژە یاسایەکی ناردە ئەنجوومەنی نوێنەران بە ناوی “پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵکەکان بۆ خاوەنەکانیان لە هەندێک لە بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی سەورەی هەڵوەشاوە(١) کە جیاواز بوو لە پڕۆژە یاساکەی ساڵی ٢٠١٤. ئەنجوومەنی نوێنەران لە ٢٧- ٤- ٢٠٢٤ خوێندنەوەی یەکەمی بۆ ئەم پڕۆژەیە کرد، لە ٩- ٥- ٢٠٢٤یش خوێندنەوەی دووەمی بۆ کرد(٢). سەرباری ئەوەی بەردەوامیی دانیشتنەکانی دادبینی لە دۆسییەی داواکانی ئێمە لە دادگای باڵای فیدراڵی فشارێکی جددیی دروست کرد بوو بۆ تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە یاسایە بە پێچەوانەی چارەنووسی پڕۆژە یاساکەی خولی سێیەمی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام ئەو پڕۆژە یاسایەی کە ئەم جارە ئاراستەی پەرلەمان کرا بوو، کۆمەڵێک کێشە و کەمورتیی جەوهەریی تێدا بوو کە وەک “مین” لە پڕۆژەکەدا چێنرا بوون و لە حاڵەتی پەسەند کردنی بەو شێوەیە، لە ناوەڕۆکەکەی خاڵی دەبووە، گەڕاندنەوەی زەوییەکانی بۆ خاوەنەکانیان زۆر ئەستەم دەکرد. بۆ نموونە لەم پڕۆژە یاسایەدا بڕیارەکانی “مقس” هەڵنەدەوەشێنرانەوە، هەر کەسێک بیویستایە زەوییەکەی وەربگرێتەوە دەبوو بیسەلمێنێت کە هەڵاوێردەکانی ماددەی (٢)ی پڕۆژەکە بەسەریدا ناچەسپێت. بەم شێوەیەش بۆ هەموو موڵکێک پێویست بوو مامەڵەی یاسایی و دادوەری بکرێت، چونکە بنچینەی داگیرکردنی موڵکەکان کە بڕیارەکانی “مقس” بوو، هەڵنەدەوەشێنرانەوە. پەسەند کردنی ئەو پڕۆژەیە و بەو شێوەیە ڕێک دەبووە هاوشێوەی بەندی یازدەیەم لە مادەی (٧)ی یاسای دەستەی داواکانی موڵکایەتی ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠١٠ کە گەڕاندنەوەی هەر موڵکێکی بەستۆتەوە بە داوانەکردنی لە لایەن ئەو وەزارەتەی کە بە ناوییەوە کراوە. بەو شێوەیەش ئەو بەندە ناوەڕۆکی یاساکەی پووچەڵ کردۆتەوە، چونکە هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان گشتاندنیان کردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانیان کە دەستبەرداری هیچ موڵکێک نەبن جا ئەگەر پێویستیان بێ یان نا! هەر بۆیەش لە دووای دەرچوونی ئەو یاسایەوە ئیتر هێندەی بەدواداچوونم کردبێت هیچ موڵکێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لەڕێی ئەو دەستەیەوە بۆ خاوەنەکەی نەگەڕاوەتەوە.
پاش ڕاوێژ لەگەڵ شارەزایان، وەک دامەزراوەی (MASS) لە ١١- ٥- ٢٠٢٤ پەڕاوێکمان ئاڕاستەی هەردوو جێگرانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و گشت فراکسیۆنە کوردستانییەکان و سەرۆکی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد بۆ چارەسەری ئەو کەموکورتی و “مین”ـانەی لە پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵکەکان بۆ خاوەنەکانیان لە هەندێک لە بڕیارەکانی “مقس” هەبوون، زیاد کردنی ئەو بڕیارانەی لەبیر کرابوون بەتایبەت لە ناوچەکانی خانەقین و مەندەلی (بڕوانە دەقی پەڕاوەکە لە هاوپێچی ٣ لە لینکی خوارەوە). خۆشبەختانە و بە سوپاسەوە سەرۆکی لیژنەی یاسایی و ئەندامانی کورد لە لیژنەی یاسایی و سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هەوڵێکی گەورەیان دا بۆ چارەسەری کەموکورتییەکانی پڕۆژە یاساکە و چێکردنەوەی زۆربەی پێشنیارەکانی ئێمە و کەسانی تریش لە ڕاپۆرتی کۆتایی لیژنەی یاسایی (بڕوانە هاوپێچی ژمارە ٤ لە لینکی خوارەوە). هەڵبەت هەندێک لە وەزیرەکان و بەشێک لە کوتلە عەرەبییەکان زۆر هەوڵیاندا کە پڕۆژە یاساکە بگەڕێننەوە سەر پڕۆژە حکومییەکە، بەڵام پێداگریی لیژنەی یاسایی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی کورد بە گشتی ڕێگر بوو لەبەردەم ئەمە تا ئاستی دروست بوونی شەڕ لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران. دواتر دەنگدان لەسەر ئەم پڕۆژە یاسایە بەسترایەوە بە دەنگدان لەسەر (پڕۆژە یاسای پشوە فەرمییەکان) و (پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی). پاش تێپەڕاندنی یاسای پشوە فەرمییەکان ئەو دوو پڕۆژەیەی تر بەسترانەوە بە دەنگدان لەسەر (پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای باری کەسی)، دواجاریش بە چەند دانیشتنێک دەنگ لەسەر بڕگەکانی هەر سێ پڕۆژە یاساکە درا و پەسەند کران.
هێشتا زانیاریی پشتڕاست کراوە نییە لەوەی کە داخۆ لە کاتی دەنگدان لەسەر مادەکانی پڕۆژە یاساکە، پێشنیارەکانی لیژنەی یاسایی خراوەتە دەنگدانەوە یان دەقە حکومییەکە، چونکە تا ئێستا دەقی یاساکە بەو شێوەیەی کە دەنگی لەسەردراوە بڵاو نەبووەتەوە. هەروەها چەند جارێک دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە دواخرا و بە چەند دانیشتنێک دەنگدان لەسەر ماددەکان و کۆی پڕۆژە یاساکە ئەنجام درا. تەنانەت لە یەکێک لە دانیشتنەکان (دانیشتنی ٢٩-١٠-٢٠٢٤) تەنها دەنگ لەسەر گۆڕینی ناونیشانی یاساکە درا و دوای ئەوە دانیشتنەکە تێکدرا و دواخرا، دواتر لە دانیشتنی ٢-١٢-٢٠٢٤ دەنگ لەسەر مادەکانی پڕۆژە یاساکە درا، لە دانیشتنی ٢١-١-٢٠٢٥ دەنگدان لەسەر هۆکارەکانی دەرچوواندن و کۆی پڕۆژە یاساکە بە یەک پاکێج لەگەڵ هەر دوو پڕۆژە یاسا کێشەدارەکەی تر ئەنجام درا(٣).
ئەوەی وای کرد کە چارەنووسی ئەم یاسایە هاوشێوەی پڕۆژە یاساکەی خولی سێیەمی ئەنجوومەنی نوێنەران نەبێ، دوو فاکتەری سەرەکی بوون کە یەکەمیان ئەو دوو داوایە بوو لە دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە دوو بڕیاری “مقس” کە قۆناغی باشی بڕیوە و بەرەو کۆتایی دەڕوات، ئەوەش فشارێکی زۆری دروست کرد کە هەر لە بنچینەوە پڕۆژە یاساکە بنێردرێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران. هەرچەندە دەویسترا لەڕێی ئەو “مین”ـانەی کە لە پڕۆژە یاسا حکومییەکەدا هەیە لە لایەکەوە دۆسییەکەی ئێمە لە دادگای باڵای فیدراڵی پەک بخرێ، لە لایەکی تریشەوە داگیرکردنی زەوییەکان و بڕیارەکانی “مقس” بەردەوام بێت! تەنانەت لە بری پشتگیری و هاوکاری کردن، هەوڵی ساردکردنەوەی هەندێکیشمان دەدرا لە درێژەدان بە دۆسییەکەی دادگای باڵای فیدراڵی!
فاکتەری دووەم بەستنەوەی پڕۆژە یاساکە بوو بە دوو پڕۆژە یاسای دیکە کە لە لایەن دوو پێکهاتە سەرکییەکەی تری عێراقـەوە گرنگن. هەرچەندە یاسای هەمواری یاسای باری کەسی کە داواکاریی لایەنی شیعە بوو، یاسایەکی خراپ و دواکەوتووە و پشێوییەکی گەورە بۆ دادگاکان و سەقامگیریی خێزان دروست دەکات، بەڵام پرسی خاک بۆ ئێمە زۆر گرنگترە، بۆ چارەسەری ئەو یاسا خراپەی باری کەسی دەکرێ پەنا ببرێت بۆ تۆمار کردنی داوای دەستووری لە دادگای باڵای فیدراڵی. لە هەمان کاتیشدا پێویستە لە پەرلەمانی کوردستان، یاسایەکی باری کەسیی تایبەت بە هەرێم تەشریع بکرێت کە بە شێوەیەکی سەردەمییانە سەقامگیریی خێزان و مافەکانی سەرجەم ئەندامانی خێزان دەستەبەر بکات.
ئەنجام
هیوادارین کە لە کاتی دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر مادەکانی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی “مقس” پێشنیازەکانی لیژنەی یاسایی پەسەند کرابن، بەتایبەت کە لە دەنگدان لەسەر کۆی پڕۆژە یاساکە بە “یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ‘مقس'” خوێندرایەوە. هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە بەو شێوەیە، بە هەموو پێوەرێک مێژووییە، دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و لەم ڕێیەشەوە بەشێکی دادپەروەریی ڕاگوزەر بەدی دێت کە ئەمە دەرفەتی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم زیاتر دەکات. لە هەمان کاتیشدا سەرەتای کۆتایی هێنانە بە سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافی و جینۆسایدی گەلی کورد کە پەنجا ساڵە درێژەی هەیە و بەچارەسەر نەکراوی هێڵراوەتەوە.
ئەگەر ئەم یاسایە بەو شێوەیەی کە پێویستە دەنگی لەسەر درابێت، ئەوا دەتوانین بڵێین کە بەشێکی برینی جینۆساید و ئەنفال سارێژ دەکات، چونکە نابێ بیرمان بچێت کە سەرەتای جینۆسایدی گەلی کورد لە “تەرحیل” و “تەعریب”ـەوە دەستی پێ کرد. خۆ ئەگەر یاساکە بەو شێوەی لە حکومەتەوە هاتووە دەنگی لەسەر درابێت، ئەوا دەبێتە برینێکی قووڵی دیکە و بەردەوامیی سیاسەتەکانی ڕژێمی پێشوو و چارەسەرنەکرنی کێشەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم.
ئێستا ئیتر دوای پەسەند کردنی ئەم یاسایە، ئەرکی بەرپرسەکانی کوردە لە دەوڵەتی فیدراڵی کە بەدوای بەزوویی جێبەجێ کردنی یاساکەوە بن. بڕوانن چۆن سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هەر ڕۆژێک دوای پەسەند کردنی یاسای لێبوردنی گشتی و تەنانەت پێش بەرکار بوونی چووە لای سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی بۆ باس کردنی ڕێوشوێنەکانی جێبەجێ کردنی ئەو یاسایە(٤). هەر بۆیەش ئەرکی بەرپرسانی کوردە لە بەغدا کە کەمتەرخەمی نەکەن و وەک یەک تیم ڕێوشوێنەکانی جێبەجێ کردنی یاساکە دەستنیشان بکەن و جێبەجێی بکەن، بەتایبەت کە وەزارەتی دادی عێراق لای کوردە.
هەڵبەت هێشتا ململانێ دادوەرییەکەش هەر بەردەوام دەبێ، بەتایبەت کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەیانەوێت تانە لە دانیشتنی ٢١-١-٢٠٢٥ ی ئەنجوومەنی نوێنەران بدەن(٥).
سەرچاوەکان
- بڕوانە دەقی پڕۆژەکە لە سایتی ئەنجوومەنی نوێنەران لەم لینکە: https://iq.parliament.iq/law/frm_file/aWQ6MjI4MXxmaWxlbmFtZTpvX2hfYmFja18yMDI0LnBkZg==
- یان بڕوانە هاوپێچی ژمارە (٢)
- بڕوانە دەقی گفتوگۆی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر پڕۆژە یاساکە لەم لینکە: https://youtu.be/rqyhi78p56U?si=uUJ8nHA99ku3bX_j
- بڕوانە کۆی دانیشتنی ٢١- ١- ٢٠٢٥ی ئەنجوومەنی نوێنەران، کە شەش خولەکی خایاندووە، لەم لینکە: https://iq.parliament.iq/blog/رئيس-مجلس-النواب-يبحث-مع-رئيس-مجلس-القض/
- بڕوانە: https://m.facebook.com/story.php?story_fbid=pfbid0CEifRg4VJDv8GooKrApidjbhAb4b4o7KvKwmsCdaaK6saU8QU5574n7WbwordrpWl&id=100086751675647&mibextid=wwXIfr