سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

خاک و مێ-منداڵ لە یاسای ئەتکی عێڕاقی دا!

بیرمە لە هاوینی ١٩٩١ دا، لەگەڵ هەندێک گەنج بە کرێکاری و لە پشووی هاویندا به خۆمان و تاک شەڕواڵەکانی بەرمانەوە لە بەردەم سایلۆی کەرکووک‌ـدا دادەنیشتین لە چاوەڕوانی جووتیارانی عەرەبی هاوردەی دەوروبەری کەرکووک تا بناری حەمرین، تاوەکوو بڕۆین بە تەنکە ڕۆژ تا ئێوارێ خەرمانی گەنم و جۆیان لە بارهەڵگرەکان بۆ بنێین. واتە ئێمەی ڕۆڵەی خاوەن ماڵ و لە ماڵی خۆماندا، کرێکاریمان بۆ تاڵانچی و داگیرکەر و دزەکانی سەر ماڵی خۆمان دەکرد. ئاخۆ لەمە ئەتککردنی خاک دەبێ چی بێت؟ زەوی خۆتە و ئەو دەیکێڵێ، بەری خاک و خلە و خەرمانی خۆتە و بە تۆ باردەکرێ.

دەڵێن خاک دایکمانە، دایکی نیشتیمانیش کە داگیرکرا، ئەوە بە واتای ئەوە دێت کە نیشتیمانی دایکمان ئەتک کراوە. مرۆڤی دایک، دایکی تەنها منداڵەکانی خۆیەتی، بەڵام نیشتیمانی دایک دایکی مرۆڤەکان و بەروبووم و ژینگە و ئاو و مێژوو و کولتوور و هەموو مرۆڤایەتی و خاوەنەکەشیەتی.

باوەڕ مەکەن هیچ کەرکووکی و گەرمیانییەک، ساڵانی ئەتککردنی خاکی نیشتیمانی بە ئاسانی لە یاد بچێت. کوردی دانیشتووی هێڵی بە یەکگەیشتن لەگەڵ عەرەبی عێراق لەگەڵ کوردانی نیشتەجێی قووڵایی خاکی کوردستان هەندێک جیاوازییان هەیە. ئێمە نەوە دوای نەوە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆمان بەو پڕۆسەی زەوتکردن و ئەتککردنی خاکەوە هەبووە.

بیرمە کوڕێکی چاونەترسی دراوسێمان کە ناوی “حەمەی حەوسەت” بوو، بە تەمەن لە من گەورەتر بوو، کاتێ بۆ کرێکاری لەگەڵ چەند گەنجێکدا سواری پیکابی یابەی هاوردە دەبووین بۆ قووڵایی خاکی داگیرکراو، وەکوو شارەزایەک لە ڕێگەدا ئاماژەی بۆ پاشماوەی گوندە کوردییە ڕووخاوەکانی ئەو ناوچانە دەرکرد و ناوە کوردییەکەی پێ دەگوتین. ئەو تەنانەت هەندێک جار ئەمەی بۆ خودی عەرەبە هاوردەکانیش ڕوون دەکردەوە. ئەو دەم ئێمە لە ترسان و لە برسان داوامان لە حەمە دەکرد ئیتر ئەو باسانە دابخات چاکترە. ئەمڕۆ دوای پەنجا ساڵ لە داگیرکاری بۆ یەکەم جارە کە پەرلەمانی عێراق دان بەو ئەتککردنەدا دەنێ و بڕیار دەدات دەست لەو زەوتکردنی ئەو خاکانە هەڵبگرێت و بیگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکانیان، دیارە بە نیوە و ناچڵییە و ئەگەر زۆر هەیە کە یاساکە جێبەجێ نەکرێت، بەڵام هەر هەنگاوێکی باشە بەرەو ئاراستەی ڕاست.

ئەمە بۆ خۆی ئەگەرچی کارێکی گەورە و جێگەی دڵخۆشییە بەڵام لە ئەنجامی مامەڵەیەکی زۆر هەرزان و قێزەونی پەرلەمانی عێراق بە دەست هاتووە. ئازاری ئەم مامەڵە هەرزانە هیچی کەمتر نییە لە ئازاری ئەو ستەمە گرانەی پێشوو.

پێ دەچێت دەسەڵاتدارانی عەرەبی عێراقی نەتوانن بەبێ ئەتککردن هیچ قۆناغێکی مێژوو تێپەڕێنن. ئەوان بە عەرەبی دوو وشەیەیان هەیە ئەرز و عەرز (‌‌أرض وعرض) و کردارێکیشیان هەیە کە (هتك)ـە. بۆیە ئەگەر هەتا ئێستا ئەرزیان ئەتک کردبێ، ئەوا لەمەودوا عەرز ئەتک دەکەن.

ئەمڕۆ دەسەڵاتی عێڕاقی بۆ ئەوەی دەست لە ئەتککردنی زەوی و زاری کوردان هەڵبگرێت داوای نرخەکەی لە کورد کرد کە دەبێت ڕازی بین بەوەی ڕێگەی بدەین مرۆڤەکان ئەتک بکەن.

بە شوودانی مێ-منداڵی نۆ ساڵان و دەستدرێژی کردنە سەری بە پێی یاسا ئاسمانی و زەمینییەکانەوە، مرۆڤ دەتوانی هەر ناوێکی لێ بنێ. کە ئاسانترین ناو بۆ ئەم کردارە ناشیرینە، دەکرێ ئەتککردنی مێ-منداڵان بێ.

ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە لە مێژووی عێراق و کوردستان‌ـدا، کە دەبێ بە دەستێک بکێشین بە سەری خۆماندا و بە دەستەکەی دیکەش سەرچۆپی بگرین. ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە بۆ تێگەیشتن لە عەقڵی مرۆڤی عێراقی، یاسادانەری عێراقی، ئایینزای عێراقی، ژنە پاشکۆپیاوی عێراقی تەماشای قێزەونترین یاسای دەنگ بۆ دراوی نێو پەرلەمانەکەی بکەین. ئەمڕۆ نزیکەی ٢٩٪ی ئەندامانی پەرلەمانی عێراقی ژنن، دەپرسم ئاخۆ کاتێ دەستیان بۆ ئەو یاسایە بەرزکردەوە، هیچ ئازارێکی جەستەیی و دەروونی بیر نەخستنەوە؟ هەر وەها لە ٧١٪ ەکەی پیاوانیش دەپرسم ئاخۆ کە چوونەوە بۆ ماڵەوە، چۆن چۆنی تەماشای مێ-مناڵانی سەرتایی و مێ-منداڵانی خۆیان و خزم و هاوڕێ و دراوسێکانیان کرد؟

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO