پێشڕەو محەمەد
خەباتی کورد بۆ مافی چارەنووس (self-determination)، سەروەریی (sovereignty) و یەکپارچەیی خاک (territorial integrity) هەمیشە گێڕانەوەیەکی بەردەوام بووە کە قووڵ ڕۆچووەتە نێو ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکییەکانەوە. کاڕڵ شمیت ئەو فەیلەسوفەیە ئایدیاکانی دەتوانن کۆمەڵێک ڕوانگەی نوێ بۆ ئەم خەباتە بەدەستەوە بدەن. شمیت تیۆریزەکاری سیاسیی، مافناس و فەیلەسوفی ئەڵمانیی بوو کە ئایدیاکانی دەربارەی سروشتی سیاسەت، دەوڵەت و سەروەریی دەتوانن بناغەیەکی تیۆریی بۆ تێگەیشتن لە دینامیکی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان دابین بکەن. مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕۆژاڤا بەم دواییانە کۆمەڵێک لێدوانی دان کە ئاماژەن بە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی قووڵی جیۆپۆلەتیکیی و ئەمەش کاریگەریی لەسەر ڕەهەند و لایەنی کوردیی بەجێ دەهێڵن – بەتایبەت ئاماژەکانی بۆ ئەوەی ئێران بەربەستی سەرەکیی بووە بۆ چارەسەکردنی کێشەی کورد لە سووریا. تیۆری سیاسیی شمیت، بەتایبەت ئایدیاکانی دەربارەی کاتیگۆریی و جیاکاریی «دۆست-دوژمن» و سروشتی «ڕەهەندی سیاسی» (the Political) دەتوانن چاویلکەیەک بن لێیەوە ئەم گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییانە شی بکرێنەوە و لێیان تێبگەین. ئەم نووسینە هەوڵدەدات ئایدیاکانی شمیت لە پەیوەندی بە کوردستانـەوە، بەتایبەت ڕوانگەی مەزڵوم عەبدی سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران و تورکیا لە خەباتی نەتەوەیی کوردستانـدا بخاتەڕوو.
جیاکاریی «دۆست-دوژمن»، شیکاریی ناسنامەی سیاسیی کوردیی
یەکێک لە بەشدارییە سەرەکیی و سەنتڕاڵەکانی شمیت لە تیۆری سیاسییدا بریتییە لە چەمکی جیاکاریی «دۆست-دوژمن». بەگوێرەی شمیت ڕەهەندی سیاسیی بە جیاکاریی نێوان هاوڕێیان و دوژمنان پێناسە دەکرێت. ئەم جیاکارییە بە زەرووریی بە مانای دوژمنایەتیی کەسیی یان تاکەکەسیی (personal animosity) نایەت، بەڵکوو وەک دژوەستانەوەیەکی بنچینەیی (fundamental opposition) لەنێوان دوو گرووپدا دێت کە کاریگەریی لەسەر خودی توانای بوونی سیاسیی کۆمەڵ دادەنێن. لای شمیت دوژمن ئەو کەسەیە دەبێتە هەڕەشە و مەترسیی بوونگەرییانە (existential threat) لەسەر یەکێتیی سیاسیی گرووپێک – جا ئەم هەڕەشەیە سەربازیی بێت، ئایدیۆلۆجیی، کولتووریی یاخود نەتەوەیی. ئەم جیاکارییە ئێجگار گرنگە بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن گرووپێک یان دەوڵەتێک خۆی پێناسە دەکات و چۆن لەگەڵ ئەوانی دیکەدا دەجووڵێتەوە.
لە سیاق و بەستێنی کوردستانـدا، ئەم جیاکارییە دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت لە ڕوونکردنەوەی خەباتی کورد بۆ سەربەخۆیی و سەروەریی. لەڕووی مێژووییەوە ناسنامەی کوردیی هەمیشە لەلایەن هێزە «دوژمن»ـەکانەوە دروست کراوە، بەتایبەت دەوڵەتە سەردەستەکانی/داگیرکەرەکانی ناوچەکە: تورکیا، ئێران، عێڕاق و سووریا. بۆ نموونە، تورکیا نەک تەنها نکوڵیی لە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کورد کردووە، بەڵکوو لە هەبوونی خاکیش دایماڵیون، لە کاتێکدا ڕۆڵی ئێران بەهۆی بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکیی و سیاسییەکانی خۆیەوە لە ڕێگەی یارییکردنەوە هەوڵیداوە پشتیوانیی لە بزووتنەوەی کوردستان لە باکوور و ڕۆژاڤای کوردستان و لە باشوور بکات، ئەمەش بەوەدا ئاڵۆزتر بووە نەک تەنها سەرکوتی بزووتنەوەی کوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، بەڵکوو هەمیشە نکووڵیی لە هەبوونی ناسنامەی سەربەخۆی کورد کردووە. لەم ڕووەوە لێدوانەکانی مەزڵوم عەبدی دەربارەی ڕۆڵی ئێران وەک بەربەستی سەرەکیی لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەی کورد ڕەنگدانەوەی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانێکی قووڵە لە تێگەیشتنی کوردـدا بۆ هەرێم و بواری سیاسیی.
تێگەیشتن لە چوارچێوەی شمیت بۆ دۆست و دوژمن دەتوانێت ئەم گۆڕانە شی بکاتەوە، کاتێک کورد بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆی تێدەکێشێت ناچارە ڕووبەڕووی ئێران وەک دوژمنێک ببێتەوە – ئێستا ئێران چیتر هاوپەیمان نییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاریی تورکییـدا، ئەو هیوایەی ئێران لە لاوازبوونی خۆیدا لەسەر کورد هەڵی چنی بوو.
ڕەهەندی سیاسیی، چەمکەکەی شمیت و پیادەکردنی لە کوردستان
چەمکی «ڕەهەندی سیاسیی» کارڵ شمیت مانای ئەوە دەگەیەنێت سیاسەت تەنها بریتی نییە لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی دەوڵەت، بەڵکوو بریتییە لە تاقیکردنەوەی سەروەریی لە ڕێگەی دەسەڵاتی بڕیاردانەوە بۆ پارێزگاریکردن لە کۆمەڵ دژی هەڕەشە دەرەکییەکان و هەڕەشەکان لەسەر ژیانی کۆمەڵ. لای شمیت «ڕەهەندی سیاسیی» بە توانای بڕیاردان لەبەردەم ناکۆکییدا دەناسرێتەوە، ئەم بڕیاردانە لە کۆتاییدا سنوورەکانی کۆمەڵی سیاسیی دیاری دەکات. لای کورد، ئەم چەمکە ئێجگار هەنوکەیی و گرنگە بۆ تێگەیشتن لە خەباتی بەردەوامی کورد دژی چەوساندنەوە و سەرکەوت دژی دەوڵەت-نەتەوە داگیرکەرەکان.
بەستێن و سیاقی سیاسیی کوردستان بەردەوام بە پێکدادانی بونگەرییانە لەگەڵ دەسەڵات و دەوڵەتە هەرێمییەکاندا دەناسرێتەوە. چەمکی «ڕەهەندی سیاسیی» شمیت جەخت لەوە دەکاتەوە کە خەبات بۆ دانپیانانی سیاسیی و سەروەریی سیاسیی تەنها بریتی نییە لە پرۆسەیەکی دیپلۆماسیی و بیرۆکراتیی، بەڵکوو بریتییە لە بابەتی مانەوە. کورد تەنها بەدووی ئاشتیی یاخود ئۆتۆنۆمییدا ناگەڕێن – کورد هەوڵ دەدات مافی ژیانی خۆی وەک یەکەیەکی سەربەخۆ و جیاوازی سیاسیی بچەسپێنێت، شتێک شمیت دەتوانێت وەک خەباتێک بۆ پێناسەکردنی کۆمەڵی «سیاسیی» کورد دژی هێزە هەژموونییەکانی ناوچەکە پێناسەی بکات.
گۆڕانە جیۆپۆلەتیکییەکان: خەباتی کورد بۆ بەدەوڵەتبوون و سەروەریی
بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو نەخشەی جیۆپۆلەتیکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی دراماتیکیی و بەرچاو گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییانەشدا کێشەی کوردستان نەک بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، بەڵکوو بووە بە هۆکاری دنیایەک جینۆساید و تراجیدیا دژی کورد لەسەر دەستی دەوڵەتە داگیرکارەکان. کورد هەمیشە کەوتووتە نێو فرەلایەنیی دەسەڵاتە هەرێمییەکانەوە، هەریەکێکیان بەگوێرەی ئەجێندای خۆیان مامەڵەی لەگەڵدا کردووە. سەرهەڵدانی بزووتنەوەی کورد لە سووریا، عێراق، تورکیا و ئێران پرسی کوردستانی هێناوەتە سەر سەکۆی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە و تیۆرەکانی شمیت لێرەدا دەتوانن چوارچێوەیەکی باش بۆ تێگەیشتن لەم خەباتە.
چەمکی سەروەریی لای شمیت وەک پێکهێنەرێکی سەرەکیی «ڕەهەندی سیاسیی» یارمەتیمان دەدات ڕوونی بکەینەوە بۆچی کورد سەرەڕای پەراوێزخرانی، بەردەوامبووە لە جەنگان بۆ مافی چارەی خۆنووسین و ئەمەش گەورەترین بەربەستێک بووە لەبەردەم یەکدەستبوون و چوونییەکبوون (homogenisation)ی دەوڵەتە داگیرکەرەکان. لای شمیت سەروەریی تەنها بریتی نییە لە پێکهاتە و بناغەیەکی یاسایی یان دامەزراوەیی (legal or institutional construct)، بەڵکوو بریتییە لە واقیعییەتێکی بوونگەریی (existential reality) کە دەسەڵاتی سیاسیی دەستنیشان دەکات. کورد، بەتایبەتی لە سووریا و عێراق، توانیویانە نیمچە-سەربەخۆییەک دابمەزرێنن، بەڵام پرسی سەروەریی تەواوەتی هێشتا چارەسەرنەکراوە. چوارچێوەکەی شمیت لێرەدا دەتوانێت پێشنیاری ئەوە بکات کە هەوڵی کورد بۆ بەدەوڵەتبوون تەنها بریتیی نییە لە ئارەزوویەکی پانتایی (territorial ambition)، بەڵکوو بریتییە لە پرسی مانەوەی ژیانی بوونگەرییش – شتێک بۆ سەقامگیرکردنی بەردەوامیی و سەربەخۆیی کۆمەڵی سیاسیی کوردستان.
ئاشتیی ناچالاک دژی جەنگی ڕەوا، ستراتیجێکی پێویست بۆ کورد
ڕوانگەی شمیت دەربارەی جەنگ، بەتایبەتی تێگەیشتن و تێگەی ئەو بۆ “جەنگی ڕەوا” (legitimate war) تەواو گرنگە بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی کورد ناتوانێت پەنا بۆ ئاشتیی ناچالاک بەرێت. لای شمیت، ئاشتیی بە سادەیی بریتی نییە لە نائامادەیی جەنگ (absence of war)؛ ئاشتیی بەبێ دانپیانانی چالاک بە سەروەریی و بوونی کۆمەڵی سیاسیی، لێرەدا کورد، هەرگیز بەدی نایەت. بۆیە لە بەستێنێکی وەک کوردستانـدا، کە تێیدا کورد بەسەر چەندین سنووردا دابەشکراون و لە مافی سیاسیی و مەدەنیی داماڵراون، ئاشتیی ناچالاک دەتوانێت تەنها بەشداریی لە زیاتر سەرکوتکردن و پەراوێزخستن و تواندنەوەی کورددا بکات.
ئایدیای «جەنگی ڕەوا» بەگوێرەی شمیت، ئەو شوێنەیە تێیدا کۆمەڵی سیاسیی ناچارە ڕووبەڕووی جەنگ و پێکدادان ببێتەوە تا بتوانێت لە پاشاندا سەربەخۆیی و ناسنامەی سیاسیی خۆی بپارێزێت. لای کورد، ئەمە واتا گەڕاندنەوە و بەدەستهێنانەوەی پانتایی مێژوویی کوردستان و جەنگ بۆ ناسنامەی نەتەوەیی تەنها بریتی نییە لە بابەتێکی پێداویستی ستراتیجیی، بەڵکوو بریتییشە لە فەرمانێکی بوونگەریی (existential imperative). جەنگی ڕەوا بریتی نییە لە بازنەیەکی بێکۆتایی توندوتیژیی، بەڵکوو ئامرازێکی دڵنیایی بەخشە بەوەی سەربەخۆیی کورد/کوردستان نابێت لەڕێگەی ڕەزامەندکردنی ئەوی دیکە یاخود دیپلۆماسیی ناچالاک لەناوببرێت، کە هەمیشە دەکرێت لە پرۆسەکانی ئاشتییدا ڕووبدەن، بەتایبەت کاتێک دەوڵەتە داگیرکارەکان بۆ کورد پێشنیازی دەکەن.
ئێران وەک بەربەستی سەرەکیی، شمیت و پرسی دوژمن
دوایین لێدوانەکانی مەزڵوم عەبدی دەربارەی ئێران وەک بەربەستی سەرەکیی لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەی کورد و کوردستان نموونەیەکی زۆر گرنگ و بەرچاوی تیۆرەکانی شمیتـە دەربارەی جیاکاریی دۆست-دوژمن و سروشتی هاوپەیمانییە سیاسییەکان لە پەیوەندییدا بە خەباتی کوردییـەوە. لێدوانەکانی عەبدی ڕەنگدانەوەی گۆڕانێکی ئێجگار سەرەکییە لەوەی چۆن کورد باڵانسی هەرێمیی دەسەڵات دەبینێت. لەکاتێکدا ئێران جارێک وەک یاریکەرێکی ئاڵۆز بەڵام بەرگەگیراو (complex but tolerable player) لە هاوکێشەی جیۆپۆلەتیکی کوردستانـدا بەتایبەت لە ڕۆژاڤا، دەبینرا، ئێستا وەک نەیارێکی سەرەکیی بەرانبەر بە کورد هەم لە سووریا و هەم لە عێراق، پێناسە دەکرێت.
لە گۆشەنیگای شمیتـەوە ئەم وەرچەرخان و گۆڕانە شایانی درککردنە. ئێران، دەوڵەتێکی خاوەن هەژموونی هەرێمییە، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە لەسەر سەربەخۆیی سیاسیی کوردستان هەم لە ڕۆژاڤا و هەم لە باشوور. هەڵبەت لێرەدا ئێمە باسی ئایدیۆلۆجیای ئێرانیی دەکەین لە یاریکردندا لەڕێگەی کوردـەوە، نەک باسی تورکیا وەک دەوڵەتێکی هێرشبەر، لە خوارەوە ڕوونی دەکەمەوە.
لێدوانەکەی عەبدی نزیکە لەو ئایدیایەی شمیت کە کۆمەڵە سیاسییەکان دەبێت پێناسەی دوژمنەکانی خۆیان بکەن تا بتوانن مانەوەی خۆیان گەرەنتیی بکەن. لەم حاڵەتەدا، ئێران چیتر نەک تەنها دەسەڵاتێکی هەرێمیی نییە، کە کورد بەشێوەیەکی دیپلۆماتییانە بیەوێت بەدووایدا بگەڕێت، بەڵکوو ئێستا دەبێت وەک هەڕەشەیەکی بوونگەرییانە لەسەر بوونی سیاسیی کورد لەقەڵەم بدرێت، بەتایبەت ئێستا کە تەواو لاواز بووە.
گرنگیی بەدوژمنکردنی دوژمن، خۆلادان لە تەڵە و داوی ڕیتۆریکی ئاشتیی
یەکێک لە مەترسییە گەورەکانی بەردەم کورد لە خەباتی سیاسییدا بریتییە لەو مەترسییەی بە تەڵە و داوی ڕیتۆریکی ئاشتییەوە ببێت. لەکاتێکدا ئاشتیی لەخودی خۆیدا شتێکی خوازراو و گرنگە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نابێت بەتێچوونی سازشکردن لەسەر سەروەریی و ڕەوایەتیی بێت، بەتایبەت کاتێک دەوڵەتی داگیرکەر لە دۆخی لاوازیی و ترسدا دەست بۆ ئاشتی دەبات. لای شمیت، پرۆسەی ناسینەوەی دوژمن و چوونە ناو جەنگی ڕەواوە ئێجگار گرنگە بۆ خۆلادان لە هەڵوەشانەوەی کۆمەڵی سیاسیی. کورد دەبێت وریا و هۆشیار بێت بەرانبەر بەو پرۆسانەی ئاشتیی کە بەڵێنی سەقامگیریی دەدەن، بەڵام لە بنەڕەتدا ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی ناسنامە و کۆمەڵی سیاسیی کوردە و بەخشینی ناسنامەی کولتوورییە بۆ ماوەیەکی کورت.
ئەم هۆشیارییە بەتایبەت لەو کاتەدا گرنگە کە ئێستا شکستە مێژووییەکانی دانوستانەکانی ئاشتیی نێوان کورد و دەسەڵاتە داگیرکەرەکان دەبینین. بەردەوام پرۆسەکانی ئاشتیی لە کۆتاییدا، بریتی بوون لە ئەنجامی زیاتر سەرکوتکردنی کورد. لێرەدا بە گرتنەبەری ڕوانگەی شمیت دەربارەی گرنگیی بەدوژمنکردنی زیاتری دوژمن، کورد دەتوانێت خۆی لە کەوتنەداوی پرۆسەی هەڵەی ئاشتیی لابدات کە جگە لە لاوازبوونی کورد، هیچ ئەنجامێکی دیکەی نابێت.
شکستهێنان بە تورکیا بەشێوەی سەربازیی: فرانتز نۆیمان، کاڕڵ شمیت و خەباتی کورد
فرانتز نۆیمان، تیۆریزەکار و فەیلەسوفی ئەڵمانیی کە بە فراوانیی دەربارەی ڕژێمی نازیزم نووسیویەتی دەیگوت ئەڵمانیای نازیی تەنها دەبێت لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە بشکێنرێت بۆ ئەوەی گەرەنتیی داهاتووی ئەوروپا بکرێت. نۆیمان پێی وابوو ئەو هەڕەشەیەی ڕژێمێکی وەک ئەڵمانیای نازیی دروستی کردووە تەنها دەکرێت لەڕێگەی هێزەوە لەگەڵیدا ڕووبەڕوو ببینەوە. هەم لە ڕوانگەی شمیت و هەم نۆیمانـەوە، شکستی سەربازیی ڕژێمێک یان دەسەڵاتێک، تەنها مانۆرێکی تاکتیکیی نییە، بەڵکوو پێداویستییەکی ئەخلاقیی و بوونگەرییانەشە.
بۆ کورد، بەتایبەت لە باکووری کوردستان کە تێیدا دەوڵەتی تورک هەڵمەت و کەمپەینی دڕندانەی دژی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان ئەنجام داوە، ئەم ڕوانگەیەی شمیت و نۆیمان ئێجگار گرنگە. ئایدیای شمیت بۆ جەنگی ڕەوا و جەختکردنەوەی نۆیمان لەسەر شکستی سەربازیی ڕژێمێکی سەرکوتکار و داگیرکەر چوارچێوەیەکمان پێدەدات تێبگەین لەوەی بۆ دەبێت کورد خواستی ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیا بەشێوەی سەربازیی بپارێزێت. شکستهێنان بە تورکیا بەشێوەی سەربازیی تەنها سەرکەوتنێکی تاکتیکییانە نابێت، بەڵکوو پشتڕاستکردنەوەیەکی بوونگەرییانەی سەروەریی کوردستان و ڕەوایەتیی سیاسیی کوردیش دەبێت. پاشان گەرەنتیی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی ئارامیش دەهێنێتە ئاراوە.