سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

شەڕکەری باش، حوکمداری خراپ، کوردی نانەتەوە

کاتێک مەسعود بەرزانی و مەزڵوم عەبدی یەکترییان بینی، یان دیدارەکەیان ئاشکرا کرد، زۆرێک لە خەڵک پێی خۆش بوو، هەندێکیش قەڵس بوون. بەڵام دیدارەکە و وێنەکانی یەکێک بوون لەو ساتە دەگمەنانەی کە کوردە جیاوازەکان بەیەکەوە دابنیشن و ئاشکرای بکەن. دیارە چەندێک دانیشتنەکە گرنگ بوو، هێندەش ڕاگەیاندنەکەی.

وێنەکە ساتەوەختێکی گرنگ بوو لە توانای یەکتر بینین، ڕووبەڕوو، ناساندن و دانپێانان بە یەکدی، لە هەمانکاتدا بوونی پڕۆسەیەک. لە ڕاستیدا، گرنگبوونی دیدارەکە نیشانەیەکی زەقە لە نەتەوەنەبوونی کورد، بەڵام لە هەمانکاتدا بوونی خواستی نەتەوەیی لە ناو کورد‌ـدا.

پرسی نەتەوە لە ناو کورد‌ـدا قێزێنراوە. ئەمە نەک مایەی سەرسوڕمان نییە، بەڵکوو بەرئەنجامێکی تەواو تەواو چاوەڕوانکراوە. دژە-نەتەوە کوردەکان دەڵێن، نەتەوە بۆ هەموو گەلانی دنیا باشە بۆ کورد نەبێت! دیارە هەموو ڕەخنەکان یان پڕوپاگەندەکان دەکرێن لە ڕوانگەیەکی ترەوە بخوێنرێنەوە. ئەویش خزمەتچێتی ئەوی دیکە.

دیدێک هەیە لە ناو کورد‌ـدا کە کورد شەڕکەری باشن. لە ڕاستیدا ئەم دیدە وەک ئەفسانەیەکی لێهاتوە. ئایا ڕاستە یان نا، پرسێکی ترە، بەڵام هەبوونی ئەم دیدە لە سەدان بەڵگەنامە و دۆکیومێنتدا نیشانەی بوونی ڕاستییەکە. بەڵام ئایا یانی چی؟

لە مێژووی ناوچەکەدا، کورد وەک خەڵکانێکی چیایی پەرت، لەگەڵ زۆر خەڵک شەڕیان کردووە، هەروەها دژ بە زۆر خەڵک شەڕیان کردووە. زۆرجار ئەم شەڕانە کوردی پەرت کردووە و دژ بە یەکدی کردوون. هەرگیز ئەمە کێشە نەبووە لای کورد، وەک ئەمڕۆ دەیبینین. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کورد، هەستی نەکردووە دژ بە کوردێکی تر شەڕ دەکات. لەگەڵ ڕووس دژ بە عوسمانی، لەگەڵ عوسمانی دژ بە ڕووس، لەگەڵ سەفەوی دژ بە عوسمانی، لەگەڵ عوسمانی دژ بە سەفەوی، لەگەڵ تورک دژ بە ئەرمەن، لەگەڵ، لەگەڵ، لەگەڵ.

ئەوانی دیکە هەمیشە بۆ ئەوەی ئیدارەی کورد بدەن، دژایەتی یەکگرتنی کورد، یان بوونی تاک ناسنامەیی کورد، یان هەر دژ بە بوونی کوردن. چونکە ئاسان نییە بە کوردێک بڵێی تۆ کوردیت و ئەویتریش لەو بەرەکە کوردە. بۆیە لە کۆن و لە ئێستاش کورد پەرت و دژ بە یەک بوون و ئەمە سروشتییە لە لایان. لە ڕاستیدا ئەمڕۆ کوردبوون زۆر ناسروشتییە. مەبەستم لە سروشتی “ئاسایی”یە نەک “ناچڕاڵ”. لە هەمانکاتدا وەک دەبینین خەسڵەتە کولتوورییەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی دژ بە پڕۆسەی نەتەوەبوون بەکاردەبرێن، وەک ئایین، زاراوە، ئایدیۆلۆجیا، باوەڕ، کولتوور و زۆری دیکە.

کاتێک مۆدێرنە و کۆڵۆنیالیزم دێن بۆ ناوچەکە، دەبینن کورد، بە ئاسانی مۆدێرن نابێت. لە تورکیا دژ بە ئەتاتورک دەوەستێتەوە. دیارە یانی دژە بە پڕۆسەی نەتەوە و مێژوو. لە عێراق پشتی تورک دەگرێت.

نەبوونی توانای کورد و نوخبەکەی بۆ ئەوەی بزانن کە لەو ساتەدا لە مێژوودا چی دەگوزەرێت، تەنها بێئاگایی نییە، بەڵکوو بەردەوامییدانە بە نەریتێکی کۆن کە لە ناو کوردـدا وەک ئاسایی لێهاتوە، ئەویش پەرتبوون و بەیەکنەگەشتن.

لێرەدا کۆمەڵێک خەسڵەتی سەرەکی لە سیاسەتی کوردی‌ـدا دەبێت بە سروشتی:

یەکەم، بە ئاسانی سازان و ملکەچی لەگەڵ/بۆ ئەوی دیکە.

دووەم، نەبوونی توانا و ئاگایی ئەوەی کە پێکەوە بسازێن. هەموو کوردێک گلەیی لەمە دەکات بەڵام هەمووی پیادەی دەکات.

سێیەم، نەزانینی مۆدێرنە و نەتەوە. ئەمڕۆ کورد، بۆ نموونە پە}کە{کە دژ بە مۆدێرنە و یەکبوونە. دیارە پە{کە}کە بڕوای بە فرەیی کولتووری هەیە، بەڵام دژ بە فرەیی سیاسییە.

چوارەم، نەزانینی ئەوەی کە ئەگەر نەگوێزیتەوە بۆ نەتەوە، ناتوانیت حوکم بکەیت. چونکە بەبێ بوونی هاوبەشی و ئاشنایی و پێکەوەیی ناتوانرێت حوکم بکرێت، وەک ئەوەی لە نێوان پارتی و یەکێتیی دا دەیبینین.

پێنجەم، کورد زۆر زوو و بە ئاسانی دژی کوردە. ئەمە بەزەقی لە نێو چەپە-کوردییەکان و ئیسلامییە-کوردەکان دا دەبینین. هەردوو بەرە نازانن کە ئەوان ئامرازی جیوپۆلەتیکین بۆ کەس و لایەنی دیکە.

بۆچی نەتەوە گرنگە

نەتەوە ئەوە نییە پارتی باسی دەکات. لە ڕاستیدا پارتی بە دیدێکی خێڵەکی لە نەتەوە تێگەشتوە. چونکە لای پارتی نەتەوە بۆ پەرتکردنی کۆمەڵگەی کوردی‌ـیە لە بری یەکخستن و کۆکردنەوەی. نەتەوە گرنگە چونکە بە نەتەوەبوون پەیامی ئەوە بە دنیا دەدات کە تۆ بریتی نیت لە کۆمەڵێ هێزی هەمیشە دژ بە یەک، بەڵکوو دەتەوێت گەلێک بوونی هەبێت و حوکمی خۆی بکات. بۆ نموونە، شکستی پڕۆژەی یەکخستنی پێشمەرگە ئاماژەیەکی ڕوونە بەوەی کە کورد لە باشوور نەتەوە نین.

لە هەمان کاتدا پەرتبوونی ئاسانی باشوور و نەتوانینی بۆ تێپەڕاندنی شەڕی ناوخۆ دەرخەری ئەوەیە کە پەرتبوون ئاساییە، بەڵام تەنها نەتەوە دەتوانێت ئەم پەرتبوونە کۆتایی پێ بهێنێت.

بە سادەیی سێ جۆر لە پێکهاتەی سیاسی بوونی هەیە: تیرە، نەتەوە لەگەڵ ئیمپریالیزم. کورد کۆمەڵێک تیرەن کە ناتوانن و ناهێڵن نەتەوە بن، چونکە گەلانی زاڵی ناوچەکە، تورک و عەرەب و فارس، بونیادی ئیمپریالییان هەیە. بونیادی ئیمپریالی یانی بە ئاساییزانینی ئەوەی کە حوکمی ئەوانی دی بکەن و ئەوانی دی خزمەتیان بکەن یان لە هەناویاندا بتوێنەوە.

ئێستا ئەوەی دەیەوێت نەتەوەی کورد دروست بکات، هەلیکۆپتەرەکانی ئەمریکایە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO