ناوچەکە و ناسیۆنالیزمی کوردی و پرسی کورد بەیەکێ لە سەرەپێچە مێژووییە دەستنیشانکەرە هەستیارەکانی خۆیاندا تێدەپەڕن. قۆناغەکە پێویستی بە بوژاندنەوەی گیانی نەتەوەیی و بیرکردنەوە بە ڕۆحییەتی یەکبوون و هاوچارەنووسی هێزە کوردییەکان و پارچەکانی کوردستان هەیە. بۆئەوەی هەستی ئەرێنی لای زۆرینەی کوردستانییان لەسەر ئاستی کوردستانی مێژوویی و کوردی هەندەران بەدووای خۆیدا بهێنێت. هیوایەکی نوێی بە ئایندەی کاری بەیەکەوەیی و ئایندەی کوردستان و دۆزەکەی و یەکتر تەواوکردنی نەتەوەیی لە دڵ و دەروونەکاندا ببوژێتەوە. لە توندیی خود-نەفرەتی و ڕقە حیزبی و گرووپە ئایدۆلۆجییەکانی بەشێوەیەکی کاتیش بێت کەم بکاتەوە. وێنایەکیش پیشانی دەرەوەی خۆمان بدەین کە کوردەکان پێکەوە و لەسەر ئاستی کۆی پارچەکان و هێزە سیاسییەکانیدا، بەجۆرێك لە جۆرەکان نەتەوەیەك پێک دەهێنن، خودان بزووتنەوەیەکی نەتەوەیین و دەتوانن لەسەرەپێچە مێژووییەکاندا بچنە ناو پڕۆسەی یەکتر تەواوکردنی واقیعی و ئامانجدارەوە.
ئەوەش بایەخی گەورەی یەکێتی نەتەوەیی و تێپەڕاندنی قۆناغی ناکۆکی و شەڕی ناوخۆیی و یەکتر ڕەتکردنەوە و بە دوژمن دانانی یەکتر لە دڵ و دەروونی کوردەکانـدا دەخاتە ڕوو، کە دەیکات بە یەکێ لە ئەرکە سەرکردایەتییە هەرە پلە یەك و مەزنەکان. بەو واتایەی ئەگەر کوردەکان بە حوکمی جۆری دابەشبوونی خاکەکەیان و گەلی کوردستان، سەرکووتی خوێناوی دەوڵەت و ناسیۆنالیزمە سەردەستەکان نەیانتووانیبێت لە ڕووی ڕێکخستن، سەرکردایەتی، نەخشەڕێگا، دیاریکردنی ستراتیج و تاکتیك، نوێنەرایەتیکردن، بنمیچی داواکاری و درووشمەکانی قۆناغەکە، ناسیۆنالیزمێکی یەکگرتوو شکڵ پێ بدەن و پێش بخەن، ئەوا سەرەڕای هەموو کێشە و ناکۆکییەکانی ڕابردوویان دەتوانن، دید و تێڕوانین و عەقڵی کرداریان بەرەو پێگەیشتووییەکی زۆرتر بەرن و لەڕێی هوشیاربوون بە بایەخی یەکبوونی نیشتیمانی لەسەر ئاستی هەر پارچەیەك و یەکتر تەواوکردنی نەتەوەییەوە، قەرەبووی بەشێك لەو کەماسییە ستراتیجییەی پێشوو بکەنەوە.
بەو واتایەی لە یەکبوون (وحدة) ـەوە بگوازنەوە بۆ یەکێتی (الاتحاد) و و لەوێوە هێزەکان سەیری ئەرکە نەتەوەییە هاوبەشەکانی نێوانیان بکەن. ئەمەش تەنها لەسەر ئاستە نەتەوەییەکەدا ڕاست نییە، بەڵکوو لە سەر ئاستە نیشتیمانییەکەی هەر پارچەیەکی کوردستانـیشدا ڕاستە.
بەو مانایەی هێزە سیاسییەکانی هەر پارچەیەکی کوردستان نابێت نەبوونی یەک هێزی بکەن بە کێشە و پاساوی نەبوونی یەک گوتاری و چوارچێوەی هاوبەشی کارکردن، بۆئەوەی ئاشتبوونەوەی نیشتیمانی بێننەدی و کۆنفرانسی نیشتیمانی تایبەت بە خۆیان ببەستن، تاوەکوو پەیوەندییەکانیان لە نێوان خۆیاندا یەکتر تەواوکەر بێت، چوارچێوەی کاری هاوبەشیش پێکبێنن. ئەویش بەمەبستی کۆکردنەوە و ڕێکخستن و ئاراستەکردنی سەرجەم توانا نیشتیمانییە کوردستانییەکان لە پێناو بەدیهێنانی بەرکەوتەی قۆناغە مێژووییەکە و گەیشتن بە ئامانجە ناوکۆییەکان، دیاریکردنی دروشم و ئامانجی هاوبەش و سەقفی داواکارییەکان و نەخشەڕێگای خەباتکردن بۆ بەدەستهێنانیان و نوێنەرایەتیکردن هاوبەشی پرس و دۆزەکەیان.
ئەم دید و داواکاری و نەخشەڕێگایە، کە چەند ساڵێك لەمەوپێش و لەسەروبەندی گەرم بوونی باس و خواسی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی خستمە ڕوو ئاوڕی پێویستی لێنەدرایەوە. لە ئێستادا قۆناغەکە لە هێزە سیاسییەکان و سەرکردەکان دەخوازێت، بەجددی ئاوڕی لێ بدەنەوە و بەرەو پیر ئەم بانگەوازە بچن و چیتر کات بەفیڕۆ نەدەن و نەبنە هۆی لەدەستدانی دەرفەتەکان یاخود جوان سوود لێوەرنەگرتنیان. زەمینەکەش لە ئێستادا بەبەراورد بە ڕابردوو گونجاوتر و دۆخەکەش هەستیارترە. ناوچەکە لە هەندێ ئاستیشدا بێت، بە وەرچەرخانێکی مێژوویدا تێدەپەرێت، هەوڵ دەدرێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکڵێکی نوێی پێ بدرێت، کە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری و دەستکاریکردنی بەرەبەندییەکان، نیزامی ئەمنی هەرێمایەتی، هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکان.
ئەوەش ئەگەر سەر بۆ ئاستی دەستکاریکردنی سنوورەکانیش نەکێشێت، دووبارە پێناسەکردنەوەی دەوڵەت و سیستەمی سیاسی و دەستنیشانکردنی سنوورە ئیداری و سیاسییە نێوخۆییەکان لەبەرگی فیدرالیزمدا لەسەرئاستی هەندێ دەوڵەتی ناوچەکە لەوانەش ئەو دەوڵەتانەی کورد و کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە. لەماوەی چەند ساڵێکدا، لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، یاخود زەمینە بۆ هەوڵدان و تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی دەڕەخسێنێت، گۆڕانکارییەکانیش خێران و دەبێت بەوپەڕی هۆشیاری و لە ڕێی کۆکردنەوەی کۆی توانا نیشتیمانی و نەتەوەیی و سەرکردایەتیەکانەوە لەگەڵیدا بڕۆین. بۆئەوەی لە ڕەوتیان جێنەمێنین، بەشێ لەو بۆشاییە پربکەینەوە کە جەنگی ناوچەکە لە ڕووی جیۆسیاسییەوە بەدوای خۆیدا هێناویەتی. یاخود لانی کەم وەك بۆشاییەکی ستراتیجی و دەلاقە دروستبوون لە دیواری لۆزانـدا سەیری بکەین. بۆ خۆنمایشکردنێکی ئەخلاقی، سیاسی و سەربازی و فەرهەنگی و نەتەوەیی نوێ، شایستە بە قەبارەی قوربانییەکان، مەزنی ئامانج و دۆزەکەمان و ئەو پەڕی سوودی لێوەربگرین. بەجۆرێك وەك هێزو خاوەن ناسیۆنالیزم، دنیابینی هاوبەش و خاوەن دۆزێکی ڕەوای فەرامۆشکراو و چارەسەرنەکرا و دەربکەوین.
وێنای نیمچە هێز لە ئێستادا و هێزی هێزەکی (بالقوة) مان بۆ ئایندە لێ بگیرێت، بۆ ئەوەی بیخەینە ڕوو، نەك هەر دەتوانین بەرگری لە پڕۆژە ناوکۆییە نیشتیمانی و نەتەوەییە پێناسە و سازان لە سەر کراوەکەی نێوان هێزەکانمان بکەین، بەڵکوو دەتوانین ڕۆڵیشمان لە شکڵ پێدانەوەیەکی هاوسەنگ و سازگار بە ناوچەکە هەبێت، بەشداربین لە چارەسەرکردنی کێشەکانی و دەرگا کردنەوە بەڕووی ئایندەیەکی هاوبەش و خۆشگوزەران و بێ جەنگ و خوێنڕێژی بەڕووی گەلانی ناوچەکەدا، کە بەشێ لە ماکی کێشەکان و شێوانی ڕەوتی گەشەکردنی شارستانی ناوچەکە. قەیرانی دەوڵەت و ڕەوایەتی سیستەم و یەکتر تەواونەکردنی ستراتیجی و نەبوونی دەزگا و میکانیزمی گونجا و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، دەگەڕێتەوە بۆ بێ بەشبوونی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان لە دەوڵەتی خۆیان لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی و دامەزراندنی قەوارە نوێکان لە سەر داروپەردووی عوسمانی و قاجاریـدا.
لێرەوەیە دەمەوێت بڵێم ئێستا ناوچەکە مێژووی خۆی دەنووسێتەوە، کوردیش دەتوانێت لەم نووسینەوەدا بەشدار بێت، بە ناوەڕۆکە سارتەرـییەکەی، بابەت نەبێت و ببێتە بکەر و لایەن و مێژووساز. جارێکی تر، بەوجۆرەی واقیعە نوێکە دەیخوازێت بگەڕێتەوە بۆ پەیام و ڕۆحییەت و ئاماژەکانی پەیمانی سێ سنوور، کە لە ١٩٤٤ دا لەنێوان نوێنەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە شوێنی بەیەکگەیشتنی سنوورەکانی ئێران و عێراق و تورکیا لەگەڵ یەك بەستیان و سوێندی دڵسۆزیان بۆ یەکتر و دۆزە هاوبەشەکەیان خوارد و بڕیاریاندا هاوکار و پشتیوان و یارمەتیدەری یەکتربن و بەکردەوە گیانێك بن لەچەند جەستەیەکدا، کە لە ئێستادا وەك پێشینەیەکی دڵسۆزانە و بە نرخ لە بواری یەکتر تەواوکردنی نەتەوەییدا چاوی لێ دەکرێت.
ئەگەر لە ئێستاشدا چاوێك بە دەیەکانی ڕابردووی مێژووی هاوچەرخماندا بخشێنین، دەبینین ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ٣٠ ساڵی ڕابردوو لە ناوچەکەدا، تاڕادەیەکی بەرچاو دیوارەکانی لۆزانی بەلەرزە خستوە و شەبەق و کەلێنی زۆریان تێ کردووە. دوو پارچەی کوردستان، باشوور و ڕۆژاڤا، هەریەكە و بە ئاستێك ئەکتەری نادەوڵەتین، دەرگاکان بە ڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ئەگەر بەتەواویش نەخرابنە سەرپشت و بەفەرمی دان بە پرسی کورد دا نەنرابێت، ئەوا بە هۆکاری جۆراوجۆر، لەئاستێکی ماقووڵدا بەڕووماند کراونەتەوە. بۆیە کورد و ناسیۆنالیزمەکەی بەناوی کڵۆمدانی ئەو دەرگایانەوە توانای پاساودانی لاوازییە خودییەکانی و ڕازیبوون بە سەقفێکی نزم و ناچیزی داواکارییەکانی نەماوە، ئەگەر پێشی وابێت کرانەوەکە هێشتا بەگوێرەی پێویست نییە، بەوە ئەرکی نوێ دەخاتە ئەستۆی خۆی. چونکە تەواوکردنی ئەو پڕۆسە مێژووییە پێویستی بە فشارکردن و بوونی قوڕسایی و ئامادەبوون لە خۆنیشاندان و بەهێزبوون و کۆکردنەوەی توانا نەتەوەییەکان هەیە. بۆئەوەی ئەوە بێتە دی، پێویستە چیدی وێنای کۆمەڵێ هێزی پەرشوبڵاو و دژبەیەك و خاوەندارێتی نەکردن لە ئامانجی هاوبەش لە خۆمان نیشان نەدەین. چونکە ناوەندە سیاسییە جیهانییە پەیوەندیدارە خاوەن بەرژەوەندییەکە، پێویستی بەوەیە بزانێت مامەڵە لەگەڵ کێ بکات و کێش خاوەن بڕیارە، کورد و هێزەکانی تا چەند خاوەن گوتارێکی هاوبەشی ڕوون و ستراتیج و نەخشە ڕێگای نەتەوەیین و گرەویان لەسەر دەکرێت و لە قۆناغی بە کارتبوونی سیاسی ڕزگاربوون و چوونەتە قۆناغی مامەڵەکردن وەك هێزی خاوەن دید و بەرژەوەندی و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی ئەوی دی هاوبەش یاخود هاوپەیمان.
خۆکۆکردنەوەی باڵەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی و هێزەکان لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نیشتیمانیی سازان لەسەرکراو لە سەر ئاستی هەر پارچەیەكدا، لەم ڕووەوە بڕینی نیوەی ڕێگاکەیە، ورە بە خۆدانە بۆ بڕینی نیوەکەی تریش. چونکە ئەگەر لەسەر ئاستی پارچەکانی کوردستانـدا بووین بە خاوەنی پڕۆژەی نیشتیمانی هاوبەش و وێنای ناسیۆنالیزممان لەخۆمان نیشاندا، گوتارو و دامودەزگای نیشتیمانی هاوبەشمان پێکهێنا و بەکردەوە چووینە سەرووی حیزب وئایدۆلۆجیا و ناوچەوە، ڕێگا بەڕووی یەکترتەواوکردنی هێز و پارچەکان لە ئاستە نەتەوەییەکەشدا تەخت دەبێت.
بەپێچەوانەشەوە لەگەڵ درێژەدان بە پەرشوبڵاوی و ناکۆکی نێوان هێزەکان لەسەر ئاستی هەر پارچەیەکدا، بەدیهێنانی ئەم ئامانجە نەتەوەییەش زۆر دوور دەکەوێتەوە و ئاستەنگی گەورەی دێتە بەردەم. لەکاتێکدا پێویستییەکی مێژوویی و نەتەوەیی لەدواخستننەهاتووی قۆناغە مێژووییەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان و ناسیۆنالیزمەکەیەتی.
مەبەستیشمان لەیەکترتەواوکردنی نەتەوەیی تەریببوونی هەوڵ و خەباتی هێز و پارچەکانە لەگەڵ یەکدیدا، هاوکار و پشتیوانی یەکدی بن بە شێوازی جۆراوجۆر. بە جۆرێك توانای ڕۆڵدابەشکردنیان لەنێوخۆیاندا هەبێت، هەرچی دەتوانن یارمەتی یەکدی بدەن و بێ هەراوهووریا ببنە قووڵایی ستراتیجی بۆ یەکدی. هەر پێشڤەچوونێك و بەدیهێنانی هەر دەستکەوتێك لەسەر ئاستی هەر پارچەیەکدا هێز و پارچەکانی تر بە هی خۆیان و مایەی گەشەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردییە لە ئاستە نەتەوەییەکەدا، نەك هەر نابنە کێشە بۆی بەڵکوو هەرچی پێیان دەکرێت هەوڵی پاراستن، چەسپاندن و پەرەپێدانی دەدەن.
دەبێت هەوڵ بدەن بەسوود وەرگرتن لە پەیوەندیی هێزەکان و سوود وەرگرتن لە دژبەیەکی بەرژەوەندی دەوڵەتان، فشاری بەرامبەرەکان لەسەر یەکتر کەم بکەنەوە، دەرگا بە ڕووی یەکدیدا بکەنەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی دەرەکی، یاخوود ئەنجامدانی گفتوگۆ و کەمکردنەوەی گرژی لە نێوان بزووتنەوەی پارچەکان و دەوڵەتەکاندا. هاوکات، دوورکەوتنەوە لە موزایەدەی حیزبی خود-نەفرەتی ئەم هێز و پارچە بۆ ئەوی دی و یەکدی بە دووژمن وەسفکردن لە نێو و ماڵی نەتەوەییدا بکرێنە دەرەوەی فەرهەنگی مامەڵە لەگەڵ یەکدی کردن. لەپاڵ هەوڵدانی دڵسۆزانە و بەکردەوە بۆ هەماهەنگی بە مەبەستی یەکخستنی هەڵوێستەکان لە مەڕ هەندێ دیاردە و تەنانەت لە یەکدی تێگەیشتن لەکاتی هەندێ هەنگاوی ناچاریی بە ڕوواڵەت دژ بەیەكی ناچاری دوژمن فریدەردا لە ڕێی ئاگا لەیەکبوونی ئامانجدارانە و ڕۆڵ دابەشکردن و تێگەیشتن لە دۆخی یەکتر لەژێر هەڕەشە و فشار دا.
لەپاڵ ئەمانە، ئاراستەکردنی دام و دەزگا فیکری و ئەکادیمی و ئایدۆلۆجی و ڕاگەیاندنە کوردستانییەکان، بۆ ئەوەی لە قووڵکردنەوەی گیانی هاوچارەنووسی و یەکتر تەواوکردنی نەتەوەیدا ڕۆڵی خۆیان بگێرن، ئەوان و بڕیاربەدەستە حیزبییەکان لە ئایدۆلۆجیا و حیزبەوە نەگەڕێینەوە بۆ مەسەلە نیشتیمانی و نەتەوەییەکە، بەڵکوو لەوانەوە بگەڕێینەوە بۆ ئایدۆلۆجیا و حیزب و ئەرکیان بۆ دیاری بکەین.
بەم جۆرە و لەڕێی ڕێکەوتن لە سەر نەخشە ڕێگایەکی کردەکی دەتوانین کۆنگرەی نەتەوەیی بەکردەوە ببەستین و ئامانجەکانی پشتی بەدی بهێنین، بەبێ ئەوەی وێنای هەڕەشەمان لە خۆمان نیشان دابێت، یاخوود شەڕ لەگەڵ یەکدی لەسەر ئەوەی کێ سەرۆك بێت و ژمارەی بەشدار و ئەندامانی هەر هێز و پارچەیەك لە کۆنگرەکەدا چەند بێت بکەین.
یەکترتەواوکردنی نەتەوەیی، لەگەڵ بوونی دڵسۆزی و گیانی نەتەوەیی ڕاستەقینە و چوارچێوەی هاوبەشی نیشتیمانی هەر پارچەیەك یاخود لانیکەم هاوبیریی و هاوهەڵوێستیی هێزە بنەڕەتییەکانی، لە سایەی نەبوونی دامەزراوەی نەتەوەیی هاوبەشیشدا دێتە دی. بە تایبەتیش کە لە ئێستادا بەهۆی کۆمەڵێ گۆڕانکارییەوە بەدیهێنانی ئامانجێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی لەو جۆرەی ئاماژەمان پێ کرد بەراورد بەڕابردوو ئاسانترە و شانسی سەرکەوتنی لە بەردەمدا زۆرترە. ئێستا هەستیارە ئایدۆلۆجییەکان بە قازانجی پراگماتیزمی سیاسی کەمتر بوونەتەوە، ئەوەی تا دوێنێ بە حومکی ئایدۆلۆجیا ئیمپریالیزم و لە خودی خۆیدا بەنەفرەتکراو بوو، واتە ئەمریکا و ڕۆژئاوا، لە ئێستادا هەموومان مامەڵەی لەگەڵ دەکەین و خوازیاری ئەوەین پشتیوانیمان لێ بکات و ڕۆڵی بە گرنگ دەزانین. هاوکات، پێناسەکانمان بۆ دۆست و دوژمن گەرچی بەتەواوی وەکوو یەک نییە لانی کەم لە ئاستە جیهانییەکەدا وەکوو جاران لە یەکدی دوور نین و لە ئاستە هەرێمایەتییەکەشدا قابیلی لێکنزیکبوونەوەی زۆرترە. خەریکە فیدرالیزم دەبێت بەئامانجی ناوکۆیی هێزەکان لەسەر ئاستی پارچەکاندا، هەموو ئەوەش هاوشانە لەگەڵ ئەو گەشبینییەی بەراورد بە ڕابردوو دەربارەی ئایندەی دۆزی کورد و کوردستان لە ئارادایە، کە بەسەریەکەوە زەمینەی لە یەکتر تێگەیشتن و تەواوکاریی و یەکبوونی نیشتیمانی و نەتەوەیی ڕەخساوتر دەکەن.
هەموو ئەوەش ڕێگە لەوە ناگرێت لە میانی پەرەسەندنەکاندا و لە قۆناغێکی تردا، بیر لە دروست کردنی دەستەیەکی عاقڵمەندانی نەتەوەیی ناحیزبیی کوردیش بکرێتەوە. بۆئەوەی ڕاوێژ پێشکەش بکەن، لەکاتی پێویست بە قازانجی ڕەواندنەوەی تەمی لەیەکتر تێنەگەیشتنەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان و لابردنی بەربەستەکان دەستێوەردان بکەن.
بۆ ئەوەی ئەم دۆخە ئایدیاڵە واقیعییە نیشتیمانی و نەتەوەییەش بێتە دی، یان لانی کەم بکەوینە سەر ڕێگە ڕاستەکە بۆ بەدیهێنانی، پێویستە هەوڵەکان بەم ئاقارەدا پچڕپچڕ و وەرزی و لە یەکتر دابڕاو نەبن، بەڵکوو لێکەوتەی قەناعەتێکی قووڵ بن و چڕبکرێنەوە. وەرگێڕانی کردەیی و سیاسی دیدگا و ڕۆحییەتێکی نوێی ئەخلاقی و سیاسی و نیشتیمانی بن، بە مەبەستی کەڵەکەکردنی هەوڵ و ئەزموونەکان بۆ ئەوەی توانای مێژووسازی، بیناکردنەوەی چەمك و پەیوەندی و دامەزراوەکان و پێنانە ناو قۆناغێکی نوێمان هەبێت و دابڕانێکی ئەرێنی لەگەڵ ڕابردووی پڕ لە ناکۆکی و دژ بەیەکی نەتەوەیدا دروست بکەین.
بۆ ئەمە و تەنانەت زەمینە سازکردنیش بۆ سەرکەوتنی کۆنفڕانسی نیشتیمانیی، کە دەکرێت دەستەیەکی بێلایەن لە پەرۆشانی پرسە نیشتیمانییەکە سەرپەرشتی بکەن، هەنگاونانی پارتی و پەکەکە بۆ لەیەکتر تێگەیشتن و دەست پێ کردنی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوانیان، بەهەوڵی “ناوك” لە قەڵەم دەدرێت.