بینەر کوردی
مەیسەم مورادی
لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ بۆ دووەم جار وەک ٤٧ـەمین سەرۆکی ئەمریکا سوێندی یاسایی دەخوات. گەیشتنەوەی ترامپ بە کۆشکی سپی لە کاتێکدایە کە جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی بە دۆخێکی ناسەقامگیر و پڕ لە کێشمەکێشی ئەمنی و سیاسیدا تێپەڕ دەبێت. لەگەڵ ئەوەی کە دۆناڵد ترەمپ چەندین جار باسی لەوەی کردووە کە ئەو ئارەزوو لە شەڕ ناکات و مکوڕە لەسەر ئەوەی کە کۆتایی بە ئاڵۆزی و ململانێکان بهێنێت، بەڵام دۆخی ئاڵۆزی جیهان و بەریەککەوتنی جەمسەرەکان لەگەڵ ویستەکانی ترەمپ یەک ناگرنەوە. لەگەڵ یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی، سەرەڕای پرسە ناوخۆیی و جیهانییەکان، ئیدارەی دووەمی ترەمپ دەبێت مامەڵەی تایبەت و کارا بۆ دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات. پرسەکانی وەکوو پەیوەندییەکان و ئاسایشی ئیسرائیل، چەککردنی حەماس و حیزبوڵا، دۆخی سووریا، عێراق و ئێران لە گرنگترین دۆسیەکانی بەردەم ئیدارەکەی دەبن.
ئاراستەی ئیسرائیلی
٢٤ ساڵ بەر لە دامەزراندن و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، لە ١٩٢٣، ڤلادیمیر ژابۆتینسکی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی زایۆنیزم، تیۆرییەک دەنووسێت کە تێیدا باس لە بەرهەڵستکاریی ”عەرەبەکان” بۆ زایۆنیزم دەکات و دەڵێت پێشبینیکراو و عەقڵانییە، چونکە هەموو دانیشتووانێکی ڕەسەن لە جیهاندا بەرەنگاری کۆڵۆنیالیستەکان دەبنەوە.
ژابۆتینسکی پێی وایە کە دەوڵەتێکی پارێزراوی جوو تەنها لە ڕێی دامەزراندنی “دیوارێکی ئاسنین”ـەوە دەستەبەر دەکرێت کە هێز و دەسەڵاتی “سەربازیی نەچەماوە”ی جووەکان پیشان بدات و دەوڵەتەکە ببێتە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر بۆ “عەرەبەکان”. هەروەها دەنووسێت کە “ڕێککەوتنێکی خۆبەخشانە لە نێوان خۆمان و عەرەبەکانی فەڵەستینـدا ناتوانرێت بەدەست بێت. تەنها کاتێک نەبێت کە هیچ هیوایەک نەمێنێتەوە بۆ عەرەبەکان بۆ ئەوەی ڕێگری لە ‘سەرکەوتنەکانمان’ بکەن، ئەوکات ئەوان واز لە وەهمەکانیان دەهێنن”. ژابۆتینسکی پێی وایە کاتێک ئەم واقیعە قبوڵ دەکرێت، ئەوکات دەتوانرێت باسی ئاشتی بکرێت. “تاکە ڕێگە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە داهاتوودا، دروستکردنی دیوارێکی ئاسنینە لە ئێستادا”. ئەم تیۆرییە دەبێت بە بەردی بناغەی بیری زایۆنیستی و ستراتیج و سیاسەتی ئەمنیی و سەربازیی دەوڵەتی ئیسرائیل و ئایدیۆلۆجیای حوکمڕانیی لە وڵاتەکەدا لەسەر دادەمەزرێت.
هێرشەکانی ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، بۆ سەر ئیسرائیل، درزێکی قووڵ و سەرسووڕهێنەری بۆ سەر ئەم “دیوارە ئاسنینە” دەبێت کە ژابۆتینسکی و سیاسەتی ئەمنیی و سەربازیی وڵاتەکەی لەسەر بنیادنراوە. هێرشی حەماس هەڕەشە و ئاڵنگارییەکی گەورە و ئاشکرا دەبێت بۆ ژێرخانی ئاسایشی ئیسرائیل. ئەم ڕووداوە دووبارە ئاڵۆزی و ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین قووڵتر و زەقتر دەکاتەوە، مشتومڕەکانی سەبارەت بە ستراتیج و توانای سەربازی، هاوسەنگیی هێز، چاوترسێنی سەربازی و ئەگەری گەیشتن بە ئاشتی، گەرمتر دەکات.
لە چوارچێوەی سیاسەتی بەرگری و سەربازیی ئیسرائیلـدا، تەلئەبیب بە دۆکتراینی زاحیە وەڵامی ئاڵنگارییەکان دەداتەوە. دۆکتراینی زاحیەی ئیسرائیل چوارچێوەیەکی سەربازیی ئیسرائیلـە کە لە ٢٠٠٦ لە لایەن گادی ئایزنکات، جەنەراڵی پێشووی سوپای ئیسرائیل داڕێژراوە. زاحیە کە ناوچەیەکی بەیروتی پایتەختی لوبنانە، جێگەی مانەوە و بارەگای سەرەکیی حیزبوڵای لوبنان بووە، یەکەم تاقیکردنەوەی ئەم دۆکتراینەش لە زاحیەی لوبنان لە شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵا لە ٢٠٠٦ ڕوویدا. بۆیە جەنەراڵ ئایزنکات ناوی دۆکتراینە سەربازییەکەی خۆی گرێداوە بە زاحیەی لوبنانـەوە. دۆکتراینی زاحیە سەرنج دەخاتە سەر سێ خاڵی گرنگ لە “بەرەنگاربوونەوەی دوژمندا”: هێرشی چڕی ئاسمانی بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و سەربازیی دوژمن، بەئامانجگرتنی سەرکردایەتی و ڕێبەری و لە کۆتاییدا ئەگەر لایەنی بەرامبەر ئاڵای سپی هەڵ نەکات، سوپای ئیسرائیل جووڵەی پێ دەکرێت و دەبێت سەربازەکانی ئیسرائیل، پۆستاڵەکانی خۆیان بخەنە سەر “خاکی دوژمنەکەیان”. لە قۆناغی ناوخۆدا، واتە لە بەریەککەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان، دۆکتراینی زاحیە دەتوانێت مەترسیدارترین ڕێگەچارە بۆ ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان بێت کە ئیسرائیل بیەوێت بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی خۆی، لەپێشی بگرێت، لەبەر ئەوەی کە ئەو ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکە تووشی داڕمانی سەربازیی، ئابووریی دەبێت، کە بە داتەپینی بونیاد کۆتایی پێ دێت.
لە ئیدارەی یەکەمی دۆناڵد ترەمپـدا، پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا نزیکییەکی زۆر گرنگ و بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. یەکێک لە دەستکەوتە گرنگ و مێژووییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی یەکەمی ترەمپ، پەیماننامەی مێژوویی ئەبراهام بوو، کە پەیوەندییەکانی ئیسرائیلی لەگەڵ چەندین وڵاتی دیکەی عەرەبی ئاسایی کردەوە. ئیدارەی دووەمی ترەمپ واتە پاڵپشتییەکی دیپلۆماسیی بەهێزتر بۆ ئیسرائیل لە پرسە نێودەوڵەتیی و ناوچەییەکان. فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام لەگەڵ هاوبەشی نوێ، نوێکردنەوەی سیاسەتی “زۆرترین فشار” دژی ئێران، پشتگیریی زیاتری ئەمریکا بۆ ئەگەری هەر کردەوەیەکی سەربازیی ئیسرائیل و بێ ئەولەوییەتکردنی ململانێی ئیسرائیل و فەڵەستین بەشێک دەبن لە مامەڵەی نوێی ئیدارەی ترامپ لەگەڵ تەلئەبیب.
دۆسیەی حەماس
بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی گشتگیر و هەمەلایەن دەست پێ دەکات. حکومەتەکەی نەتانیاهۆ باری نائاسایی و دۆخی جەنگی ڕادەگەیەنێت. ئامانجی کردەوە سەربازییەکان لێدان و تێکشکاندنی ژێرخان و توانای سەربازیی حەماس دەبێت. بە نموونە لێدان دەبێت لە تونێل و ڕێگا ژێرزەمینییەکانی حەماس ناسراو بە “میترۆی غەززە”. کوشتنی کەسانی یەکەمی سیاسیی و سەربازیی حەماس لەوانە ئیسماعیل هەنییە، محەممەد زیف و یەحیا سینوار و چەندانی تر، کاریگەریی مەزنی سیمبۆلی و سیاسی دەبێت. بەڵام ستراتیجی ئیسرائیل تەنها ژێرخانی سەربازیی و سیاسیی نابێت، گەمارۆدانی غەززە و بڕینی زۆرێک لە سەرچاوەکانی کارەبا، ئاو و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی خۆراک، هێندەی تر دۆخی حەماس خراپتر دەکات. چەندین لایەن و وڵاتانی نێودەوڵەتی ڕەخنە و گلەیی پێشکەش دەکەن سەبارەت بە شێوازی ئەنجامدانی کردەوە سەربازییەکانی ئیسرائیل کە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی مەدەنی دەبنە قوربانی. لەگەڵ ئەمانەشدا هەنگاوی گرنگ و دەستبەجێ و کاریگەر دەبن بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی هەژموونی هێز و دەسەڵات، تاوەکوو دڵنیا بن لەوەی کە دووبارە ٧ی ئۆکتۆبەرێکی تر ڕوونەداتەوە و “دیواری ئاسنینی” جووەکان، دووبارە درزی تێنەکەوێت. هەر لە پێش دەستبەکاربوونی وەکو ٤٧ـەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ فشارەکانی بۆ سەر حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان چڕکردەوە. لەگەڵ دەست پێ کردنی ئیدارەی دووەمی، پێدەچێت ترەمپ هاوشانی ئیسرائیل، بەردەوام بێت لە تیشکخستنە سەر زیاتر تێکشکاندن و ڕێگری لە بووژانەوەی ژێرخانی سەربازی و ئابووریی حەماس. زیادکردنی هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانە هەرێمییەکان بۆ سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی حەماس، هەڵوێستی توند لە دژی حەماس و غەززەی بەبێ حەماسی چەکدار، بەشێکی ترن لەو سیناریۆ و ئەگەرانەی بەردەم ئیدارەکە.
دۆسیەی حیزبوڵا
لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێکان لە غەززە، ئیسرائیل لە بەرەی باکووری خۆیدا ڕووبەڕووی پەرەسەندنی زیاتر دەبێتەوە. حیزبوڵا بەرەیەکی تری شەڕ دەکاتەوە و پشتگیریی خۆی بۆ حەماس ڕادەگەیەنێت. کردەوە و جووڵەکانی حیزبوڵا بێ پلان و تاکلایەنە نابن، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەو بەرەیەوە دەبێت کە پێی دەگوترێت بەرەی “مقاوەمەی ئیسلامی” کە لە لایەن ئێرانەوە پشتگیری و ڕابەرایەتی دەکرێن. ئەم بەرەیە تەحەددای توانای سەربازی و سیاسیی ئیسرائیل دەکات و لە بیری خۆیاندا، ئیسرائیل لە بەڕێوەبردنی ململانێیەکی فرەبەرەیی تاقی دەکەنەوە.
لە وەڵامدا، ئیسرائیلییەکان ئۆپەراسیۆنی ڕێکخراو و ورد و پلان بۆ داڕێژراو ئەنجام دەدەن کە ژێرخانی سەربازی و سەرکردایەتیی حیزبوڵای لوبنانی دەکەنە ئامانج. ئۆپەراسیۆنی پەیجەرەکان بۆ نموونە دەبێتە هۆی کوشتنی ژمارەیەکی زۆر سەرباز و لایەنگرانی گرووپەکە. لەوەش زیاتر، ئیسرائیل هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی کوشتنی حەسەن نەسروڵا، سکرتێری گشتیی حیزبوڵا و یەحیا سینوار، بەرپرسی باڵای باڵی سەربازی حەماس و چەندان کەسایەتیی تری باڵای سیاسی و سەربازیی گرووپەکان. وەڵامەکانی ئیسرائیل ڕەنگدانەوەی پابەندبوون بە هاوسەنگیی هێز، چاوترسێن و نمایشی هێز و توانای سەربازی دەبێت بە بێ هەڵگیرسانی جەنگێکی هەرێمیی نوێ.
کردەوەکانی حیزبوڵا وەک پشتگیرییەک بۆ حەماس دەست پێ دەکات و ویستی دیاریکردنی توانا سەربازی و ئەمنییەکانی ئیسرائیل نمایش دەکات، بەڵام وەڵامی دەستبەجێ و فراوانی تەلئەبیب لە ئامانجگرتنی ناوەندە سەربازییە گرنگەکان و سەرکردە باڵاکانی وەک نەسروڵا و سینوار، هۆشدارییەکی ڕوون و ئاشکرا بە ئێران و پرۆکسییەکانی دەدات؛ هێرشی زیاتر لێکەوتەی سەختتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئیدارەی نوێی ترەمپ تەرکیز دەخاتە سەر چڕکردنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران، بەمەش بودجە و پشتگیرییەکانی ئێران بۆ حیزبوڵا لاواز دەکات. پێدەچێت ئەگەری ئەوە هەبێت ترەمپ فشار بخاتە سەر لوبنان بۆ داماڵینی چەک لە حیزبوڵا. بەهەمانشێوە، کەوتنی حکومەتی بەشار ئەسەد، بۆتە هۆی بڕینی ڕێگای ”ستراتیجی و لۆجیستی” ئێران بە گرووپەکەوە، ئەمەش بۆتە هۆی داماڵینی ڕێگەی گەیاندنی هاوکاری و هەمەهانگی مەیدانی لە ئێرانـەوە.
دۆخی سوریا
دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، سووریا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. حکومەتی نوێی کاتی بە سەرۆکایەتیی گرووپە نوێکان کە لەلایەن هەیئەی تەحریری شام (HTS) پێکهێنراوە، بەدوای دانپێدانانی نێودەوڵەتی و پارەی ئاوەدانکردنەوەن. نەتەوە یەکگرتووەکان داوای پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتیمانیی دەکات بۆ چارەسەرکردنی تاوانەکانی ڕابردوو و دەستەبەرکردنی لێپرسینەوەی ئاسایی. دەوڵەتانی عەرەبی وەک سعودیە و ئوردن لەلایەک هاوکاری پێشکەش دەکەن بۆ زیادکردنی نفووزی خۆیان لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا، ئامانجیان ڕێگریکردنە لە ئەگەری گەڕانەوەی قەڵەمڕەویی ئێران. تورکیا و قەتەر لە بەرەیەکی ترەوە بەردەوامن لە پێشکەشکردنی پشتگیریی سیاسی، ئابووری، سەربازی و دیپلۆماسی بۆ بەردەوامبوون لە هەژموونی خۆیان لە وڵاتەکە.
لەگەڵ ڕەخسانی دەرفەتێکی مێژوویی و گرنگ بۆ کوردانی ڕۆژاڤای کوردستان، ئاڵەنگارییەکانی تورکیا ناکرێت لە بەرچاونەگرین. یەکڕیزیی کورد گرنگییەکی مێژوویی و مۆڕاڵییە لەم قۆناغەدا. لە گرنگترین پێشهاتەکاندا، کۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە لە پیرمام بەڕێوەچوو، گرنگیی قۆناغی ئێستای کوردستان بەڕوونی نیشان دەدات و پێویستیی یەکڕیزیی ناوماڵی کورد لەو دوو پارچەیەی کوردستان دووپات دەکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەدا کە وا دەردەکەوێت دۆناڵد ترەمپ نایەوێت هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بمێننەوە، بەڵام بازنەی چواردەوری ترەمپ زۆر بە بایەخەوە باس لە گرنگیی مانەوە و پشتگیریی بەردەوامی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن. لە ئاستە هەرە باڵاکانی ئیدارەی نوێی ترەمپـدا، لەوانەش کاندیدەکانی ترەمپ بۆ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی، وەزیری دەرەوە، نێردەی تایبەت بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەندانی تر، بەئاشکرا و بەفەرمی ڕایانگەیاندووە کە ئەوان لەگەڵ مانەوە و پشتگیریی کوردن لە سووریا.
عێراق بەرەو کوێ؟
دوای هاتنە سەردەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ لە ٢٠١٦، یەکێک لە سەرەکیترین دروشمەکانی، “کشانەوەی هێزەکان” بوو. دانیشتنەکانی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژاڤای کوردستان و داگیرکردنی بەشێک لەو ناوچانە لەلایەن سوپای تورکیاوە، دوو نموونەی سەرەکی بوون کە چیتر ترەمپ نایەوێت سوپای ئەمریکا وەک جاران لەو وڵاتانە بوونیان هەبێت. کشانەوە و کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە زۆر ناوچەی دیکە، هاوکات لەگەڵ ئەوەدا کە پەرلەمانی عێراق ساڵی ٢٠٢٠ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق پەسەند کرد، ئەو گریمانەیەی بەهێز کردووە کە هەردوو حیزبی دیموکرات و کۆمارییەکانی ئەمریکا بیر لەوە بکەنەوە ژمارەی هێزەکانیان لە عێراق کەم بکەنەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە ڕێککەوتی ١٩ی نیسانی ٢٠٢٤، لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوە کرد کۆمیسیۆنی سەربازیی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و عێراق گەیشتوون بەو بەرئەنجامەی کە شێوازی پەیوەندییە سەربازییەکانی ئەو دوو وڵاتە گۆڕانی بەسەردا بێت و تەنیا لە چوارچێوەی هاوبەشیی ئاسایشدا درێژەی هەبێت، واتە چیتر وەک هاوپەیمان لە دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش درێژە بە کارەکانیان نەدەن.
هەرچەندە کە تاکوو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی باسی لەوە نەکردووە کە هێزەکانی هاوپەیمانان و بەتایبەت ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەکشێنەوە، بەڵام کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کاریگەریی دەبێت لەسەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان.
هەبوونی پێگەی سەربازیی هاوپەیمانان و بەتایبەت ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، زۆر جار بەدڵی لایەن و هێزەکانی عێراق نەبووە. بۆ نموونە، حەشدی شەعبی لە ٢٠١٤ دوای فەتوای ئایەتوڵا عەلی سیستانی دامەزرا، زۆر جار هێرشیان کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان. سەرکێشییەکانی حەشدی شەعبی لە دوای دروست کردنیان و هاوکات جێبەجێکردنی داواکارییە تایبەتەکانی ئێران، هەر زوو ئەو ڕێکخراوە سەربازیی-سیاسییەی کردە مانشێتی زۆربەی هەواڵەکانی پەیوەست بە عێراقـەوە.
دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بەرپرسانی باڵای حەشدی شەعبی بڕیاری کۆتایی خۆیاندا و خۆیان پەیوەست کرد بە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکەوە، بەتایبەت گرووپەکانی نزیک لە حەشدی شەعبی هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر ئیسرائیل لە خاکی عێراقـەوە دەست پێ کرد. لە سەرەتای هێرشەکان، مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق ڕایگەیاند کە درێژە بە هێرشەکانیان تا ئەو کاتە دەدەن کە شەڕی غەززە کۆتایی دێت. لە درێژەپێدانی هەڕەشە و هێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ئیسرائیل، چوار سەربازی ئیسرائیلی لە بەرزاییەکانی جۆلان کوژران و زیاتر لە ٢٠ سەرباز بریندار بوون. ئەم هێرشانە هۆکار بوون کە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلی هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئەوە بکەن کە وەڵامی هێرشەکانی حەشدی شەعبی لە ناوخۆی عێراق دەدرێتەوە. هاوکات لەگەڵ هەڕەشەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، هاتنەوە سەردەسەڵاتی دووبارەی دۆناڵد ترەمپ، ئەو ترسەی لای بەشێک لە عێراقییەکان دروست کردووە کە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشەکانی حەشدی شەعبی، دەتوانێت ماڵوێرانکەر بێت و ئاستی زیانەکانی زۆر لە سەرەوە بێت. بۆیە تا ئاستێکی زۆر ئەو هەوڵە دەبینرێت کە بەشێک لە دەسەڵاتدارانی عێراقی بیانەوێت پێش بە هێرشە دووبارەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ئیسرائیل بگرن و تەنانەت هەوڵی ئەوە بدەن کە ڕێگەچارەیەک بۆ بوونی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەتی عێراق بدۆزرێتەوە.
ئەوەی کە ڕوونە، هەموو گرووپەکانی ژێر چەتری بەرەی مقاوەمەتی ئێران، دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، تووشی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پێکهاتەی خۆیاندا بوون و دەبن. هەروەها گرووپەکانی ”مقاوەمەی ئیسلامی” وەک بەشێکی سەرەکی لەو گرووپانە، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت بە هاتنی ترەمپ، هەوڵ بۆ گۆڕانکارییان بدرێت و تا ئاستێکی زۆر لاواز بکرێن. ئەوەی کە جێگەی گومان نییە، هاتنی دۆناڵد ترەمپ، حەشدی شەعبی تووشی گۆڕانکاریی بنەڕەتی دەکات، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە دەتوانێت بە دەستی ئەو گرووپانە خۆیان ڕوو بدات یان ئەگەری ئەوە هەیە کە حەشدی شەعبی ببێت بە قوربانییەکی دیکەی دۆکتراینی زاحییەی ئیسرائیل.
چارەنووسی حووسییەکان ؟
هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بە جۆرێک ئاراستە کرا کە هەموو گرووپەکانی سەر بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕاستەوخۆ چوونە ناو هاوکێشەکان و لە خاکی خۆیانەوە هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردە سەر ئیسرائیل. یەکێک لەو گرووپانە، حووسییەکانی یەمەن بوون کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە زیاتر لە ٤٠٠ مووشەک و درۆنیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
هاوکات لەگەڵ بەئامانجگرتنی ئیسرائیل، حووسییەکانی یەمەن لە گەرووی بابلمەندەب، گرفتیان بۆ کەشتییەکان و ئەو ڕێڕەوە دەریاییە دروست کردووە. دامەزراوەی واشینگتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، لە ڕاپۆرتێکدا (چاو لە وێنەی ژمارە ١ بکە) باس لە هێرشەکانی حووسییەکان لە گەرووی بابلمەندەب و دەریای سوور لە یەک ساڵی ڕابردوو دەکات. لە وەڵامی دروستکردنی مەترسییەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان، ئەمریکا لە کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ ڕایگەیاند کە هاوپەیمانییەکی دەریایی لە دژی هێرشەکانی حووسییەکان لە دەریای سوور پێکهاتووە، ئەو هاوپەیمانییە وەڵامی هێرشی حووسییەکان دەداتەوە.
وێنەی ژمارە ١

ئاستی بازرگانی گەرووی بابلمەندەب
گەرووی بابولمەندەب وەک یەکێک لە گرنگترین شادەمارەکانی ئابووریی ناوچەکە و دنیا، لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکانی یەمەن، زۆرجار تووشی ئاڵنگاریی بنەڕەتی بووەتەوە. جۆن چیاو، یتۆنگ لی و مینگژوان هوانگ لە وتارێکی خۆیاندا لەسەر گەرووی بابولمەندەب دەڵێن: “بەڵام گرنگتر ئەوەیە کە زۆربەی هەناردەی نەوتی کەنداو(…) لە ڕێگەی کەناڵی سوێس و بۆڕیی سومێدەوە پێویستە لە گەرووی بابولمەندەبیشەوە تێپەڕ ببێت. لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٣دا، نزیکەی ٩.٢ ملیۆن بەرمیل نەوت ڕۆژانە لە کەناڵی سوێسەوە تێپەڕیوە، کە دەکاتە نزیکەی ٩٪ی داواکاریی جیهانی، کە بەرزبوونەوەی ٤.١٪ی تۆمارکردووە بە بەراورد بە کۆی ساڵی ٢٠٢١. ئەگەر کەشتییە بارهەڵگرەکان نەتوانن لە گەرووەکەوە تێپەڕ ببن، بۆڕیی سومێد تەنها ڕێگای گواستنەوەی نەوت دەبێت بۆ زۆربەی هەناردەکارانی نەوتی کەنداو.” ئەم گرنگییەی گەرووی بابولمەندەب، ئەوە دەخوازێت کە زلهێزەکان و لە سەرەوەی هەموویان، ئەمریکا هەوڵی ئەوە بدات کە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئابووریی دنیا، هەروەها ئیسرائیل، هەوڵی لاوازکردنی حووسییەکانی یەمەن بدرێت و کاریگەریی ئەو گرووپانە لەسەر گەرووی بابولمەندەب کەم بکرێتەوە. هێرشە بەردەوامە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیی دەریایی و ئیسرائیل بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن و لێدان لە ژێرخانی ئابووری و سەربازییەکانی، دەتوانێت لە چوارچێوەی دۆکتراینی زاحییەی ئیسرائیل خوێندنەوەی بۆ بکرێت کە هەوڵێکی ئاشنایە لە بەراورد لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس و حیزبوڵا، کە لە دوای بە ئامانجگرتنی سەرکردایەتیی ئەو گرووپانە، بەرئەنجامەکەی لاوازیی ئەو گرووپانەی لێکەوتەوە و توانا پێشووەکانی خۆیان لە ئاستێکی سەرەوە لەدەستدا. ئەوەی کە دەمێنێتەوە و جێگەی پرسیارە ئەوەیە کە ئایا داهاتووی حووسییەکانی یەمەن، هەمان ڕابردووی حەماس و حیزبوڵای لوبنانە؟
ئێران و ئیدارەی نوێی ئەمریکا
پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران یەکێک لە ئاڵۆزترین پرسەکانی دوو دەیەی ڕابردووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە. ئێران و پڕۆگرامە ناوەکییەکەی ئاڵۆزییەکی زۆری هەیە کە ئێرانی کردووەتە وڵاتێکی خواست بەرز. لەوەی تا ئێستا بینراوە، پڕۆگرامە ناوەکییەکەی ئێران ئاسۆیەکی باش نیشان نادات، چونکە لە گوتاری سیاسیی بەرپرسانی ئێران دەبینرێت کە پڕۆگرامە ناوەکییەکەی ئێران تێکەڵ کراوە لەگەڵ ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی، کە بووەتە هۆی نیگەرانیی زۆرێک لە وڵاتان. لەم ڕووەوە، شیکردنەوەی پڕۆگرامە ناوەکییەکەی ئێران دەتوانێت یارمەتیی تێگەیشتنێکی قووڵتر بدات لە ڕاستییەکانی پڕۆگرامە ناوەکییەکەی ئێران و ئەو ئاڵنگارییانەی کە لەوانەیە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە لایەن ئێرانەوە هەڕەشەی لێ بکرێت و دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەم ئاڵنگارییانە. خواستە ناوەکییەکانی ئێران لەگەڵ خواستە ئایدیۆلۆجییەکانی دەتوانێت ئێران بکاتە وڵاتێک کە چەکی ناوەکی هەبێت و ببێتە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر هەموو جیهان. مێژووی پڕۆگرامە ناوەکییەکەی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو لە ناوەڕاستی بەریەککەوتنی دوولایەنەی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت. پاش شۆڕشی ئێران لە ١٩٧٩ و هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پڕۆگرامە ناوەکییەکەی ئێران لەلایەن دەسەڵاتدارانی نوێی ئێران پەرەی پێدرا. پڕۆگرامە ناوەکییەکەی ئێران بۆ چەندین ساڵ بە نهێنی پەرەی پێدرا، تا لە ٢٠٠٢، ئەم پڕۆگرامە ناوەکییە نهێنییەی ئێران بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاشکرا کرا. لە ١٤ی ئابی ٢٠٠٢، عەلیڕەزا جەعفەرزادە، وتەبێژی گرووپی موجاهیدینی خەلقی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەمریکا، بە ئامادەبوونی چەندین ڕۆژنامەنووس، باسی لە بابەتێک کرد کە بۆ زۆرێک لە وڵاتان نوێ و سەرسوڕهێنەر بوو. جەعفەرزادە لە کۆنفرانسەکەدا باسی لە پڕۆگرامی نهێنیی ناوەکیی ئێران کرد و سەرنجی ڕۆژنامەنووسانی خستە سەر کارگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی گازی لە نەتەنز و کارگەی بەرهەمهێنانی ئاوی قورس لە ئەراک. لە ڕاستیدا، دوای ئاشکرا کردنی پڕۆگرامە ناوەکییەکەی ئێران، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردانەوەی زۆری نیشاندا. لەم ڕووەوە، سزای ئابووری زۆر لەلایەن ڕۆژئاواوە سەپێنرا بەسەر ئێرانـدا. ئەم سزایانە هاوتەریب بوون لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین بڕیاری دەرکردووە سەبارەت بە پڕۆگرامە ناوەکییەکەی ئێران، کە گرنگترینیان بریتین لەمانەی خوارەوە: بڕیارنامەی ١٦٩٦ (٢٠٠٦)؛ بڕیارنامەی ١٧٣٧ (٢٠٠٦)؛ بڕیارنامەی ١٧٤٧ (٢٠٠٧)؛ بڕیارنامەی ١٨٠٣ (٢٠٠٨)؛ بڕیارنامەی ١٨٣٥ (٢٠٠٨)؛ بڕیارنامەی ١٩٢٩ (٢٠١٠).
بوونی ئەم بڕیارنامە و سزایانە لەسەر ئێران، ئەم وڵاتەی ناچاری کرد کە سەرەنجام بچێتە دانوستانەوە سەبارەت بە پڕۆگرامە ناوەکییەکەی. یەکەم خولی دانوستانەکان لە جنێڤ بەڕێوەچوو. بەشداربووان لەم دانوستانانەدا بریتی بوون لە ئێران، چین، فەرەنسا، ڕووسیا، بەریتانیا، ئەمریکا و ئەڵمانیا، کە دواجار بە پی فایف پلەس وەن (P5+1) ناونرا. بەرەنجامی دانوستانەکانی P5+1 ئەوە بوو کە لە ٢٠١٥، ئەم وڵاتانە گەیشتنە ڕێککەوتنێک لەسەر پڕۆگرامە ناوەکییەکەی ئێران، کە بە JCPOA ناسرا. ئەم ڕێککەوتنە بووە هۆی هەڵگرتنی هەندێک لە سزاکانی ڕۆژئاوا لەسەر ئێران، لەم ڕووەوە، دەبوو ئێران زیاتر شەفاف بێت سەبارەت بە پڕۆگرامە ناوەکییەکەی. هەروەها، دەبوو ئێران ڕێگە بە پسپۆڕانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوەکی بدات سەردانی دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران بکەن. بەڵام ئەم ڕێککەوتنە نەیتوانی درێژخایەن بێت و لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ لە ئەمریکا، سەرەنجام لە ٢٠١٨، ترەمپ ڕایگەیاند کە ئەمریکا لەم ڕێککەوتنە لەگەڵ ئێران دەکشێتەوە. ئەو هۆکارەی کە ئەمریکا لە JCPOA کشایەوە ئەوە بوو کە بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وابوو کە دوای JCPOA هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕەفتاری ئێران ڕووی نەداوە و ڕەفتاری ئێران زیانی بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی هەبووە.
گۆڕانکارییەکانی ئێران لە بەکارهێنانی سەنتریفیوژەکانی (CenterFusion) پیتاندنی یۆرانیۆم، هەروەها بردنەسەرەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەو ترسەی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست کردووە کە ئێران بیەوێت هەوڵی دروستکردنی چەکی ناوەکی بدات. هاوشان لەگەڵ ناڕوونیی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکان، ئێران هەوڵی سەرەکیی خۆی داوە لە ڕێگەی گەشەپێدانی پڕۆگرامی مووشەکیی خۆیەوە، هەڕەشەکانی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیل زیاتر بکات. لە ڕاستیدا ئیسرائیل هەموو کات هەوڵی سەرەکیی خۆی داوە لە ڕێگەی جیاوازەوە پێش بە بەرەوپێشچوونەکانی ئێران لە بواری ناوەکی و مووشەکی بگرێت. ئیهۆد ئیلیام لە وتارێکی خۆیدا سەبارەت بە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ پێشگرتن بە پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، باس لەوە دەکات: “لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ئیسرائیل چەندین کردەوەی نهێنی دژ بە پڕۆگرامە ناوەکییەکەی ئێران ئەنجام دابوو. یەکێک لە ناسراوترینیان لە ٢٠١٠ ڕوویدا، کاتێک ڤایرۆسی کۆمپیوتەریی ستاکسنێت زیانی بە نزیکەی ١٠٠٠ سەنتریفیوژ گەیاند، لە کۆی ٥٠٠٠، کە لە نەتەنز بوون. هەمان شوێن جارێکی تر لە ٢ی تەمموزی ٢٠٢٠ تێکدرا، کاتێک تەقینەوەیەک لەوێ ڕوویدا. (…) هەروەها لە ساڵانی ٢٠١٠-٢٠١٢ چەندین زانای ناوەکیی ئێرانی تیرۆر کران.” ئێران لە پاڵ ئەم هەوڵانەی ئیسرائیل، هەمیشە ڕاستەوخۆ بە مووشەک هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردووە. پێش ڕێککەوتی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئێران زۆرجار هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردبوو کە بە مووشەک هێرش دەکاتە سەر ئەو وڵاتە. مانگی دووی ٢٠٢٣، ڕاگەیاندنەکانی ئێران وێنەی مووشەکێکیان بڵاوکردەوە (چاو لە وێنەی ژمارە دوو بکە) کە لەسەری بە عیبری نووسرابوو “مردن بۆ ئیسرائیل”.
وێنەی ژمارە دوو

ئەم هەڕەشانەی ئێران بەم جۆرە درێژەی هەبوو تا ئەوکاتەی کە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و بەرپابوونی شەڕی عەززە، ئیسرائیل هێرشی مووشەکی کردە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و لە ئاکامدا چەند بەرپرسی باڵای سوپای پاسداران کوژران. لە وەڵامی ئەم هێرشەی ئیسرائیل، ئێران بە زیاتر لە ٢٠٠ مووشەک و درۆن هێرشی پێچەوانەی کردە سەر ئیسرائیل. بەرزبوونەوەی ئاستی بەریەککەوتنەکانی ئێران و ئیسرائیل، وای کرد کە ئەو دوو دەوڵەتە جارێکی دیکە هێرشی پێچەوانە بکەنەوە سەر یەکتر و بەم شێوەیە قۆناغی بەریەککەوتنەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان بردە قۆناغی بەریەککەوتنی ئەکتەری دەوڵەتی، واتە بەریەککەوتنی دوو دەوڵەت بە شێوەی ڕاستەوخۆ و لە ئاستێکی زۆر سەرەوە. هەموو ئەم گۆڕانکارییانەی نێوان ئێران و ئیسرائیل و هاوکات لەگەڵ پڕۆگرامی ئەتۆمی-مووشەکیی ئێران، دۆخێکی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لە سەرەوەی هەموویانەوە بۆ ئەمریکا دروست کردووە کە پێدەچێت جارێکی دیکە بە هاتنی دۆناڵد ترەمپ، گوشارەکان بۆ سەر ئێران زیاتر بێت و هەوڵ بۆ پێشگرتن بە بەرەوپێشچوونەکانی ئێران لەو بوارانەدا بدرێت.
بەرئەنجام
لەگەڵ هاتنی دووبارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر دەسەڵات، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێکی نوێدایە. دوای لاوازبوون و کەوتنی حەماس، حیزبوڵا و بەشار ئەسەد، گۆڕانێکی بنەڕەتی لە هاوسەنگیی هێزدا لە ناوچەکە ڕوویداوە. لە لوبنانـەوە بۆ سووریا، لە سووریاـوە بۆ عێراق، ئێران ناچار بووە پاشەکشەیەکی گشتی بکات و تووشی ئاستەنگ و گرفت لە قووڵایی ستراتیجیی خۆیدا بووە. هاوکات لەگەڵ ئەم پاشەکشەپێکردنانەی ئێران، بە هاتنی ئیدارەی دووەمی ترەمپ، ئەگەرەکانی “زۆرترین فشار” بۆ سەر ئێران بەهێزتر دەبێت.
لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی شەڕی عەززە، ئاشکرایە کە ئیسرائیل دوودڵ نابێت لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی وڵاتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەوڵ دەدات چیتر ڕووداوی لە شێوەی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ڕوونەداتەوە، هیچ کاتیش بینەری ئەوە نەبێت کە درزێکی دیکە بکەوێتە نێوان “دیوارە ئاسنین”ـەکەی. هەر لەم ئاراستەیەدا، پێدەچێت کە پەیوەندییە توندوتۆڵەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەوە بخوازێت کە پێکەوە ئەم دوو وڵاتە هیچ چاوپۆشییەک لە پرسی پرۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێرانـدا نەکەن و لە ئەگەری پاشەکشە نەکردن و لاساریی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل وەڵامی توندیان بۆ ئێران هەبێت و وەک ئەوەی کە زۆرجار بەشێک لە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و ئەمریکا باسیان کردووە، هێرشی سەربازی “تاکە ڕێگەی” کۆتایی هێنان بێت بە زیادەڕەوییەکانی ئێران.