ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەکاتی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، دەستی پێ کرد، ئاراستەکەی بەخێراییەکی چاوەڕواننەکراو دەگۆڕدرێت و تا ئێستا دوو ئەکتەری نا-دەوڵەتی، وەک حەماس و حیزبوڵای لوبنانی، هەروەها دەسەڵاتی حیزبی بەعس لە سووریا، وەک ئەکتەرێکی دەوڵەتی، تووشی داڕمان کردووە.
بەریەککەوتنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕەگێکی جیهانی هەیە و پێوەندی بە بەریەککەوتنەکانی جەمسەرەکانی دنیا، لەوانە ئەمریکا، چین و ڕووسیا هەیە. بۆ باشتر تێگەیشتن لە پەیامی ئەم بابەتە، بەریەککەوتنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سێ قۆناغدا دابەش دەکرێن و لە کۆتاییدا وەڵامی پرسیاری ناونیشانی بابەتەکە دەدرێتەوە.
دابەشکاری قۆناغەکان
یەکەم، هێرش و وەڵامدانەوەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس و حیزبوڵا، دەکرێت لە چوارچێوەی بەریەککەوتنی ناوخۆیی پێناسە بکرێن. بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی شەڕی ساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ حیزبوڵا، ئیسرائیل دووبارە بە هەمان ڕێچکە هێرشەکانی بۆ سەر ئەو دوو بکەرە نا-دەوڵەتییە ئەنجامدا. دۆکتراینی (doctrine) زاحییە (ناوەکەی لە گەرەکێک لە باشووری بەیروت وەرگیراوە) چوارچێوەیەکی ستراتیجی سەربازییە و جۆری بەرنگاربوونەوەی ئیسرائیلـە کە تاوەکوو ئێستا لە بەرانبەر بکەرە نا-دەوڵەتییەکان بەکارهاتووە. ئەم دۆکتراینە لە ساڵی ٢٠٠٦ بۆ بەرنگاربوونەوەی حیزبوڵا، لە لایەن جەنەراڵی پێشووی سوپای ئیسرائیل، گادی ئایزنکات، داڕێژرا. پێناسەی سەرەکی ئەم دۆکتراینە لەم سێ خاڵە پێکهاتووە: هێرشی چڕی ئاسمانی بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و سەربازی دوژمن، بەئامانجگرتنی سەرکردایەتی و ڕێبەری و لە کۆتاییدا ئەگەر لایەنی بەرانبەر ئاڵای سپی هەڵنەدات، سوپای ئیسرائیل جووڵەی پێدەکرێت و دەبێت سەربازەکانی ئیسرائیل پۆستاڵەکانیان بخەنە سەر خاکی دوژمنەکەیان. لە قۆناغی ناوخۆدا، واتە لە بەریەککەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ بکەرە نا-دەوڵەتییەکان، دۆکتراینەی زاحیە دەتوانێت مەترسیدارترین ڕێگەچارە بۆ بکەرە نا-دەوڵەتییەکان بێت کە ئیسرائیل بیەوێت بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی خۆی، لەپێشی بگرێت، لەبەر ئەوەی کە ئەو بکەرە نا-دەوڵەتییە تووشی داڕمانی سەربازیی، ئابووریی بێت، کە بە داتەپینی بونیادی کۆتایی پێ دێت.
دووەم، لە وەڵامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە سووریا، هەروەها پێشڕەوییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و باشووری لوبنان، ئێران دووجار بەشێوەی ڕاستەوخۆ هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. هێرشەکانی ئێران، لە ئاستێکی بەرزتردا لەلایەن ئیسرائیل وەڵامدرایەوە و مێژووی بەرنگاریی ئەو دوو دەوڵەتەی تووشی گۆڕانکاری کرد و ئاستی بەریەککەوتنەکانی قۆناغێک بردە سەرەوە. هێرش و وەڵامدانەوەکانی ئێران و ئیسرائیل، کە بەریەککەوتنی دوو دەوڵەتە، دەکرێت لە قۆناغی هەرێمییدا خوێندنەوەیان بۆ بکرێت. واتە بەریەککەوتنی دوو دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە دەیانەوێت لە ئاست و شێوەی جۆراوجۆردا هەژموونی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچەسپێنن.
سێیەم، کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پێوەندی بە شێوازی هەڵسوکەوتی ئەمریکا، چین و ڕووسیا، کاتێک ڕوونبووەوە کە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر یەک لەو سێ جەمسەرەی دنیا، لە دژی داواکارییەکانی لایەنی بەرانبەر، کارتی ڤیتۆیان بەکاردەهێنا و ڕێگەیان نەدەدا ویستی لایەنی بەرانبەر سەبارەت بە ئاگربەست، کۆتاییهاتنی شەڕ یان پرسی چارەسەری دوو-دەوڵەتی بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین، جێبەجێ بکرێت.
گۆڕانکاری لە هەر یەک لە قۆناغەکانی یەکەم و دووەم، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبوو لە جۆری ئاخافتن و هەڵوێستگرتنی ئەمریکا لە پێش چین و ڕووسیاـدا. کەواتە دەتوانرێت بگوترێت پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان قۆناغەکاندا هەیە و دەبێت بە هەمان شێوەی ناوخۆ، هەرێمیی و جیهانیی خوێندنەوە بۆ شەڕ و بەریەککەوتنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت.
دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، پاشەکشەیەکی گشتی بە لایەنەکانی بەشدار لە شەڕی دژی ئیسرائیل دەبینرێت. حەماس تووشی لاوازی بەرچاو بوو، حیزبوڵا داڕما، ئێران دووجار کرایە ئامانجی فڕۆکەکانی ئیسرائیل، دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ڕووخا و لە ئێستادا حوسییەکانی یەمەن لە ژێر ئاگری بێوچانی مووشەکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلـدان. بەڵام لایەنێکی دیکە هێشتا وەڵامی هێرشەکانی خۆی بۆ سەر ئیسرائیل وەرنەگرتووەتەوە، ئەویش حەشدی شەعبییە لە عێراق.
لە ٢٠١٤دا، دوای دەرکردنی فەتوای ئایەتوڵا، عەلی سیستانی، حەشدی شەعبی بەشێوەی فەرمی و یاسایی دروست کرا و لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگری عێراق، ڕێکخستنی بۆ کرا و بودجەی بۆ تەرخان کرا. پێوەندی ڕاستەوخۆی سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لەگەڵ ئێران، ئاراستەی ئەو گرووپانەی بۆ ئەوە بوو کە بیانەوێت لە چوارچێوەی “میحوەری مقاوەمەت”ی ئێران، هەڵسوکەوت بکەن، لە زووترین کاتی خۆیدا دەرکەوت. هێرشە بەردەوامەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لەوانە لە عێراق، باشووری کوردستان، تەنانەت لە سووریا، زۆرجار ئەمریکای ناچار دەکرد کە بە توندترین شێوە وەڵامیان بداتەوە و فشار لە دەسەڵاتدارانی عێراق بکات کە پێش بەو گرووپانە بگرن، ئەگینا ڕووبەڕووی گەمارۆ و فشاری زیاتر دەبنەوە.
شەڕی حەماس و ئیسرائیل، ئەو دەرفەتەی بۆ ئەو گرووپانە دروست کرد کە چەند جارێک ڕاستەوخۆ ئیسرائیل بکەنە ئامانج و لە یەکێک لە هێرشەکانیان، ٤ سەربازی ئیسرائیلـیان کوشت و ٢٥ی دیکەیان بریندار کرد. هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئەو گرووپانە لە ناو خاکی عێراق بۆ سەر ئیسرائیل، بەزاندنی هێڵی سووری ئەمریکا و ئیسرائیل بوو، کە پێناچێت بەو ئاسانییە ئەو دوو دەوڵەتە دەستبەرداری گرووپەکانی ژێر چەتری حەشدی شەعبی بن و پێدەچێت پلانیان بۆیان هەبێت کە لە چوارچێوەی دۆکتراینەی زاحیە، بچنە سۆراغی لایەنەکانی ناو حەشدی شەعبی. ئەمە یەکێک لە سیناریۆکانی بەردەم حەشدی شەعبیـیە. بێگومان چەند سیناریۆیەکی دیکەی ناوخۆیی و دەرەکی عێراق، بۆ حەشدی شەعبی بوونی هەیە.
هەڕەشە و پەیامەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە حەشدی شەعبی، بەشێکی زۆری سیاسەتمەدارانی عێراقی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە و مەترسی ڕوودانی ئەزموونی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵا، وایکردووە بەشێک لە دەسەڵاتدارانی عێراق بیر لە ڕێگەچارەیەک بکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی حەشدی شەعبی و دوورگرتنی عێراق لە ئاگری هەڵگیرساوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. وەک چۆن لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا، دروستبوونی حەشدی شەعبی پێویستییەکی دەسەڵاتی شیعە بوو لەو کاتەدا کە بە فەتوای سیستانی، ڕەوایی بە دروستبوونی درا، لە ئێستاشدا بۆ هەر جۆرە چارەسەرکردنێکی ناوخۆیی حەشدی شەعبی لە عێراق، پێویستی بە دەستێوەردانی دووبارەی سیستانی هەیە.
هەرچەندە هەردوو مەرجەعیەتی شیعە، عەلی سیستانی و عەلی خامنەیی، ڕێگە دەدەن حەشدی شەعبی هەڵبوەشێتەوە، ڕەنگە سیناریۆیەکی زۆر دوور بێت، بەڵام هاوکات مانەوەی حەشد بەم شێوازە و پێکهاتەییەی ئێستای، لەوانەیە مەترسی گەورە بۆ ئاسایشی عێراق دروست بکات. هاوکات هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پرسی حەشدی شەعبی لە عێراق، پێویستی بە پەرلەمانێکی یەکدەست و هاوڕا هەیە، کە ئەم سیناریۆیەش پێناچێت بە ئاسانی جێبەجێ بکرێت و جیا لە عێراق، ئێرانییەکانـیش ڕێگە نادەن بەئاسانی حەشدی شەعبی ببێتە بەشێکی فەرمی و ژێر چاودێری و فەرمانی وەزارەتی بەرگری عێراق. لەبەر ئەوەی کە بڕیارێکی لەم شێوەیە، دەتوانێت هاوکات باڵی ئێران لە دژی ئیسرائیل لاواز بکات و هەروەها دەرفەتی هەناسەکێشان بۆ بەشێک لە لایەنە سوننەکانی عێراق دروست بکات کە دەتوانێت وەک مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی شیعە لە عێراق ببینرێت. ئەو چارەنووسەی کە دەتوانێت لە لایەن بەشێک لە دەسەڵاتدارانی عێراقـەوە بۆ حەشدی شەعبی چاوەڕوانکراو بێت، فشار و زەختی زۆری ناوخۆییە بۆ پاشەکشەپێکردن لە سیاسەتی هێرشبەرانە لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم فشارانە تەنیا بۆ قۆناغی کورتخایەنن، ئەگینا لە درێژخایەندا پێناچێت هیچ گۆڕانکارییەک دروست بێت.
بە باوەڕی من، ئەگەر بڕیار بێت گۆڕانکارییەکان بگوازرێنەوە بۆ ناوخۆی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەکەوێتە نێوان هەڵبژرادنی دووڕیانەکی مەترسیدارەوە، یان دەبێت بە هەموو تواناکانی خۆیەوە لەپشت حەشدی شەعبی ڕاوەستێ و ئاستی بەریەککەوتنەکان بباتە سەرەوە و بیباتە قۆناغی هەرێمیی، واتە بەریەککەوتنی دەوڵەت-دەوڵەت، یان دەبێت تەماشاکەری داڕمانی بونیادی حەشدی شەعبی بێت و فشارەکانی ئێران و لایەنە نزیکەکانی لە عێراق بۆ سەر دەسەڵاتەکەی قبوڵبکات. واتە سیاسەتی تێچوو و قازانج بگرێتەبەر نەوەک دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق لەلایەن ئیسرائیلـەوە نەکرێنە ئامانج.
بۆیە ئەو ئەگەرە کراوەیە محەمەد شیاع سوودانی بۆ پاراستنی حکومەتەکەی و لەدەستنەچوونی دەسەڵاتی شیعە، ڕازی بێت تەنانەت حەشدی شەعبی بکرێتە قوربانی و هەوڵی سەرەکی خۆی بدات بەریەککەوتنەکانی ناوخۆی عێراق، لە چوارچێوەی بکەری دەوڵەتی، وەک ئەمریکا-ئیسرائیل و بکەری نا-دەوڵەتی، وەک حەشدی شەعبی، بمێنێتەوە و دەوڵەتی عێراق تەنیا چاودێری دۆخەکە بێت. کەواتە لە هەردوو قۆناغی کورتخایەن و درێژخایەندا، حەشدی شەعبی دەبێت چاوەڕوانی ئەوەی هەبێت فشارەکان لەسەری زۆرتر بن. خۆ ئەگەر پاشەکشەی گشتی نەکات، چاوەڕوانی ئەوە هەیە کە دۆکتراینی زاحیە ئەمجارە لە عێراق، لە دژی حەشدی شەعبی، بەکار بێت؛ واتە لێدان لە ژێرخانی ئابووریی و سەربازیی تا دەگاتە بەئامانجگرتنی سەرکردەکان، لە کۆتاییشدا، هەڵکردنی ئاڵای سپی بە هەموو لایەنەکانی ناو حەشدی شەعبی.