ئیبراهیم سادق مەلازادە
یەکەم: نەتەنیاهۆ و هاوپەیمانەکانی وەکوو گرووپێکی توندڕەوی ئیسرائیلی کە کەم تا زۆرێک باوەڕیان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینی نییە لەپاڵ دەوڵەتی ئیسرائیل، هەموو دەرفەتێک دەقۆزنەوە بۆ دواخستنی ئەو دەوڵەتە فەڵەستینییە و وروژاندنی ڕای گشتی بەپاساوی تیرۆر و هەڕەشەکردن لە دەوڵەتی ئیسرائیل.
دووەم: ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 202٣، لەکاتێکدا ڕوویاندا، کە بە هەزاران خەڵك دژ بە حکومەتی نەتەنیاهۆ لە شەقامەکانی تەلئەبیب بوون و داوای ڕووخانیان دەکرد. ڕووداوەکان دەرفەتێکی زێڕین بوون بۆ حکومەتی توندڕەوی نەتەنیاهۆ و لە کەوتن دەربازیان کرد.
سێیەم: ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر چۆن بۆ زیاتر لە ١٥٠٠ ئیسرائیلی مەدەنی دەروازەیەک بوو بۆ دۆزەخ؛ دەیان دەرگای دۆزەخیشی بۆ هاوڵاتیانی غەززە واڵا کرد، وەک ئەوەی هەردوو گرووپی توندڕەوی ئیسرائیلی و فەڵەستینی ڕێککەوتنێکی واژۆنەکراویان هەبێت بۆ کارکردن لەسەر پڕۆژەی خۆیان و بەردەوامبوونی ئاشی مەرگ. لە ئاکامدا ئەو ئاشە زیاتر لە ٤٠ هەزار هاووڵاتی مەدەنی فەڵەستینی کردە قوربانی.
چوارەم: ئارگومێنتێک هەیە دەڵێت؛ ئیسرائیل داگیرکەرە، بۆیە هەموو ئامرازێک بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکەر، شەرعییە. لە دووتوێی ئەو ئارگومێنتەش، بزووتنەوەی حەماس باوەڕی بە چارەسەری دوو دەوڵەت نییە، بەو مانایەی دەبێت ئیسرائیل فڕێ بدرێتە دەریا و جووەکان یان دەبێت بڕۆن یا بکوژرێن!
ئەمە هەمان ئارگومێنتە کە بزووتنەوەی فەتح بۆ ساڵانێکی زۆر کاری لەسەر دەکرد، بەڵام لەکۆتاییدا باوەڕیان بەوە هێنا کە ئیسرائیل واقیعە و چارەسەر دوو دەوڵەتن لە تەنیشت یەک، کە دوایی ڕێککەوتننامەی ئاشتی لێکەوتەوە کە بە ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ ناسراوە و لە 13ی ئەیلولی 1993 واژۆ کرا. هۆکارەکانی جێبەجێ نەکردنی هەرچییەک بن، توڕدانی ئیسرائیل بۆ ناو دەریا داواکارییەکی مەحاڵە، لەبەر چەند هۆکارێک:
- جووەکان دوای هۆلۆکۆست پارێزبەندی نێودەوڵەتییان لەسەرە. بەو مانایەی ئەرکێکی ئەخلاقی نێودەوڵەتی و یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانە کە هەموو ئەو گرووپانەی پارێزبەندییان هەیە، دەبێت بەهەر نرخێک بێت بپارێزرێن.
- تەمەنی دامەزراندنی ئیسرائیل درێژدەبێتەوە بۆ ساڵی 1948، واتە بەلانی کەمەوە 76 ساڵە. لەوکاتەوە نەوەی سێیەم و چوارەمیش لە دایک بوون، واتە هیچ وڵات و شوێنێک ناناسن بێجگە لە ئیسرائیل.
- ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین کە ئیسرائیل فڕێ بدرێتە ناو دەریا، قەیرانێکی مرۆیی گەورە دروست دەبێت و بە ملیۆنان مرۆڤ دووچاری کۆڕەو و دەردەبەدەری دەبن. قەیرانێکی گەورە لە هەموو ڕۆژئاوا دروست دەبێت، ئەمەش بۆ ڕۆژئاواییەکان قوڕس دەوەستێت.
- هەمیشە ئاماژە بە سیستەمی سیاسی ئیسرائیل دەکرێت کە لەسەر بنەمای دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان دامەزراوە. ئەمەش وای کردووە جیابێت لە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم جیابوونەش جۆرێک لە پارێزبەندی جیاوازی خستۆتە ئەستۆی دنیای مۆدێرن و پشتگوێخستنی لەسەر ڕۆژئاواییەکان زۆر قوڕس دەکەوێت.
- زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو فەڵەستینی عەرەب لە ناوخۆی ئیسرائیل دەژین، ئەوانە بەپێی زانیارییەکان هیچ کێشەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییان نییە. دوای زیاتر لە ساڵێک جەنگ و توندوتیژی دژ بە کەرتی غەززە، ئەو فەڵەستینیانەمان نەبینی خۆپیشاندانێکی سەد هەزار کەسی بکەن و بڕژێنە شەقامەکان بۆ ڕاگرتنی جەنگ، لەکاتێکدا مافی خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لە ناو ئیسرائیل لەسەر هەموو ئاستەکاندا هیچ ڕێگرییەکی نییە.
- کەرتی ڕۆژئاواش کە لەژێر دەستەڵاتی فەتح دایە، لەماوەی ئەو شەڕە دوور و درێژەدا، بێجگە لە بەیاننامە و پڕۆتێست هیچ وەڵامێکیان دژ بە ئیسرائیل نەبوو. ئەمەش مانای وایە فەڵەستینییەکان یەک ڕا و بۆچوون نین لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە دەوڵەتی ئیسرائیل.
پێنجەم: لای هەموو چاودێران ئاشکرایە کە ئێران لەپشت دنەدانی حەماسـەوە بوو بۆ هەڵمەتی 7ی ئۆکتۆبەر. بەپێی ڕووداوەکانیش بێت حەماس هیچ خوێندنەوەیەکی بۆ کاردانەوەکان نەکردبوو، بەو مانایەی هێشتا ئەوان نەیانتوانیوە ئیسرائیل بناسن. ناسینی دوژمن نیوەی ڕێگای بەزاندنیەتی، بەڵام بزووتنەوەی حەماس بەپشتیوانی ئێران پەلاماری ئیسرائیلی دا و بە ئاسانی کەوتە داوی ستراتیجییەتی ئێران، کە پێدەچێت دوای کوژرانی سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل هەنییە، لەناو دڵی تاران، تا هەنووکەش لەو ستراتیجییەتەی ئێران تێنەگەیشتبن.
شەشەم: پەلامارەکە بۆ یەکەم جار دوای هۆلۆکۆست، زەبرێکی جەرگبڕ بوو بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل. شکۆی ئیسرائیلی شکاند، شکۆی هەواڵگری ئیسرائیلی شکاند. بۆ یەکەم جار زۆرترین ڕێژەی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بە ئامانج گیران و لەناو بران، لەکاتێکدا شکۆی هاوڵاتیانی ئیسرائیل لەماوەی ڕابردوودا هێڵی سوور بووە بۆ دەوڵەت.
حەوتەم: زۆربەی چاودێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەسەر ئەوە کۆکن؛ کە ئەوەی ئیسرائیل بەرامبەر هاووڵاتییانی مەدەنی باریکەی غەززە ئەنجامی دا، تاوانی جەنگ بوو، چونکە بێ خۆپارێزی لە بەئامانجنەگرتنی هاووڵاتییان شەڕی دژ بە بزووتنەوەی حەماسی ڕاگەیاند. ئەمە پێوەرێکە دژ بە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان. ئینجا ئەگەر دان بەو پێوەرەدا بنێین، ئەوەی حەماسـیش لە 7ی ئۆکتۆبەر ئەنجامیدا بەلانی کەمەوە هەمان پێوەری لەسەر جێبەجێ دەکرێت، چونکە بەبێ خۆپارێزی دەستیان لە ژن و منداڵ و گەورە و بچووکی ئیسرائیلی نەپاراست. لەسەر بنەمای ئەو لۆجیکەش؛ هەردوو لا بزووتنەوەی حەماس و حکومەتی ئیسرائیل، دوو ڕووی یەک دراون. هەردوولا تاوانباری جەنگن.
هەشتەم: لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جۆرێک لە کۆکبوون هەیە لەسەر ڕەوایەتی پرسی فەڵەستینییەکان و مافی دەوڵەتی سەربەخۆ، بەڵام زۆرینەی ئەو کۆکبوونە باوەڕی بە دوو دەوڵەتی ئیسرائیلی و فەڵەستینی هەیە. بەمەبەستی گەیشتنی فەڵەستینییەکانـیش بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتی خۆیان ئامرازی جیاواز هەیە، بەڵام ناکۆکی لەسەر جۆری ئامرازەکانی گەیشتن بەو دەوڵەتە هەیە. لەو بارەیەوە پێوەرێکی فیکری فەلسەفی و گەردوونی هەیە بۆ ڕەوایەتی گەیشتن بە ئامانجەکان، ئەویش ڕەوایەتی ئامرازەکانە.
لەو بارەیەوە ئیمانوێل کانت لە ئەخلاقی دیئۆنتۆلۆجیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە کردارەکان بە ئەرک و یاسا ئەخلاقییەکان ڕێنمایی دەکرێن، جەخت لەوە دەکاتەوە کە مەبەست و ئامانجەکان پاساو نین بۆ ئامرازەکان. بەو مانایەی ئامانج هەرچەندە شەرعی بێت نابێت پەنا بۆ ئامرازی ناشەرعی ببردرێت. مەهاتما گاندیـش لەو بارەیەوە بانگەشە بۆ ناتوندوتیژی و میتۆدی ئەخلاقی دەکرد لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، لەو بارەیەوە دەڵێت: “ئامرازەکان گرنگن بە قەد گرنگی ئامانجەکە”. هەروەها فەیلەسوفی ئەمریکی جۆن ڕاولز (1921-2002)، کە کارەکانی تایبەتن بە فەلسەفەی سیاسی و ئەخلاق، بەتایبەتیش بە کتێبی “تیۆری دادپەروەری” بەناوبانگە کە لە 1971 بڵاوکرایەوە؛ لە “تیۆری دادپەروەری”دا قسەی لەسەر گرنگیی دادپەروەری و شەرعییەتی ئامرازەکانی گەیشتن بە دادپەروەری کردووە. هەموو ئەو دەربڕینانە لۆجیکێکی گەردوونین دژ بە لۆجیکی “مەبەست پاساوە بۆ ئامراز”.
لەسەرەوەی هەموو ئەوانەشەوە، لەناو خودی کایەی ئیسلامیدا، بەهەمان پێوەری سەرەوە، سەید قوتب لەو پێوەرە بەدەر نییە و زۆر بە ئاشرا دەڵێت “گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکان دەبێت لەڕێی ئامرازە شەرعییەکان بێت”. بۆیە ئەوەی کە کاکڵی مەبەستە لێرەدا، بەئامانجگرتنی ژن و منداڵی ئیسرائیلی مەدەنی و بێ چەک لە 7ی ئۆکتۆبەر دا، دەکرێت وەکوو تاوانێکی نێودەوڵەتیی هەژمار بکرێت.
نۆیەم: ئێستا دوای گەیشتن بە ڕێککەوتننامەی ڕاگرتنی جەنگ لە غەززە، چەند تێگەیشتنێک هەیە. هەن دەڵێن بزووتنەوەی حەماس سەرکەوتنی بەدەست هێنا، هەشن دەڵێن ئیسرائیل سەرکەوتنی بەدەست هێنا. لەڕووی خۆڕاگرتنەوە، ئەوە ڕاستە کە بزووتنەوەی حەماس وێڕای ئەوەی کە هەموو سەرکردەکانی هێڵی یەکەمی کوژران، بەڵام تا ئەو چرکەساتەش توانیویەتی لە ڕووبەڕێکی زۆر کەم و دەشتایی دژ بەو هەموو تەکنۆلۆجیا پێشکەوتووە، بەرگری بکات و کۆڵ نەدات. خۆڕاگرتن بەرامبەر ئاشی جەنگی ئیسرائیل لە چاوەڕوانی هەموو لایەک بەدوور بوو. لە ڕووی پێکانی ئامانجیشەوە هەندێک پێیان وایە ئیسرائیل هەموو ئامانجە سەرەکییەکانی بەدەست هێنان، بەتایبەتیش کوشتنی تەواوی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس و حیزبوڵا. داگیرکردنی غەززە و وێرانکردنی. ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و دروستکردنی هەژموونێکی ڕەها بەسەر تەواوی ناوچەکەدا.
دەیەم: دوای زیاتر لە ساڵێک شەڕ و بەرگری، هەردوو لا بەناچاری گەیشتن بە ڕێککەوتن بەوەی کە لە ڕێککەوتننامەکەدا هاتووە. بەڵام ئایا ئەو ڕێککەوتننامەیە سەرکەوتنە بۆ هیچ لایەك؟ لە ڕوانگەی منەوە، هەر هێزێک لەڕووی ئەخلاقییەوە شکست بێنێت، لایەنە ماددییەکە نایکات بە براوە. لەو بارەیەشەوە هەردوو لا لەڕووی ئەخلاقییەوە شکستیان هێناوە. بەمانای ئەوەی هەردوو لا دەستیان نەپاراست لە پێشێلکردنی تەواوی بنەما ئەخلاقی و یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و بەها ئایینی و گەردوونییەکان.
بۆیە، لە ئەنجامی ئەو دە خاڵەدا، دەگەینە ئەنجامێک کە لە ڕوانگەی بەها و نۆرمە گەردوونییەکانەوە، بەرگری مافێکی شەرعی هەموو نەتەوە بێ دەوڵەتەکانە، بەڵام ئەو مافە سنووردارە بە کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای نێودەوڵەتی، با داگیرکەریش پەنا بۆ ئامرازی نایاسایی ببات، بەڵام هەرگیز داگیرکەر نابێت بە پێشەنگ بۆ داگیرکراو، وەک ئەوەی عومەر موختار دژ بە ئیتاڵییەکان دەڵێت “ئەوان پێشەنگی ئێمە نین”. شکاندنی ئەو یاسا و ڕێسایانەش، هێزە بەرگریکارەکان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتێکی مێژووی لەسەر دوو ئاست:
یەکەم، خۆپاراستن لە کوشتن و بردنی خەڵكی مەدەنی، کە هەموو بەها ئایینی و یاساییەکان جەختی لەسەر دەکەنەوە.
دووەم، بەرپرسیارێتی بەرامبەر خەڵک و هاووڵاتییانی خۆیان، بەوەی دەبێت پارێزگاریکردن لە ژیان و ماڵی خەڵكی خۆیان لەپێشەوەی گرنگی پێدانەکان بێت. پەلکێشکردنی هاووڵاتییان بۆ ناو ئاشی خوێن نیشانەیەکی مەترسیدارە بۆ نەبوونی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و نەتەوەیی.
لێرەدا، چۆن ئیسرائیل سەلماندی بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل شتێک نییە پێی بگوترێت مافەکانی مرۆڤ و یاسا و ڕێسای نێودەوڵەتی، حەماسـیش لەماوەی ئەو شەڕەدا سەلماندی کە گیانی ئەو هەموو دەیان هەزار مرۆڤە بەلایانەوە کێشەیەک نەبووە. لەو بارەیەشەوە هەوادارانی هەردوو بەرە هەر شتێک بڵێن بێجگە لەخۆڵکردنە چاوی خەڵک و خۆیان شتێکی دیکە نییە.
لەئاکامدا، بە هەر نرخێک بێت کپکردنی تفەنگەکان و سەپاندنی ئاشتەوایی بۆ خەڵكی مەدەنی گەورەترین دەسکەوتە. بەو هیوایەی ئاشتی سەرتاسەری و ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی بێتە ئاراوە، بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی مەدەنی نەبنە قوربانی.