سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کورد و تۆم باراکەکان

عوسمان ساوجی

لە منداڵیەوە کە هەواڵ و زانیارییەکانم لە زاری گەورەکانەوە دەبیست، کۆمەڵە کەسێکم وەک دوژمن دەبینی و نزای ئەوەم دەکرد هەرچی زووە بە هەر جۆرێک بێت ئەمانە لە کۆڵ ببنەوە، چونکە منێک کە تاکە سەرچاوەی زانیاریم گەورەکان بوو ئەوانیش کێشەی گەورەی کوردیان بە مانەوەی ئەو کەسانەوە دەبەستەوە، کە سەرۆک یان گەورە کاربەدەستی وڵاتانی سەردەستی کوردستان بوون یان دەبوون بە سەرۆکی یەکێک لە وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا، سۆڤێتی جاران، فەرەنسا یان بەریتانیا.
دەتوانم بڵێم کاتێک تەمەن هەڵکشا لە ناوەندە ئەکادیمییەکان و ئەزموونی ژیان و خوێندنەوە و دیداری سیاسەتمەداران تێگەیشتم کە ئەو بابەتەی لە پێشەوە باسم کرد تەنها دیدی خەڵکە ڕەشۆکییە (عەوامەکە) نییە، بەڵکو کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە و سەرکردەی سیاسی، مامۆستای زانکۆ، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی زۆرمان هەن کە بەو خەیاڵە بیردەکەنەوە ئەگەر لە جیاتی ترامپ، بایدن بوایە، پێگەی کورد بەهێزتر دەبوو، یان ئەگەر عەلی کیمیایی نەبوایە هەڵەبجە تووشی ئەو کۆمەڵکوژییە نەدەبوو.
دیارە ئەوانەش بیرکردنەوەیەک نین کە هەروا لە خۆڕا لە مێشکی ئەم خەڵکەدا چەسپی بن یان لە ئەزەلەوە خاوەنی ئەم بیرکردنەوە بن، کەواتە بۆچی دەبێت نەتەوەیەکی پەنجا ملیۆنی مەترسی چارەنووسی خۆی لە ئاڵوگوڕی نێردەیەکی بازرگانی ئەمریکی دا ببینێتەوە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەمەوێت سەرەتا ئەوە بڵێم کە ناوی “تۆم باراک”م وەک هێمایەک بۆ هەموو ئەو کەسانە داناوە کە کورد ڕۆژێک پێیوابووە فریاد ڕەسن یان وەک فریشتەی گیان کێشان و ئەهریمەن لێیان تۆقیوە. هەڵبەت ئەمە لە ئاستێکی بەرزدا دیدی پارتە سیاسییەکانیشە، جگە لە “پەکەکە”، کە ئەوان لەژێر کاریگەریی هزری عەبدوڵا ئۆجەلان دا دژایەتی کۆی سیستەمێک دەکەن یان هەوڵ دەدەن کەڵک لە سیستەمێکی تر وەک دۆست وەربگرن. هۆکارەکانی باڵکێشانی ئەو بیرکردنەوەیەی باسمان کرد لە چەند خاڵێکدا کورت دەکەمەوە.
یەکەم، نەبوونی دەوڵەت و دامەزراوە: بەدرێژایی مێژووی نوێ، کورد نەبووەتە خاوەنی دەوڵەت و دامەزاوەی سیاسی، لەجیاتی ئەوە پارتی سیاسی هەبووە کە تێکۆشانی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و بەدەستهێنانی ئازادی نەتەوەیی و نیشتمانی کردووە. ئاراستەی سیاسی پارتەکانیش زۆرکات ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوە و دنیابینی سەرۆک یان سکرتێرەکەی بووە، کە ئەوانیش مرۆڤ بوون و مرۆڤیش ناتوانێت بە تەواوی دەستبەرداری هەست و سۆز و ڕق و بەرژەوەندی خۆی بێت، بەوەش دیدگای سەرۆک و سکرتێر بەرامبەر کەسێک بووە بە تێڕوانینی گشتی.
دووەم، نەبوونی شارەزایی لە کاروباری فەرمانڕەواییدا: دەوڵەتانی پێشکەوتوو، بەتایبەت ئەوانەی سیستەمێکی سیاسی دیموکراسیان هەیە، بۆ بڕیاردان لە دۆست و دوژمن و مامەڵە کردن لەگەڵ پرسە نێودەوڵەتییەکان و دەستوەردان تیایاندا پێویستیان بە کاری دامەزراوەییە، ئەوان بۆ بڕیاردان لە بابەتێکی گرنگ میکانیزمی پرۆسەی دروست کردنی بڕیار پەیڕەو دەکەن، کە ئەمەش پێویستی بە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و تەنانەت زۆرجار سەرکردەکان دەبێت خۆیان لە لێپرسینەوەی دەسەڵاتی دادوەریش بپارێزن لە بڕیارداندا، چونکە بڕیاری هەڵە و زیانبەخش بەسەریانەوە ناچێت و ناتوانن وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچن. کەواتە ئەوانەی بۆ کارێک ڕادەسپێرێن نوێنەرایەتی دامەزراوەیەک دەکەن و ناتوانن بە ئازادی ڕەها چییان دەوێت ئەوە بکەن.
سێیەم، نائامادەیی کورد بۆ گوتنی نا: زۆربەی سەرکردایەتی سیاسی کورد و دەستەبژێرە ڕووناکبیرەکانی پێیان وایە بەڵێکردن بۆ خواستەکانی زلهێزەکان ئەرکێکی خوداییە و هەر یاخیبوونێک ڕەنگە ببێتە هۆی غەزەبێکی خوایی و بەوەش نەفرەتێک ڕوومان تێ دەکات. لەکاتێکدا ئەزموونی گەلانی سەرکەوتوو نەک “نا”یان بۆ خواستەکانی زلهێزەکان کردووە بە وەڵام بەڵکو بەڕوویاندا هەڵشاخاون و شەڕیان کردوون و زەبریان لە بەرژەوەندی و سوپا و دامەزراوەکانیان وەشاندووە.
چوارەم، ناتەبایی و نەبوونی گوتارێکی سیاسی: ئەم خاڵە لێرەدا کراوە بەدواین خاڵ (ئەگەرنا دەکرێت چەند هۆکاری تریش ڕیزبکرێن) یەکێکە لە هۆکارە خودییەکان، کە بنەڕەتی زۆرێک لە شکستە تاڵەکانی کورد لێرەوە سەرچاوەی گرتووە. لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەهۆی ناتەبایی و پێشخستنی بەرژەوەندی تەسکی حیزبی بەسەر بەرژەوەندییە نەتەوەییە باڵاکانەوە، هەمیشە لاواز و پەرتەوازەن لە بەرامبەر یار و نەیار دا. ئەوە سەرباری ئەوەی گوتارێک یان بەڵگەنامەیەک نییە کە هەمووان بەڵێنی ئەوەیان دابێت پێوەی پابەندبن. لەبەرئەوە نەیانتوانیوە وەک نوێنەری ڕەوای گەلێک ڕووبەڕووی نەیاران ببنەوە، هەرئەوەش هۆکارە کە ئێستا زۆربەی کورد لە هاتنی “باراک”ێکی بازرگان دەتۆقێت و بە بڕیاری حەمە ڕەزا شایەک کۆتایی بە گەورەترین شۆڕشی کورد دێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO