ڕێباز مەردانی
لە پانتایی مێژووی دوور و نزیکی ڕۆژهەڵاتی ناوینـدا، لە دێرینەوە تاوەکوو ئێستا، شام بەردەوام گۆڕەپانێک بووە بۆ پێکدادان و شەڕی نێوان ئایینەکان و دەسەڵاتەکان و لایەنەکان.
لە ئێستادا ئیتر هەمووان ئاگاداری دۆخی ناوخۆی سووریای نوێین. ئەوەش باش دەزانین کە ئیسرائیل لە لایەکەوە هەوڵ دەدات بە داگیرکاریی لە سووریا، خاکی زیاتر بۆ خۆی دەستەبەر بکات و لە لایەکی دیکەشەوە، تورکیا هەموو هەوڵی ئەوەیە کە پێگە و دەستڕۆیشتوویی خۆی لە سووریا پەرە پێبدات.
دیارە ناوەڕۆکی هەوڵەکانی هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و تورکیا، دەیان ئامانجی گرنگ، خەون، سیاسەت و مەبەستی جۆراوجۆری تێدایە، بەڵام ئەوەی گرنگە و دەکرێت هەڵوەستەی لەسەر بکەین ئەمەیە: ئایا سووریا دەبێتە گۆڕەپانی پێکدادانی تورکیا و ئیسرائیل؟ داخۆزیادبوونی دەستڕۆیشتوویی تورکیا لە سووریا، کە ململانێی بەرژەوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و ئیسرائیلی توندتر کردۆتەوە، چ ئاکامێکی لێدەکەوێتەوە؟
زیادبوونی باڵادەستیی تورکیا لە سووریا، لە لایەکەوە بۆتە هۆی پەرەسەندنی ململانێی بەرژەوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و و ئورشەلیم (قودس) لە لایەکی دیکەشەوە، پاڵپشتی ئەنقەرە بۆ ئەو گرووپانەی، کە سەرهەڵدانیان بۆ دەسەڵات دەتوانێت زیانی بۆ ئیسرائیل هەبێت، گرژییەکانی زیاتر کردووە.
ماوەی ساڵانێکە سووریا بۆتە شوێنی کێبڕکێی ناوچەیی لە نێوان وڵاتانی جیاجیادا. دوای بوونی سەربازیی ئێران و ڕووسیا لەو وڵاتە، ئێستا لەگەڵ ڕووخانی دەسەڵاتی پێشووی دیمەشق، تورکیا باڵادەستیی لەو وڵاتەدا بەدەستهێناوە، بەڵام هەر ئەم گۆڕانکارییانە بۆتە هۆی سەرهەڵدانی ڕەهەندێکی نوێی گرژی لە سووریاـدا.
ماوەیەکە لە میدیاکانی ئیسرائیل و تورکیا، باس لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات دەکرێت، بەڵام لەم دواییانەدا ئەگەرەکە بەهێزتر و ڕوونتر بۆتەوە. کۆمیتەی ناگڵی ئیسرائیل، کە دەزگایەکی کاریگەرە بۆ ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە، لەم دواییانەدا هۆشدارییەکی توندی سەبارەت بە ئەگەری ناکۆکی نێوان هەردوو وڵاتی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا کە ڕادەستی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل (بنیامین ناتانیاهۆ) و وەزیرە باڵاکانی ئیسرائیل کرا، پەرەسەندنی باڵادەستیی تورکیا لە سووریای بە هەڕەشەیەکی جدیتر بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل، تەنانەت زیاتر لە ئێران باس کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاوپەیمانی تورکیا لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان لە سووریا و خواستە جیۆپۆلەتیکییە بەرفراوانەکانی، وەک هۆکارێکی سەرەکی هێناوەتەوە، کە ڕێگاخۆشکەرن بۆ گەرمتربوونی ململانێکان و هۆشداریشی داوە، کە لێکنزیکبوونەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و ئیسرائیل ڕەنگە ببێتە هۆی ململانێی نەخوازراو و نەویستراو، کە خەسار و لێکەوتەی گەورەشی بەدوادا بێت.
کۆمیتەی ناگڵ پێشنیازی زیادکردنی بودجەی بەرگریی ئیسرائیلی کردووە بۆ ئەوەی، ئامادەکاری بۆ ئەم هۆشدارییە جدیییە بکات. پرسێک کە ناتانیاهۆـش لەگەڵی هاوڕایە و بەرپرسانی ئەنقەرەـش لە ئێستادا، لە بەرانبەردا بێدەنگیان هەڵبژاردووە.
ئەولەوییەتەکانی تورکیا بۆ دابینکردنی ئاسایش و داڕشتنی ستراتیج
بە بڕوای زۆرێک لە شرۆڤەکارانی نزیک لە سیاسەتی ناوخۆیی تورکیا، بەتایبەت ئەو شرۆڤەکارانەی پەیوەندیی باشیان لەگەڵ پارتی داد و گەشپێدان هەیە، بۆ تورکیا بەشداریکردن لە بنیاتنانی دیسپلینێکی سیاسیی نوێ لە سووریا، هەم دەرفەتێکە و هەمیش پێویستییەکی ستراتیجییە.
بەشێک لەم پێویستییە لە نیگەرانیی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر تورکیا سەرچاوە دەگرێت.
با وەبیر خۆمانی بێنینەوە؛ دوابەدوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، سەرۆککۆماری تورکیا (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) و وەزیری دەرەوە (هاکان فیدان)، چ ڕێکار و سیاسەتێکیان بەرامبەر ئیسرائیل گرتەبەر!
ئەردۆغان و فیدان، چەندین جار نیگەرانی خۆیان لە ئەگەری لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە دەربڕی. ئەردۆغان لە وتارێکی ئاگریندا ئیسرائیلی بە فراوانخوازی تۆمەتبار کرد و گوتی: “ناتانیاهۆ خەونی ئەوە دەبینێت ئەنادۆڵ بخاتە نێو پلانەکانییەوە، بەڵام ئیسرائیل درەنگ یان زوو دەوەستێت”.
ئەمە لای بەشێك لە خاوەن ڕایان بە ترسی گەورەی ئەردۆغان لە نەخشە تازەکەی ئیسرائیل، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتە ئەژمار.
بەڵام لە ڕاستیدا و بە پێچەوانەی ئەم قسانە، ئەوە ئەنقەرە بوو کە بەدواداچوونی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی لە سووریاـدا دەکرد. تورکیا پاڵپشتییەکی بەرچاوی لە هەیئەی تەحریری شام کرد بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە سووریا، بەڵام بەرپرسان و میدیاکانی ئەو وڵاته ڕۆڵی تورکیا له سووریا بەو شێوەیە لێک دەدەنەوە که له سێ ئامانجی سەرەکییەوە سەرچاوەی گرتووە:
یەکەم، ئەنقەرە هەوڵی سەقامگیرکردنی سنوورەکانی باشووری خۆی و بەڕێوەبردنی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سووریا دەدات.
دووەم، تورکیا گرووپە چەکدارە کوردییەکان کە لە باکووری سووریا چالاکی دەکەن، بەتایبەت هەسەدە بە هەڕەشەی وجوودی، بە واتای مان و نەمانی خۆی، دەزانێت.
سێیەم، ئەنقەرە هەوڵی کەمکردنەوەی ناڕەزایەتی ناوخۆیی دەدات، کە لە دۆخی ئابووری وڵاتەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمەش بەهۆی ڕاوەستانی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل خراپتر بووە.
پێویستە لەمبارەیەوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە بگوترێت: زیادبوونی دەستڕۆیشتوویی تورکیا لە سووریا بۆتە هۆی پەرەسەندنی ململانێی بەرژەوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و ئیسرائیل. پاڵپشتی ئەنقەرە بۆ ئەو گرووپانەی کە سەرهەڵدانیان بۆ دەسەڵات دەتوانێت زیانی بۆ ئیسرائیل هەبێت، گرژییەکانی زیاتر کردووە. لە هەمان کاتدا ئەردۆغان، بەرنامەی سەربازیی و بەرگریی تورکیای فراوانتر کردووە و پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی خێراتر کردووە، جۆرێک لە نوێترین مووشەکەکانی، کە مەودای هەڵدان و پێکانی ئامانجەکەی زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەتر دەبێت. هەر خودی ئەردۆغانـیش دواتر دانی بەوەدا نا، کە ئەم بەرنامانە بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری تورکیا پێویستن.
ئیسرائیل، لە بەردەم هەڕەشەکان و چۆنییەتیی وەڵامدانەوەیان
ڕاستە ئیسرائیل مێژوویەکی دوورودرێژی هەر لە سەردەمی عوسمانییەکانـەوە لەگەڵ تورکیا هەیە، بەڵام ئەم وڵاتە هەمیشە لە ئاستێکی گەورەتر و گشتیتردا خۆی پێناسە دەکات. بۆ نموونە لە ئاستی ناوچەییدا هەمیشە خۆی بە ئەنتی ئیکۆتیرۆریزم ناو دەبات. بەو واتایەی، پشتیوانی ئاشتی و ئاسایشە و هەرچەشنە پیلانگێڕییەکی گەورە لە دژی سەقامگیریی ناوچەکە لە ئارادا بێت، پووچەڵی دەکاتەوە. بەمەش ئیسرائیل لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و بە پشتبەستن بە مێژووی کۆمەڵکوژیی جووەکان، سیما و ڕوخسارێکی داکۆکیکار لە خۆی و مرۆڤایەتی نیشان دەدات. لە لایەکی دیکەشەوە، بەستێن دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی دەست لە هیچ جۆرە هێرشێک بۆ سەر نەیارانی نەپارێزێت. کەوابوو، تورکیا لە بەرانبەر سیاسەتی ئیسرائیلـدا بەتایبەت لەم سەردەمە نوێیەدا، ئەوەندەش بەربەست نییە و دەکرێت لە لایەن ئیسرائیلـەوە دەستی کورت بکرێتەوە.
ڕاستییەکە ئەوەیە، پەرەسەندنی قەڵەمڕەوی و پێگەی تورکیا لە سووریا هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ لێکدانەوە و بەرنامە ئەمنییەکانی ئیسرائیل. هەر هەمان کۆمیتەی ناگڵ، پاڵپشتی تورکیای لە گرووپە چەکدارەکان بە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری ناو بردووە و پێی وایە ئەمە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلـە لە ناوچەکەدا.
دیارە پێشتر ئیسرائیل پاڵپشتیی تورکیای بۆ حەماس وەک فاکتەرێک بۆ بەردەوامبوونی ناسەقامگیری لە گۆڕەپانەکەدا هێنایەوە. ئێستا بە تێڕوانینی ئیسرائیل، کەسانێک کە هەڵگری هەمان ئایدۆلۆجیای حەماسـن، لە سووریا هاتوونەتە سەر دەسەڵات. ئیسرائیل پێی وایە ئەم ئایدۆلۆجیا هاوبەشە دەتوانێت ببێتە هۆی هەڕەشەیەکی چەند لایەنەی هاوبەش بۆ سەر ویست و ئامانجەکانی. ئەمەش یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە سوپای ئەو وڵاتە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ژێرخانی سووریا و کارگەکانی چەکی سووریای کردە ئامانج و لەناوی بردن.
لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیل ڕێکارێکی نوێی گرتۆتە بەر، کە پێی وایە بە قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە کوردییەکان لە سووریا، بەتایبەت هەسەدە، دەتوانێت باڵانسی هێز و دەستڕۆیشتوویی تورکیا لە سووریا بگەیەنێتە کەمترین ئاستی خۆی.
هەرچەند ڕاگەیاندنی پەرەپێدان بە بەرنامەی مووشەکی لە لایەن ئەردۆغانەوە، نیگەرانییەکانی ئیسرائیلی زیاتر کردووە. نیگەرانییەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل سەبارەت بە خواستەکانی تورکیا بابەتێکە، کە پێشتر ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، خەونەکانی ئێستای ئەردۆغانی بە ویستەکانی سەدام حوسێن بەراورد کردبوو.
ڕاشکاوانە بڵێین، چەندی و چۆنیی پلان و بەرنامەدانان لە ژوورە فکری و لەسەر مێزەکاندا ئەو کاتە خۆیان دەردەخەن، کە لە بەرەکانی شەڕدا سەرکەوتن مسۆگەر دەکەن. لە ئێستادا سەرنجی ئیسرائیل لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیاکانی ڕژێمی ئێرانـە لە ناوچەکەدا، بەڵام پەرەسەندنی شوێنپێی تورکیا لە سووریا ئەم ئەرکەی ئیسرائیلی قورستر و ئاڵۆزتر کردووە.
سووریا وەک مەیدانی یەکلاکەرەوەی ویستەکان
تورکیا و ئیسرائیل کە هەریەکەیان ئامانجی ستراتیجی جیاوازیان هەیە، هەوڵدەدەن یان پێگەی خۆیان لە سووریا بچەسپێنن، یان چارەسەرێک بۆ دۆخە نوێیەکە بدۆزنەوە، بەڵام گفتوگۆ و وتووێژ دادی ئەم کێشەیە نادات و هیچ ئاوێک بۆ ئیسرائیل و تورکیا گەرم ناکات. چونکە تورکیا بە ئامادەبوونی بەرفراوانی سەربازی لە باکووری سووریا و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە، هەوڵ دەدات دەستکەوتە ئەگەرییەکانی خۆی مسۆگەر بکات و پێگە ناوچەییەکەشی بەهێزتر بکات. لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیل نیگەرانە لە چالاکیی گرووپە ئیسلامییە جیهادییەکان لە نزیک سنوورەکانی و هاوکات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاـش، بە هاوکاریی هێزە کوردییەکان هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵات دەدات. دۆخەکە لە دیمەشق جیاوازە و پێناچێت سیاسەتمەدارە نوێیەکان شەڕێکی دیکەیان بوێت. ئەحمەد شەرع، سەرکردەی نوێی سووریا، لە یەکێک لە وتووێژەکانیدا لەگەڵ ئەلعەرەبییە ڕاشکاوانە باسی لەوە کرد: “کەوتنی ئەسەد وای کردووە، کە ئیسرائیل و تورکیا لە سووریا ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە، کە لە ئێستادا چەقۆی ئیسرائیل لەسەر گەردنی تورکیا زیاتر لە هەموو کاتێک تیژترە”.
ئایا ململانێی نێوان تورکیا و ئیسرائیل حەتمییە؟
ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیا و ئیسرائیل لە سووریا ڕەنگدانەوەی پێکدادانی ئامانجە ستراتیجییەکان و بەرژەوەندییە ناکۆکەکانی ئەم دوو وڵاتەیە. تورکیا بە ئامادەبوونی بەرفراوانی لە باکووری سووریا و کاریگەریی لەسەر حکومەتی نوێی دیمەشق، هەوڵ دەدات پێگەی خۆی لەو وڵاتەدا سەرلەنوێ پێناسە بکاتەوە و گرووپە چەکدارە کوردییەکان سەرکوت بکات، کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی ئەوەی، کاریگەریی ناوچەیی خۆی بەهێزتر بکات.
لەبەرامبەردا ئیسرائیل تادێت لەگەڵ ستراتیجەکەی تورکیا زیاتر دەکەوێتە ناکۆکییەوە و تیشک دەخاتە سەر کۆنتڕۆڵکردنی کاریگەریی گرووپە ئیسلامییەکان و پاراستنی سنوورەکانی باکووری وڵاتەکەی. نیگەرانیی ئیسرائیل لە تەشەنەسەندنی بزووتنەوە ئیسلامییەکان، بەتایبەتی ئایدۆلۆجیای حکومەتی سووریای نوێ، کە لێکچوونی لەگەڵ تورکیا و حەماس هەیە، گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی توندتر کردووەتەوە.
هەرچۆنێک بێت، ئێستا کوردیش لەم دۆخە نوێیەدا قسەی پێیە بۆ گوتن. چونکە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە سووریا بوونەتە جێگای کێبڕکێی نێوان هەردوو وڵات. تورکیا ئەو ناوچانە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خۆی دەزانێت و هەوڵی لاوازکردنی هێزە کوردییەکان دەدات. پێدەچێت لە ماوەیەکی نزیکدا ئۆپەراسیۆنێکی گەورەتر بۆ سەریان دەست پێ بکات. لە لایەکی تریشەوە ئیسرائیل کورد بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێت و بە بەهێزکردنی ئەو هێزانە هەوڵی کەمکردنەوەی هەژموونی تورکیا دەدات.
کەواتە لە ڕاستی بەدەر نییه ئەگەر بڵێین: ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە دەست لە ویستەکانی خۆی هەڵبگرێت و تورکیاش، کە بە قووڵی چووەتە ناو دۆخی نوێی سووریاوە، ئەگەر زلهێزە جیهانییەکە، واتە ئەمریکا دەستتێوەردانێک لە کاروبارەکاندا نەکات، ئەگەری پێکدادانی تورکیا و ئیسرائیل لە سووریا، بەمزووانە دەبێتە ڕۆژەڤی ڕووداوەکان.