سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

دیدگا و دنیابینى ئێران بۆ دواى نەمانى ئەسەد 

ڕێبین عەبدولرەحمان فەتاح

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانە کە هەمیشە، بەتایبەتى لە دوو دەییەى سەرەتای سەدەى بیست و یەکەمدا، خۆى بە میراتى هێزى خاوەن هەژموون داناوە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست‌ـدا. بێگومان ئەمەش لەواقعدا بەشێکى بەڕاستى بوونى هەبووە، چونکە ئەوە ئێران و هێزە هاوپەیمانەکانییەتى لە هەر یەک لە وڵاتانى عێراق و سووریا و لوبنان و فەڵەستین و یەمەن‌ـدا کە دەتوانن سیاسەت و ستراتیجى ئێران ئاراستە بکەن. ئەمەش بە خزمەتى ئێران شکاوەتەوە، چ وەکوو دەوڵەت و چ وەکوو سیستەمى سیاسى، کە بنەماکەى بۆ هەناردەکردنی شۆڕش دەگەڕێتەوە، کە لە دواى شۆڕشی ئێران لە ١٩٧٩ وە پیادەى کردووە.

چوونە پێشەوەى ئێران لەڕووى هێز و ستراتیج لە دواى ڕووخاندن و گۆڕینى سیستەمى سیاسى عێراق‌ـەوە دەستى پێ کرد، وەک ئەوەى کە عێراق مەیدانى درێژکردنەوەى هەژموون و سیاسەت و جێبەجێ کردنى ستراتیجەکانى ئێران بێت، بەتایبەت لەدواى  ٢٠٠٣ وە، کە ڕژێمى پێشووى عێراق کۆتایی هات، ئەمە بووە خاڵى وەرچەرخان بۆ ستراتیجى ئێران، بە ئاراستەى پەلهاوێشتن و فراوانخوازى بەرەو وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەراست.

لەم نێوەندەدا، سووریا وەکوو دەوڵەت، یەکێک بوو لەو پێگانەى کە  پێویست بوو ئێران خاوەن ڕۆڵ و هەژموون بێت تیادا، بەڵام ڕووخاندن و نەمانى ڕژێمی سیاسى لە عێراق و دووبارە بونیاتنانەوەى لە بەرژەوەندی ئێران بەتایبەت دواى گرتنەدەستى دەسەڵاتى سیاسی لەلایەن شیعەکانەوە. بۆیە عێراق بووە هۆى سیاسەتى کرانەوەى دەرگا بە ڕووى ئێران‌ـدا بۆ پەلکێشان بەرەو وڵاتانى تر، یەکێک لەو وڵاتانەش سووریا بوو، کە بۆ ئێران گرنگ و پڕ بایەخ بوو، بەتایبەتى دواى ڕووداوەکانى بەهارى وڵاتانى عەرەبی لە  ٢٠١١ دا.

ئێران لە ٢٠١١ ـەوە یاریزانێکی گرینگە، لە شەڕی سووریاـدا سیاسەتێکی ئاڵۆزی دەرەکی و ستراتیجی و سەربازی بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکەی داڕشتووە. بزوێنەری بڕیاردانی ئێران لەم ململانێیەدا بریتى بوو لە بەرژەوەندییەکانى. نووسەران باس لە حساباتی بڕیاردانی ئێران دەکەن و ستراتیجی وڵاتەکە سەبارەت بە سووریا لە دوای بەهاری عەرەبی بەسەر چوار قۆناغی سەرەتاییدا دابەش دەکەن:

یەکەم، ستراتیجی “بەسیج” بۆ دامەزراندنی میلیشیا ناوخۆییەکان لە سووریا؛ واتە دروست کردنى هێزى میلیشیا و گرووپی چەکدارى بۆ پاراستنى بەرژەوەندییە گشتییەکانى ئێران لەم وڵاتەدا. دووەم، ستراتیجییەتی ناوچەگەری بۆ بەشداریکردنی چەکدارى میلیشیاکان لە جەنگى ناوخۆى سووریا‌ـدا. سێیەم، ستراتیجی بەنێودەوڵەتیکردن بۆ یەکخستنی تواناکانى ئێران بەرامبەر هەریەکە لە ڕووسیا و هەوڵدان بۆ هاوسەنگ کردنی ئەمریکا. چوارەم، ستراتیجی ڕێگریکردن لە دوای نەمانى داعش بۆ دروستکردنى هاوسەنگی لە بەرانبەر ئەمریکا و تورکیا و ئیسرائیل.

بەپێى هەندێک لە خەمڵاندنەکان، کۆمەڵێک پاڵنەر لەپشت دروستکەرانى بڕیاربەدەستانى ئێران‌ـەوە هەیە بۆ ڕۆڵگێڕان لە سووریا‌ـدا، سەرەڕای دووپاتکردنەوەی لێدوانەکانیان وەک بەرگریکردن لە شیعەکان و پاراستنی مەزارگە پیرۆزەکان (مەزارگە شیعەکان) لە سووریا ڕۆڵ بگێڕن، لەوانە:

  یەکەم: ستراتیجی سیاسی، بۆ فراوانکردنی بازنەی هەژموونى ئێران لە ناوچەکەدا، بە کەڵک وەرگرتن لە نەبوونی دەوڵەتی بەناو “ڕۆڵ”، واتە ئەو دەوڵەتەى کە ڕۆڵى هەبێت لەزۆرینەى کێشە وگرفت و قەیرانەکانى ناوکەچەکەدا. هەروەها لە ئەنجامی ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن لە کاتی لەشکرکێشی سەربازی ئەمریکا لە ٢٠٠٣ ، هەروەها ئیستغلالکردنی لاوازی یەکگرتووى دەوڵەتانى عەرەبی، لەئەنجامی ئەو بارودۆخە خراپەی کە ناوچەکە لە ٢٠١١ ـەوە پێیدا تێدەپەڕێت؛ لە شەپۆڵەکانى بەهارى عەرەبی؛ شەڕە ناوخۆییەکان لەناو دەوڵەتە عەرەبییەکان؛ نائارامییە ئەمنییەکانەوە، هەروەها نەبوونى ڕێگری دەوڵەتی بەناو “ڕێگریکەر”(الدولة الـرادعة) کرد.

هەموو ئەمانەش بوونە هۆى دروستکردنى بۆشایی گەورە. ئەمەش بووە هۆى دروستبوونى دەرفەتێکی ستراتیجی بۆ ئێران، کە پلانەکانی لە وڵاتانی ئامانجداردا جێبەجێ بکات. بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەتێک لە هاوکێشەی ناوچەکەدا کە نەتوانرێت پشتگوێ بخرێت. هەروەها کارتی فشاری بەهێز دابین بکات، کە بتوانێت بەشێوەیەک دەستى هەبێت لەهەر پێشهاتێکی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی لەژێر ڕۆشنایی سیاسەتە ناجێگیرەکانی ڕۆژئاوادا.

هەروەها دەستڕاگەیشتن بە دەریای ناوەڕاست خەونێکی ترى ئێران بوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئێران بۆ ئابوورییەکەی پشت بە هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ بازاڕەکانی جیهانی و ئەوروپا دەبەستێت، کە لەڕووی قەبارەی بەکارهێنانەوە یەکەم بازاڕە، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی دابەزینی بەرچاوی نەوتی خاودا نرخی نەوت  لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم خواستە بەهۆی دۆزینەوەی کێڵگە نەوتی دەوڵەمەند لە ناوچەی دەریای ناوەڕاست زیادی کردووە، ئەمە جگە لە کێڵگە دەوڵەمەندەکانی غاز لە سووریا کە گرنگترینیان لە ناوچەی تەدمور‌ـە.

   سووریا خزمەت بە ستراتیجی ئێران دەکات لە ناوچەکەدا، بەو پێیەی نوێنەرایەتی پەیوەندییە گرینگەکەی نێوان تاران و حیزبوڵا دەکات، هەروەها سووریا بەرگری لە ڕێڕەوەکانی گواستنەوەى چەکەکانی ئێران بۆ  حیزبوڵا لە تاران‌ـەوە بۆ لوبنان دابین دەکات.  ستراتیجى ڕووبەڕووبوونەوە – بەپێی ستراتیجی ئێران – بۆ ئەو میحوەرە ناوچەییە عەرەبیەی کە ئامانجیەتی ڕۆڵى ئێران سنووردار بکات، بۆیە سووریا بە دڵی ستراتیجی ئێران دادەنرێت.

دووەم: ئایدیۆلۆجی مەزهەبگەریی، بەو پێیەی دەکەوێتە قوڵایی هیلالی  شیعە کە لە عێراق‌ـەوە درێژدەبێتەوە بۆ سووریا تا لوبنان. ئەم پڕۆژە فراوانخوازییە لە ماوەی دوو خولی حوکمڕانی سەرۆکی پێشووی ئەحمەدی نەژاد (2003-2013) بەدەستبەکاربوونی پەرەی سەند، بەتایبەتى بەپێى جاڕنامەی ئاسۆی بیستەم، کە لەسەر بنەمای مەزهەبی دامەزرا بۆ گۆڕینی ئێران، تا ساڵی ٢٠٢٥، لە ناوچەکەدا بۆ ئەوەی ببێتە “دەوڵەتێکی سەروو ناوچەیی” (دولة فوق الإقليميّة). هەروەها فەلسەفە و ڕۆڵی ئێران لە سووریا  پێویستی بە بەڵگە نەبووە، بەتایبەتی کە ئێران چیتر پشتیوانی بێسنووری خۆی بۆ ڕژێمی سووریا لە ڕێگەی هاوکارییە سەربازییە ڕاستەوخۆکانەوە نەشاردۆتەوە. هەموو ئەو شەڕە گەورانەی کە ڕژێمی سووریا ئەنجامى داوە، بە پلان و ئاراستەکردنی سوپای پاسداران بووە. ژمارەی هێزەکانیش لە ٢٠١٦ بە نزیکەى ٨ هەزار سەرباز مەزەندە کراوە، کە لە ناوچە گەرمەکانی گرژی و ململانێدا دابەش بوون، بەتایبەتی لە دیمەشق و لادێکانی دیمەشق و لازقییە.

بۆ چارەسەرى سیاسى پرسی سووریا لەو دەمەى ئێران خاوەنى هێز و پێگە بووە، دیدگای ئێران لەسەر بنەمای ڕێسایەکی بنەڕەتی بووە، ئەویش ئەوە بووە کە چارەسەری سیاسی قەیرانی سووریا دەبێت بە ڕێساکانی مەیدانیی-سەربازیی یەکلا بکرێتەوە، ئەولەویەتەش بە پشتبەستن بەو خاڵانەی خوارەوە دەدرێتە مەیدانەکه.

یەکەم، دەبێت پرسى سووریا لەڕووی سەربازییەوە لەسەر زەمینە چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی ڕژێم سەرکەوێ و دواتر لایەنەکان بانگهێشت دەکرێن، بۆ دانوستان و چارەسەری ئاشتیانە.

دووەم، هێزەکانى ئۆپۆزسیۆنی چەکدار و ئەو وڵاتانەی پشتیوانیان لێ دەکەن، هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەستدا نییە، جگە لە قبووڵکردنی دانوستان لە پێگەی لاوازییەوە بە واتای سەپاندنی دیدگا و سیاسەتى ئێران و هاوپەیمانەکانی وەک هێزى سەرکەوتوو.

بەڵام لەدواى نەمان و ڕووخانى ڕژێمى ئەسەد لە سووریا، زۆرینەى پلان و سیاسەت و ستراتیجى ئێران و هاوئاوازەکانى لە بەرەى مقاوەمە تێکچوو، بەتایبەت کاتێک ئێران هەژموونى لەڕووى سەربازییەوە لەوێ نەمێنێت، ئەوا هاوکێشەکە لەڕووی سیاسیشەوە لاسەنگ دەبێت. ئەمە بۆ ئێران واتایی لاوازى و نەمانى توانا دەگەیەنێت لەو وڵاتەدا. بۆیە ڕابەرى باڵایی ئێران، عەلى خامنەیی لە یەکەم وتارى دواى کەتنى رژێمى ئەسەد گوتی: لە فەلسەفەى بەرەى مقاوەمە نەگەیشتوون، ئەوانەى کە پێیان وایە لاوازبوونى بەرەى مقامەوە، واتاى لاوازبوونى ئێران، کە مەبەستى ئەمریکا و ئیسرائیل بوو. هەروەها ئەوەى کە لە سووریا ڕوویدا بە پلانى ئەمریکا و ئیسرائیل ناوى بردووە. واتە، ئێران وەک دەوڵەت، بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتى کردنى بەرەى مقاوەمە لە دژی نەیارەکانى، لە وڵاتە عەرەبییەکاندا بەتایبەتى لە عێراق و لوبنان و یەمەن. هەروەها گوتى، بەرەى مقاوەمە بە بەهێزییەوە دەگەڕێتەوە، ئەمریکا لە ناوچەکە دەردەکات، چونکە ئەم بەرەیە ئامرازێکی سەربازیى نییە کە بشکێندرێت یان بڕووخێندرێت. ئەمەش واتە بەردەوامى کارى بەرەى مقاوەمە دەگەیانێت دواى خۆبەهێزکردنەوە. کەواتە لە کۆبەندا دەگەینە ئەوەى کە:

یەکەم، سیاسەت، بەتایبەتى سیاسەتى نێودەوڵەتى، مەیدانێکە هەمیشە پڕ جموجۆڵ و قەرەباڵغیە، کارەکتەرەکان تیادا، دێن و دەڕۆن، هەمیشە وەکوو بازارێک سەیرى مەیدانەکە دەکەن، کە دەبێت چی بکەن و چیان دەست دەکەوێت. بۆیە دەکرێت پاشەکشە یان گەڕانەوە بۆ دواوە هەبێت، بەڵام وازهێنان تیادا زەحمەتە. ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە نموونەى ئەم هاوکێشەیەدا، بەتایبەتى دەوڵەتێکى وەکوو سووریا نموونەى دیار و بەرچاوى ئەم مەیدانى ململانێیە وایە. لەبەرئەوە ئێران دەستبەردارى ئەم وڵاتە نابێت، چ وەکوو سیاسەت وستراتیج،چ وەکوو مەزهەب و ئایدۆلۆجیا. ئێران لە دواى نەمانى ئەسەد بە ئاگاییەوە ڕەفتار دەکات لەسەر داهاتووی سووریا.

دووەم، ئێران، وەکەو یاریکەرێکى سەرەکى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست‌ـدا، پێویستى بە ئابوورییەکى بەهێزە بۆ بەردەوامیدان، بە سیاسەت و ستراتیجەکانى خۆى. ئەمەش بۆ ئەم وڵاتە بەتایبەت کە لەژێر سزا ئابوورییە نێودەوڵەتیەکاندا زۆر قورسە، بەتایبەت دواى  ئەو زیانە گەورانەى کە لە کەتنى ڕژێمى ئەسە‌ـدا لێى کەوت، چونکە بەپێی هەندێك خەمڵاندن تێچووی قوتاركردنی ڕژێمی ئەسەد لە پاش 2011 لەسەر ئێران، جگە لە زیانە گیانییەكان (3000-3500 كوژراو لە سوپا و حیزبوڵا و گرووپە چەكدارەكان)، بڕی 30-50 ملیار دۆلار زیانى کردووە، لە سەرەتای بەهارى عەرەبی‌ـەوە هەتا کەوتنى ئەسەد.

سێیەم، دروستکردنى هەژموون لەناوخۆى وڵاتێکى گرنگى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى وەک سووریا بۆ ئێران ئاسان نەبووە، کەوتنیشی چەندجار زیان بە ئێران دەگەیەنێت، چونکە ڕەنگە ئێران جارێکی دیکە نەتوانێت “میحوەری مقاوەمە” (ئێران، سووریا و حیزبوڵای لوبنان) بنیات بنێتەوە، یان ئەو پێکەوەبەستنە دروست بکاتەوە.

چوارەم، کۆتاییی ڕژێمی بەشار ئەسەد و هەڵهاتنی بۆ ڕووسیا لە ٨-١٢-٢٠٢٤، بووە هۆى دابەزینی متمانە و باڵادەستی  ئێران لە ناوچەکەدا بەتەواوەتى. ئەم متمانە هەژموونییە بەرەو لاوازبوون چووە، بەتایبەت بەهۆى پچڕانى زنجیرەى پێکەوەگرێدانى  بەرەى مقاوەمە. بۆیە ئێران گرنگترین مەیدانى هەژموونى خۆى لەدەستدا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کە ئەویش سووریا‌ـیە، کە لەدواى عێراق، پشتێنەى سەلامەتى بوو بۆ ئەو وڵاتە. 

پێنجەم، زلهێزە جیهانیی و هەرێمەییەکان، بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى خۆیان، بەتەواوەتى دەستبەردارى ستراتیجی خۆیان نابن، بۆیە بۆ هەر یەک لە ڕووسیا و ئێران، ڕووخانى سووریا کۆتایی یارییەکە نییە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەڵکوو دەکرێت سەرەتاییەک بێت بۆ گۆڕانکارى نوێ. بەتایبەت لە سووریا کە لە ئێستادا جێگۆڕکێ لە یاریکەرى سەرەکى لە سووریا‌ـدا ڕوویداوە. تورکیا چۆتە پێگەى سیاسى ئێران، بەڵام ئێران لە ڕووى سیاسییەوە دەستى درێژترە لە تورکیا، دەتوانێت بگاتەوە بە سووریا، بەڵام لەجێگە و پێگەى تردا.

شەشەم، وڵاتان هەتا ئێستا بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخى سووریا دەکەن، بۆ ئێرانش ڕەنگە بەشێوەیەک لە شێوەکان بگەڕێتەوە بۆ سووریا، بە پێى هاوکێشەى ئەوەى کە ئیسرائیل بەشێکى خاکى سووریا داگیر کردووە، ئێران واى دەبینیێت کە داهاتووى سووریا بەشێوەیەک دەبێت کە لە نێوان ئێران و ئیسرائیل هێزە نوێیەکان هەڵبژاردنێک بکەن.

حەفتەم، دەکرێت ئێران سیاسەتى خۆی بگۆڕێت بە ئاراستەى هێزەکانى تەحریری شام، بتوانێت لانى کەم کارییان لەگەڵدا بکات. چونکە هیچ شتێک لە یارى سیاسیدا مەحاڵ نییە.

سەرچاوەکان

  1. Hassan Ahmadian, Iran’s Syria Strategy: The Evolution of Deterrence, in this site: https://bitly.cx/f2L5
  2. https://bitly.cx/AIpn
  3. https://bitly.cx/3Z7F

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO