سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

یادی سوپایەك كە تەنیا نەهامەتیی بۆ كورد پێ بووە

ئەسرین عاسی شوانی

دوینێ عێراق یادی دامەزراندنی سوپاكەی كردەوە و وەک ڕۆژێکی گرنگی مێژوویی ناودێری كرد، بەڵام ناوی سوپای عێراق بۆ گەلی کوردستان جگە لە وەبیرهێنانەوەی تاوان و کوێرەوەری و ماڵوێرانی و کاولکردنی کوردستان و ئەنفالكردن، شتێکی دیكە نییە. كورد یادی کام سوپا بكاتەوە؟ ئەو سوپایەی گەلەکەمانی ئەنفال کرد؟ ئەو سوپایەی کوردستانی کیمیاباران کرد؟ ئەو سوپایەی بە پۆستاڵە پیسەکانیان هەزاران گوڵزاری جوانی ئەم نیشتیمانەیان شێلا؟

دەکرێت عەرەبی عێراقی شانازی بە سوپاكەیانەوە بکەن، هەرچەندە کەمیشی بەوان نەکرد و بۆ ئەوانیش بە درێژایی ئەو مێژووەی دامەزراوە هەر ڕۆڵەكانیانی بەكوشت داوە، جا چ لە داگیركاریی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە و شۆڕشگێڕانی كورد بووبێ، یان لە شەڕ و كودەتاكانی ناوخۆ، یان لە شەڕی هەشت ساڵە لەگەڵ ئێران و پاشان داگیركردنی كوێت و شەڕی یەكەم و دووەمی كەنداو، كە بە هەزارانی لێ بەكوشت دان و لە مەرگەسات و ماڵوێرانی و پاشاگەردانی زیاتر هیچی بۆ خەڵك و وڵاتەكەی خۆشیان دەست نەكەوت. سوپای عێراق بۆ کورد، زۆر جیاوازتر بوو، چونكە سوپایەكی داگیركەر بوو و دەستی لە هیچ شتێك نەدەپاراست و ژن و منداڵی بێتاوانی بەكۆمەڵ و بەزیندوویی دەخستە نێو گۆڕە بەكۆمەڵەكان.

بۆیە دەبێ ئێمەی کورد هەوڵی تەواومان بۆ ئەوە بێت، ئەو ئازار و نەهامەتییانەی بەدەست ئەو سوپا دڕندەوە چەشتوومانە، بەردەوام بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوومان بگێڕینەوە، تاوەکوو بزانن ئەو عێراق‌ـە بە سوپا و ڕژێم و دەوڵەتەوە لە ئاست كورد‌ـدا چ بەڵایەك بووە. هاوکات، بۆ ئەوەی ئەو  عێراقچییانەی پێ دەمکوت بکرێت، كە شەو و ڕۆژ لە هەوڵی ئەوەدان ئەم قەوارە ئازادەی هەرێمی كوردستان لەناو ببەن و بیخەنەوە ژێر دەستی عێراقی میلیشیا و سوپای تاوانكار.

بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شەپۆڵە، کە بانگەشەی ئەوە دەكات عێراق بەهەشتە و كوردستان دۆزەخە! دەیەوێت بمانخاتەوە ژێر ڕەحمی ئەو سوپایە و هاوشێوەکانی، ئەرکێکی نەتەوەیی و ئەخلاقی و نیشتیمانی و مرۆڤایەتییە. گرنگە هەموو هەوڵێك بۆ پیشاندانی ڕووی ڕاستەقینەی ئەو سوپا تاوانكارە بۆ نەوەكانمان ڕوون بكەینەوە، ئەگەر پاساوی ئەو عێراقچییانەش ئەوەیە، كە دەڵێن سوپای پێشوو سەر بە ڕژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعس بوو، خۆ بینیمان عێراقی نوێی دوای بەعس پێش ڕیفراندۆم چۆن سوپایان هێنایەوە بۆ دووبارە داگیركردنەوەی کوردستان.

مەگەر ڕیفراندۆم دەمامکی سەرکردەوە و ژێرکردەی سوپای عێراقی دەرنەخست؟ بەڵێ باش دەری خست و ئەوەی کە گۆڕابوو، تەنیا دەموچاو و لمۆزی بڕیاردەرەکان بوو، ئەگەرنا داگیرکەر هەر داگیرکەرە. خۆشبەختی و سەربەرزی بۆ ئەو کەسانەیە ئەو ڕاستییانە جوان بە گوێی نەوەکانی داهاتوومان دەدەن.

کەواتە یادی منی کورد جیاوازە لە یادی عەرەبی عێراقی، ئەوان یادی سوپایەك دەكەنەوە كە وەك دڕندە شەڕی بەناهەقی بۆ كردوون، بەڵام بۆ ئێمە بە پێچەوانەیە، چونكە لەژێر سایەی ئەو سوپایە، ڕۆژمان شەو بوو، شەویشمان لە تاریکی تاریکتر بوو.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO