حیسامەدین (هیوا) خاکپوور
گۆڕەپانی ئێستاکەی وڵاتی سووریا مەیدانی ململانێ و پێکدادانی هێزە جۆراوجۆر و دژیەکەکانە کە هەر یەک بە شێوازێک جڵەوی ڕووداوەکان و ئاراستەکان دەکێشن. لە پەیوەند بە مەسەلەی کورد لە ڕۆژاڤا دا، پێویستە لەو مەیدانی هێزانەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت و چاوەڕوانی لێی دروست بێت.
بە بۆچوونی من ئەو مەیدانە بە گشتی لە سێ لایەن پێکهاتووە: هێز-دەسەڵاتی وڵاتە زلهێزەکان؛ هێزی وڵاتانی ناوچەکە؛ لەگەڵ هێزەکانی ناوخۆی سووریا و ڕۆژاڤای کوردستان. کەواتە مەیدانەکە ئەوندە بەتاڵ نییە کە هێزە کوردییەکان ئایدیۆلۆجیاباوەڕانە و ئارەزووئەندێشانە هەرچی پێیان خۆش بێت بیکەن. ئەوندەش بێهێز و بێلایەنگری نین کە دەستەوسان بوەستن کەسانی دیکە بڕیاریان بۆ بدەن. کەواتە چوارچێوەی باسەکەی من سووژەی کورد لەو مەیدانی هێزانەدا تاوتوێ دەکات و پێی وایە ئەستەمە سووژەیەکی سەربەخۆ و لە دەرەوەی ئەو ململانێدا وێنا بکرێت. کەواتە لەم نووسینەدا هەوڵ دەدرێت هەندێک لە هێزی ئەو سێ فاکتەرە گرینگەی سەرەوە و پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوەکانیان وەردوشەن بدرێت.
لە پەیوەند بە هێزی وڵاتانی ناوچەکە و ئەو جەمسەربەندییەی لە ئارادایە ئەم خاڵانەی ژێرەوە جێگەی تێڕامانن:
ڕۆڵی وڵاتی قەتەر و هاوپەیمانی ئیخوان موسلمین و ئیسلامی سیاسیی لە سووریا کە کەمتر لە شیکار و لێدوانەکاندا باس دەکرێت. قەتەر وەک جەمسەرێکی نادیار، پشتیوانی ماڵی بەرەی تەحریر شام و ئەحمەد شەرعی دەکرد و تورکیا کۆمەکی مەیدانی پێشکەش کرد، لە ئاکامدا بەرەی ئیسلامی سیاسیی سەرکەوت. قەتەر ئەکتەرێکی گرینگی داشاریاوە و لە ڕووی ئایدیۆلۆجیا و گوتارەوە دژی دۆزی کوردە لە ڕۆژاڤا. میدیاکانی سەر بە قەتەر، وەک ئەلجەزیرە شێوەی لێدوانیان بۆ نموونە لە هەسەدە کە وەک هێزێکی تیرۆریستی ناوزەدی دەکەن نیشانکەردی قووڵایی دوژمنایەتی بەرەی ئیخوانییە لەگەڵ پرسی کورد. بۆیە قەتەر و تورکیا لە هاوپەیمانییدان دژ بە کوردەکان.
لە لایەکی دیکەوە و لە بلۆکی بەرانبەر و دژبەری ئیسلامی سیاسی و ئیخوانی، واتە “عەرەبستان و ئیمارات” کە لە پاش بەهاری عەرەبی، ڕەوتی مۆدێرنیزاسیۆن بە خێرایی دەپێون، چوونەتە بلۆکی ڕۆژئاواوە و بە یارمەتیدان بە هەسەدە بۆ وێنە پشتیوانی چەک و چۆڵ، ئەهرومی گوشار دژی ئیسلامی سیاسی سوریا و تورکیا ساز دەکەن. بەریەککەوتنی ئایدیۆلۆجیا دینییەکان و هێزە دەوڵەتییەکان لەم مەیدانەدا فاکتەرێکی چارەنووسسازە. وێدەچێت باڵانسی هێزی عەرەبستان و ئیمارات بەهێزتر بێت چون وڵاتی ڕۆژئاڤا، لە دژی جەمسەری ئیسلامی سیاسی-جەهادی و مەترسی سەرهەڵدانی دووبارەی داعش، پشتگیری ئەم جەمسەرە دەکەن و لە ئەنجامدا باڵانسی هێز بە سوودی لایەنی کوردی زیاتر دەبێت.
ئیسرائیلی جووەکانیش لە بۆشایی هێزدا و بە پاڵپشتی ئەمریکا، تەراتێنی خۆی دەکات و تا ٤٠ کیلۆمەتری دیمەشق چووەتە ناو خاکی سووریاـوە. پڕ ڕوونە ئیسرائیل لایەنێکی گرینگی هاوکێشەکانی ناوچەکەیە و بە سوودی نییە لایەنی ئیسلامی سیاسیی-جیهادیی سەربکەوێت. مەترسی هێزەکانی داعیش لە زیندانەکانی ڕۆژاڤاش باسێکی ترە کە ئیسرائیل وەک مەترسی بۆ سەر خۆی و بۆ سەر ناوچەکە و بۆ جیهانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا چاوی لێ دەکات. کەواتە، ئیسرائیل بەم هۆکارەنەشەوە بووبێت ناتوانێت پشتی کورد لە ڕۆژاڤا بەربدات.
ئایدیۆلۆجیای زاڵ لە ڕۆژاڤاش کە تا دوێنێ دژی ئیسرائیل و ئیمپریالیزم بوو، ناچار بوو لەم هەلومەرجەدا لەگەڵ ئیسرائیل دانوستان بکات، هەڵبەت ئەگەر لایەنی مارکسیی-کلاسیکیی وەک جەمیل بایک و ئەوان ئیزنی کەڵکوەرگرتن لەو دەرفەتە بدەن، چونکە زۆر ئۆرتۆدۆکس و سەختگیرانە لەو شتانەدا دژە-ئیسرائیلـن.
لەلایەکی دیکەوە دۆخی سووریا یەکجار ئاڵۆزە و ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان بە چڕی لە پێکدادان یان دانوستاندان. لەم ماوەدا چەن ڕەوت لە ئەحمەد شەرع جیابوونەتەوە بە بیانووی ئەوەی لە ئیسلام لای داوە. ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان یەکجار زۆرن و سەقامگیریی سووریا زۆر ئەستەمە.
هاوکات، ڕۆژاڤای کوردستانیش یەکدەست وەبەرچاو ناکەوێت. ئەنەکەسە بە چاودێری پارتی و بارزانی هەڵسوکەوتی خۆی دەکات و وادەردەکەوێت کە فیدراڵیزمی دەوێت و لەوێ لە ژێر هرووژمی جەریانی زاڵدا واتە هەسەدە و لایەنگرانی، بە خائین ناوزەد دەکرێت و ئەدەبیاتی خزمەت و خیانەت زاڵە. ئەم نایەکگرتووییە، بەربەستی ئایدیۆلۆجیکی چەپ و ڕاستی ئەو لایەنانە قووڵتری دەکەنەوە.
شێخ غەزنەوی وەک کەسێکی کاریگەر دەرکەوتووە و لەسەر ئایینداران باندۆری هەیە و سەر بە “هەسەدە”یە، بەڵام لەگەڵ جەرەیانی نەتەوەیی ئەو باڵەدا، دژی چەککردنی “پە{کە}کە”یە. ڕەوتی ئاشتی [پەک]ەکە و تورکیاش بە قازانجی ڕۆژاڤا تەواو نابێت. ئەم تەوەرە بۆ خۆی شەنوکەوی تایبەتی دەوێت بەڵام تەنیا ئەوندە ئاماژە پێویستە کە هەندێک لایەنی نەتەوەییتری سەر بەو ڕێبازە وەک موراد قەرەیڵان دژی ڕەوتی ئاشتی و برایەتییە لەگەڵ تورکیا، هەر بۆیە ئەگەری ئینشقاق و جیابوونەوە لەو حیزبەدا لە ئارادایە و بەم شێوە کارتێکەریشی دەبێت لەسەر دۆخی ڕۆژاڤا.
ڕووداوەکان بەرەو سەربەخۆیی ڕۆژاڤا ناچن مەگەر بالانسی هێز بە کەوتنی ڕژێمێکی تر بە سوودی کوردەکان تەواو بێت. لەو حاڵەتەدا ئەگەری سەربەخۆیی بەشێک یان تەواوی کوردستان زیاتر دەبێت. ئینجا سیستەمی نێودەوڵەتیش جارێ نایەوێت دەوڵەتێکی دیکە دروست بێت. گوایە “مەزڵووم کۆبانێ”ش قەناعەتی بە یەکپارچەیی خاکی سووریا هێناوە. لێرەدا ئەکتەرە زلهێزەکان وەک ئەمریکا کاریگەرییان لەسەر بڕیاری جەنەراڵ مەزلووم بۆ ئەم دۆخە هەبووە. بەربەستی ئایدیۆلۆجیش وەک بیرۆکە چەپی دژە-دەوڵەتخوازی لە ڕۆژاڤا دژی سەربەخۆیی دەوڵەت-نەتەوەیە بەڵام بە کەمتر لە فیدرالیزمیش واتە ئوتۆنۆمی قانع دەبێت.
بە گشتی ڕەوتی ڕووداوەکانی داهاتوو و ئەگەرەکان چەندین سیناریۆ دەخەنە ڕوو کە لە هەمووی ئەو سیناریۆیانەدا مادام ناوخۆی ڕۆژاڤا بە یەکڕیزیی نەتەوەیی و هەڵپەساردنی ئایدیۆلۆجیا جیاوازەکانیان و هەروەها بە هاوکاری باشوور و دیاسپۆرای کوری باڵانسی هێز بە سوودی خۆیان زۆر بکەن، بە هاتنە سەرکاری ترامپ و دۆستایەتی زلهێزێکی دیکە وەک فەرەنسا وێدەچێت سیناریۆی هێزگرتنی زیاتری کوردەکان زۆر بەهێزتر کاریگەری لەسەر مەیدانی ململانێی هێزەکان لە سووریا دانێت و دەستی ڕۆژاڤا بۆ گەیشتن بە مافەکانی زیاتر ئاوەڵا دەکات.