محەمەد حەمە تەقی
هەولێر و سلێمانی دوو شاری گەورەی هەرێمی کوردستانـن، لە ئێستادا هەولێر پایتەختی ڕامیاری و ئیداری هەرێمی کوردستانـە و سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیرییە. لە مێژووی دوور و نزیکدا، ئەم دوو شارە پێکەوە لەژێر یەک دەسەڵاتی کوردیدا نەبوون. لەکاتێکدا هەولێر لەلایەن میرنشینی سۆرانـەوە لە ڕواندزـەوە فەرمانڕەوایی دەکرا، سلێمانی لەلایەن میرنشینی بابانـەوە فەرمانڕەوایی دەکرا، هەر بابانییەکان خۆشیان بناغەدانەری شاری سلێمانی بوون. بابانییەکان ساڵی ١٧٨٤ شاری سلێمانیـیان بنیاتنا و کردیان بە پایتەختی میرنشینەکەیان. لەبەرئەوەی سلێمانی شارێکی نوێیە، مێژووی شاری سلێمانی و ڕووداوەکانی تا ئاستێکی باش ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام هەولێر شارێکی دێرینە و مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە و تەمەنی چەند هەزار ساڵێکی تێپەڕاندووە، ئەمەش وای کردووە هەولێر زۆر شتی شاراوە و نادیاری هەبێت و بۆ گەیشتن بە ڕووداو و مێژووی ئەم شارە دێرینەی کوردستان، زیاتر پێویست بە کنە و پشکنین و بەدواداچوون دەکات.
لە دوای بەیاننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ و ڕێکەوتنی کورد و بەغدا، لەڕووی کارگێڕیی و بەڕێوەبردنەوە، بەشێوەیەکی کردەیی (فعلی) هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی، وەک هەموو شار و شارۆچکە و گوندەکانی تری کوردستانی باشوور بەپێی ڕێکەوتنەکە کەوتنە ژێر دەسەڵاتی کوردیـەوە، کە ئەوکاتە مەلا مستەفای بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان ڕابەرایەتی دەسەڵاتی کوردیـیان دەکرد. بەڵام لەبەر ئەوەی دەسەڵاتە کوردییەکە تەنها کارگێڕیی بوو، دەسەڵاتی دارایی (مالی) هەر لە بەغدا بوو، لەماوەی چوار ساڵی ڕێککەوتنەکەدا، سەرەڕای بوونی ئارامی و ئاسایش، سەرەڕای بوونی داهاتێکی زۆر لە عێراقـدا، بەتایبەتی دوای خۆماڵی کردنی نەوت، هیچ پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیجی نە لە سنووری هەولێر و نە لە سنووری سلێمانی جێبەجێ نەکرا، ئەمەش جگە لە فاشییەتی حکومەتی عێراق، کەمتەرخەمی و بێ ئەزموونی دەسەڵاتی کوردی دەردەخات لەو قۆناغەدا.
ڕێککەوتنی جەزائیری نێوان عێراق–ئێران لە ٦/٣/١٩٧٥ و شکستی شۆڕشی ١٤ ساڵەی گەلی کوردستان، جارێکی تر باشووری کوردستان و هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی خستەوە بندەستی ڕژێمی داگیرکەر و ڕەگەزپەرستی بەغدا. جارێکی تر داگیرکەران لە ڕووی کولتووری و بازرگانی و مامەڵکردنی جیاوازەوە ئەم دوو شارەیان لەیەکدی دابڕی.
دابڕانەکە ئاشکراو بێ پەردەبوو، بە بڕیارێک لەلایەن سەرانی بەعسی لە دەوڵەتی عێراقـەوە، شاری هەولێر کرا بە پایتەختی ناوچەی ئۆتۆنۆمی و پایتەختی هاوینەی عێراق، سلێمانیـش خرایە پەراوێزەوە، بەتایبەتی پاش گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی بۆ شاری هەولێر. بەهۆی بوونی هەردوو ئەنجوومەنی یاسادانان و ئەنجوومەنی ڕاپەڕاندنـەوە، کە بەشێکبوون لە یاسای ئۆتۆنۆمی، کۆمەڵێک خزمەتگوزاری بچووک لە هەولێر جێبەجێ کرا، لە سلێمانیـش بەرە بەرە گەڕەک و ماڵەکانی شار بە بیانوی لێدانی شەقام و ماڵە پێشمەرگەوە خاپوور دەکرا، زۆر لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سلێمانی (وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاککردنی کشتوکاڵ) تا ئاستی فەرمانگە بچووک کرایەوە.
دەوڵەتی عێراق لەم کارەیدا ئامانجی ئەوەبوو، کە ئەم دوو شارە تا ئاستی پێکدادانی کولتووری و سیاسی لەیەکتر داببڕێت، تا ڕادەیەکیش لە ئامانجەکەیدا سەرکەوتوو بوو. بەڵام ڕاپەڕین ڕیسەکەی کردەوە بە خوری و جارێکی تر ئەم دوو شارە ئامێزیان بۆ یەکترکردەوە و لە ڕووی بازرگانی و ئیداری و ڕۆشنبیرییەوە بەیەکەوە بەسترانەوە.
لە دوای ڕاپەڕینـەوە هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی دیسانەوە کەوتنەوە ژێر دەسەڵاتی کوردی، بەڵام لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی کوردیی دوای ڕاپەڕین، دەسەڵاتێکی یەک ڕەهەند و یەک بەرنامە و یەک سەرکردایەتی نەبوو، لە هێزی جیا جیا و ئاراستەی جیاواز پێکهاتبوو، ململانێ و پێکدادانی چەکداری هێزە باڵادەستەکانی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)، هەر زوو ئەم دوو شارەی لەیەکتر دابڕی و کەوتنەوە ژێر هەژموونی دوو هێزی جیاوازی کوردییەوە، دوو هێز کە لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە تا ئەمڕۆ ناکۆکن و لە ململانێدان، تەنانەت ناکۆکیەکانیان هەندێکجار گەیشتۆتە خوێن ڕشتن و ئێسقان شکاندن. ڕووداوەکانی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ هەولێری خستە ژێر هەژموون و فەرمانڕەوایی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاری سلێمانیـش لەژێر هەژموون و فەرمانڕەوایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مایەوە. هەر لە سەروبەندی ڕووداوەکانی ٣١ی ئابدا شارۆچکەی مەخمور کە پێشتر قەزایەکی شاری هەولێر بوو، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەفەرمی لە هەولێر دابڕاو خرایە سەر پارێزگای موسڵ.
ئێستا هەردوو دەسەڵاتی سلێمانی و هەولێر لە ململانێیەکی تونددان، کە زۆر پانتایی سیاسی و ئەمنی و ئیداری و کولتووری گرتووەتەوە، ململانێکە لەلایەن خەڵکی بەئەمەک و زەحمەتکێشی هەولێر و سلێمانیـیەوە نییە، لەلایەن خەڵکی ڕۆشنبیر و دڵسۆزی کوردستانـەوە نییە، بەڵکوو ململانێکە لەلایەن ئەو دەستەبژێرەوە بەڕێوەدەچێت، کە خۆیان بە شۆڕشگێر و قارەمانی کوردایەتی دەزانن، ئەوانەی کە هەموو سامانی وڵاتیان خستووەتە بەردەم ناحەزانی گەلی کورد و، خەڵکی ڕەشوڕوتی کوردستانیشیان لە کولەمەرگیدا هێشتووەتەوە.
لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیرانـەوە تا شۆڕشەکانی شێخ مەحموود و قازی محەمەد و شۆڕشی ئەیلول، تا دەسەڵاتی ئەمڕۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو ماوە دوورودرێژەدا کە نزیکەی سەدە و نیوێکی تێپەڕاندووە، هیچ کات دەسەڵاتی کوردی دەسەڵاتێکی گشتگیر نەبووە، هیچ کام لەو دەسەڵات و شۆڕشانە نەیانتوانیوە حکومڕانی ناوچەیەکی فراوانی کوردستان بکەن و دادپەروەری لەناو کۆمەڵگەی کوردیـدا پیادە بکەن، تەنانەت نەیانتوانیوە ناکۆکییەکانی نێوان کۆمەڵگەی کوردی کەم بکەنەوە و بەرەو نەمانی ببەن. بەپێچەوانەوە زۆرجار دەسەڵاتی کوردی خۆی ناکۆکییەکان تۆخ دەکاتەوە و درێژەی پێ دەدات، تا لەو ڕێگەوە دەسەڵاتەکەی قایمتر بکات.
هەرگیز نەبووە و ناکرێ کە دوو شار یان دوو ناوچە هەمان خەسڵەتی یەکتریان تیابێت، نە ئەنقەرە و ئەستەمبوڵ وەک یەکن، نە مەشهەد و تاران، نە دیمەشق و لازقیە، هەمیشە جیاوازی جوگرافیا و سروشت پێش دەسەڵات و حکومڕانی کاری خۆیان دەکەن. ئەگەر بەراوردەکە وردتر بکەینەوە، دەبینین جیاوازیەکی گەورە لە نێوان گەرمیان و هەورامان، یان باڵەکایەتی و زاخۆ دا هەیە، تەنانەت لەنێوان دوو گوندی یەک ناوچەشدا دەیان جیاوازی هەیە.
هەولێر و سلێمانی دوو شاری گەورە و خۆشەویستی کوردستانن، دوو شار کەهەریەکەیان خەسڵەتی تایبەتی خۆی هەیە، هەر بەو خەسڵەتانەشەوە جوانن، کاتێ لە سلێمانی کەریم کابان و عوسمان عەلی گۆرانیان بۆ ژیان دەچڕی، لە هەولێر حەسەن سیساوەیی و ڕەسوڵ گەردی بەهەمان زمان و بە نەغمەی کوردی بەرگرییان لە هونەری کوردی دەکرد، ئەو دەمانەی شێرکۆ بێکەس و لەتیف هەڵمەت لە سلێمانی بە هۆنراوەی نیشتیمانی و نەتەوەیی ئاشنایان دەکردین، لە هەولێر عەبدوڵڵا پەشێو و عەبدولخالق مەعروف وانەی کوردایەتییان پێ دەداین.
ئەم دابڕانەی کە چەند ساڵێکە دەسەڵاتی کوردی لە نێوان هەردوو شاری هەولێر و سلێمانیـدا دروستیان کردووە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئێستا و ئایندەی دۆزی کورد و یەکێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانییمان دەبێت. درێژەدان بەم دابڕانە، درێژەدانە بە خواستی داگیرکەرانی کوردستان و جێبەجێکردنی ئەجندای داگیرکەران و ناحەزانی گەلی کوردە. دەبوو ئێستا هەردوو شاری سلێمانی و هەولێر، لە ڕێگەی چەندین تۆڕی پێشکەوتووی ڕێگاوبان و هێڵی ئاسن و تەنانەت هێڵی ئاسمانیشەوە بەیەکەوە ببەسترانایەتەوە، دەبوو بەشێوەیەک ئەم دوو شارە لە ڕووی بازرگانی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیەوە تێکەڵ بەیەکتر ببوونایە، هاوشێوەی کەربەلا و نەجەف، یان وەک مەکە و مەدینە ناویان بەیەکەوە بهاتایە و هەست بە جیاوازی نێوانیان نەکرایە.