سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سەلاحەدین بەهادین، خزم وەک جێگرەوەی برا، هاوزمان، هاونەتەوە

عوسمان ساوجی

لە کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتووی ئیسلامی‌دا سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری پێشتر و دواتری حیزبەکە، وتارێکی پێشکەش کرد و لە بڕگەیەکیدا کە تایبەتی کردبوو بە پرسی سووریا کاتێک گەیشتە  سەر باسی کورد ئەوا چەمکی خزمی بەکارهێنا. لە ئەدەبیاتی سیاسی بزاوتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان‌دا چەمکی گەلی ئێمە لەو بەشەی کوردستان، خوشک و برایانمان، هاونیشتمانیان، هاوزمان، هتد، بەکارهاتوون. خزم ئەگەرچی دەگونجێ پەیوەندییەکی خوێنی بێت یان لەڕێگەی ژن و ژنخوازیەوە دروست بێت، بەڵام خودی چەمکەکە ئەوەندەی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە هێندە پەیوندییەکی سیاسی نییە و هیچ کاتێک سەرکردە و ڕابەرە سیاسییەکان بۆ گوزارشت لە بەشێک نەتەوەکەی خۆیان بەکاری ناهێنن، چونکە خزم ئەوەندەی گوزارشتە لە پەیوەندی نێوان تاکەکان لەچوارچێوەی دەرەوەی خێزان یان بنەماڵە و خێڵ هیچ ئاماژەیەکی سیاسی تیادا نییە. لێرەوە دەکرێت خوێندنەوەیەک بۆ چەمکەکە و پەیوەست بەو دۆخەی ناوچەکە پیایدا تێدەپەڕێت بکرێت:

یەکەم، یەکگرتووی ئیسلامی ئەوەندەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی وەک هێزێکی ئیسلامی کە کار بۆ ئاراستەکردنی تاک بەرەو ئامانجی ئەخلاقی و پرەنسیپە ئیسلامییەکان دەکات، ئەوەندە دەرگیری پرسە نەتەوەییەکان نەبووە.

دووەم، یەکگرتووی ئیسلامی کە بەشێکە لە مەدرەسەی ئیخوانی جیهانی زۆرترین قسەوباسی لەسەر پرسی ئوممە کردووە، ئوممە چەمکێکی ئیسلامیمە و عەرەب،  دواتریش تورکەکان، بەکاریانهێناوە بۆ ئەو گەلانەی خستوویانەتە ژێر ڕکێفی خۆیان و ملکەچیان کردوون. ئەوان هەوڵیانداوە بەو ڕێگەیە گەلان لە سۆزی ناسیۆنالیستی داببڕن و بیانخەنە ژێر سۆزی ئایینی،  بەجۆرێک ئاراستەیان بکەن کە ئوممە پێویستی بەجیاکاری نەتەوەیی نییە و هەمووان لەبەردەم پەروەردگاردا یەکسانن تەنها ئەوانە نەبێت کە زیاتر خوا دەپەرستن و تەقوایان هەیە. بەوجۆرەش ویستویانە بۆ هەمیشە ئەوان حاکم و ئەمان مەحکوم بن.

سێیەم، لەسەر ئاستی ناوخۆیی، یەکگرتوو جگە لەوەی بەگوێرەی ئەنجامەکانی دواین  هەڵبژاردن بەردەوامە لە پاشەکشەی جەماوەری، ئەوا کەوتووەتە بەر ڕەخنەی هاووڵاتییان بەوەی کە ئەم هێزە بە هەموو توانای خۆی هەڵوێستی وەرگرتووە بەرانبەر دۆخی غەززە و سووریا و لوبنان، لە هەر شوێنێک چەوسانەوەی ئایینی هەبێت بەرانبەر موسڵمانان ئەوان ڕاگەیەناندنەکانیان بۆ سەرکۆنەکردنی دەخەنە گەڕ، بەڵام تا ئێستا هەڵوێستی هاوشێوەیان بەرانبەر سوپای تورکیا پیشان نەداوە کە لە ناو خاکی هەرێم و لە ڕۆژاڤای کوردستان پێشێلکاری گەورە بەرانبەر گەلی کورد  و شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان ئەنجام دەدات.

چوارەم، دۆخی سووریا لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد بەرەو سیستمەێکی نیمچە-ئیسلامیی سوننیی هەنگاو دەنێت. ئایا یەکگرتوو دەتوانێت لەنێوان ڕەوتێکی ئیسلامیی-سوننیی و هێزێکی نەتەوەیی کوردی بڕیاری گردەبڕ لە بەرژەوەندی نەتەوەکەی بدات؟ لەکاتێکدا هەیئەی تەحریری شام (هەتەشە) هێندەی بایەخ بە پرنسیپە ئیسلامی و سوننییەکان دەدات لە ڕووکەشدا ئاماژەیەک بۆ وروژاندنی پرسی شۆڤێنیەتی عەرەبی بوونی نییە، ئەوەش هاندانێکە بۆ هێزە ئیسلامییە ناعەرەبەکان تا پشتگیری بکەن لە ناویشیاندا یەکگرتوو.

لێرەوە  دەکرێت گریمانەی ئەوە بکەین کە بەکارهێنانی چەمکی “گەلی کورد لە سووریا” یان “خزمەکانی خۆمان” بۆ چەند مەبەستێکی دیاریکراو بەکار هاتبن. لەلایەک ئەمینداری یەکگرتوو کاتێک لە نیوەی خولەکی چوار تا خولەکی پێنج بە نزیکەیی لە سی چرکەدا گوزەرێکی خێرا بە دۆخی کورد لە سووریا دەکات پەیامی ئەوە دەدا بە نەیارەکانی کە یەکگرتووش وەک هێزێکی سیاسی ئاگاداری پرسە نەتەوەییەکانە و دەستبەرداریان نەبووە، بەتایبەت کاتێک لەم کۆنگرەدا بڕیاری دوورخستنەوەی شەش ئەندامی سەرکردایەتی حیزبەکە دراوە لەناویاندا هەردوو ئەبوبەکر هەڵەدنی و ئەبوبەکر کاروانی، دوو کەسایەتی نەتەوەیی، ئەوا ئەگەر زیاتر لە ناسنامە ئیسلامییەکەیان شەڕی ناسنامە نەتەوەییەکەیان نەکردبێت کەمتریان نەکردووە، بەوەش حیزبەکە کەوتە بەر ڕەخنەی هاووڵاتییان و تەقینەوەیەکی میدیایی لە تۆڕە-کۆمەڵایەتییەکاندا، بەوەی کە یەکگرتوو جێگەی خەڵکانی نەتەوەیی نابێتەوە.

لەلایەکی ترەوە لە ڕۆژی١٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٤، ئەمینداری حیزبەکە سەردانی تورکیای کردوو بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەی بینی بوو. بە گوتەی خۆیان پرسی کورد یەکێک بووە لەو کەیسانەی گفتوگۆی لەسەر کراوە. یەکگرتوو وەک ئاماژەی بۆ کرا، تا ئێستا وەک هێزێکی نەتەوەیی پشتگیری هێزە کوردییەکان لە ڕۆژاڤا نەکردووە، بەهەمان شێوە دژایەتیشی نەکردووە.

لێرەدا دەکرێت گریمانەی ئەوە بکرێت کە چەمکی خزم یان گەلی کوردی سووریا بۆ دروست کردنی هاوسەنگی سیاسی بێت، لەنێوان دووبەرەی شەڕدا، ئەگەرچی خواستی زۆرینەی جەماوەری کوردستان ئەوەیە کە هەموو هێزە کوردستانییەکان پشتگیریی دۆزی کورد لە ڕۆژاڤا بکەن و بەرگریان لێبکەن، بەڵام وەک سەلاحەدین بەهادین ئاماژەی بۆ دەکات ئەوان پەیڕەوی خۆیان هەیە و دەستبەرداری میانڕەوی نابن. چونکە چەمکی ڕۆژاڤا گوزارشتە بۆ یەکپارچەیی خاکی کوردستان و ئەوەش یەکێکە لە چەمکە پەسەند نەکراوەکان لەلای ڕژێمی تورکیا. یەکگرتوو نایەوێت بەهۆی سۆزی نەتەوەیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، داد و گەشەپێدان، تێک بدات کە تاکە ئەزموونی حوکمڕانی ئەو مەدرەسە فکرییەیە کە ئەوان پشتگیری دەکەن.

یەکگرتوو لە قۆناغی شەڕی ناوخۆی باشووری کوردستان بێلایەنی هەڵبژارد و بەوەش گرەوی بردەوە کە نەبوو بە بەشێک لەو شەڕە، بەڵام لە هەموو قۆناغێک هەمان هەڵوێست هەمان ئەنجامی نابێت، چونکە هەڵوێستی نەتەوەیی لەسەر پرسێکی گرنگی وەک رۆژاڤا لێکەوتەی لەسەر پێگەی سیاسی و جەماوەری حیزبەکان دەبێت، بەتایبەت کاتێک حیزبێک لە دەرەوەی دەسەڵاتە و شوێنکەوتەکانی دڵبەندی مەعنەویان هەیە بۆ حیزبەکە نەک بەرژەوەندی ماددی. بەوەش پاشەکشەی جەماوەریی ئەگەرێکی چاوەڕوانکراو دەبێت کاتێک نەتوانرێت بەڕاشکاوی پشتگیری لە دۆزی گەلەکەت بکەیت کە بە هەموو پێوەرێک ستەمی لێ دەکرێت و دەوڵەتێک ڕازی نابێت نەک لە ناوخۆی دەوڵەتەکە بەڵکوو لەسەر هیچ بستە خاکێکی ئەم گۆی زەویە قەوارەیەکی سیاسی دروست بکات و مافەکانی بەدەست بهێنێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO