ئەلەند ئیبراهیم
هەر دوو وشەی “هەیە” و “نییە” بۆ ئێمەی کورد نەک وەکوو دوو زاراوە، بەڵکوو وەک ئامادەبوون بوونەتە دوو چەمکی ئاڵۆز و واتا قووڵ و فراوان. لەم گۆشەیەوە بەربینای هزریی و ڕۆحیی تاکی کورد لە جێگایەکدا ماوەتەوە کە لە بنەڕەتدا خۆی جێگایەک نییە! بەڵکوو لەنێوان دوو وشەی سادەدا قەتیس بووە بەبێ ئەوەی ئەو هەموو ماوەیە توانیبێتی بڕیارە ڕاستەکە بدۆزێتەوە! سەرەنجام وای لێ هاتووە دوو وشەی سادە ببن بە مۆتەکەیەک و ئاڵۆزترین وەشانێک کە هەڵبژاردنی یەکێکیان جیگای ترس بێت و مانەوە لەنێوانیشیان هۆکاری گەورەترین هەڕەشە بێت بۆ سەرناسنامەکەی لەنێوان هەیە و نییەی “بوونی” وڵاتەکەی خۆیشیدا سەرگەردان بێت.
لە بنەڕەتدا هەر “بوون”ێک لێکترازاو و داگیرکراو بێت نەنگی تێدەکەوێت، لە دواجاریشدا ناسنامە و ڕەچەڵەک و خاکت دەکەونە ژێر پرسیارەوە، هەیە و نییە وەک پرسێکی ئاڵۆز دەهێننە گۆڕێ، کە هەرکامێکیان بژاردەبن، ئەوەی تر ڕاستە و بژاردەکەی تۆش هەڵە دەبێت!
بە باوەڕی من ئەوەی لەنێوانی ئەو دوو بەرداشەدایە؛ هەمیشە هەست دەکات ئەو جێگایەی کە لەسەری وەستاوە، لە بنەڕەتدا جێگایەک نییە و دەشزانێت کەوتووەتە بەردەم دوو بژاردەوە کە بۆ هەرکامێکیان پاساوێک بەر لە هەموو شتێک، بۆ لە دایکبوونی “هەبوونی” خۆی بهێنێتەوە.
بەدرێژایی مێژوو تاکی کورد لەگەڵ ئەوەی بە ڕەچەڵەک کورد بووە، عەرەب و فارس و تورکـیش بووە! لەنێوان کوردبوون و عەرەبوون و فارسبوون و تورکبوون دا ماوەتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر ئەو کەسە کورد بێت؛ بۆچی لە هەمان کاتدا عەرەب، فارس یان تورکـە؟ وە ئەگەر کورد بوونی نییە ئەدی بۆچی ئەو کوردە؟
مانەوەی لەنێوان ئەم چەند دێڕانەدا وای کردووە بەوە ڕازی ببێت، بۆ ئەوەی بە کوردی بژیێت؛ دەبێت کورد نەبیت!
ئێرنێست ڕێنان زۆر باش پێناسەی نەتەوە دەکات و دەڵێت: “نەتەوە بریتییە لە ڕۆحێک و بنەمایەکی ڕۆحی”. واتە ئەمە وەک دوو ڕەهەند لێکدەداتەوە کە یەکەمیان پەیوەست دەکات بە ڕابردووی نەتەوەیەکەوە، کە بریتییە لە خاوەندارییەتی میراتێکی هاوبەشی دەوڵەمەند و ئەوەی تریش دەبەستێتەوە بە ڕەزامەندی و ویستی ئێستای نەتەوەکەوە.
هەر ئێرنێست ڕێنان دەستدەداتە پێناسەکردنی کورد و دەڵێت: “نەتەوەی کورد جیاوازییەکەی لەوەدایە کە لە ڕابردووشدا وەک نەتەوەی هەمان ڕەچەڵەک ژیاون”. بەڵام سەرباری پێناسە و بەڵگەی نووسەر و مێژوونووسە بێگانەکان؛ هەتاوەکوو ئێستا کورد لەنێوان چەند وشەگەلێکی سادەدا ماوەتەوە، کە وەک گرێیەکی نەکراوەی لێهاتووە و لە خۆی دەپرسێ کوردم یان نا؟
ئەگەر پرسی جینەلۆجییەکە بخەینەلاوە؛ دەتوانین پەنا بۆ زمان بەرین.
زمانی کوردی لە ڕیزبەندی زمانە دەوڵەمەندەکانی گێتییە، چەندان بەڵگەی مێژوویی و لێکۆڵینەوەی زانستی پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە. سەرەڕای دەوڵەمەندی زمانەکەمان، ڕەگەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ کۆنترین زمان کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (٥٥٠٠ پ. ز.)، تەنانەت وایلێهاتووە کە زمانەکەی بە زمانی (نووح) ناوەزەد دەکرێت.
ئێمە هەمیشە بە کوردی قسە دەکەین و بە کوردی دەنووسین، ئەدی بۆچی نکووڵی لە زمانەکەمان دەکەن؟ بۆچی زمانێک نییە بەو ناوە؛ لە کاتێکدا هەیە؟!
لەپاڵ دوو توخمەکەی “ژیل ڕێمیارد”دا توخمی ماددی کە خاکە؛ دەیکات بە یەکێکی تر لەو مەرجە سەرەکیانەی کە دەبنە هۆکاری لە دایکبوونی دەوڵەت. بەڵام سەرەڕای نەبوونی دەوڵەتێک بۆ کورد بە هۆی ئەو هەموو ئاستەنگییە ناوخۆی و دەرەکییانە؛ بە هۆی ئەو هەموو نەیار و ڕێگر و داگیرکەرییانە، ئێمە نەک ئەوەی گەنگەشەی هەبوونی دەوڵەت بکەین و تێڕامان بۆ نەبوونی بکەین، بەڵکوو هێشتا بەدوای بەڵگەهێنانەوەین بۆ خۆمان و جیهان کە ئەم خاکە هی فارس و تورک و عەرەبە، کە لە بنەڕەتدا هی کوردە.
کەواتە هەر دەیڵێین و دەیڵێینەوە: بۆچی خاکێکی بەپیت و فراوانمان هەیە؛ کەچی هی ئێمە نییە؟ ئەگەر وڵاتێک هەیە؛ بۆچی نییە؟ ئەگەر نییە؛ بۆچی ئەوەتا هەیە؟
لەم نێوەندەدا ماینەوە، هەرکامێک هەڵدەبژێرین ئەوەی تر دەبێتە وەڵامە ڕاستەکە، هەرجارێکیش نزیکبوونەوە لەو وەڵامە ڕاست دەردەکەوێت؛ هەڵە دەردەچێت کە “هەیە” هەڵدەبژێریت و سەیردەکەیت “نییە”! کە “نییە” بژاردەتە؛ سەیر دەکەیت هەیە! کە ڕەچەڵەک و زمان و خاکەکەمان کەوتبێتە نێو ئەم دوو بەرداشە، ئەوە مێژووەکەشمان لەوێدا ماوەتەوە. هێندەی مێژوونووسە بێگانەکان ستەمیان لە مێژووەکەمان کردووە، خۆمان دوو ئەوەندەمان کردووە! چونکە هەتا ئێستاش ئێمە نکووڵی لەم مێژووە دێرینە دەکەین کە پەیوەست کراوە بە سەردەمی سۆمەری دەشت و گۆتییەکانی شاخەوە.
ئەمە جگە لەوەی چەندان نووسەری بیانیش لە کۆنەوە هەتا ئێستا مێژووی ئێمە دابەش دەکەن و بە ئارەزووی خۆیان دەیبەستنەوە بە سەدەیەکی دیاریکراوەوە، بەمەش لە تەمەنی نەتەوەکەمان کەم دەکەن. بۆنموونە “بازیل نیکیتین” مێژووی کورد دابەشی سێ قۆناغ دەکات و سەرهەڵدانی نەتەوەیەک بە ناوی کوردـەوە دەگێڕێتەوە بۆ سەدی سێزدەم!
کەواتە هەم ستەمێکی خۆکردی لە گۆڕێدایە، هەم بێگانەکانیش بە گشتی بۆ مێژووی نەتەوەکان وە بەتایبەت ڕۆژهەڵات، خەمخۆر نەبوونە. بەڵام وەک ئەگەرێکی لاواز، دەکرێت ئەگەر ڕاستبێژ و ڕەوابێژ بووبن، بە دڵنیایەوە ئەوەی نوسیویانەتەوە چەند لاپەڕەیەکی کەمە لە مێژووی دێرینی کورد. بەڵام من دڵنیام مێژووی کورد زۆر لەوە کۆنترە کە بەڵگە زیندووەکان پێی ڕاگەیشتوون. کەواتە هەمیشە پرسی بوون پرسێکی ئاڵۆز بووە، ئەمە چ جای ئەوەی ئەگەر ئەم “بوون”ە ببەسترێتەوە بە پرسی نەتەوە و ناسنامە و وڵاتەوە.
هەرچەندە پرسی بوونگەرایی زۆرجار بەستراوەتەوە بە دانپێدانانی بەرامبەرەوە، هەروەک چۆن (میشێلا مارزانۆی ئیتاڵی) دەڵێت: “جەستەی ئێمە یەکێکە لە دیارترین بەڵگەی بوونی ئێمە؛ کە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە پێویستە یەکێک بتبینێت هەتاوەکوو دان بنێت بە هەبوونت”.
بەڵام بۆ پەڕینەوە بۆ سەر پرسی دانپێدانانی بەرامبەر سەبارەت بە هەبوونی ئێمە، کە قۆناغێکە لێمانەوە دوورە و پێی نەگەیشتووین و پێشی ناگەین، هەتا ئەو کاتەی قۆناغێکی تر تێدەپەڕێنین، ئەمیش نێوانی ئەم دوو بەرداشەیە، ئەو ناوەڕاستەیە کە تێیدا ماوینەتەوە و چەقیوین. پێش ئەوەی چاومان لە دانپێدانانی بەرامبەر بێت؛ دەبێت “ببین”، ببینە ئەوەی کە هەبووین و هەیین.
لە دواجاردا لەناو ئەم دوو پرسیارە هەڵخەڵەتێنەرانە بێینە دەرەوە، کە دەستێکی دەرەکی و سەدان دەستی ناوخۆیی پڕژاندوویانەتە کەللـەی تاکی کوردـەوە.
لە کۆتاییدا ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ گوتن ئەوەیە کە لەوکاتەوەی بەردێک هەڵکۆڵراوە، ئێمە بنەڕەتێکمان هەبووە کە بۆ ئێستای ئێمە ناوی دەبێتە کورد. لەوکاتەوەی بزمارێک و دووان بوونەتە هێمای پیتێک؛ بناغەی زمانی کوردیش دانراوە، لەوکاتەوەی نەمری هەیە و بۆی گەڕاوین و داستانە نووسراوەکان و ئەوانەی ماونەتەوە بۆ گێتی ئەمڕۆ، بوونەتە لاپەڕەیەک لە پەرتووکی مێژووی دێرینمان.



