سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پۆستێکم بڵاوکردەوە بەناونیشانی “پێدەچێت، قۆناغی دەست و نینۆککردنی تورکیاـش لە سووریا هاتبێتە پێشەوە”. وەک لە کۆمێنتی زۆربەی هاوڕێکاندا دەرکەوت، قسەکەم وەک زانیاری مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، نەک وەک پێشبینی! لەو دوو دێڕەدا هیچ بڕیارێکی پێشوەختی تێدا نییە وەک ئەوەی بڵێم “تورکیا ڕۆژی تەواوبووە و دەڕوخێت”، بەڕوونی نوسیومە “پێدەچێت” قۆناغی دەستکورتکردنەوەی ئەویش لە سووریا هاتبێتە پێشەوە، وەک چۆن دەستی ئێرانـیان بەتەواوی کورت کردەوە. لەکوێ؟ لە “سوریا”.
هەڵبەت دەستکورتکردنەوەی ئێران و تورکیا بە واتای ڕووخاندن و لەناوبردنیان نییە، بێگومان بۆ ئەوەش نییە ستەم لەسەر کوردەکان لابەرن بەڵکوو بۆ ئەوەیە دەستیان نەگاتە ئەو شوێنەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلـی لێیە. کورتکردنەوەی دەست و نینۆکەکانی تورکیا واتە تەمبێ کردن و لاوازکردنی مورتەزەقەکانی لە سووریا، ئەویش بۆ دوو ئامانج یەکێکیان بۆ ئەوەی ترسێک نیشانی جۆلانی بدەن و نەچێتە ژێر هەژموونی تورکیاـوە، چونکە نایانەوێ ئەزموونی عێراق دووبارە بکەنەوە بەوەی کە هەژموونی ئێران حەشدی شەعبی شیعەی لێ بەرهەم هات. لە سووریاش لەژێر هەژموونی تورکیاـدا حەشدی سوننی و داعش و بەرەی نوسرە سەرهەڵبدەنەوە. ئەوی تریشیان بۆ ئەوەیە هێزێکی سەرکوتکەری تیرۆرستان لە ناوچەکەدا نیشان بدەن کە هێزەکانی “هەسەدە”یە. واتا ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئەوە دەکەن نەک لەبەر خاتری کورد بەڵام کوردەکانیش دەتوانن بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە.
ئێمە هێشتا لە دۆخێکداین بەرگری لە مانەوەمان دەکەین، ئەوەش مافی خۆمانە چونکە زۆر لەمێژە لەبەردەم هەڕەشەی سڕینەوە و پاکتاوکردن داین. بەڵام ئیدی پێویستمان بە ڕوانینێکی ترە بۆ دنیا و بۆ ژیانی خۆمان. هەق نییە بەهەڕەشەیەکی ئەمریکییەکان لە تورکیا، یاخود بە قسەیەکی شیرینی نەتانیاهو بەهار لە خۆمان بهێنینە چۆک و وابزانین دنیامان بۆ دەکرێت بە بەهەشت. نا، هەرگیز، دەبێت ئاگاداری داوەکان بین. ئێمە نەوەی سەردەمی ڕاپەڕین بیرمانە کە چاوەڕوانی ئانوساتی کەوتنی سەدام بووین بەڵام خەڵکی کوردستان نەک نەگەیشتنە بەغدا بەڵکوو ئاوارە بوون و خۆیان لەسەر سنوورەکانی تورکیا و ئێران بینیەوە و سەربازانی دەوڵەتی عێراق گەیشتنەوە ناو شارەکانی کوردستان.
بەدیوەکەی تریشدا بە پێچەوانەی ئەم خۆشخەیاڵیەوە، لەگەڵ هەر کارەساتێک یەکسەر بۆ هەمیشە ڕەشبین بین و تۆوی نائومێدی بڕێژین. هەرچەندە کوردەکان ناهەقیان نییە، کە بەخەڵکی سادە و ئەکادیمی و سیاسییەکانیەوە هەمیشە جۆرێک لە ڕەشبینییان پێوە دیارە و ترسی ئەوەیان هەیە لە دۆخێکی تایبەتدا بە گورگان خواردوو بکرێن. چونکە ئەوە بووە بەبەشێک لە یادەوەری و ئەزموونی تاڵی ئێمە لەگەڵ ئەو یارییە نەگریسەی زلهێزەکانی دنیادا. بەڵام خۆ نابێت کوردیش ئەزموون وەرنەگرێ و هەر مەڕ بێ و ئامادەی هەموو ملکەچییەک بێت بۆ ئەوانی دی. کاتێک شا و ئەمریکا پشتیوانیان لە بارزانی باوک بڕی و پەیماننامەی جەزائیرـیان مۆر کرد، خۆنەیانگوت چەکەکانتان دابنێن، گوتیان ئیدی هاوکاریتان ناکەین. ئێ خۆدەبێت کورد ئەزموون لەو شکستە وەربگرێت و ئەوکاتەی هاوکاری دەکرێت هێندە پاشکەوت بکات بەشی بەرگری چەند ساڵێک بکات و خۆشی بەشی چەند ساڵێکی دی وەبەرهێنان بکات! ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ڕوویدا خێری ئەمریکا و ئەوروپا نەبوو بۆ کورد بەڵکوو شەڕی بەرژەوەندییەکانیان بوو لەم ناوچەیە و ئەوەندەش خێری بۆ کورد تێدابوو. ئێ ئەگەر کوردەکان خۆیان نەتوانن وەبەرهێنان لەو تۆزە خێرەدا بکەن ئیدی دەبێت دەست پان بکەنەوە و هەر چاو لە دەستی خەڵک بن و چیڕۆکی مەزڵومییەتی خۆی بگێڕێتەوە. خەڵکیش هیچ ناچار و مەجبوور نییە گوێ لە چیڕۆکی مەزڵومبوون بگرێت.
ئەوەی ئەمڕۆ بۆ کوردانی ڕۆژاڤا لە ئارادایە هەرهەمان سیناریۆیە، شەڕی بەرژەوەندی زلهێزەکانی دنیایە لە ناوچەکەدا. واتە بەشێکی پەیوەندی بە هەلومەرجی نێودەوڵەتی و بەشێکیشی پەیوەندی بە ئازایەتی و خۆسەلماندنی کوردانی ڕۆژاڤاوە هەیە، بەتایبەتیش عەقڵی سیاسی “پەیەدە” و هێزەکانی “یەپەگە” و “یەپەژ”ە. بۆیە دەتوانین بڵێین، ئەم پشتیوانییەی ئەمڕۆی ئەمریکا لە کوردانی ڕۆژاڤا لەبەر خاتری کورد نییە، بەڵکوو بەرژەوەندیی خودی ئەمریکایە، بەڵام بۆ کوردیش خێرێکی تێدایە، بەڵام خاڵی گرنگ لەم ڕوانینەدا، جۆری بەدەست هێنانی پشتیوانیەکەیە، چۆن و بۆ بەدەست هات؟ بێگومان زیرەکی و خۆڕاگری و ئازایەتی سیاسیەکانی ڕۆژاڤا و شەڕڤانەکانێتی نەک خێری ئەوانی دی.
بەکورتیەکەی ئەمڕۆ ڕۆژی خۆسەلماندنە نەک کڕوزانەوە. دەنا هەر ئەو هێزەی کە ئێستا لە سووریا مورتەزەقەکان و دوێنێ داعش بە هەموو دڕندایەتی و پشتیوانیەکی تورکیاوە خۆیان لەبەرهەڵمەتیاندا ڕاناگرن، ئەگەر وەبەرهێنان لە هێزی خۆیاندا نەکەنەوە دوور نییە سبەی لە فۆرمێکی تردا ببن بە “هێزێک” دوژمنیش ئێرەییان پێ نەبات .