محەمەد حەمە تەقی
نەتەوە بوونێکی مێژووکردە، لە ئەنجامی پەیوەندییەکی دوورودرێژی سەدان ساڵەی نێوان مرۆڤەکاندا دروستبووە. دروستبوونی نەتەوەکان زۆر کۆنە، دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا، دروستبوونی نەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە بەسەر هۆزەکاندا هات، لە ڕاووشکار و گەڕان بەدوای لەوەڕدا بۆ نیشتەجێ بوون و دروستکردنی گوند، دواتر دروستبوونی دەسەڵات و ئیمپراتۆریەتەکان زیاتر نەتەوەبوونی بەرجەستەکرد. بەڵام هۆشیاری نەتەوەیی لە چەند سەد ساڵێک زیاتر تێناپەڕێت، هۆشیاری نەتەوەیی لەدوای گەشەسەندنی بازرگانی و پیشەسازی سەری هەڵدا، کە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوروپای ڕۆژئاوا، بۆ دوای سەرهەڵدانی ڕێنیسانس و دروستبوونی کارخانە و کەڵەکەبوونی سەرمایە. ڕێنیسانس هزر و بیری مرۆڤی لەژێر وەهمی ئایینی دەرباز کرد، سەرمایەش بەمەرامی دەستکەوتنی کەرەستە و کاڵای هەرزان بۆ کارخانەکان و قۆرخکردنی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، ڕەنگڕێژی سنوورەکانیان کرد.
نەتەوە بە ژمارە و بە زۆر و کەمی دیاری ناکرێت، عەرەب بە زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆنەوە نەتەوەیەکن، جوولەکەش بە کەمتر لە ١٥ ملیۆنەوە هەر نەتەوەیەکن. نەتەوەکان خەسڵەت و جیهانبینی تایبەت بە خۆیان هەیە، هەر نەتەوەیەک خاوەنی مێژوو و زمان و کولتووری خۆیەتی، جگە لە زمان و کولتوور کە زادەی سروشتە، ئایین ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەری لە دروستکردن و پاراستنی نەتەوەدا بینیوە، ئایینی ئیسلام عەرەبی لە پەرتەوازەیی و پەراوێزەوە کۆکردەوە و خستنیە سەر شانۆی ململانێ جیهانییەکان. ئایینی موساییش جووەکانی لەسەرتاسەری جیهاندا کۆکردەوە و کردنی بە خاوەنی دەوڵەت و ئابووری و تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوو. هەردوو ئایینی زەردەشتی و ئێزیدی تا ئاستێکی باش دەستیان لە بنباڵی کوردـدا بووە و لە شاڵاوی دڕندانەی ئیمپراتۆریەتە گەورەکان کوردیان پاراستووە، ڕەنگە گڕوتینی ئەو دوو ئایینە و سەختی ناوچەی کوردستان نەبوایە، زۆر زەحمەتبوو ئێستا نەتەوەیەک هەبووایە بە ناوی کورد. وەک چۆن ئێستا نەتەوەیەک نییە بەناوی گۆتی، لۆلۆیی، یان ئاشوری و سۆمەریـەوە، کە ڕۆژگارێک ئەوان و زۆر نەتەوەی تریش هەبوون و خاوەنی دەسەڵات و شارستانی خۆیان بوون. ڕاستە ئەوانە نەبوون بە هەڵم، بەڵام یان لە نەتەوەکانی تردا توانەوە یان بوون بە باوانێکی نادیار بۆ نەتەوەکانی دوای خۆیان.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هەستی نەتەوایەتی تا ئاستێکی باش خەمڵیوە، ئەڵمانییەک هەست دەکات لە نەتەوەی ئەڵمانە، عەرەبێک هەست دەکات لە نەتەوەی عەرەبە، بەهەمان شێوە فارسێک و بەلوچێک و تورکێک و کوردێکیش هەست بە بوونی نەتەوەیی خۆیان دەکەن. ئەم هەستکردنەش سەرەتایەکە بۆ هۆشیاری نەتەوەیی، واتە پێش دەرکەوتنی هۆشیاریی نەتەوەیی هەستی نەتەوەیی دەردەکەوێت. ئەو نەتەوانەی کە خاوەن دەوڵەتن، لەڕێگەی خوێندن و دامودەزگا فەرمییەکانیانەوە هەستی نەتەوەیی دەگەیەننە نەوەکانیان و نەوە بۆ دوای نەوە دەیگوێزنەوە، تا ئاستێکی باشیش هۆشیاری نەتەوەیی لە ڕێگەی بەرنامەکانی خوێندن و ناوەندە ڕۆشنبیری و کولتووریە جیاوازەکانیانەوە بەرز دەکەنەوە.
کورد نەتەوەیەکی بێدەوڵەتە، ئایینە ڕەسەنەکەشی، زەردەشتی و ئێزیدی، لە گۆشەیەکی نیشتیمانەکەیدا قەتیس کراوە، نیشتیمانەکەشی پارچە پارچە لەژێر دەستی داگیرکەران دایە، بەڵام هەستی کوردبوون بەهۆی ئەو زوڵمە زۆرەی داگیرکەرانیەوە تا ئاستێکی بەرچاو بەرزە، تەنانەت زۆربەی ئەو کوردانەشی کە بە هۆیەک لە هۆیەکان لە ڕیزی داگیرکەراندان، هەستی کوردبوونیان و خەسڵەتەکانی نەتەوەییان پاراستووە، بەڵام هۆشیاری نەتەوەییان نییە، یان هۆشیاری نەتەوەییان زۆر لاوازە. هەموو کوردێک شانازی بە زمان و داب و نەرێتی کوردـیەوە دەکات، شانازی بە مێژوو و هونەر و ئەدەبی نەتەوەکەیەوە دەکات، کە ئەمانە هەستی نەتەوەیین، بەڵام هەموو کوردێک ئەو هۆشیارییەی نییە کە چۆن پارێزگاری لە زمان و کولتوور و بەها گشتییەکانی نەتەوەکەی بکات؟
هۆشیاری نەتەوەیی کورد: واتە ئاشنابوون بە مافی نەتەوەیی، واتە خەباتکردن و تێکۆشان لەپێناو پاراستن و پێشخستنی زمان و کولتوور و هونەر و ئەدەبی کوردی و پێشخستن و بووژاندنەوەی زانست و ئابووری نەتەوەیی و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری کوردستان؛ واتە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ئاسایشی سیاسی، پاراستنی ئاسایشی ئاو و خۆراک. سەرەنجام پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، بە ئامانجی دەربازبوون لە ژێر دەستەیی و داگیرکاریی، ئەمە بەرزترین ئاستی هۆشیاری نەتەوەییە.
بەداخەوە ئەم هۆشیارییە نەک هەر لەلای تاکی کورد لە ئاستێکی نزمدایە، تەنانەت لەناو زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکانیشدا هێشتا تەواو نە خەمڵیوە، نموونەش زۆرە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە تاڵە. ئەم ناهۆشیاریەش هەمیشە خەبات و قوربانی گەلەکەمانی داوە بەئاودا و گەلی کوردستانی بە ژێردەستەیی و پەرتەوازەیی هێشتووەتەوە. ڕەنگە زۆر هۆکار هەبێت بۆ نەبوون یان لاوازی هۆشیاری لەناو کۆمەڵگە و حیزب و ڕێکخراوی کوردستانییدا، کە لێرەدا دەتوانین بە کورتی ئاماژە بە چەند خاڵێک بدەین:
یەکەم، کاریگەریی داگیرکەر: مێژوویەکی دوورودرێژە کوردستانیان خاوەنی دەسەڵات و دەوڵەتی خۆیان نین، زیاتر لەلایەن داگیرکەرانەوە حوکم کراون. داگیرکەرانیش بەپێی خواست و بەرژەوەندی خۆیان کوردستانییانیان بەکارهێناوە و ئاڕاستەیان کردوون، هەمیشە وایان خستووەتە مێشکیانەوە کە ئەوان لەو ئاستەدا نین حوکمداری خۆیان بکەن. بۆیە پێویستی بە هێزێکی گەورەتر لەخۆیەتی بیپارێزێ و حوکمی بکات، ئەمەش وای کردووە تا ئێستاش کورد خۆی بە نەتەوە و هێزێکی کەمتر لەوانی تر بزانێت، واتە تا ئاستێکی زۆر هەستی کەمایەسییان لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا چاندووە.
دووەم، کاریگەریی ئایین: چواردە سەدەی تەواوە کورد ئایینی ئیسلامی قبوڵ کردووە، ئیتر ئەم قبوڵکردنە بە زۆری شمشێر بووبێت یان کورد خۆی ئارەزوومەندانە وەری گرتبێت، لێرەدا ئەمە باسی ئێمە نییە، لەو ماوە دوورودرێژەدا ئیسلام بووە بە باوەڕمەندی زۆربەی کورد. لە هەمان کاتدا نەتەوە داگیرکەر و دراوسێکانی کوردیش (عەرەب، تورک، فارس) هەمان ئایینی ئیسلام پەیڕەو دەکەن، ئەم هاوئایینییە وای کردووە کە زۆر جار کورد وەک پارسەنگێکی هێز یان وەک هاوئایینییەک پشتگیری دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کردووە و دۆزە ڕەواکەی خۆی کردووە بە قوربانی هەستە ئایینییەکەی.
سێیەم، عەقڵی کوردی: عەقڵی کوردی خاوەنی ستراتیجییەکی ڕوونی نەتەوەیی نییە، عەقڵی کوردی هێشتا لەبازنەی خێڵگەرایی و ناوچەگەرایی دەربازی نەبووە، هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بخاتە سەرووی بەرژەوەندی خێڵ و بەرژەوەندی بنەماڵەوە. عەقڵی کوردی دەبێت بازنەکانی بنەماڵە و خێڵ و تەنانەت بازنەی حیزبیش ببڕێت و لە بازنەیەکی فراوانتردا کاربکات، کە بازنەی نەتەوە و بەرژەوەندی نەتەوەییە. ئەم عەقڵە (خێڵەکی-ناوچەییە) لەناو شۆڕش و حیزب و حوکمڕانی کوردیدا بەتەواوی ڕەنگی داوەتەوە. بۆیە هەر تاکێکی کورد لە دەرەوەی بنەماڵە یان لە دەرەوەی خێڵ و حیزبدا بێت، خۆی وەک کەسێکی نامۆ بە نەتەوەکەی دەبینێت، بەمەش نەک هەر هۆشیاریی نەتەوەیی گەشەناکات، تەنانەت هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانیشی نامێنێت یان تەواو لاواز دەبێت، کە ئەمە خواستێکی گەورەی داگیرکەرانە.
گەرچی زۆربەی حیزبەکانی کوردستان پاشگری کورد-کوردستانیان هەڵگرتووە، بەڵام لە چوارچێوەی ئەجندای کارکردنیاندا، کەمتر لە ئاستی بەرژەوەندی دۆزی ڕەوای نەتەوەکەیان دان، تەنانەت هەندێجار پێچەوانەی خواست و بەرژەوەندی نەتەوەیی کاردەکەن، ئەوکارانە هەستێکی هێندە خراپی لای تاکی کوردی دروست کردووە، وای دەبینێت کە ئەو حیزبە کوردییە لەبنەڕەتدا دەستنێژی داگیرکەران بێت بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی رێکخراوێک یان حیزبێکی نەتەوەیی خاوەن هەڵوێست. پاراستنی دەسەڵاتی بنەماڵە و ناوچەگەرێتی، کوردایەتی و کۆمەڵگەی کوردییان بەتەواوی پەرتەوازە کردووە، ئەرک و خەباتی کوردایەتی، کە پلەیەکی باڵای هۆشیاری نەتەوەییە قورسترکردووە.
لێرەوە دەبێت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆشنبیران و دەستەبژێری کورد لە ئاستێکی باڵاتر لە ئاستی بنەماڵە و حیزبەکان کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی نەتەوەیی کورد بکەن و نەکەونە ژێر کاریگەریی ململانێی خێڵەکی و ناوچەگەرێتی و حیزبایەتیەوە، وەک چۆن بیرمەندانی ڕێنیسانس توانیان وەهمی کڵێسا تێکبشکێنن، دەبێت ڕۆشنبیران و دەستەبژێری کورد وەهمی بنەماڵە و ناوچەگەرێتی و مەزهەبگەرایی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا لەگۆڕ بنێن و بیر و هزری کوردایەتی ببەنە ئاستێکی باڵا، کار بۆ پاراستن و پاک ڕاگرتنی ڕەمزە نەتەوەییەکان و خەبات و تێکۆشانی مێژوویی نەتەوەیەکەیان بکەن، دەبێت هەموو ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاو بێت، کە بنەماکانی بوونی نەتەوەی کورد، لە ڕووی مێژوویی و جواگرافیا و کولتوور و خاکەوە، لە زۆر نەتەوەی خاوەن دەوڵەت لەپێشتر و پتەوترە.