محەمەد ڕەحمان ئەحمەد
نەتەوەی داگیرکراو/ژێردەستە ئەوەندە سوكایەتی پێكراوە لەلایەن نەتەوەی داگیرکەر/باڵادەست، بە تێپەڕبوونی كات سووكبوونی خۆیان لە نەستیاندا جێگیربووە. بۆیە لەناو خۆیاندا هەموویان سوكایەتی بە یەكتر دەكەن، لەگەڵ یەك ناكۆكن، پێك نایەن، كەللـەڕەقن، خۆیان بەرامبەر یەک پێ گەورەیە، كەسیان سازش بۆ ئەویتر نەكات چونکە سازشکردن بە شانکورتی و شکۆشکان دەبینن، بەڵام بەرامبەر بێگانە هەمیشە ئامادەی سازشن، شەیدای ڕێككەوتن و ئاشتین. چونکە لەبنەڕەتدا خۆیان بە بچووکتر دەبینن بەرامبەر بێگانە.
ئاشتیخوازی كورد بەرامبەر داگیركارەكانی لە هەستی خۆبەكەمزانینەوە دێت، جۆرێكە لە نەخۆشی سیندرۆمی ستۆكهۆڵم . لە نەخۆشی سیندرۆمی ستۆکهۆڵم دا، ئەو کۆمەڵە خەڵکەی کە لەلایەن باندێکی بانکبڕەوە دەستبەسەرکراون، دوای ئازادکردنیان سۆز و خۆشەویستیان بۆ چەتە و بانکبڕەکان پەیدا دەبێت، چونکە دەڵێن ئێمەیان نە کوشت و لەگەڵمان باش بوون! وەک ئەوەی ئەو چەتە و بانکبڕانە مافی کوشتنی ئەوانیان هەبووبێت و چاکەیان لەگەڵدا کردبن! بەو مانایەی ئازادبوونیان بە چاکەی چەتەکان لێک دەدەنەوە وەک ئەوەی خۆیان مافی ئازادبوونیان نەبووبێت!
نەتەوەی داگیرکراو کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر ژێردەستەی نەتەوەی داگیرکەر دەبێت، هەمان هەستی نەخۆشی سیندرۆمی ستۆکهۆڵمی بۆ دروست دەبێت. بە پێدانی مافێکی کولتووری کەم، ئاوڕلێدانەوەیەک، دەستپێشخەرییەکی ئاشتی، شاگەشکە و مەمنوون دەبێت، وەک ئەوەی نەتەوەی باڵادەست و داگیرکەر چاکەی لەگەڵدا کردبن، زۆر چێژ لە بەزەیی پێداهاتنەوەی داگیرکەر دەبینن.
كورد بەبێ ئەوەی هەست بەخۆی بکات، عاشقی جەلادەكانی خۆی بووە، هەمیشە خولیای هەیە كە داگیركەرەكەی دانی پێ دابنێ و ئاشتی لەگەڵ بەرپا بكات. كێشەكەش ئەوەیە، كورد لە ڕوانگەی خۆیەوە سەیری خۆی و داگیركەرەكانی دەكات، نەك لە ڕوانگەی داگیركەرەكانی سەیری خۆی بكات.
كورد خۆی شاگەشگەی ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانە لەگەڵ تورك و عەرەب و فارس، وا دەزانێ ئەوانیش وان. تۆی كورد بۆ ئەوەی باسی ئاشتی و پێكەوەژیان بكەی، دەبێ سەرەتا بزانی تۆ چیت لە ڕوانگەی ئەوان، ئەوان چۆن سەیرت دەكەن. تۆ مرۆڤێكی نەزان و كێوی و خێڵەكیت لە چاوی ئەوان؛ تۆ نزمی و دەبێت هەر ژێر دەستەی ئەوان بیت؛ دەبێ بە چەند مافێكی كولتووری مەمنوون و شاگەشكە بیت، ئەگەرنا قەبوڵکراو نیت.
ئەو خۆبەكەمزانین و شەیدای ڕێككەوتن و دانپێدانانەی كورد بەرامبەر بێگانە، وای كردووە هەمیشە دەرفەتە مێژووییەكانی لە دەست دەربچێت، چونکە ئەو کولتوورە باڵایەی نەبووە، کە خەونی گەورەی هەبێت و بۆی تێ بکۆشێت.
بۆیە دەبینین، كاتێك دەوڵەتی عەباسی لاوازبوو، كۆمەڵێك میرنشینی كوردی سەریان هەڵدا، وەك مەروانی و دۆستەكی و شەدادی و حوسنەوی. ئەمانە بەو كەمە دەسەڵاتەی خۆیان ڕازیبوون، هەر یەك بەجیا فەرمانڕەوایی ناوچەیەكیان دەكرد، بیریان لە یەكگرتن و دروستكردنی دەوڵەت و فراوانخوازی نەكردەوە.
پاشان سەلجوقییە-توركەكان هاتن ئەو میرنشینانەیان خستە ژێر فەرمانڕەوایی خۆیان بەرامبەر سەربەخۆییەكی ڕەمزی، كوردی نزمەفڕیش ڕازی بوو. كاتێكیش سەلجوقییەكان بەتەواوی شوێن پێی خۆیان قایم كرد سیستەمی مەركەزیەتیان جێبەجێ كرد، هەرچی میرنشینی كوردی هەبوو هەڵیانوەشاندەوە.
ئەمە دیسان دووبارە بوویەوە، عوسمانییەكان كە هاتن زۆربەی میرنشینە كوردەكان بوونە ژێر دەستەی، بەرامبەر كەمێك سەربەخۆیی ناوخۆیی، خزمەتی دەوڵەتی عوسمانییان دەكرد. دواتر عوسمانییەكانیش سیستەمی مەركەزیان پەیڕەو كرد، یەك بە یەك میرنشینە كوردەكانییان لەناوبرد.
دوای جەنگی یەکەمی جیهانیی جارێكی تر كورد بەناوی برایەتی كورد و تورك و هاودینی و برای موسڵمان، چوونە نێو دەوڵەتی تورك، پاشان كەمال ئەتاتورك یەك بە یەك لەناوی بردن و زمان و كوردبوونیانیشی قەدەغە كرد.
ئێستاش هەر كوردە باسی ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیان دەكات، كورد بەڕاستی باوەڕی بە پێكەوەژیان و ئاشتی هەیە لەگەڵ داگیركەر، زۆریش شاگەشكەیە، چونكە هەڵگری كولتووری ژێردەستەیی و خۆبەكەمزانینە، عاشقی جەلادەكەیەتی.
هەركاتێك ئاغا بە ڕووێكی خۆشەوە قسەی لەگەڵ كۆیلەكەی كرد و باسی ئاشتی و پێكەوەژیانی كرد، ئەوا بزانە فێڵێكی لەژێر سەرە و ئیشی پێیەتی، ئەگەر ئاغا بەڕاستی باوەڕی بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە هەیە لەگەڵ كۆیلەكەی، دەبێت ئازادی بكات. ئاغا ژیان و بوون و هەموو مافێكی كۆیلەی بە یەك مەرج دەوێ، ئەویش مەرجی ژێردەستەییە، ئەو مەرجەش هەموو مافێكی كۆیلە دەكاتەوە بە سفر.
ئەمە بۆ پەیوەندی كورد لەگەڵ دەوڵەتانی داگیركەر ڕاستە. داگیركەر مادام باوەڕی بە سەربەخۆیی تۆ نییە، كەواتە باوەڕی بە هیچ مافێكی تۆ نییە، ژێردەستە نابێت باوەڕ بە هیچ مافێک بکات لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی داگیرکەر، چونکە تۆ لەچاوی ئەودا نزمی، نزمەكانیش دەبێت ژێردەستە و خزمەتكاری باڵاكان بن. هیچ مافێك نییە لەژێر سایەی دەوڵەتی داگیركەر.
ژێردەستە شەرمنە، غەمگینە، دەترسێ و شەرم دەكات وەک داگیرکەری باڵادەست داوای مافی دەوڵەت و خۆی هاوتای ئەو ببینێت، هەمیشە كەمتر داوا دەكات. بەشەرمەوە داوای نیمچە سەربەخۆییەك دەكات لەژێر سایەی دەوڵەتی داگیركەر ئەویش نازانێ چ ناوێكی لێ بنێت تا دڵی داگیركەر نەڕەنجێ و ڕازی بێت. لێشی دەپاڕێتەوە و دەڵێت، هیچ زیانێكی بۆ ئێوە نییە.
پێنج سەد ساڵە تورك كورد دەكوژێ و داگیری دەكات، كەچی لەجیاتی ئەوەی كورد بڵێت دەوڵەتی تورك مەترسییە بۆ ئاسایشی نەتەوەییم، كەچی هێشتا تورك دەڵێ كوردەكان مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییمان. هێشتا ئێمە کورد دەپاڕێتەوە و دەڵێت ئێمە مەترسی نین بۆ ئێوە! سەیركەن چ جیاوازییەك هەیە لەنێوان كولتووری خۆبەکەمبینی و شەرمنی نەتەوەی ژێردەست و کولتووری چاوقایمی نەتەوەی باڵادەست.



