ڕێبین عەبدولرەحمان فەتاح
دیکتاتۆرەکان، گەرچی ماوەیەکى زۆریش لەسەر کورسی دەسەڵات بمێننەوە، بەڵام هەمیشە حوکومڕانییەکى لەرزۆکیان هەیە. لەبەرئەوەى حوکمکردن بە ئاگر و ئاسن، دەرئەنجامەکەى ڕووخانە، جا بە هەر شێوە و جۆرێک بێت، وەکوو هۆکارى ناوخۆیی یان نێودەوڵەتى، کە ڕۆڵى هەیە لە لاواز کردن وبێهێز کردنی ئەم جۆرە حوکمە لەناوخۆدا، بەتایبەتى بەهۆکارى جەنگى ئابوورى و دەروونى و تەکنەلۆجی. لەسەر ئەم بنەمایە، زیاتر لە نیو سەدەى حوکمکردنى لە وڵاتێکى وەکو سووریاـدا، بنەماڵەى ئەسەد، تواناى خۆڕاگرتنى ماوەیەکى کەمى بەرگرى کردنى نەبوو، گەر هێزە نێودەوڵەتییەکان، وەکوو ڕووسیا و ئێران و حیزبوڵا نەبوونایە.
کەواتە هێز وهاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت، بنەما بن بۆ مانەوەى دیکتاتۆرێک و هەروەها ڕووخاندنیشی، سیستەمێک وەکوو سووریا کە لە ساڵى ٢٠١١ کەوتۆتە ژێر سزاو گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانەوە، بەتایبەت لەڕووى سیاسی و ئابوورى و دیبلۆماسی، هەم ناوچەیی هەم نێودەوڵەتیی، بۆیە حوکمڕانییە ناوخۆکەى سووریا هەڵوەشایە.
زلهێزەکان هەمیشە لەسەر بنەمای بەرژەوەندى مامەڵە لەگەڵ واقع و ڕووداوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن. بەهارى عەرەبی کە بەشێکى وڵاتانى عەرەبی گرتەوە، کرانەوەى دەرگایەک بوو لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ زلهێزێکى وەکوو ڕووسیا بۆ هاتنە ناوەوە و هەوڵدان بۆ گێڕانى ڕۆڵ وەکوو ئەکتەرێکى نێودەوڵەتى. بۆیە ڕووسیا بە فڕۆکەی جەنگی و موشەکی جۆراو جۆرەوە لە پشتگیرى ڕژێمى سووریا درێخی نەکرد. هەروەها زلھێزێکی ناوچەیی وەکو ئێرانـیش، بە ناردنی ھەزاران پسپۆڕ و کۆمەکو هاوکارى ماددى و هەواڵگیریى لە پشت ئەو ڕژێمەوە بوو. بۆیە خستنەڕووى ستراتیج و سیاسەتى هەریەکە لە ئەمریکا و ڕووسیا و ئێران و تورکیا و ئیسرائیل گرنگن بەقەد ئەوەى کە دەکرێت ئەم دەوڵەتانە ڕۆڵ و پێگەیان هەبێت لە داهاتووى ئارامى یان پێشووى ناوچەى ڕۆژهەڵاتىناوەراستدا.
ئەمریکا زلهێزێکى نێودەوڵەتى خاوەن هەژموون و پێگەیە لەسەر ئاستى جیهان و هەرێمى و ناوچەیش، بۆیە ڕووداو و پێشهاتەکان بۆ ئەم هێزە گرنگن بەتایبەت لە سووریاـدا. بۆیە هەر لە سەرەتای ڕووداوەکانى بەهارى عەرەبیـیەوە لە ٢٠١١دا ئیدی ناڕەزایەتییەکانی سووریا، کە لایەنگری دیموکراسی بوون، پێشوازییان لێکرا. باراک ئۆباما سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا پشتگیری لە دژایەتیکردنی دەسەڵاتی ئەسەد کرد. ئەمریکا پاڵپشتی سەربازی پێشکەش بەو گرووپانە کرد کە بە گرووپە یاخیبووەکانی میانڕەوی دەزانی و دەستوەردانی سەربازی کرد بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە 2014. بۆیە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ ئەمریکا هەمیشە جێگەى بایەخ بووە.
لە کۆتایی 2015ەوە، بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی شەڕی داعش، ئەمریکا نزیکەی 2000 سەربازیان لە سووریا هەبوو. لە کۆتایی 2019 ژمارەی هێزەکان کەمبووەوە بۆ نزیکەی 900 ئەندام، کە لە ٢٠ بنکەدا جێگیرببوون، کە دیارترینیان “بنکەی کۆبانی، گرێ سپی، ڕمیلان، عەین عیسا و مەبرووکە و ئەلتەنەف بوون. ئەلتەنەف بنکەی سەرەکی ئەمریکاـیە لە سووریا کە سیستەمی مووشەکی تێدایە. بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، کە لە مانگی یەکدا دەستبەکار دەبێت، ڕایگەیاند، سووریا “گێژاوێکە” کە پێویستە ئەمریکا لێی دوور بکەوێتەوە. کاتێک ترەمپ لە ٢٠١٩ سەرۆکی ئەمریکا بوو، فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە سووریا دەرکرد، هەنگاوێک کە بەرپرسەکانی وردە وردە گێڕایانەوە بۆ دواوە.
لە ئێستا بە وردى چاودێرى بارودۆخى سووریا دەکات، ڕەنگە ئەمریکا نایەوێت دەستێوەردانى ڕاستەوخۆ بکات لە کاروبارەکانى ئەم وڵاتەدا، بەڵام دەیەوێت ئاگادارى سیاسەتى هەر دوو دەوڵەتى تورکیا و ئیسرائیل بێت، نەوەک بە نەمانى ئەسەد کێشە بۆ سیاسەت و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لەم وڵاتەدا دروست بکەن، بەتایبەتى تورکیا. هەروەها شیکارکردنى ویست و سیاسیەتى ئەمریکا لە ئێستادا بەو ئاراستەیەدا بکرێت، کە ئەمریکا بیەوێت لەگەڵ زۆرینەى هێزەکانى ناو سووریا پەیوەندیى هەبێت، گەر بۆى بگونجێت، بەدەر لە پشتیوانى کردنى هێزە کوردییەکانى ڕۆژاڤای کوردستان، بەتایبەت هێزەکانى هەدەسە. بەڵام لەگەڵ گرنگى سووریا بۆ سیاسەت و ستراتیجی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتى ناوەراستدا، هۆکارەکانى دەستێوەرنەدانى ڕاستەوخۆی ئەمریکا لەم کاتەدا دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە:
یەکەم، لەڕووى ئابوورییەوە، ڕەنگە سووریا وەکوو دەوڵەت جێگەى گرنگى پێدانى ئەمریکا نەبێت، بەتایبەتى بەهۆى نەبوونى یەدەگى نەوت و سامانە سروشتییەکان لەو وڵاتەدا.
دووەم، لەڕووى سیاسیەوە، ئەمریکا متمانەى بە هێزە سیاسییەکانى سووریا نییە، بەتایبەت هەیئەى تەحریری شام، کە لە ڕابردوودا بیر و تێڕوانییان لە گرووپە تیرۆستییەکانەوە نزیک بووە.
سێیەم، نەبوونى متمانە بە هێزێک کە بتوانێت لە دواى ئەسەد جێگەى بگرێتەوە، بەتایبەتى کە سووریا وەک دڵى گرووپە جیهادى و تیرۆرستییەکان ناوبراوە، بەتایبەتى لە دواى ڕووداوەکانى بەهارى عەرەبیـیەوە.
چوارەم، وەکوو لایەنى مێژوویى ئەم وڵاتە زیاتر لە سیاسەتىڕووسیا و ئێرانـەوە نزیک بووە، بەتایبەتى لەم ساڵانەی دوایی کە ئێران و ڕووسیا هەژموونی تەواویان لە سووریاـدا هەبووە. ئەمەش بۆ ئەمریکا مایەیی ڕەتکردنەوە یان قبووڵ کردن نییە.
پێنجەم، ئیدارەى داهاتووى ئەمریکا، کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکایەتى دەکات، سەرکردەییەکى پراگماتیکە، سیاسەت لەسەر بنەماى سوود و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا پیادە دەکات، یان ئەگەرى نزیک هەیە بەوەى کە ئەم سیاسەتە جێ بەجێ بکات لەداهاتوودا. ترامپ لەدوا تویتیدا ئاماژەى بۆ ئەوە کردووە کە سووریا “سوریا لە گێژاودایە، بەڵام دۆستی ئێمە نییە و ئەمریکا نابێت هیچ پەیوەندییەکی پێوە هەبێت. ئەمە شەڕی ئێمە نییە، با بۆ خۆی بەردەوام بێت”
شەشەم، چاودێرى کردن و هەڵسەنگاندن، بۆ دۆخى سیاسى سووریا، ئەمە بۆ ئێستاى سیاسەتى ئەمریکا نزیکترین ناونیشانە، بەتایبەت چاودێرى کردنى جووڵەکان و سیاسەتەکانى هەیئەى تەحریرى شام.
حەفتەم، بەخوێندنەوەى ڕەفتاری سیاسى دۆناڵد ترامپ، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەمریکا نایەوێت ئەرک و قوڕسایی دارایی دووبارە-بونیادنانەوەى سووریا لە ئەستۆ بگرێت، وەکوو عێراق، نایەوێت ئەو ئەزموونە دووبارە بکاتەوە.
هەشتەم، دەکرێت بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە داهاتووى سووریاـدا لەڕێگەى تورکیاـوە بەدى بێت، بەتایبەت گەر ئەمریکا بتوانێت لەگەڵ تورکیا بگاتە جۆرێک لە لێک تێگەیشتن، گەر ئەمە لەسەر حیسابی هێزە کوردییەکانى ڕۆژاڤای کوردستان نەبێت و ئەوان نەبن بەقوربانى.
بۆ ئەمریکا، دەکرێت کەوتنى ئەسەد، سەرەتاییەک بێت بۆ دروست کردنى فشارى زیاتر لەسەر ئێران، چونکە نەمانى حوکمەتێکى موالى سووریا بۆ ئێران، واتا کەم بوونەوەى هێز و هەژموونی لەسەر واقعى سیاسى سووریادا، بەتایبەت کە سووریا چی دیکە وەك پردی پەیوەندی و گەیەنەری نێوان تاران و بەیروت نامێنێتەوە.



