نووسەر: موحەممەد بوودەهان
وەرگێڕان: حیسامەدین (هیوا) خاکپوور
مەترسیدارترین هەڕەشە لەسەر نەتەوەیەک کە لەبەر نەبوونی دەوڵەت خاوەنی نووسین (نەک ئەلفوبێ) نییە، ئەوەیە کە کەرامەتی بەکۆمەڵیان لە دەست دەدەن. ئەو کەرامەتەیان بە شوناسی دەستەجەمعییانەوە بەندە کە لە خاک و نیشتیمانیانەوە وەرگیراوە. سەرەتای لەدەستدانی کەرامەتی بەکۆمەڵ لە وەرگرتنی زمانی ئەوانی دیکەدا وەدەر دەکەوێت. ئەم وەرگرتنە نەک ئەو کاتە کە ڕەنگە زمانەکە زمانی ئایین و نووسین و کولتوور و زانست و شارستانییەت بێت کە شتێکی زۆر سروشتی و باوە، بەڵکوو ئەو کاتە دەبێتە مەترسی و هەڕەشە کە پاڵنەر و هاندەری وەرگرتنەکە خواستی گۆڕینی ڕەگەز و نەتەوە و ناسنامە بێت بۆ ڕەگەزی ئەو کەسە بیانیانەی کە خاوەنی ئەو زمانە بیانییەن. وەک ئەوەی بەسەر مەغریبییەکاندا هاتووە کە پێیان وایە عەرەبن، تەنها لەبەر ئەوەی بە عەرەبیی دارجە قسە دەکەن کە باوباپیرانی ئەمازیغیی خۆیان، نەک عەرەبەکان، دروستیان کردووە بۆ ئەوەی خۆیان قەناعەت پێ بکەن کە لە ڕاستیدا ئەوان عەرەبن و بە ئەمازیغی نەماونەتەوە (بڕوانە: http://tawiza.byethost10.com/livre1.pdf).
وەک لە بابەتی پێشووتردا ئاماژەی پێکرا، نەبوونی سوپایەکی سەربازی – بە هۆی نەبوونی دەوڵەتەوە – کە لە دەستدرێژیی دەرەکیی شیمانەکراو بتپارێزێت، ئەوا ئەمازیغییەکانی بە ئاسانی بەرەوڕووی لەشکرکێشی و داگیرکاریی نەتەوە خاوەن دەوڵەت و سوپاکان کردووەتەوە. ئەمەش داگیرکاریی ناسنامە و زمان لە ئەنجامی نەبوونی دەوڵەت و نووسیندا مەترسیدارتر کردووە لە داگیرکردنی خاک و وڵات. دەوڵەت کاتێک هەیە و پێلەجێیە- گرنگ نییە چەندە سەرەتایی یان گۆڕانخواز، پێشکەوتوو یان دواکەوتوو، ئایینی یان عەلمانی، دیموکراتیک یان پاوانخوازە – پارێزگارییەک بۆ ناسنامە پێک دەهێنێت، چونکە ئەو کیانەیە کە ناسنامەکە یەک دەخات و دەینوێنێتەوە. بەتایبەتی لە کاتێکدا کە “ناسنامەی نیشتیمانیی” (citizenship) هێشتا وەکوو پێوەندارێتیی تاکەکەسی بە دەوڵەتێکی نەتەوەیی/نیشتیمانیی بوونی نەبوو، چونکە یەکەم پێوەندارێتی (ئینتیما)، پێوەندارێتیی بەکۆمەڵە بە دەوڵەتەوە. چونکە ئەم دەوڵەتە ئەو نیشتیمان و نەتەوەیە بەرجەستە دەکات کە لەسەری بنیات نراوە و ناسنامەی بەکۆمەڵی خەڵکی ئەو دەوڵەتە لێیەوە سەر هەڵ دەدات. بەبێ دەوڵەت، هیچ پاراستنێک بۆ نیشتیمان یان نەتەوە لە ئارادا نییە، ئەمە وا دەکات ناسنامەیش بێپارێزەر بمێنێتەوە. ئەگەر پاراستن بۆ شوناسی دەستەجەمعی لە ئارادا نەبێت، هیچ پارێزگارییەک بۆ کەرامەتی بەکۆمەڵ بوونی نابێت کە پابەندبوون بەو شوناسە بەکۆمەڵە و شانازیی پێوەندارێتی بەو ناسنامەیەوە تەعبیری لێ دەکات. نەتەوەیەک کە واز لە ناسنامەکەی دەهێنێت، لە ڕاستیدا واز لە کەرامەتی بەکۆمەڵی خۆی دەهێنێت، چونکە وەک کەسێک دەچێت کە نازانێت لە کێ لەدایک بووە. بۆیە وەک مەغریبییەکان کە پێیان وایە عەرەبن، دەگەڕێت بۆ نەتەوەیەکی بێگانە بۆ ئەوەی خۆنوێنی بکات و پێوەندارێتی لەگەڵ بێگانەکاندا پێک بهێنێت. ئەمەیش بۆ ئەوەیە کە هەمیشە وەک ناسنامەیەکی پاشکۆ و وابەستە بەم گەلە بیانییە بمێننەوە و لە ئاستی پێوەندارێتیی ناسنامەییەوە هەموو سەروەری و سەربەخۆیی خۆیان لەدەست بدەن.
لە ئەنجامدا ئەمە بە مانای لەدەستدانی کەرامەتی دەستەجەمعییە کە سەروەری و سەربەخۆیی هێمایە بۆی. دەبینین کە ئەو زنجیرە هۆکارگەرییانە بوونە هۆی ئەوەی بەشێک لە ئەمازیغییەکان کەرامەتی بەکۆمەڵیان کە ناسنامەی ئەمازیغی نوێنەرایەتی دەکرد، لە دەست بدەن. ئەمە لە کاتێکدا ڕووی دا کە نکۆڵییان لە ناسنامەی سەرەکی و سروشتیی خۆیان کرد و ناسنامەی پووچەڵ و درۆیینەی عەرەبییان پەسەند کرد. ئەمە لە نەبوونی دەوڵەتی ئەمازیغی-دا ڕووی داوە کە بووە هۆی نەبوونی نووسین، چونکە لە سەردەمی سیستەمی خێڵەکیدا پێویستییەک بە نووسین نەبوو، کە دواجاریش بووە هۆی لەدەستدانی ناسنامەی ئەمازیغ و وەرگرتنی ناسنامەیەکی بێگانە.
دەوڵەتی ئەمازیغی دەگۆڕێت بۆ دەوڵەتی عەرەبی
لە ئەنجامی زنجیرە هۆکارەکانی لەدەستدانی ناسنامەدا، خراپترین شت کە دەتوانێت بەسەر نەتەوەیەکدا بێت، ئەوەیە کە لە دەرەوەی “ئەسڵ و نەسەبی شەریف”ی ڕاستەقینەی سەرەکیی خۆیدا بەدوای “ئەسڵ و نەسەبێکی شەریف”ی دیکەدا بگەڕێت، کە درۆیینە و پووچەڵ و خورافەیە، وەک ئەوەی بەسەر ئەمازیغەکان-دا هات و لە مەغریب-دا بانگەشەی خورافەی “نەسەبی شەریف”یان دەکرد کە شەرەفی پێوەندارێتیی ئەمازیغیی خۆیان بە درۆی پێوەندارێتییان بە نەسەبێکی خورافی و وەهمی فرۆشت. خراپتر لەوەیش ئەوە بوو کە هەروەک باس کرا، بە هۆی نەبوونی دەوڵەت و نەبوونی نووسینەوە ئەمازیغییەکان کە پێوەندارێتییان بە نەتەوەیەکی بێگانە و زمانەکەیانەوە ساز دا و زمانی ئەوانیان دەکار کرد، کاتێک دەوڵەتەکەیان دامەزراند، کە پڕڕوونە دەوڵەتێکی ئەمازیغییە، ئەوەیشیان بەستەوە بە نەتەوە بێگانەکەوە، واتە بە عەرەب-ـەوە کە بە زمانی ئەوان دەیاننووسی. بەم شێوەیە دەوڵەتی مەغریب بوو بە دەوڵەتێکی عەرەبی و بوو بە بەشێک لەو نیشتیمانە خورافییەی کە پێی دەگوترا نیشتیمانی عەرەبی. کەواتە، وەهمی “نەسەبی شەریف” کە لە بنەڕەتدا وەهمێکی تاکەکەسی بوو، گۆڕا بۆ وەهمێکی بەکۆمەڵ کە دەوڵەتێکی وەهمی نوێنەرایەتی و پارێزگاریی لێ دەکات. بەڵام ئەم دۆخە وەهمییە واقیعێکی ڕاستەقینەی بەرهەم هێنا، ئەویش پەراوێزخستن و بێڕێزیکردنە بە زمانی ئەمازیغ لە لایەن خەڵکەکە خۆیەوە کە بۆ خزمەتی زمان و ناسنامەی بێگانە لێی هەڵگەڕانەوە و تووڕیان هەڵدا.
ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەمازیغەکان وەک ئیدریسییەکان و مورابتین و موەحیدییەکان و مارینییەکان و عەلەوییەکان، توانییان دەوڵەتێک لە سەردەمی ئیسلامی-دا دابمەزرێنن، بەڵام بەو شێوەی چاوەڕوان دەکرا نەیانتوانی بۆ بەهێزکردنی ناسنامەی ئەمازیغیی خۆیان و گواستنەوەی زمانی خۆیان لە بەکارهێنانی زارەکییەوە تا ئاستی بەکارهێنانی نووسین و سەرخستنی وەک زمانی دەسەڵات و دەوڵەت، وەک چۆن فارسەکان ئەو کارەیان کرد، بەکاری بهێنن. بە پێچەوانەوە، ئەمازیغەکان بۆ بەرزکردنەوە و بەهێزکردنی زمانی بیانی بەکاریان دەهێنا. ئەمەش وای لێ کردن مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی ئەمازیغی-دا بکەن وەک ئەوەی دەوڵەتێکی عەرەبی بێت، بەهۆی ئەوەی زمانی عەرەبییان وەک زمانی نووسین و تۆمار وەرگرتبوو. ئەمازیغییەکان نەک هەر نەیانتوانی وەک فارس و تورک بکەن بەڵکوو وەکوو زۆرێک لەو نەتەوانەش، بۆ میناک مەکزیک و سەنیگاڵ و باشووری ئەفریقیا، نەبوون کە ئەگەرچی لەباتی زمانی خۆجێیی خۆیان زمانی بێگانەیان بۆ نووسین دەکار دەکرد، بەڵام دەوڵەتێکیان هەبووە کە سەرەڕای ئەوەی زمانی بێگانەیان وەک زمانی فەرمی پەسەند کردبوو. لە هەمان کاتدا ئەو دەوڵەتەیان بۆ بەهێزکردنی ناسنامە و شانازی کردن و پشتیوانی لەو ناسنامەیە وەکوو ناسنامەیەکی خۆسەر و سەربەخۆ لە ناسنامەی نەتەوە بێگانەکان بەکار دەهێنا. ئەو زمانە بێگانەیەی کە بە هۆکاری مێژوویی و سیاسی و فەرهەنگی و دینی وەکوو زمانی فەرمیی دەوڵەت لە نووسین و بڵاو کردنەوەدا ئیشی پێ دەکرا.
کەواتە، ئەوەی لە مێژووی ئەمازیغییەکان هەڵدەهێنجێنرێت ئەوەیە کە ئەمازیغييەکان نەیانتوانیوە دەوڵەتێکی خاوەن بەردەوامیی مێژوویی ساز بکەن کە خزمەتێک بە ناسنامە و زمانی ئەمازیغ بکات. هەر بۆیە دەبینین کە هەر هەموو دەوڵەتە ئەمازیغییەکان کە لە پاش شەڕی “ئەشراف” لە ساڵی 740ی زایینییەوە یەک لەدوای یەک حوکمڕانیی باکووری ئەفریقیا دەکەن و کۆتاییان بە ئامادەیی سیاسی و سەربازی (نەک ئامادەیی ئایینی و زمانی)ی عەرەب لە نیشتیمانی ئەمازیغ-دا هێناوە، هەروەک ئاماژەمان پێ داوە، هیچ هەوڵێکیان بۆ گەشەونەشەی زمانی ئەمازیغی و بەکارهێنانی نووسینی ئەو زمانە نەداوە. بەڵکوو ئەم دەوڵەتانە دەسەڵاتەکانیان بەکار هێنا بۆ پەراوێزخستنی زمانی ئەمازیغیی خۆیان و لاوازکردنی پێوەندارێتیی ئەمازیغییەکەیان بە هۆی بەکارهێنانی زمانی عەرەبی-یەوە و لە کۆتاییدا ناسنامەی عەرەبیی ساختەیان وەک گۆڕینی ڕەگەزی و نەتەوەیی و ناسنامەیی وەرگرت، بە شێوەیەک کە شتی وا لە مێژوودا ناوازەیە.
بزووتنەوەی ئەمازیغی هەر ئەو هەڵانەی پێشوو دووپات دەکاتەوە
نەبوونی دەوڵەتێک کە بەردەوامیی مێژوویی هەبێت، بە درێژایی مێژووی دوورودرێژی ئەمازیغييەکان، چارەنووسێکی بۆ ئەم نەتەوەیە دروست کردووە کە بە بەردەوامی لەگەڵیان بووە. وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، نەبوونی دەوڵەت هەمان ئەو هۆکارەیە کە بووەتە هۆی نەبوونی تەقریبەن هەموو شتێک. بەتایبەتی، وەک ڕوونمان کردەوە، نەبوونی نووسین کە مەرجێکە بۆ پێشکەوتنی شارستانییەت و کلیلی چوونە ناو مێژوو و دابینکردنی چێگەوپێگەیەکە بۆ نەتەوە لە مێژوودا. ئەمەش وای کردووە لە پەراوێزی ئەم مێژووەدا وەک بابەتێکی نەرێنی نەک وەک بابەتێکی ئەرێنی بمێننەوە. وەک پێشتر ڕوونمان کردەوە، ئەوان بە سیستەمی خێڵەکیی خۆیان ڕازی بوون و گەشەیان نەکرد بۆ سیستەمی دەوڵەتی. کاتێک گەشەسەندنی مێژوویی بووە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتێکی لەو جۆرە، ئەوان وەک دەوڵەتێک مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد کە ناسنامەیەکی نا-ئەمازیغیی هەبێت.
لێرەوە کاتێک کە بزووتنەوەی ئەمازیغی لە پرسی دەوڵەتی ئەمازیغ بێدەنگە وەک ئەوەی شتێکی بێبایەخ بێت، هەمان هەڵەی ئەمازیغەکانی پێشوو دووبارە دەکاتەوە کە بە درێژایی مێژوو بەبێ دەوڵەتێکی ئەمازیغ کە خاوەنی بەردەوامیی مێژوویی بێت، ژیاون و خۆیان بە “دەوڵەتی بانگەوازچی” (دولة البراح) ڕازی دەکرد کە پێویستی بە نووسین نییە. هەروەک پێشتر باسمان کرد، ئەمە پەیوەستە بە بوونی دەوڵەتەوە بۆ کەڵەکەبوونی فیکری و شارستانی و کولتووری. ئەگەر لە پرسی دانەمەزراندنی دەوڵەتێک کە بەردەوامیی مێژوویی هەبێت بتوانین بە گەڕانەوە بۆ سروشت و ئاستی هۆشیاری پاساو بۆ باوباپیرانمان بهێنینەوە، ئەوا ئەمڕۆکە ناتوانین بە هەمان ئارگۆمێنت پاساو بۆ خەباتگێڕانی بزووتنەوەی ئەمازیغ بهێنینەوە کە پرسی دەوڵەتی ئەمازیغ لە بزووتنەوەکەیاندا پشتگوێ دەخەن و ئێستایشی لەگەڵدا بێت وەکوو باوباپیرانمان لە پرسی دەوڵەت نزیک دەبنەوە. باوباپیرانمان پاش دامەزراندنی دەوڵەت مامەڵەیان لەگەڵ دەوڵەتدا وەک دەوڵەتی بێگانە بووە و زمانی ئەوانیان بەکار هێناوە. هەڵوێستێکی ناتەبا و جێگەی سەرسووڕمانە نەتەوەیەک کە دەوڵەتی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ ناسنامەیەکی نامۆ بە ناسنامەی خۆی و بەم شێوەیە خۆی بکاتە “بێگانەیەک” لەناو ئەو دەوڵەتەدا.
ئەمەیە کە ئێمەی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی ئەمازیغ هەمان ڕێڕەوی پێشوو دووبارە دەکەینەوە، کاتێک کە دەوڵەتی مەغریب بە دەوڵەتێکی عەرەبی دەزانین – تەنانەت بەبێ ئەوەی مەرجێکی دەستوورییش هەبێت کە داکۆکی لەسەر ئەمە بکات، بە پێچەوانەی دەستوورەکانی پێش دەستووری ٢٠١١ – داوایش دەکەین وەک ئەمازیغێک کە ناسنامەکەمان جیاوازە لە ناسنامەی “عەرەبی”ی ئەم دەوڵەتە، دان بە مافەکانماندا بنرێت. تەنانەت بۆ ئەم دەوڵەتە کە ناسنامەیەکی جیا لە ناسنامەی ئێمەی هەیە، داکۆکی لەسەر خورافەی ئافراندنی “نەتەوەی ڕەسەن” دەکەین و بەم شێوەیە دەیسەلمێنین کە:
یەکەم، لە مەبەستی ڕاستەقینەی “نەتەوەی ڕەسەن” وەک لە لایەن ئەنجوومەنی کۆمەڵایەتی و ئابووریی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێناسە کراوە، تێنەگەیشتووین (بڕوانە: لماذا لا يجوز تصنيف الأمازيغيين ضمن الشعوب “الأصلية”؟ لە کتێبی “في الأمازيغية والنزعة الأمازيغوفوبية”).
دووەم، ئێمەیش دەمانەوێت ئەوەی بەسەر نەتەوە ڕەسەنەکانی وەک ئەسکیمۆکان و سوورپێستەکان و دانیشتووانی یەکەمی ئوسترالیا-دا هات، بە کردەیی بەسەر ئێمەیشدا جێبەجێ بکرێت. ئەمە ئەو شتەیە کە خواستەکانی نەتەوەی ئەمازیغیی گەیاندووەتە بنبەستێکی حەقیقی کە خۆی بە دەستی خۆی دروستی کردووە، کاتێک داوا لە دەوڵەت دەکات کە ئەو وەک نەتەوەیەکی ڕەسەن بە فەرمی بناسێت. یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەم بنبەست و تەنگەژەیە ئەوەیە کە ئەم دەوڵەتە “عەرەبی”یە، وەک چۆن بزووتنەوەی ئەمازیغی ویستوویەتی، کاتێک لەگەڵ ئەمازیغەکان وەک کەمینەیەکی ڕەگەزی و نەتەوەیی مامەڵە دەکات کە داوای بە فەرمی ناسینی مافی زمانی و فەرهەنگی و ناسنامەیی دەکەن – وەک ئەو شتەی خەڵکی ڕەسەنی ئوسترالیا و هیندییەکانی ئەمریکا و خەڵکی ئەسکیمۆ داوای دەکەن – ئەم بزووتنەوەیە هەڵدەچێت و دەوڵەت بە ڕەگەزپەرستی و دژەئەمازیغییەت تۆمەتبار دەکات. ئەم هەڵوێستە نەبوونی تێگەیشتنی ستراتیجی لای بزووتنەوەی ئەمازیغی نیشان دەدات، هەروەک چۆن لە نێو ئەمازیغە بەراییەکاندا تێگەیشتنی ستراتیجی غایب بوو. بۆیە داوای بەدیهێنانی داخوازییە بەشەکی و لاوەکییەکان دەکات و لە بەرامبەر داواکارییە ڕەسەن و ستراتیجییەکاندا، واتە دەوڵەتی ئەمازیغی بە مانای خاک و ناسنامە نەک بە مانای ڕەگەزیی. هاوکات پارادۆکسێک لە هەڵوێستەکەیاندا ئاشکرا دەبێت کاتێک دووپاتی دەکەنەوە کە پرسی ئەمازیغ لە قووڵایی و سروشتی خۆیدا پرسێکی سیاسییە، بەبێ ئەوەی هیچ کارێک بکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئەمازیغ، ئەمە لەکاتێکدایە کە قووڵایی سیاسیی پرسی ئەمازیغ بەستراوەتەوە بە دەوڵەتەوە.
بۆیە سنووربەندیی زمانی ئەمازیغی گۆڕدراوە بۆ شێوەسەرابێک کە هەرچەند لێی نزیک بینەوە، دوورتر دەبێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دەوڵەت وەک دەوڵەتێکی “عەرەبی” هەڵسوکەوت دەکات و ناعەقڵانییە زمانە فەرمییەکەی ئەمازیغی بێت. هەر ئەمەیە وا دەکات هەموو بەرگرییەک لە زمانی ئەمازیغ بۆ ئەوەی ببێتە زمانێکی فەرمیی ڕاستەقینەی دەوڵەت و تەنها زمانێکی فۆرمالیتە و دیکۆراتی نەبێت، لە دەرەوەی بەرگریکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئەمازیغی-یەوە کە ئەم زمانە بپارێزێت و لە باوەشی بگرێت، نەک هەر وەک کارێکی بێکەڵک و بێبەرهەم دەنوێنێت، بەڵکوو دەرچوونە لە بابەتەکەیش و کات بەفیڕۆدانە.
ئەوەی کە بزووتنەوەی ئەمازیغی داوای دەکات دەوڵەت ناسنامەی ڕاستەقینەی ئەمازیغی بگەڕێنێتەوە کە لەسەر زێدی ئەمازیغییەکان لە باکووری ئەفریقیا زەوتی کردووە، بەو مانایە نییە کە لە ئەگەری جێبەجێکردنیدا مەغریب دەگۆڕرێت بۆ دەوڵەتێکی ئەمازیغی بە مانا نیشتیمانییەکەیی (تێریتۆریاڵییەکەی) و ناسنامەییەکەی. ئەوەی بۆ ئەم بزووتنەوەیە خوازراوە و ڕەوایە کە ببێتە بەشێکی بەرچاو لە گوتار و ئەدەبیاتەکەیدا ئەوەیە کە بەرگریکردن لە دەوڵەتی ئەمازیغی بە مانا نیشتیمانییەکەیی (تێریتۆریاڵییەکەی) لە ڕیزی یەکەمی خواستەکانیدا بگونجێنێت. ئەو دەوڵەتەی، هەروەک باسمان کرد، ناسنامەی خۆی لە ناسنامەی نیشتیمانەکەیەوە وەربگرێت. ئەمەش پێویستیی بەوەیە سەرلەنوێ بە ستراتیج و ئەولەوییەت و گوتاری خۆیدا بچێتەوە کە تێیدا چەمکی دەوڵەتی ئەمازیغ هێشتا چەمکێکی “بیرلێنەکراوە” (unthinking)یە لەناو ئەم گوتارەدا. لە هەمان کاتدا کار لەسەر بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر ناسنامەی ئەمازیغیی دەوڵەتی مەغریب بکات و ئەوەش نیشان بدات کە ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێکی دەستکرد و ساختەیە و بەم هۆیەوە لە ناو درۆ و ساختەچییەتی و دوولانەیی و دژبەیەکدیدا دەژی (دژبەیەکدییەک لە نێوان ناسنامەی زێدی ئەمازیغی و پێوەندارێتییە عەرەبییە وەهمییەکەیدا)، گەڕانەوەی بۆ ناسنامەی ئەمازیغی خۆی گەڕانەوەیە بۆ ئەو ناسنامە ڕاستەقینەیە و دابڕانە لە دەرکەوتەکانی درۆ و ساختەچییەتی و دوولانەیی و دژبەیەکدیی.
تێبینی
- نووسەری ئەم بابەتە، موحەممەد بوودەهان، نووسەر و بیرمەند و خەباتکاری ئەمازیغیی-یە کە زۆربەی نووسینەکانی بە زمانێکی زانستی و بە مەبەستی بەرگریکردن لە ناسنامەی ئەمازیغی نووسراون.
- ئەم بابەتە پێشووتر لە ماڵپەڕی گۆڤاری کۆمار بڵاوکراوەتەوە، لەبەر گرنگی بابەتەکە لێرە بە تۆزێک دەستکاریی دووبارە بە دوو بەش بڵاوی دەکەینەوە.



