ئامادەکردنی: بەسێ بەشیر
لەم وتووێژەدا هەوڵمانداوە لەبارەی ڕوانینی شاعیر دەربارەی شیعر و دەقە شیعریەکانی نێو کتێبی “بارانم لە کۆڵ ناوەو و تۆم لێ دەچۆڕێ” بدوێین، بەتایبەتی لەبارەی “وێنای ژن” لە دەقەکاندا. هاوکات لەبارەی کاریگەریی نێوان نووسینی شیعر و پیشەی شاعیر.
بەسێ بەشیر: لە دەستپێکی دیدارەکەماندا دەمەوێت لەبارەی شیعرەوە بۆم بدوێی، ئایا شیعر لە دیدگەی شەرمین چ پێناسەیەک وەردەگرێت؟
شەرمین وەلی: بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەکرێ وەڵامی فرە هەبن، هەمووشیان بە جۆرێک لە جۆرەکان گوزارشت بن لە مانا و تێڕوانینی دنیای شیعر و هەڵگری ناسنامەی شیعر بن، دەکرێ لای من شیعر پرسیار بێ، شاعیر لەگەڵ خۆی تەی دەکات! بۆ گەڕان بە شوێن نەبینراوەکان بۆ دۆزینەوەی ئەم مانا و بوونە پەنهانەیە کە مرۆڤ لەپێناویدا دروستبووە؛ یان ئەو بوونە پەنهانەیە مرۆڤی کردۆتە گەڕیدەیەک بۆ پەیبردن بەو دیوە شاراوانەی کە ژیان هێشتا پێمانی ئاشنا نەکردووە، یان پێمانی نەبەخشیووە! دەشێ شیعر گومان بێ، بۆ گەیشتن بە یەقینی؛ ئەو یەقینیی و دڵنیابوونەوەی کە تا مرۆڤ هەبێ پەنهانی و دیوی شاراوەی وا هەن کە مرۆڤ دەکاتە بوونەوەرێکی نەوەستاو و سەرگەردان بە شوێن ماناکانیدا وێڵ بێ. دەشکرێ خەیاڵێکی پڕ مانای جوان بێ بۆ هەستکردن بە وجودی مرۆڤ و توانا بیرکردنەوەکانی، هەر ئەمەشە مرۆڤ بێ خەیاڵ ناتوانێ مەزەندەی ژیانێک بکات و هەمیشە سەرقاڵە بە پرسیارەکانی نێو کاسەی سەری خۆی. هەر یەک لە خەیاڵ و گومان و پرسیار مرۆڤ دەکەنە ئەو باڵدارەی هەر دەمەی لە شوێنێک و هەر زەمەنەی بە چەشنێک بڕوانێتە ژیان و گەردوون و خۆی و بوونەکانی دیکەی پەیوەست بە خۆی. لە کۆتاییدا دەڵێم دەکرێ شیعر جوانیی بێ و هەر جوانیش بنووسێتەوە.
بۆ تەواوکردنی وەڵامی پرسیارەکەتان بە دەقێکی شیعریم دەیبەستمەوە، ئەمیش: دەقی “خەیاڵ”ـە.
خەیاڵ
ژیانێکە
من دەگەڕێم و
پرسیار دەکەم
هەر پرسیارێکم
هەوێنی گومانێکە و
هەر گومانێکیشم
سیخناخەیە لە خەیاڵ
بەسێ بەشیر: ئەو تایبەتمەندییانە چین کە شیعری شەرمین جودا دەکاتەوە لە شیعری شاعیرانی دیکە، وەک: خەیاڵ، تەکنیک، فۆڕم، وروژاندنی پرسیار، یاخود چی؟
شەرمین وەلی: ئەم پرسیارە ڕام دەگرێ لەو شوێنەی کە من ناتوانم بڵێم تایبەتمەندی شیعریی من چییە! چون پێموایە ڕەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە لای ڕەخنەگران و خوێنەرانی شیعری من بێ هەر یەک بە جۆرێک بمخوێننەوە و بمدۆزنەوە.
بەسێ بەشیر: بەڕێزت بێجگە لەوەی کە شاعیری بەشی کۆمەڵناسیت تەواو کردووە و مامۆستای زانکۆیت، ئێستاش خەریکی خوێندنی دکتۆرای. ئایا پیشەکەت وەک کۆمەڵناسێک چۆن کۆمەکت دەکات بۆ ئەوەی وردتر و قووڵتر لە شیعر بدوێیت؟ هاوکات چۆن لەڕێگەی شیعرەوە گوزارشت لە بابەتی دەروونی و کۆمەڵایەتیی و گشت پرسە پەیوەندیدارەکان دەکەیت؟
شەرمین وەلی: شاعیر بە پێی هەست، هزر، خەیاڵ، زمان و تواناکان لەگەڵ شیعر دەسازێ، بێگومان مرۆڤ بە پێی ئەو پاشخانە مەعریفی و توانای ئیدراکی و پەیبردنەوە، دەتوانێ خوێندنەوە بۆ ژیان، کۆمەڵگە، ڕووداو و بابەتەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگەکەی بکات، ڕەنگە ئەمە لای من وەک کۆمەڵناسێک و توێژەرێکی بواری ئەنترۆپۆلۆجیش جۆرێک لە ڕوانگە و دیدگا بە ئاست و توانای وردبینی خوێندنەوەی کۆمەڵگە بە من بەخشیبێ و هەستی پێ بکرێ لە دەقەکانمدا؛ بەڵام سەرباری ئەوە، گرنگە بایەخ بە میتافۆر و ئیقاعی ناوەوە و دەرەکی و شیعرییەت بدرێ بۆ گەیاندنی بە زمانێکی ئەدەبی وا کە بتوانێ ناوی بنێیت شیعر. ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە من بڵێم من توانیومە ئەوە بکەم؛ بەڵکوو ڕەخنەگران دەتوانن لەبارەیەوە بدوێن، بەڵام من خۆم زۆرجار هەستم کردووە ئەو ڕووانینەی من کۆمەڵگەی پێ دەبینم تەنیا ئیحساسی شیعری نییە. بەڵکو ڕەنگدانەوەی پسپۆڕیم و ئەو لایەنە شاراوانەش لە خۆ دەگرن کە من وەک مرۆڤێک و کۆمەڵناس یان توێژەرێکی بواری مرۆڤناسی و ژنێک دەرکی پێدەکات، دەبێتە جێی سەرنج و بابەتی هەستپێکراوی وا کە بتوانرێ لە شیعردا فۆرمەلە بکرێ.
بەسێ بەشیر: بەڕێزت بە ڕۆحێکی پڕ لە جوانی و ژنانە دەنووسی، بەو واتایەی ژنبوون ئامادەگییەکی تەواوی لە شیعرەکانتدا هەیە. ئەوەی کە زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە بەدەر لەوەی لە کێشە و ئاریشە و خەمەکانی ژنان دەدوێیت، هاوکات وەک بوونێکی بەهێز و ژیر و هەمیشە گەڕان بەدوای جوانی و ژیندا لە شیعرەکانتدا ڕەنگی داوەتەوە. دەمەوێت لەمبارەیەوە بۆمان بدوێیت؟
شەرمین وەلی: دەستخۆش بۆ ورووژاندنی ئەم پرسیارە جوانە، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە کۆمەڵگەی ئێمە کەڵەکەبووی چەندین کۆژان و ئاریشە و خەمی قووڵە، چ لەسەر ئاستی نەتەوەیی و خەمی کوردبوون، چ لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیی و کولتووری و تەنانەت کەسیشەوە، لە نێویدا خەم و کۆڤان و ئاریشەکانی ژن پشکی شێریان بەر دەکەوێ. چون بمانەوێ یان نا، ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی نێرسالاردا دەژین و زۆربەی کات پرس و ئاریشە و خەم و بابەتەکانی پەیوەست بە ژن نادیدە دەکرێ. جێی خۆیەتی من چ وەک مرۆڤ چ وەک ژن کە خۆم بەشێکم لە واقیعی ئەم کۆمەڵگەیە و لە نێویدا دەژیم، ئەم ئاریشە و خەمە قووڵانەی کە کام ژنی کورد دەگری بە جۆرێ لە جۆرەکان گیرۆدەیە بەدەستییەوە لەنێو دەقە شیعرییەکانم بە زمانێکی ئەدەبی نەیخەمە بەر دیدی کۆمەڵگە و هەڵوەستەی لەسەر نەکەم و جێی نەکەمەوە! بەڵام مانای ئەوە نییە ژنبوون لەم وڵاتە هەر خەم و ئازار و کۆژان و کەسەرە، بەڵکوو هێزی ژن لە کۆمەڵگەی ئێمە بە پێی بارودۆخ و زەمەن و شوێنەوە چەندین توانا و هێز و قارەمانێتی تیا هەڵکەوتووە، کە ڕەنگە لە هەندێ بارودۆخدا زیادەڕەوی نەبێ گەر بڵێم ژنی کورد هاوتای نەبووە. ئەمە ڕای کەسیی و باوەڕی منە، کە بڵێم یەکێک لە هۆکارەکانی جەختکردنەوەی وڵاتانی دراوسێ و بەشێک لەوانەی کە هەڵگری جۆرێک لە ئایدۆلۆجیای سیاسی ئایینین لە کۆمەڵگەی ئێمە، بە شێوەی پلان و بەبەرنامەڕێژی کار دەکەن و جەخت لەسەر گەڕانەوە بەرەو دواوەی ژنی کورد دەکەن بۆ نێو چوارچێوەی تەسکی ماڵ و چێشخانە، تەنانەت وەک بەشێکی تەواو لە بوونەوەرێکی غەریزە بۆ بەتاڵکردنەوەی ئارەزووی پیاو سەیری دەکەن. ئەم توانا بێ شوومارەی ژن و ئەم وردی و سەلیقەیی و توانا مەعریفیی و فیکریانەی ژنە هەموو هەوڵێکیان چڕ کردۆتەوە لەپێناوی بچووکردنەوەی قەبارەی هزری ژن و توانای جەستەیی و ڕۆحی و دونیابینی ژن بە ئاراستەی فراوانخوازی و فرەڕەهەندی لە کۆمەڵگە و کایە جیاجیاکانی نێو کۆمەڵگە. ئەمە بۆ خۆی ئەوپەڕی نادادیی کۆمەڵایەتییە؛ بۆیە پێموایە ناکرێ من هەر پێیان بڵێم کە ژنبوون لەم وڵاتە چ گوناهێک و چ قوربانییەکی گەورەیە، بەڵکوو دەکرێ لە بەرانبەر ئەوەدا پیشانیان بدەین ژنبوون، توانایە، فیکرە، هێزە، جوانییە سەرباری ڕۆڵی وەک دایک و هاوسەر و مرۆڤبوون بە هەموو ماناکانییەوە. ئەمە بۆ من مایەی تێڕامان و تێفکرینە و بە باوەڕێکی پۆڵاینەوە بۆی تێدەکۆشم و دەیخەمە بەر دیدی ژیان و کۆمەڵگە. بۆ ئەمەش پێموایە هەمووان ئەم ژنە قارەمان و ئازا و خەباتگێڕ و قەڵەمبەدەست و جوانبینانە دەناسن ئەگەر بیانەوێ ببینینن. من لە یەکێک لە دەقە شیعرییەکانمدا باسم لە سێ ژنی کوردی سەرکەوتوو و بەتوانا و ژیر کردووە، ئەوانیش لەیلاکانن (لەیلا بەدرخان، لەیلا قاسم، لەیلا زانا).
لەیلاکان
بمکەرە هاوار…
لەگەڵ سەدا و دەنگی خۆتا
منیش توڕهەڵدە… دوور،
با ئیتر
لە خۆمدا سەوزببمەوە…
تا لە تۆدا گوڵ بگرم
لەیلای من
بەسێ بەشیر: هەموو دەقە شیعرییەکانی نێو ئەم کتێبە تایبەت و جوانواتان، وەلێ ئەو دەقەی هەرگیز پەیڤەکانی لە هزری مندا دەرناچن دەقی “کچێکی لەتکراو“ـە. دەپرسم: تۆ وەک دەنگێکی ژنانە لە ڕێگەی پەیڤ و دەقە شیعرییەکانتەوە دەتەوێت چی شتێک بە کۆمەڵگە بڵێیت و چی لە شیعردا جێ بکەیتەوە؟
شەرمین وەلی: هەر بابەتگەلێک و هەر دیاردەیەکی نێو کۆمەڵگە کە لەگەڵ هزر و بیر و هەست و توانای دەرکپێکردن و پەیبردنی من بێتەوە، هەوڵ دەدەم لەنێو شیعرەکانمدا جێی بکەمەوە بە فۆرمێکی شیعری و ئەدەبی وا کە لە شیعرییەت نەترازێ و نەبێتە بابەتی باو. دەقی “کچێکی لەتکراو“، کام کچ و ژنی کورد دەگری کە خۆی بەشێک بووبێ لەم غەدرەی بە ناوی نەریت و ئایینەوە لێیان کردووە، گوێبیستی ئەم نەریتە نەگریسە بێ، موچڕک بە دڵی ئینجا بە هزر و ڕۆحیدا نەیەت، ئەم دەقە بۆ من ئەوپەڕی ڕاستگۆیی بەرجەستە دەکات کە هیچی لە واقعیی ژان و کۆژانەکانی ئەو ژنانە کەمتر نییە کە خۆیان لەنێو ئەم نەریتە دواکەتوو و پڕ لە تراومایەدا بینییوەتەوە و ئازارەکانیان تا کەشکەڵانی فەلەک چووە. من باسی ئەو ئاکامە نەرێنییانەش ناکەم کە هەم ژن لە نێو خێزان پێوەی دەناڵێنێ، هەم بۆ پیاوانی کۆمەڵگەی ئێمە بۆتە بەربەست و کۆسپێکی وا پێشی گرتووە لەوەی بتوانێ ژیانێکی ئارامی لەگەڵ ڕەگەزەکەی بەرانبەری هەبێ؛ چون بیرمان نەچێ ڕاستە ئەمە ئازارێکی ڕۆحی و دەروونی و کۆمەڵایەتیی قووڵی هەیە لای کچان ژنانی ئێمە، بەڵام بەشێکی زۆر لە پیاوانی کۆمەڵگەی ئێمەش پێوەی دەناڵێنن.
لە کۆتاییدا بە دەقی ” کچێکی لەتکراو” کۆتایی بەم وتووێژە دەهێنم.
کچێکی لەتکراو
ئاپۆڕەیە کۆڵان..!
ناڵەی کچانی شارە،
مناڵەکەی هاوسێمان زریکەی لێهەڵدەستێ،
پیرێژنێ خێر دەبەخشێتەوە..!
ژیرم مەکەنەوە،
دەمەوێ تا مردن بگریم
ئەها چەند بێباک لەت دەکرێم..!؟
کچانی گەڕەک
وەک پۆڵە کۆترێکی باڵکراو
دووان سیان،
لە حەوزی ئاودا،
بەدەم کڕووزانەوە
ڕەنگیان لێدەچۆڕ..!
شار جمەی دێ،
گەڕەک پەشۆکاوە..!
ئاخیر زەمانە لە کۆڵان،
قیامەتە لای کچان..!
ببینین،
ژیان لە کچێکی بریندارەوە ببینن..
کچێک پارچەیەکی جەستەی ونە و
شێتانە بۆی دەگەڕ..!
ڕۆژێک
لە تارمایی کۆڵانێکدا،
لە حەوشەی پڕ کچی ماڵێکدا
پارچەیەکی خۆمم ونکرد..!
نائارامانە بۆی گریام،
دەمەوێتەوە..
مناڵیم دەوێتەوە..
خۆمم بە لکێنراوییەوە
بدەنەوە..
جەستەیەک تەنراو
بە ئومێد و بوون،
پڕ لە کچبوون،
پڕ لە بۆنی خودا..
شەرمین وەلی
- لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٢ لە شاری هەولێر.
- خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری کۆمەڵناسی / قوتابی دکتۆرایە لەهەمان بەش.
- مامۆستایە لەبەشی کاری کۆمەڵایەتی کۆلێژی ئاداب/ زانکۆی سەڵاحەددین.
- ئەندامی دەستەی ئینستیتۆی توێژینەوەو گەشەپێدان-کوردستان.
- ئەندامی کۆمەڵەی کۆمەڵناسانی کوردستان.
- لە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستی کردووە بە نووسین و بڵاوکردنەوەی دەقە شیعرەکانی.
- خاوەن کتێبێکی زانستییە بە ناوی (زانکۆ و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی)، ساڵی ٢٠٢٢، هەروەها کۆمەڵە شیعری (بارانم لە کۆڵ ناوە و تۆم لێ دەچۆڕێ) لە ساڵی ٢٠٢٤دا چاپکردووە.
- خاوەنی چەندین توێژینەوەی ئەکادیمی و زانستییە لە بواری پسپۆڕییە ئەکادیمییەکەیدا.
- چەندین تێکستی شیعریی لە گۆڤار و بڵاوکراوە و ماڵپەڕە ئەدەبییەکاندا بڵاوکردۆتەوە.
تێبینی: دەقی خەیاڵ و لەیلاکان تەنیا بەشێکیان لێ دانراوە، بۆ ئەوەی بابەتەکە درێژتر نەبێتەوە.