سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ڕۆژاڤای کوردستان لە کوێی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەبێ؟

بەر لەوەی بچینە سەر وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە بە پێویستی دەزانین ئەوە بڵێین کە مەبەستمان لە گۆڕانکاری ناوچەکە لێکەوتەکانی شەڕی ڕووسیا–ئۆکرانیا و شەڕی غەززە و شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵا-یە، ھەروەھا لێکەوتەکانی ھەڵبژاردنی ئەمەریکا و سەرکەوتنەکانی بەرەی ڕاستڕەوە لە ھەڵبژاردنەکانی وڵاتانی ئەوروپا، کە ھەریەک لەوانە کاریگەرییان لەسەر ھاوکێشە سیاسییەکان لە سووریا و ڕۆژاڤای کوردستان دەبێت.

  ئاشکرایە کە ئەمساڵ لە ئەمەریکا ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەنجامدرا، لەم ھەڵبژاردنەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرکەوتنێکی گەوەرەی بەدەستھێنا، بەوەی ھەم لە ڕکابەرەکەی بردۆتەوە وە پارتەکەشی (کۆماری) زۆرینەی ھەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران‌ی بەدەستھێناوە. بۆیە لە کاتێکدا جیھان لە چاوەڕوانی دەستبەکاربوونی ئیدارەی تازەی کۆشکی سپی دایە، ھەندێک لە کارەکتەرەکانی نێو ململانێکانی ناوچەکە کاریان بۆ ئەوە دەکەن  بارودۆخی سەرقاڵی کۆشکی سپی بە تایبەت لە قۆناغی ڕاگوزەری دەستاودەستی دەسەڵاتدا ئەجێندای خۆیان جێبەجێ بکەن، ھەر واشیان کرد.

ڕۆژی 27ی نۆڤێمبەری 2024 ئاگربەستی دوو مانگەی نێوان ئیسرائیل و  حیزبوڵا ڕاگەیندرا، ھاوکات لەگەڵ ئەو ئاگربەستە لە سووریا و ڕۆژاڤای کوردستان پێشھاتێکی تازە ھاتەپێش، ئەویش دەست ئاوڵاکردنی ھێزەکانی بەرەی ڕزگاری شام (هەیئەی تەحریری شام) بۆ دەستبەسەرداگرتنی دووەم گەورە شاری سووریا، حەلەب، بەدەرھێنانی لە ژێر دەستی ڕژێمی بەشار ئەسەد. دوای ئەم ڕووداوەش ھێزە وابەستەکانی تورکیا کە خۆیان وەک “سوپای سووریای ئازاد” (جەیشی سووریای حور) ناساندووە، پەلاماری ناوچەیەکی بەرفراوانی ژێر دەستی ھێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) دا. بە ھۆی ئەو پەلامارەشەوە جگە لە خەڵکی ناوچەکانی شەھبا و تەل ڕەفعەت، بە ھەزاران کەسی سڤیلیان کە خەڵکی عەفرین و دەوروبەر بوون، بۆ جاری سێیەم لەو ناوچانە دەربەدەر کردەوە.

ئەو دۆخەی لە سووریا ھاتۆتە پێش گواستنەوەی مەیدانی ململانێی ئەو جەنگانەیە کە لە پێشەوە ئاماژەمان پێداون. لەوبارەیەوە ڕووسیا بە پلانی ئەمریکای و ئیسرائیلی دەزانێت، ئێران وەک مەترسی لەسەر خۆی دەیبینێت، ئەوی کە  ڕوونیشە ئەوەیە کە ڕێکەوتنی ئەستانا کە لە نێوان ڕووسیا و ئێران و تورکیا لەگەڵ کەوتنی حەلەب کۆتایی پێھات.

ئێستا کە لە گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە گەیشتین با بزانین ڕۆژاڤای کوردستان لە کوێی ئەم گۆڕانکارییانەیە؟ وەک دەزانرێت، ڕۆژاڤای کوردستان جارێکی دیکە لە دوو بەرەوە شەڕ بەردەرگای پێ گرتۆتەوە، بەرەی یەکەم ئەوەیە لە حەلەب کە ئاڵوگۆڕی ھێز ڕوویداوە ھێزەکانی ھەسەدە کەوتونەتە بەردەم پڕووشکی ئاگری ھێزەکانی هەیتەی تەحریری شام،  بەڵام دوای دوو ھەفتە لەو پێشھاتانە ھێشتان ھەسەدە پارێزەری دوو گەڕەکی گەوەرەی حەلەب (ئەشرەفیە و شێخ مەقسود)ـن، پرسیارەکە لێرەدایە ئایا ھەسەدە تا سەر دەتوانێت ئەو ناوچەیە بپارێزێت یان پەلکێشی شەڕ دەکرێت؟

پێدەچێت مانەوەی ھەسەدە لەو بەشەی شاری حەلەب بەشێک بێت لە ڕێکەوتنی پشتی پەردە، لایەنی نێودەوڵەتی لە پشتی ئەو ڕێکەوتنە بن،  ئەگەرنا تا ئێستا ئەو ھێزانە کە نەشئەی سەرکەوتن مەستی کردوون پەلاماری ئەو ھێزەی “ھەسەدە”یان دەدا.

بەرەی دووەم کە شەڕی ھەسەد دەکات بریتییە لەو ناوچانەی کە لە ڕۆژاڤای فورات کەوتونەتە بەر ھێرش و پەلاماری ھێزەکانی نزیک لە دەوڵەتی تورکیا ئەوانیش ناسراون بە “سوپای سووریای ئازاد”، ئەو ھێزە گۆڕانکارییەکانی پارێزگای حەلەب‌ی‌ قۆستۆتەوە تا لە ناوچەکانی مەنبەج، تەل ڕەفعەت، شەھبا) کە کەوتونەتە ڕۆژاڤای زێی فورات پەلاماری ھێزەکانی ھەسەدە بدات.

تا ئێستا دوو ھۆکار بوونەتە ھۆی ئەوەی کە بۆ ھەسەدە ئاسان نەبێت بەرگری لە ناوچەکانی ڕۆژاڤای فورات بکات، یەکەمیان ئەوەیە ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا ئەو ناوچانە بە ناوچەی پارێزراوی خۆیان نازانن. دووەمیش ھەڵکەوتەی جوگرافی ھەریەک لە تەل ڕەفعەت و شەھبا-یە، کە ساڵانێکە بە ھێزەکانی تورکیا گەمارۆ دراون، بۆیە ھەسەدە ناچار بوو لەم دوو شوێنە بەبێ بەرگریی پاشەکشە بکات، بەڵام ھەوڵی پاراستنی مەنبەج دەدات.

لە ئێستادا کە ھێزەکانی بەرەی ڕزگاری شام بەرەو شارەکانی حەما و حمس لە پێشڕەوی دان ئەگەر لەوێ بگیرسێنەوە، ئەوا سیماکانی دابەشکردنی سووریا بۆ سەر سێ ھەرێم “سوننی”، “عەلەوی”، “کوردی” دەردەکەون. ئەگەرنا دەبێت ڕۆژاڤای کوردستان خۆی بۆ سیناریۆی 2014 ھاتنی داعشێکی تازە ئامادە بکات. بەڵام سیناریۆی یەکەم نزیکترە لە واقع، بەڵگەش ئەوەیە کە ھێزەکانی ھەسەدە ھاوکات لەگەڵ ڕووداوەکانی حەلەب و ڕۆژاڤای فورات بە پشتیوانی ھاوپەیمانی نێودەوڵتی لە دەڤەری دێرەزۆر خەریکی ئازداکردنی ناوچەی بەرفراونترن لە ژێر دەستی ھێزەکانی ڕژێمی ئەسەد.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO