سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کورد و یەکێتیی سیاسی و فەزیڵەتمەندی

 مەلا سەعید کاکەڕەش

دۆخی سیاسیی نەتەوە ژێردەستەکان بە جۆرێکە، لە نەبوونی پێکهاتەی یەکپارچەساز و یەکێتیی ئافرێن، ڕەنج و خەسارێکی بێکۆتایی بەدواوەیە. لەم دۆخە ئاوارتەدا، داهێنان و سازاندنی خاڵی هاوبەش و دەرچەی هاوبەش کە پەرتەوازەیی و دژیەکی بسڕێتەوە و لە دەوری پێگەیەکی هاوبەش کۆیان کاتەوە، زۆر ئەستەم وەبەر دەست دەکەوێت. سیستەمگەلی باندەستیش بە دوو ڕێدۆزی “نکۆڵیلێکردن” یان “تواندنەوە”، کات و شوێن لە ژێردەستەکان دەستێننەوە و بەو شێوەی، ئەگەری ڕامان لە دۆخی ژێردەستەیی و هەروەها دیالۆگی دێموکراتیکی ژێردەستەکان لەگەڵ یەکتر خاپوور دەکەن.

سەرەڕای ئەمە، بەهۆی ئەوەی بارودۆخی توتالیتەر، ڕووداوهەڵگرە (inevitable) و هەر کات بۆی هەیە ڕووداوێکی نائاسایی، وەک مەرگی ژینا بۆ ڕاپەڕینی ژینا، یان خۆسووتاندنی لاوێکی دەسفرۆشی تونسی بۆ بەهاری عەرەبی، قڵیشێکی قووڵ لە جەستەی دۆخی توتالیتەردا ساز بکات، ژێردەستان دەبێت کەڵک لەو ڕووداوانە وەربگرن و قڵیشەکە قووڵتر بکەنەوە و ڕووداوەکە بەدی بێنن. لەم حاڵەتەدا قووڵکردنەوەی قڵیشەکە لە گرەوی یەکێتیی و یەکڕیزیی هێزگەلی بەرخۆدانی بەرەنگار دایە.

لە نموونەی نەتەوەی کوردی‌شدا و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر بەم شێوەیە، پێویستە هێزگەلی ڕزگاریخوازی دەرەوە و ناوەوە لە چرکەساتی ڕووداوەکەدا هێز و وزەی پەرتەوازەکەر و ناهاوگیر و نایەکانگیر وەلا بنێن و بیر لە ئامانجی هاوبەش بکەنەوە.

وێ دەچێت زۆر زیاتر لە جاران هەر هەموو هێزگەل و ڕەوت و حیزب و لایەنەکان ( چ سێکۆلار، چ دینی) دەبێت بیر لەوە بکەنەوە کە خاڵی هاوبەش و زەمینی سفتی ئەوان “کوردستانیبوون”ی ئەوان و وڵات و ناسنامەیەکە کە لەدەستیان داوە.

پاراستن و ڕاگرتنی ئەو خاڵە هاوبەشە لە بەستێن و زەمانەی مۆدێرندا و لە کۆدەق و سیاقی نەزمی نێودەوڵەتیی باودا، لە نزیکبوونەوە لە ناسیۆنالیزم و سەروەریی سیاسیدا مسۆگەر دەبێت. لەم نێوانەدا حیزب و لایەنگەلێک هەن کە لە ڕووی ئایدیۆلۆجییەوە ئاویان ناچێتە ناو جۆگەی ناسیۆنالیزم و بەم شێوە لەگەڵ ڕەوتەکانی دیکەدا جیاوازی و بگرە پەرتەوازەیی و پێکدادان لەنێوانیاندا دێتە ئاراوە.

لێرەدایە کە بۆ چارەسەریی ئەم کێشەیە، دەستی ئاکاری (ئەخلاقی) فەزیڵەت لە مەیدانی سیاسەتدا دێتە گۆڕێ. ئەم بزاڤ و لایەنانە بۆ یەک جاریش بووبێت دەبێت فەزیڵەتمەندانە، گشتییەتی “مرۆڤی کورد/کوردستانی” لە بەرچاو بگرن و بە شێوەی کاتی ئایدیۆلۆجیی تایبەتی خۆیان هەڵپەسێرن.

بە واتایەکی دیکە، ئەم بزاڤانە لە چرکەساتی ڕووداو و قڵیشهێنانی ئەوی تری سەردەستدا، زیاتر لەوەی ئایدیۆلۆجی ئەندێشی بکەن و ماشینی تاراندن و سڕینەوەی هێزە کوردستانییەکانی دیکە لە مەیداندا بگێڕێن، لانی کەم لەو چرکەساتە مێژوویییە چارەنووسسازەدا، دەبێت بەو خاڵە هاوبەشە، بەو دەرچە هاوبەشە دروەست بن و لە یەکڕیزیی تەواوەتیدا لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان بەرەو “چرکەساتی دامەزراندن” (لحظة تأسیس) وەڕێ کەون.

ئەم یەکڕیزی و یەکێتییە پێویستی بە “فەزیڵەتێکی کامڵ” هەیە. فەزیڵەتی لەخۆبردوویی بۆ بابەتی هاوبەشی نەتەوەیی/نیشتیمانیی، ڕێگەوبانی گەیشتن بە چرکەساتی دامەزراندن خۆشتر دەکات. لە چرکەساتی دامەزراندن و یەکێتیی هێزەکاندا پێویستیی دیمۆکراتیک بابەتی بەکۆمەڵ پوختوپەرداخت دەکات.

کەواتە، دەستڕاگەیشتن بە ئامانجی هاوبەش لە هەر پرسێک و بەتایبەتی لە پرسی کورد دا “فەزیڵەتمەندییەکی بەکۆمەڵ” دەخوازێت تاوەکوو لە چرکەساتی ڕووداو و دواتر دامەزراندندا یەکڕیزیی زیاتر و پەرتەوازەیی کەمتر بێتەوە. ڕەنگە فەزیڵەتی دەستهەڵگرتنی کاتی لە ئایدیۆلۆجیی حیزبی و ڕەوتی و دروەستبوون بە خاڵی هاوبەش، ڕێگەیەک بەرەو ڕزگاری بکاتەوە.

بەکورتی، گەر هێزگەلی کوردستانی لە چرکەساتی ڕووداوە تایبەتەکاندا، کە ئەگەری زۆرە بخولقێت، فەزیڵەتی سیاسیی ڕەچاو نەکەن و یەکڕیزی نەکەنە پیشە، تراجیدیی شکستەکانی ڕابردوو دووپات دەبێتەوە، ئێتر نابێتە تراجیدی، بەڵکوو دەبێتە کۆمێدی. چونکە لەخۆڕامانی عەقڵانی و خۆهۆشیاریی نەتەوەیی نەبووەتە هۆی دووپات و چەندپاتنەبوونەوەی تراجیدییەکان و بەپێی لێکدانەوەی هێگڵ ئەم دووپاتبوونەوە دەبێتە کۆمێدی. کۆمێدیی خۆکوژیی سیاسی و پەرتەوازەیی و لەخشتەبردنی ئامانجی نەتەوەیی/نیشتیمانیی.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO