سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئەنجوومەنێک بۆ ئاسایشی نەتەوەیی

موحسین ڕۆستەم

پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە 2003، دەستوبرد میلیشیاکانی شیعە و سوننە مەزهەبەکان بە پاڵپشتی هێزەکانی ئەمریکا خۆیان گەیاندە بەغدا، بۆ ئەوەی بە سیستەمێکی نوێ حکومەتێکی  هاوبەش لەگەڵ نوێنەرانی گەلی کورددا دابمەزرێنن.

لەو ڕۆژانەدا هیچ ڕووناکییەک بەسەر ئاسۆی ئەو وڵاتەدا بەدی نەدەکرا، باڵباڵێن و مەزهەببازی و کوتلەبازی و کێشمەکێشمی نێوان حیزب و لایەنەکان، تارمایییەکی  بەسەر فەزای سیاسی عێراق‌دا داپۆشی بوو. بەندە بە کەڵکوەرگرتن لە چەمکی تیۆری گەمەکردن (game theory) لە دنیای سیاسەتدا لە نیسانی 2004 بابەتێکم لە “ئاوێنە” بڵاوکردەوە، لە ژێر ناونیشانی “ڕووخانی ڕژێمی بەعسی بۆ ئێمەی کورد خێروبەرەکتمان بەسەردا دەبارێنیت یان شەڕ”. ئەو تیۆرییە وەک ئامرازێکی ماتماتیکی بۆ شیکاری کردنی بەرکەوتەی نێوان بەرژەوەندییەکان بەکار دێت، بۆ ئەوەی ئاکامێکی خوازراوی لێوە هەڵێنجێنن.

هەر وەک ڕوون و ئاشکرایە ئەو گرووپ و حیزبانەی  بە ناو ئۆپۆزسیۆنی عێراقیی‌ـەوە دەسەڵاتیان گرتە دەست و لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە دراوسێکانی عێراق‌دا کاریان دەکرد. ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگریش هەیە کە هەر یەکێک لەو دەوڵەتانە بەشێک لە خاکی کوردستانیان داگیر کردووە. مەترسی گواستنەوەی ئەو ئەزموونەیان بۆ ناو بەشە کوردستانییەکانی ژێردەستەی خۆیان بە دوور نەدەزانی، چونکە ئازادی و سەربەخۆیی هەر پارچەیەکی کوردستان دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی تریش. بۆیە هەمیشە کاریان لەسەر بنکۆڵکردنی ئەو قەوارەیە دەکرد، چ لە ڕێگەی پەکخستنی مادەی 140ـەوە بووبێت، یانیش بە چاندنی تۆوی دووبەرەکی و زاڵکردنی بەرژەوەندی حیزب بەسەر نیشتیماندا و پەرتەوازەی ناو ماڵی کورد و دروستکردنی بەربەست لە گەشەکردنی ئابووری و بنیاتنانی ژێرخانی هەرێم و تێکدانی ئەمن و ئاسایشی.

ئەوەی ئەمڕۆ لای هەر تاکێکی کورد ڕوون و ئاشکرایە پرسی ئاسایشە – ئاسایشی تاکەکەسی و خێزان و گەڕەک و شار و دێهاتەکان گرێدراوی ئاسایشی هەرێمە، هەرێمەکەش نیشتیمانە – بۆیە ئاسایشی نەتەوە بە توخمێکی بنەڕەتی هەژمار دەکرێت و دەبێتە مایەی سەقامگیری هەرێم و پاراستنی لە هەڕەشەکانی ناوخۆیی و دەرەکییەکان.

هەڵبەت ئاسایشی نەتەوەیی تەنها لە ڕەهەندێکی سەربازیی قەتیس ناکرێت بەڵکوو شۆڕ دەبێتەوە ناو ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیش هتد.

دەکرێت ئێمە لێرەدا تیشک بخەینە سەر گرنگی و بایەخەکانی ئاسایشی نەتەوەیی وەک پاراستنی سنوور و سەروەری هەرێم و دابین کردنی سەقامگیریی ناوخۆ. زامنکردنی بەرژەوەندییەکانی ئابووری هەرێم ، بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵانگارییەکانی دەرکی، کار کردن لەسەر بەهێزکردنی ڕەهەندەکانی نیشتیمانسازی.

دەتوانین بڵێین ئاسایشی نەتەوەیی/نیشتیمانیی ئەو کۆڵەگەیەیە کە دەبێتە مایەی پێشکەوتن و بەهێز کردنی پایەکانی دەوڵەت/هەرێم، چونکە بناغەی سەقامگیریی و پەرەسەندنی هەر وڵاتێکە و دەبێت بکرێتە پێشەنگی کارەکان.

ئەو نەخشەڕێیەی کە دەوڵەت بۆ پاراستنی سەروەریی و ئاسایشی هەرێم دەیگرێتە بەر بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:

یەکەم، دەستنیشان کردنی ئەگەری هەڕەشەکانی سەر هەرێم، واتە تاوتوێکردنی جۆری هەڕەشەکان، سەربازیی، ئابووری، کۆمەڵایەتی.

دووەم، دیاریکردنی ئامانجە نیشتیمانییەکان، واتە داڕشتنی ئامانجی دیاری کراو بۆ پاراستنی سەروەریی و سەقامگیریی.

سێیەم، بەهەند وەرگرتنی ڕووداو و کێشە کاتییەکان، واتە گەشەپێدان بە پیلانەکانی دژەتیرۆر و فریاکەوتنی خێرا.

چوارەم، هاریکاریی دەوڵەتی، واتە سازدانی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتان و ڕێکخراوە نێونەتەوەیییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە هاوبەشەکان.

پێنجەم، پەرەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، واتە پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ.

شەشەم، پەنابردن بۆ تەکنیکی نوێ لە گشت بوارە پێویستەکانی ژیان.

حەفتەم، پەنابردن بۆ کاری دیپلۆماسی، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پەیوەندییەکانەوە پاڵپشتی هەرێم بەدەست بینیت.

بۆ  جێبەجێکردنی بنەماکانی ئاسایشی هەرێم، حکومەت پێویستیی بە دامەزراندنی ئەنجوومەنێکی کارا هەیە کە لەژێر چاودێرییەکی ورد دابێت. ئەرک و کارەکانی ئەنجوومەن بریتین لە:

یەکەم، بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی/نیشتیمانیی: گرنگیدان بە کولتوور و زمانی کوردی و پەروەردەکردنی نەوەکان لەسەر مێژوو و ناسنامەی کوردستان.

دووەم، بنیاتنانی توانا ئەمنییەکان: پەرەپێدانی هێزە ئەمنییە ناوخۆیییەکان بۆ ئەوەی بتوانن ناوچە کوردستانییەکان لە هەڕەشە دەرەکی و ناوخۆیییەکان بپارێزن.

سێیەم، بەدەستهێنانی سەقامگیریی ئابووری: پەرەپێدانی ئابووری ناوخۆیی بە کەڵکوەرگرتن لە سامانە سروشتییەکان، وەک نەوت و گاز بۆ باشترکردنی ژێرخانی ئابووری چاکترکردنی گوزەرانی خەڵک.

چوارەم، هاوکاری ناوچەیی: کارکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ باشترکردنی ئاسایشی ناوچەکە و دوورکەوتنەوە لە ململانێکان.

پێنجەم، هۆشیاری و کۆمەڵگەی مەدەنی: هاندانی کۆمەڵگە مەدەنییەکان بۆ بەشداریکردن لە پرسە ئەمنییەکان و بەشداریکردن لە بەرزکردنەوەی سەقامگیریی.

شەشەم، چاودێریکردنی زانیاری و میدیا: بەرەنگاربوونەوەی پڕوپاگەندەی نەرێنی و زانیاری هەڵەی میدیایی لەڕێگەی پەرەپێدانی میدیای ئازاد و دادپەروەرانە.

واچاکە، پرۆژەیەکی لەم چەشنە بخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەن و ئەنجوومەنێکی سەربەخۆ لە شارەزا و خەمخۆرانی خەڵکی کوردستان پێک بهێنن  و هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت و وەک حکومەتێکی سێبەر کار و ئەرکەکانی خۆی ئەنجام بدات، ئەو ئەنجوومەنەش لە ژێر چاودێری بەرزتری دەسەڵاتدا بێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO