مەیسەم مورادی
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ئێران هێزێکی زۆری لە ئێراق ڕەوانەی سووریا، بەتایبەت پارێزگای دێرەزوور کرد. بەشێکی ئەو هێزانە لە ناوچەی ئەبوکەمال جێگیر بوون. پلانی ئێران ئەوە بوو کە لە بەرەی سووریا و بەتایبەت لە بەرزاییەکانی جۆلان، حیزبوڵای لوبنان بپارێزێت و ڕێگە نەدات ڕێڕەوی نێوان هێزە پرۆکسییەکانی خۆی لە ئێراق و سووریا (قایم-ئەبوکەمال-مەیادین-دێرەزوور( تووشی بۆشایی بێت. هاوکات، لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێراق، بەشێک لەو هێزانە لە سووریا بمێننەوە و بەمجۆرە باڵانسی هێز لە ئێراق و سووریا ڕێک بخات.
بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاوکێشەکان بەشێوازێکی دیکە خەریکە گۆڕانی بەسەردا دێت. هێزەکانی سوپای ئازادی سووریا و هەموو پرۆکسییەکانی تورکیا لە سووریا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ناوخۆییدا هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە حەڵەب لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیمۆکرات لە تەلرەفعەت، کە بە خێراییەکی زۆرەوە دەچنە پێشەوە. ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ باسکردن لە دۆخی هەنووکەیی سووریا لە سەر نوێترین نەخشەی شەڕ لەو وڵاتە. لەم ئاراستەیە و پێش چوونە ناو باسەکە، لایەنەکانی بەشدار لە شەڕی سووریا باس لێ دەکرێن بۆ ئەوەی بەرەکان ڕوونتر ببنەوە، بڕوانە خشتەی خوارەوە.
یەک | دوو | سێ | چوار |
بەشار ئەسەد | ئەمریکا | تورکیا | خەڵکی سووریا (خێڵەکان) لە دەرەوەی هەموو بەرەکانی دیکە |
ئێران | هێزەکانی سووریای دیمۆکرات (کورد، عەرەب، تورکمان و سریانی) | جەبهەی نوسرە | |
پرۆکسیەکانی ئێران لە ئێراق و سووریا (فاتمیوون، زەینەبیوون، حیزبوڵا، هتد) | خەڵکی سووریا (خێڵەکان) لە ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد | سوپای ئازادی سووریا (جیش السوری الحر) | |
ڕووسیا | قەتەر | ||
ئەم بەرەیە دەکرێت گۆڕانی بەسەردا بێت | ئەم بەرەیە دەکرێت گۆڕانی بەسەردا بێت | ئەم بەرەیە دەکرێت گۆڕانی بەسەردا بێت | ئەم بەرەیە دەکرێت گۆڕانی بەسەردا بێت |
پرسیاری سەرەکی لە ئێستادا ئەوەیە کە لە سووریا چ ڕوودەدات؟ لە ڕێککەوتی ٢٦ی نۆڤەمبەر، دوا ئامادەکاری بۆ هێرش بۆ سەر حەڵەب و تەلرەفعەت دەستی پێ کرد، هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا لە ٢٧ی نۆڤەمبەر، ئەو هێزانە جووڵەیان کرد و هێرشەکانیان دەستی پێ کرد. دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان حیزبوڵا و ئیسرائیل، تورکیا کەوتە خۆی بۆ ئەوەی کە پێش بە پلانێکی گەورەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە سووریا بگرن.
پلانەکە چییە؟ دەبێت هەموو هێزەکانی ئێران لە سووریا کە یەدەک و پاڵپشتی حیزبوڵان بۆشایی بکەوێتە نێوانیان (تەماشای نەخشەی سووریا بکە کە هاوپێچە). واتە، ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ بڕوایەکیان بە بەشار ئەسەد نییە و پێیان وایە کە بەشار ئەسەد ناتوانێت لە پێش گوشارەکانی ئێران خۆڕاگر بێت و دواجار ویست و داواکارییەکانی ئێران جێبەجێ دەکات، بەمجۆرە حیزبوڵا لە بەرگێکی نوێدا دووبارە زیندوو دەبێتەوە. تاوەکوو ئێستا تاکە جێگرەوە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل، هێزەکانی سووریای دیمۆکراتە (رۆژئاوای کوردستان)، لەبەر هەبوونی ئەزموونێکی درێژی هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانان، ئەو هێزانە باشترین جێگرەوەن بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە. بەڵام تورکیا نایەوێت ئەم بابەتە ڕووبدات و ئەو هێزانە جوگرافیای زۆرتر بەدەستەوە بگرن، هاوکات دوای زیاتر لە ساڵێک لە گفتوگۆ کردن لە نێوان تورکیا و سووریا، ئەو دوو دەوڵەتە نەگەیشتنە ڕێککەوتن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان. بۆیە تورکیا هەوڵی سەرەکی خۆی دەدات بۆ فشارخستنە سەر بەشار ئەسەد، هاوکات کە دەستەکانی ئێران لە ناوچەکە زۆر لاواز بوون، تورکیا بە دەرفەتی دەزانێ کە جێگرەوەی ئێران بێت بۆ دروستکردن و بەهێزکردنی پرۆکسی لە ناوچەکە، بەتایبەت بۆئەوەی کە بتوانێت لە کێبڕکێیی هەرێمی لەگەڵ ئێران، دەستی باڵای هەبێت و بتوانێت لە سووریا بە کارتی ئەو پرۆکسیانە مامەڵە بکات.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارێکی خۆیدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوو باسی ئەوەی کردبوو کە لە “دەریای ناوەڕاست تا سنوورەکانی ئێران، پشتێنەی ئاسایشی دروست دەکەن”. گوتەکانی ئەردۆغان هاوکات لەگەڵ شەڕی نوێی سووریا، ئەوەمان پێ دەڵێت کە پلانی ئەمجارەی تورکیا بەتەنیا بە حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەرییەوە کۆتایی نایەت. شەڕی نوێی سووریا ئەمجارە لە نزیک شارۆچکەی ئەلسەراق دەستی پێ کرد. ئامانج لەوە ئەوەیە کە ڕێگەی ئێم فایف (M5) کە دیمەشق بە حەلەب پەیوەست دەکات، بکەوێتە ژێر دەستیان و بەمجۆرە بۆشایی دەکەوێتە نێوان ئەو دوو شارە گەورەی سووریا. هاوکات، کەوتنی حەلەب ئاسانتر دەبێت. کەوتنی حەلەب بە واتای ئەوەیە کە دیمەشق ئاسانتر کۆنترۆڵ دەکرێت، واتە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەو دوو شارەدا هەیە.
نەخشەکانی سنووری شەڕ، شەڕی نوێی سووریا نیشان دەدات، شەڕێک کە بێگومان دەستی کورد لە ڕۆژاڤای کوردستان دەکاتەوە بۆ دوو مەبەست. یەکەم، تێکەڵاوبوون بە بەرەی شەڕی نوێی سووریا لە پارێزگای حەلەب بۆ پارێزگاریکردن لە دەستکەوتی خۆیان لە ڕۆژاڤای کوردستان. دووەم، پەرەپێدان بە جوگرافیای ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە پارێزگای دێرەزوور (مەبەست لەم خاڵە ئەوەیە کە ئێران و بەشار ئەسەد و ڕووسیا زۆربەی هێزەکانی خۆیان لەو پارێزگایە ڕەوانەی حەلەب کردووە بۆ پاراستنی حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەری و هەروەها گرتنی دووبارەی ڕێگەی M5) بۆ ئەوەی بتوانێت باڵانسی تواناکانی تورکیا لە مامەڵەکردن لە سووریا، لاواز بکات. واتە کورد لە پارێزگای دێرەزوور بە هاوکاری ئەمریکا، دەتوانێت خێراتر هەنگاو هەڵبنێت و لاوازی بەشار ئەسەد لە حەلەب، ئەوە دەخوازێت کە بەشار ئەسەد ڕەنگە بیەوێت لە سەر حەلەب لەگەڵ کورد مامەڵەیەک بکات و بۆ پاراستنی حەلەب، لە دێرەزوور باجێک بە کورد بدات، بۆ ئەوەی نەهێڵێت کورد ناوچەی شێخ مەقسوود لە حەلەب، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیمۆکراتە، بکەوێتە دەست هێزەکانی سەر بە تورکیا. واتە یاری تێچوو و قازانج.
کێشەی سەرەکی ئێران لە سووریا ئەوەیە کە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣، ئیسرائیل بە هێرشە بەرفراوانە ئاسمانییەکانی لە سووریا و لوبنان، ئەو دوو وڵاتەی کردە ناوچەی کوشتن بۆ پاسدارەکانی ئێران. بۆیە ئێران لە ترسی ئەوەی کە فەرماندەکانی سوپای پاسداران نەکرێنە ئامانجی فڕۆکەکانی ئیسرائیل، ناچارە تا ئاستێکی زۆر کەڵک لە فەرماندە ناوچەییەکانی گرووپە پرۆکسییەکانی خۆی لە سووریا و ئێراق وەرگرێت. لەم ئاراستەیەدا دەتوانرێت بگوترێت کە تورکیا بە کەڵکوەرگرتن لەو دەرفەتە و لاوازی ئێران لە ناوچەکە، دەیەوێت لە یاری پرۆکسییەکاندا ئێران تووشی لاوازی بکات. هاوکات، تورکیا دەیەوێت بە کەڵکوەرگرتن لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ڕووسیا، نەهێڵێت ڕووسیا دەوری پێشووی خۆی لە سووریا بگێڕێت. بۆیە ئەوەی کە لە ئێستادا لە سووریا ڕوودەدات، ململانێیەکی قورسی نێودەوڵەتییە کە پێناچێت بەمزوانە کۆتایی پێ بێت. تورکیا لە ئێستا دەیەوێت جوگرافیای ژێر دەسەڵاتی پرۆکسییەکانی خۆی زیاتر بکات بۆ ئەوەی لە کاتی ئیدارەی دۆنالد ترامپ، بتوانێت قورستر گفتوگۆ و مامەڵە بکات لە سەر ڕۆژئاوای کوردستان.
لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، چیتر دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ بۆ پێش ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣. بۆیە هەموو هاوکێشەکانی ناوچەکە پێکەوە گرێدراون، واتە هەرجۆرە گۆڕانێک لە سووریا یان لوبنان ڕووبدات، ڕاستەوخۆ لە ئێراق و ناچەگەلێکی دیکە ئەو گۆڕانکارییانە هەستیان پێ دەکرێت. لە ئەگەری چوونەپێشەوەی ئەو هێزانە لە سووریا، هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی کە بتوانن دەستکەوتەکانی خۆیان بپارێزن، ناچارن کە خۆیان تێکەڵاوی هاوکێشەکان لە حەلەب و دەورووبەری بکەن، واتە بۆ ئەوەی مەترسییەکان نزیکی سنوورەکانی جوگرافیای ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریا دیمۆکرات نەبێتەوە، دەبێت لە حەلەب شەڕی خۆیان بکەن و نەهێڵن هێزەکانی سەر بە تورکیا لە حەلەب پێشڕەوی بکەن.
سنوورەکانی شەڕ لە ٣٠ سیپتێمبەر
سنوورەکانی شەڕ لە ٢٩ ی نۆڤەمبەر